د.سانا کەمال
دەمەوێت لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە بکەم ئەم پڕۆژەیە، بە بوێری و ڕوونییەکەیەوە، وێستگەیەکی وەرچەرخانە لە ڕەوتی بونیادنانی دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەی یاسایی و سیاسی هەڵگرتووە، هاوشێوەی ئەو ئاڵنگارییانەن ڕووبەڕووی هەر دەوڵەتێک دەبنەوە، کە بە قۆناغێکی ڕاگوزەری هاوشێوەدا تێدەپەڕێت.
یەکەم: ڕەهەندی دەستوریی و خاڵەکانی گونجان و دژ بەیەکبوون:
ئەوەی بەڕاستی جێگەی دەستخۆشیە لەم پرۆژەیەدا، پابەندبوونییەتی بە مەرجەعیەتی دەستورییەوە، ئەم پڕۆژەیە لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو میراتگرێکی شەرعی دەقە کاراکانی دەستورە، لە سەرەتاوە کە بەمادەی (9) دەست پێدەکات، کە پێکهێنانی میلیشیا بە تاوان دەناسێنێت، مادەی (78) کە دەسەڵاتێکی باڵای سەرۆک وەزیران بەسەر دامەزراوە سەربازییەکاندا دەسەپێنێت. لێرەوە پڕۆژەکە بناغەی قۆناغێکی نوێ دادەڕێژێت، کە تیایدا بنەمای دەستوری دەگۆڕێت بۆ ئیلتیزامێکی یاسایی پابەندکەر، ئەمەش لە خۆیدا دەستکەوتێکە.
ئەگەر بمانەوێت لە ڕوانگەیەکی یاسایی واقیعیانەوە لە بابەتەکە بڕوانین، دەبێت لەسەر کێشەیەکی دەستوریی قوڵ بوەستین؛ پڕۆژەکە لە مادەی (21)دا هەوڵی داوە پرسی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی بە یاسا لەگەڵ ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیەکانی وەک قەوارەیەکی دەستوریی. لێرەدا مادەیەکی دەستوری هەیە: مادەی (121)ـی دەستور مافی هەبوونی «هێزەکانی پاسەوانی هەرێم= پێشمەرگە» بە هەرێم دەبەخشێت.
کەواتە چۆن دەتوانین ئەم مافە دەستورییە لەگەڵ بنەمای قۆرخکردنی گشتگیری چەک کە لە پڕۆژەکەدا هاتووە بگونجێنین بە تایبەت حکومەتی فیدراڵ کێشەیان لەگەڵ شەرعیەت و ژمارەی پێشمەرگە هەیە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دەقەکە ئەم خاڵەی یەکلایی نەکردوەتەوە و بەهەڵپەسێردراوی هێشتویەتییەوە لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە چەمکی «تایبەتمەندییە تایبەتەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی»، کە خۆی لە خۆیدا چەمکێکی فراوانە و چەندین لێکدانەوە لەخۆی دەگرێت. پێموایە ئەم ناڕوونیە بەئەنقەستە، بێگومان لە ئایندەدا دەبێتە کەرەستەیەکی دەوڵەمەند بۆ ناکۆکییەکان لە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵیدا کە لە ئیستادا ئەم دادگایە رۆڵی وەک جاران نەماوە.
بەڕاشکاوانە بڵێین، ئەگەر لەم پڕۆژە یاسایەدا ڕێککەوتنی سیاسی پێشوەختە نەکرێت سەبارەت بە تەفسیری ئەم مادەیە، ئەوا لەبەردەم دیمەنێکی یاسایی ئاڵۆزدا دەبین لە داهاتودا.
دووەم: خوێندنەوەیەک لە ناوەڕێکی عەمەلیاتدا– لە نێوان دەق و واقیعدا:
یاسا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێنێتەوە؛ ئەگەر ئامرازی جێبەجێکردنی کارای لەگەڵدا نەبێت. لێرەدا دەمەوێت سێ خاڵی جەوهەری بخەمەڕوو کە پێموایە بە تەنیا بە ئیرادەی یاسادانان چارەسەر نابن:
مۆڵەتی کاتی: لە نێوان خواست و لۆژیکدا: ماددەی (7) مۆڵەتی 90 ڕۆژ دەدات بۆ ڕادەستکردنی ئارەزوومەندانە، ماددەی (15) جێبەجێکردنی تەواوی پلانەکە بە 12 مانگ دیاری دەکات. با واقیعیانە بابەتەکە ببینین، ئەم خشتە کاتییە لە وڵاتێکی گەورەی وەک عێراقدا و بەم هەموو گروپە چەکدارەی لەسەر خاکەکەی هەن جێبەجێکردنی ئەستەمە.
چەکداربون تەنیا چەکێک نییە، بەڵکو کولتوور و بەرژەوەندی و دەستکەوتی کەڵەکەبووە. بیرکردنەوە لە کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردەیە لە ماوەی یەک ساڵدا بە تێڕوانینی من یان گەشبینیەکی لە ڕادەبەدەرە یان نەشارەزاییە لە سروشتی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی سەر زەوی. ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لە داماڵینی چەکدا سەلماندویانە کە ئەم پرۆسانە پێویستیان بە چەندین ساڵە نەک چەند مانگێک.
ناسنامەی «لایەنی چەکداری نادەوڵەتی»: پێناسەکە لە ماددەی (1/چوارەم)دا زۆر فراوانە و هەر حزب و گروپ و یان تەنانەت کەسێکی ئاسایی دەگرێتەوە. ئەمە لە ڕوی یاساییەوە هەنگاوێکی باشە بۆ ڕێگرییکردن لە هەر کەلێنێکی یاسایی، بەڵام ئاڵنگارییەکە لە جێبەجێکردنی کرداریدا دەبێت لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، کە پێگەیەکی یاسایی تایبەتی هەیە بەوپێیەی بەشێکن لە دەوڵەت، بەڵام هاوکات ناسنامەی گروپیی خۆیانیان پاراستوە.
ئایا مامەڵە لەگەڵ ئەم گروپانەدا وەک لایەنی نادەوڵەتی دەکرێت، یاخود وەک باڵێک لە چوارچێوەی دامەزراوەی سەربازیدا؟ پڕۆژەکە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەداوەتەوە و دەرگای بۆ لێکدانەوە و تەئویلاتی جیاواز جێهشتوەتەوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی پێکدادانی مەیدانی.
پرسی چەکدارکردنی دارایی و کارگێڕی: ماددەی (4) هاوکاریکردنی دارایی چالاکی چەکداریی لە ڕێگەی کۆمپانیا یان دامەزراوە ئابورییەکانەوە قەدەغە دەکات. ئەم بڕگەیە بە بڕوای من یەکێکە لە ژیرانەترین بڕگەکانی پڕۆژەکە، چونکە دەست بۆ دەماری دارایی گروپەکان دەبات، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە دەزگایەکی چاودێریی دارایی و بانکی تایبەت هەیە، کە لە ئێستادا ئەو دەزگایەمان نییە. ئەمە لە ڕووی تیۆریەوە بیرۆکەیەکی زۆر باشە، بەڵام پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و توانای تەکنیکی هەیە بۆ کاراکردنی.
سێیەم: خاڵە بەهێزە یاساییەکان و سزا توندەکان:
پڕۆژەکە خاوەنی ئامرازی یاسایی زۆر بەهێز و سزادەرە، سزاکان لە مادەی (17) توندن و دەگەنە زیندانیی توند (السجن المشدد)، لەگەڵ قورسکردنی سزا بەسەر ئەو فەرمانبەرە گشتی و سەربازیانەی کە پۆستەکانیان خراپ بەکاردەهێنن، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە کە یاسا بە توندی مامەڵە دەکات و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نابێت.
ئەو ڕێکارانەی پەیوەستن بە سەرژمێریکردنی ژمارەی چەک و دروستکردنی بنکەی زانیاریی نیشتمانی و شوێنپێهەڵگرتنی چەک (ماددەی5)، ئەمە ڕێکارێکی تەکنیکی نوێ و نێودەوڵەتیین، کە گوزارشت لە تێگەیشتن لە پێویستیی نەبەستنەوەی چارەسەر تەنیا بە ڕەهەندی ئەمنیی ڕاستەوخۆ دەکەن، بەڵکو هەوڵدانە بۆ بونیادنانی سیستەمێکی نیشتیمانی بەردەوام بۆ ڕێگرییکردن لە سەرهەڵدانەوەی دیاردەکە. ئەم وردەکارییە تەکنیکییانە ئەو خاڵانەن کە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە لە شکستخواردنی پڕۆژەکانی تر جیا دەکەنەوە.
چوارەم: ڕاسپاردە کۆتاییەکان:
پێمان وایە ناتوانرێت ئەم پرۆژەیە بە داڕشتەی ئێستای تێپەڕێنرێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1: ئامادەکاریی بۆ درێژکردنەوەی کات: پێویستە لیژنەکە ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە درێژکردنەوەی ماوەکە لە مادەی (15)دا بۆ شەش مانگ و تەنیا بۆ یەکجار، ڕەنگە بەس نەبێت. پێشنیاز دەکەم داڕشتنەکە نەرمتر بێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە حکومەت بدات داوای درێژکردنەوەی یەک لە دوای یەک بکات بەپێی پێشهاتە مەیدانییەکان، لەگەڵ هێشتنەوەی چاودێریی توندی پەرلەمان بۆ ڕێگرییکردن لە دەستەودامانبون و دواخستن.
2: دیالۆگی پێشوەختەی سیاسی: ئەم پرۆژە یاسایە ناتوانێت سەرکەوتوو بێت بەبێ دیالۆگێکی سیاسیی گشتگیر کە پێش جێبەجێکردنی بکەوێت، بەتایبەتی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و ئەو گروپە چەکدارانەی کە بوونەتە لایەنی سیاسی. دەبێت یاساکە بەرهەمی سازان بێت نەک ئامرازی سەپاندن، بەپێچەوانەوە چارەنووسی هاوشێوەی ئەو یاسایانە دەبێت کە بە شێوەی بەشەکی (جزئي) جێبەجێ کراون.
3: ڕیزپەڕکردنی (ئیستسناکردنی) هێزەکانی پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە): دەبێت داڕشتنێکی یاسایی ڕوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا هەبێت، یان لەڕێگەی داننان بە پێگەی تایبەت بۆیان لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا، یان لە ڕێگەی پەنابردن بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ یەکلاکردنەوەی لێکدانەوەی ماددەی (121) پێش دەستپێکردن بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەر پێکدادانێک لەگەڵ هەرێمدا.
لە کۆتایدا، ئەم پڕۆژەیە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ئیرادەی دەوڵەتی عێراق لە تێپەڕاندنی قۆناغی ئەمری واقیعەوە بەرەو قۆناغی سەروەریی یاسا. پڕۆژەکە لە ئامانجەکانیدا بوێرە و لە داڕشتنیدا تۆکمەیە، بەڵام خواستی کات و پێداویستیە سیاسییەکانی وا دەکات پێویستی بە دەستێکی ژیرانە هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی، پێویستی بە بارودۆخێکی لەبار هەیە بۆ جێبەجێکردنی.