ڤيژن پرێس
ماوەیەکە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و بەشێک لە پەیج و دەزگا میدیاییەکاندا دیاردەیەکی نامۆ و ناڕەوشتی برەوی سەندووە؛ راکێشانی مایک و کامێرا بەرەو رووی کەسێکی نەخۆش، هونەرمەندێکی بەتەمەن کە لە دۆخێکی دەروونی یان تەندروستیی نالەباردایە، یان خێزانێکی لێقەوماو لە کاتی ماتەمدا، ئەم رەفتارە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئەرکی رۆژنامەوانی و گەیاندنی راستییەکانەوە نییە، بەڵکو بازرگانیکردنێکی رووتە بە برین و ئازاری خەڵکەوە لە پێناو دەستکەوتنی چەند لایک و کۆمێنتێک و راکێشانی زۆرترین بینەر بۆ سەر مێزی ئەلگۆریزمەکان.
لەڕوانگەی فەلسەفەی ئەخلاقەوە، وەک ئەوەی فەیلەسوف «ئیمانوێل کانت» جەختی لێ دەکاتەوە، مرۆڤ خۆی لە خۆیدا ئامانجە و ناکرێت وەک ئامڕاز یان کەرەستەیەک بۆ گەیشتن بە مەرامی تر بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەوەی لەم تۆڕانەدا دەیبینین «بەکاڵاکردنی مرۆڤە»؛ کاتێک شکۆ و برینی مرۆڤ دەکرێتە ئامرازێک بۆ راکێشانی کارلێک و دەستکەوتی دارایی، مانای ئەخلاقیی مرۆڤبوون دادەڕمێت و سنووری شەرمی کۆمەڵایەتی دەسڕێتەوە.
بۆ سنووردانان بۆ ئەم پاشەکشە ئەخلاقییە و گێڕانەوەی رێز بۆ ژیانی تایبەتی، پێویستمان بە کارکردنە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی:
پەروەردەی دیجیتاڵی: دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن دەبێت چەمکی «ئێتیکی دیجیتاڵ» بخەنە نێو پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە، پێویستە نەوەی نوێ لە تەمەنێکی زووەوە فێری ئەوە بکرێن کە شاشە و مۆبایل مۆڵەتی ئەوە نادەن سنووری تایبەتیی ئەوانی تر ببەزێنرێت و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ لە هەر ناوبانگ و بازاڕێکی دیجیتاڵی بەهادارترە.
میدیای هۆشیار و سەربەخۆ: پێویستە میدیای ئەخلاقی و پیشەیی بە بەرهەمی بەپێز ببێتە بەدیل و دژبە میدیای زەرد بێتە دەنگ، هاوکات دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە کە مانەوە و بەردەوامیی ئەم پێشێلکارییانە پەیوەستە بە بینینی ئێمەوە؛ بۆیە «بایکۆتکردنی بینین و بڵاونەکردنەوە» ، شەیرنەکردن و لایک نەکردن کاریگەرترین چەکە بۆ وشککردنی سەرچاوەی کارلێک و گرنگیپێدانی ئەم میدیا بێ ئێتيكانه.
كولتوری بیرکردنەوەی رەخنەیی: دەبێت لە هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگەدا دیوارێکی تۆکمە لە نێوان «رەخنە لە بیرۆکە و کردار» لەگەڵ «تەشهیر، سووکایەتی و شکاندنی کەسایەتی» دروست بکرێت، لەمڕووەوە، وەزارەتی پەروەردە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لەسەر شانە تا لەڕێگەی وۆرکشۆپ و چالاکیی بەردەوام و پرۆگرامی خوێندنەوە کولتوری گفتوگۆی شایستە و دیالۆگی هێمنانە لەنێو گەنجاندا برەو پێبدەن.
رزگارکردنی کایەی گشتی لەم بازرگانییە ناشرینە، تەنیا بە سزادانی یاسایی مسۆگەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە دروستکردنی ویژدانێکی کۆمەڵایەتیی بەئاگا هەیە کە تێیدا سووکایەتیکردن بە ئازاری مرۆڤەکان وەک شەرمەزارییەکی گەورە سەیر بکرێت، نەک کەرەستەیەک بۆ کات بەسەربردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
نووسينى/ئارام سهعيد