خوێندنی ئۆنلاین یان "خوێندن لەدوورەوە" وەک جێگرەوەی خوێندنی ناو پۆل لەلایەن هەردوو وەزارتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ جێگریکرا. شەڕی هەریەکە لە ئەمریکا - ئیسرائیل  و ئێران  و بۆردوومانە رۆژانەکانی بۆ سەر بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی ناچارکرد، جارێکی تر بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین بدات.

 بۆ ئەمەش وەزارەتی پەروەردە هەردوو ئەپڵیکەیشنی "قوتابخانەکەم" بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەک تا پێنجی بنەڕەتی کارا کردووە و ئەپڵیکەیشنی "ئی-وانە"ش بۆ خوێندکارانی قۆناغەکانی شەشی بنەڕەتی تا ١٢ی ئامادەیی کراوە بە پردی پەیوەندیی نێوان خوێندکار و مامۆستا و وانەکان. سەرباری ئەوانە کەناڵی پەروەردەی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەستدەکەن بە پەخشکردنی وانەکانی سەرجەم قۆناغەکان بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو کە وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردووەتەوە و خوێندکار دەتوانێت لێی سودمەندبێت. 

هەرچەندە بڕیارەکە ناچارییە وەکو پێشتر وەزیری خوێندنی باڵا دکتۆر ئارام محەمەد لە ٢٧ی٣ی ٢٠٢٦دا رایگەیاند، کە خوێندنی ئۆنلاین ناچارییە و کۆتا بژاردەیان دەبێت، وتیشی، خوێندنی ئۆنلاین زیانی زۆر بە ئاستی زانستیی خوێندکاران دەگەیەنێت، بەڵام لە ٢٩ی ٣ی ٢٠٢٦دا هەردوو وەزارەت بڕیاری خوێندنی ئۆنلاینیاندا، هەریەکە لە وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش جەختیانکردەوە کە بڕیارەکە ناچارییە و لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندکاران و مامۆستایاندایە ئەگەرنا یەک رۆژ خوێندنی ناو پۆل بەرامبەرە بە یەک هەفتە خوێندنی ئۆنلاین.

 پێشتریش ڤیژن پرێس لەڕێی سەرچاوەیەکی تایبەتەوە ئەو زانیارییەی دەستکەوت کە یەکێک لە بژاردەکان کە دەکرێت دەستی بۆ ببرێت، بەردەوامیی پرۆسەی خوێندنە بەشێوەی ئۆنلاین، هەرچەندە بژاردەیەکی ناچاری و کۆتا دەرفەت بوو، ئەمەش لەلایەن هەردوو وەزارەتەوە بە چارەسەرێک بۆ پاراستنی گیانی خوێندکاران و مامۆستایان باسی لێوەکرا. 

خوێندن لە دوورەوە "ئۆنلاین" میژووی بەکارهێنان و ئاستەنگەکانی

خوێندنی ئۆنلاین هەرچەندە دیاردەیەکی نوێیە بەڵام لە بەشێکی وڵاتانی پێشکەوتوو بە شێوەیەکی باو و بەربڵاو بەکاردەهێنرێت، مێژووی خوێندنی ئۆنلاین و خوێندن له‌ دوور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، به‌ دیاریكراوی له‌ ساڵی 1993 كاتێك زانكۆی ئیلینوه‌یز په‌خشی به‌شێك له‌ وانه‌كانی له‌ رێی ئینته‌رنێته‌وه‌ بڵاو كرده‌وه‌، پاشان له‌ ساڵی 1998 زانكۆی نیویۆرك ته‌واوی وانه‌كانی به‌ ئۆنلاین بڵاو كرده‌وه‌، دواتر خوێندنی ئۆنلاین په‌ره‌یسه‌ند و له‌ ساڵی 2000دا رێژه‌ی خوێندكارانی ئه‌م جۆره‌ خوێندنه‌ گه‌یشته‌ 8%، له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا خوێندنی ئۆنلاین زیاتر په‌ره‌یسه‌ند به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێڵی ئینته‌رنێت و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و په‌ره‌سه‌ندنی جیهانگیری و كۆمه‌ڵێك هۆكاری تر.

له‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا ڤایرۆس و ناساندنی وەک پەتایەکی گواستراوەی بکوژ، خوێندنی ئۆنلاین پێی نایه‌ قۆناغێكی نوێ و بووه‌ پێویستییه‌كی گرنگ و بێ بژاردەی دووەم، لەوکاتەدا  زۆربه‌ی زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی خوێندنی جیهان په‌نایان برده‌‌به‌ر ئه‌م جۆره‌ خوێندنه‌ به‌ هۆی داخستنی ده‌رگای خوێندنگه‌ و زانكۆكان بەرووی خوێندكاراندا.

لە هەرێمی کوردستان هاوشانی وڵاتانی جیهان لە ١٤/٢/٢٠٢٠دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کەرەنتینەی گشتی راگەیەندرا و سەرجەم خوێندنگە و زانکۆکان داخران، بۆ شوێنگرەوەی ئەوە خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین جێگیرکرا، کە ئەمە یەکەم ئەزموونی خوێندکاران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بوو کە پەیڕەوی سیستمی ئۆنلاین بکەن بۆ جێگرەوەی خوێندنی ناوپۆل.

لە خوێندنی ئۆنلایندا،‌ خوێندكارانی خوێندنگه‌ و زانكۆكان وانه‌كانیان له‌ رێی ئینته‌رنێته‌وه‌ وه‌رده‌گرن، کە دەکرێت وانه‌كانیان به‌ شێوه‌ی نووسراو، ڤیدیۆ و نامه‌ی ده‌نگیه‌وه‌ وه‌ربگرن و ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ جێبه‌جێبكه‌ن و ناویان تۆماربكرێت و ته‌نانه‌ت تاقیكردنه‌وه‌ش ئه‌نجامبدەن‌.

لەمبارەیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان خوێندنی ئۆنلاین بە چارەسەرێکی پێویست و هەلێکی گۆڕانکاری بۆ سیستەمی پەروەردە دادەنێت، بەتایبەت لەکاتی قەیرانەکاندا. سەرەڕای پشتگیری، جەخت لەسەر مەترسییەکانی نایەکسانی دیجیتاڵی دەکاتەوە، چونکە هەموو خوێندکاران دەستیان بە ئینتەرنێت و ئامێرەکان ناگات، ئەمەش کاریگەریی لەسەر یەکسانی دەرفەتەکان هەیە.

هەرچەندە ئەم رێکارانە  به‌ رواڵه‌ت پێشكه‌وتنێكی باش دیارن، به‌ره‌و بڵاوبوونه‌وه‌ و گەشەکردنی خوێندنی ئۆنلاین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕی ده‌بینرێت له‌م پرۆسه‌یه‌دا. 

سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر باسی هه‌بوونی ئینته‌رنێت و خێراییه‌كه‌ی بكه‌ین، ده‌بینین بەشێک له‌ خوێندكاران هێڵی ئینته‌رنێتیان نییه‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت.

له‌باره‌ی خێرایی ئینته‌رنێتیش عێراق له‌ پله‌ی 117یه‌مدایه‌ له‌ نێوان 135 وڵاتی جیهان بۆ خێرایی ئینته‌رنێت، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئینته‌رنێته‌ هه‌ره‌ کوالێتی نزمەکان لە جیهاندا، خێرایی ئینته‌رنێت له‌ عێراقدا بەکۆی گشتی ده‌گاته‌ 8.31 مێگابایت له‌ چركه‌یه‌كدا، له‌ به‌رامبه‌ردا خێرایی ئینته‌رنێت له‌ هۆنگ كۆنگ‌ ده‌گاته‌ 164.88 مێگابایت له‌ چركه‌یه‌كدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمەی وەک نایەکسانی و نادادی لە دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت و پێداویستییە دیجیتاڵییەکان ناساندووە. 

هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ربه‌ستی راسته‌قینه‌ن له‌ به‌رده‌م به‌رده‌وامبوونی پرۆسه‌ی خوێندنی ئۆنلاین، جگه‌ له‌ بارودۆخی ئینته‌رنێت، بەشێک خوێندكاران و مامۆستایان گرفتی پچڕان و نەبوونی كاره‌باشیان هه‌یه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مامۆستایانی خوێندنگه‌ و زانكۆكانیش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نه‌كراون بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی خوێندنی ئۆنلاین، نه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و نه‌ خوێندنی باڵا پلانیان بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ نائاساییه‌ نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر باسی توانای خوێندكارانیش بكرێت، به‌هه‌مانشێوه‌ی مامۆستایان ئاماده‌ نه‌كراون بۆ به‌كارهێنانی رێگه‌كانی خوێندنی ئۆنلاین.

لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خوێندنی ئۆنلاین

خوێندنی ئۆنلاین لەگەڵ ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی ناچارییە بەڵام بە رێگەچارەیەکیش دادەنرێت لە کاتی رووداوە گەورەکان و قەیرانە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا کە دەکرێت لایەنە باش و خراپەکانی ئەم شێوازە خوێندنە بەمشێوەیە بێت:

لایەنە نەرێنییەکانی خوێندنی ئۆنلاین

​١. نادادی و هەژاریی دیجیتاڵی:

​لە وڵاتە هەژارەکاندا، هەموو خێزانێک توانای کڕینی مۆبایلی زیرەک، تابلێت یان لاپتۆپی نییە. ئەمەش وادەکات تەنها منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکان بتوانن بەردەوام بن و منداڵانی هەژار لە پرۆسەی خوێندن بێبەش بن.

​٢. لاوازی ژێرخانی تەکنەلۆژیا:

​کێشەی بەردەوامی بڕانی کارەبا و لاوازی یان نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت لە گوند و قەزا دوورەدەستەکان، یان بەشێک لە خێزانە کەمدەرامەتەکان ناتوانن دەستیان بگات بە هێڵی ئینتەرنێت، ئەمەش وادەکات پرۆسەی خوێندن  پچڕپچڕ بێت و خوێندکار نەتوانێت بەشێوەیەکی زانستی سوود لە وانەکان وەربگرێت.

​٣. نەبوونی ژینگەی گونجاو لە ماڵەوە:

​لە وڵاتە هەژارنشینەکاندا، زۆربەی خێزانەکان لە خانووی بچووکدا دەژین کە ژمارەی ئەندامەکانیان زۆرە. ئەم قەرەباڵغییە وادەکات خوێندکار شوێنێکی هێمن و تایبەتی نەبێت بۆ وەرگرتنی وانەکان بە وردی و تەرکیزێکی ئامادەوە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی زانستی دەبێت.

​٤. لاوازیی ئاستی ڕۆشنبیریی دیجیتاڵی:

​زۆرێک لە مامۆستایان و دایکان و باوکان لەم وڵاتانەدا مەشق و ڕاهێنانی پێویستیان پێنەکراوە بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانن وەک پێویست هاوکاریی خوێندکار بکەن.

​٦. کێشە تەندروستییەکان لەڕووی دەروونی و جەستەییەکان:

​نەبوونی وەرزش و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لەم وڵاتانەدا، کە زۆرجار قوتابخانە تاکە شوێنە بۆ ئەو چالاکییانە، دەبێتە هۆی گۆشەگیری، دڵەڕاوکێ، و کێشەی تەندروستی بەهۆی دانیشتنی زۆر و خراپی جۆری ئەو ئامێرانەی بەکاری دەهێنن.

بە گوێرەی توێژینەوە زانستیەکان،​مانەوەی بەردەوام لەبەردەم شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایل دەبێتە هۆی، ماندووبوونی چاو و کزبوونی بینین، دروستبوونی ئازاری پشت و مل بەهۆی دانیشتنی نادروست بۆ ماوەیەکی درێژ، هەروەها کەمی جوڵە کە دەبێتە هۆی تەمەڵی و قەڵەوی لە نێوان منداڵان و مێردمنداڵاندا.

خوێندنی ئۆنلاین لە کوردستان وەکو ئەوەیە "پەڕوباڵی چۆلەکە بکەیت و بتەوێت بفڕێت"

لەگەڵ بوونی ئەم کێشە و ئاستەنگانەدا، پسپۆڕان و شارەزایان رەخنەیان لە شێواز و ئامادەکارییەکان بۆ خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەوبارەیەوە دکتۆر سەلام عەبدولکەریم مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت، "خوێندن بەشێوازی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی لەبنەڕەتدا پڕۆژەیەکی نوێ و گرنگ و باشە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دونیای نوێی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا، بەڵام پێویستی بەبناغەی پتەو و کەرەستە و ژێرخان و سیستمێکی تۆکمە و پێشکەوتوو هەیە، کە هەم حکومەت و هەم وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا پشتیوانی بەهێز و گەورەی دامەزراوە و زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی پێبکەن لەڕووی دابینکردنی کەرەستە و ئامێر و سیستەمی ئینتەرنێت و تۆڕی پەیوەندی و کۆمەکی داراییەوە، بۆئەوەی لەبارودۆخێکی ناهەموار و نائاسایی لەمشێوەیەدا یاخود سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پرۆژە بەدیل و جێگرەوەکە شوێنی خۆی بگرێت و سەرکەوتوو بێت".

ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی باسی لە دابیننەکردنی پێداویستییەکان کردووە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەوەی کە خوێندنی ئۆنلاین بەمشێوەیە نابێت کە حکومەت و وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، هیچ کۆمەکییەکی دارایی و لۆجستی پرۆژەکەی نەکردووە و هەموو بارگرانییەکەی خستووەتە ئەستۆی قوتابی و کەسوکار و خێزانی کەمدەرامەت، هاوکات ئەرکی قورستر لەسەر مامۆستاو پاشان داوا لەخوێندکاران و قوتابیان بکەن سەرکەوتووبن، ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە چۆلەکەیەک پەڕوباڵی بکەیت و پێی بڵێیت بفڕە.

هەر لەوبارەیەوە پرۆفیسۆر دکتۆرە ئاریانا ئیبراهیم دەڵێت، بڕیاری گۆڕینی سیستەمی خوێندن بۆ ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو تەکنەلۆژیا، بەڵام ئایا ژێرخانی ئێمە بەرگەی ئەم گۆڕانکارییە دەگرێت؟ خوێندنی ئۆنلاین تەنیا (کۆمپیوتەر و مۆبایل) نییە، بەڵکو پێویستی بە سێ کۆڵەکەی سەرەکی هەیە. 

دکتۆرە ئاریانا باس لەو بنەما سەرەکییانە دەکات و بەمجۆرە پۆلێنی کردووە:

1. ئینتەرنێتێکی جێگیر: ناکرێت خوێندکار نیوەی کاتی وانەکە خەریکی (Refresh) بێت.

2. کارەبای بەردەوام: کە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پڕۆسەکەدا.

3. مامۆستای ڕاهێنراو: وانەوتنەوە لە پشت شاشە هونەرێکی جیاوازە و ناکرێت تەنیا خوێندنەوەی کتێب بێت.

ئێمە پێویستمان بە (خوێندنی تێکەڵاو - Blended Learning) هەیە، تاوەکو نە کوالیتی زانستی دابەزێت و نە خوێندکاریش لە ژینگەی کۆمەڵایەتی داببڕێت.

دکتۆر سەلام عەبدولکەریم باسی لەوەکردووە، بەشێک لەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم ئەنجامی دەدات پڕۆژەی باشن لە بنەڕەتدا و خوێندنی ئۆنلاینیش بەهەمانشێوە، بەڵام بێ ئامادەکارین و  دیراسەنەکراون. نمونەش بە پڕۆژەکانی کامێرای تیژڕەویی خاڵ بۆ خاڵ و پڕۆژەی رووناکی "کارەبای ٢٤ کاتژمێری" دەهێنێتەوە و دەڵێت، " لەڕاستیدا پرۆژەکان وەک کارەبای بیست و چوار سەعاتی و کامێرای خاڵ بۆ خاڵ و ئەوانیتریش وەک پرۆژە و وەک بنەما و پرۆژەی خزمەتگوزاری و پێشکەوتوو پرۆژەی باشن، بەڵام بەبێ   خوێندنەوەی کات و شوێن و بێ پشتیوانی دارایی و لۆجستی حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانن، سەرەڕای نرخی بەرزو چەند قات، ئەوە ئەو دۆخە پڕ قەیرانە بێ غازو نەوتە لەلایەک و فەوتاندنی موچە و بێکاری و زۆری باج لەلایەکی بوەستێ، کە ئەرکی سەرشانی خێزان و بەخێوکەرو خوێندکاران و قوتابیانی هێندەی تر قورستر کردووە".

لایەنە ئەرێنییەکانی خوێندنی ئۆنلاین

خوێندنی ئۆنلاین لەگەڵ هەبوونی ئاستەنگ و کاریگەریی نەرێنی لەهەندێک رووەوە، بەڵام بێ سوود و کاریگەریی ئەرێنیش نییە، دەکرێت لێرەدا گرنگترین لایەنە باشەکانی بخەینەڕوو کە ئەمیش بە لەبەرچاوگرتن و دابینکردنی سەرجەم پێداویستی و رێکارەکانی پەیوەست بەو شێوازی خوێندنە:

لە بەشێک لەوڵاتاندا سیسستمی خوێندنی ئونلاین، بەدەر لەکاتی قەیرانەکان سوودی لێوەر دەگیرێت، بەتایبەت لە خوێندنی باڵا و پێدانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە پسپۆڕیە جیاوازەکاندا، تا ئێستاش ئەم سیستمە لەبەشێک لە زانکۆکاندا پەیڕەو دەکرێت.

خوێندنی ئۆنلاین هۆکارێکە بۆ گەیاندنی بابەتەکانی پرۆگرامی خوێندن و زانیاری بە خێرایی ، بەبێ گوێدانە کات و شوێن، هەروەها دەتوانرێت پەیام و ماددە ئەکادیمییەکان هەڵبگیرێن تاوەکو خوێندکار ئامادە دەبێت بۆ خوێندنەوەیان لە هەرکاتێکدا خوێندکار پێویستی بێت و چەندجار کە مەبەستی بێت. 

 هەروەها رێگەیەکە بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکانی زانیاری و سەرچاوە پەروەردەییەکان و ئامرازەکانی گەڕان بۆ دەستکەوتنی تێگەیشتنی زیاتر لەبارەی وانەکانەوە.

فێربوونی ئەلیکترۆنی هانی فێربوونی هاوبەش و کاری تیم  دەدات، گروپەکانی فێرخوازان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پاڵنەرە بۆ فێرخوازان بە دابینکردنی ژینگەیەکی فێرکاری دەوڵەمەند بە زانیاری و ئەزموونی جۆراوجۆر.

یارمەتیدەرە بۆ زاڵبوون بەسەر شەرم و دوودڵی، بەو پێیەی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن ڕێگە بە هەر فێرخوازێک دەدەن لە هەر کاتێکدا بەبێ شەرمەزاری بۆچوونی خۆی دەرببڕێت. ئەم جۆرە پەروەردەیە دەرفەتی زۆر بۆ گفتوگۆ بۆ فێرخوازان دەڕەخسێنێت.

شێوازی فێرکاری جۆراوجۆر بۆ جێگیرکردنی جیاوازیی تاکەکەسی، رێگە بە فێرخوازان دەدات کە مادەکان بە شێوەیەک وەربگرن بە باشترین شێوە کە گونجاوە بۆیان. هەندێک لە فێرخوازان شێوازی بینراویان پێ باشترە، هەندێکی تر شێوازی بیستن یان نووسینیان پێ باشترە. فێربوونی ئەلیکترۆنی و سەرچاوەکانی رێگە بە بەکارهێنانی سەرچاوەکان دەدەن بە شێوازی جۆراوجۆر.

پرۆگرامەکانی خوێندن بەشێوازی شیکارکراو و ئامادە، بەردەستن بۆ خوێندکاران بە درێژایی ڕۆژ، هەموو ڕۆژێکی هەفتە، ئەمەش لایەنێکی ئەرێنییە کە ئەگەر خوێندکار لە کاتژمێرێکی دیاریکراو یان رۆژێکدا دەرفەتی تێگەیشتنی نەبوو، دواتر بچێتەوە سەر بابەتەکە.