نە شەڕ نە ئاشتی" دۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکایە، هەریەکە لەو دوو جەمسەرە سەرەکییەی دانوستانەکانی نێوانیان بۆ ئارامبوونەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەرجی گەورەتر لە هەر گەڕێکی پێشوو دەخەنە بەردەمی یەکتری، ئێران پارە بلۆککراوەکانی دەوێت، ئەمریکاش یۆرانیۆمی پیتێنراو ئەمەش گرێکوێرەی ئەم قەیرانەیە.

یۆرانیۆمەکەی ئێران کەڵکەڵەی سەری دۆناڵد ترەمپ

چارەنووسی یۆرانیۆمی پیێنراوی عەمبارکراوی ئێران کە بڕی 460 کیلۆگرامە بەپێی ئەو داتایانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران داویەتی بە ئەمریکا، بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت: بڕی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران هەیەتی بە ڕێژەی 60%، دەگاتە 968 کیلۆگرام. 

لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ باوەڕی وایە کە هەبوون و مانەوەی بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلای ئێران، تەنانەت ئەگەر بۆ مەبەستی مەدەنیش بێت، توانای دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم خێراتر و ئاسانتر دەکات. بۆیە واشنتۆن هەوڵدەدات لە هەر رێککەوتنێکی نوێدا، ئێران ناچار بکات یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز، بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە. لە تێڕوانینی ئەمریکادا ئەمە گرنگترین گرەنتییە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی ناوەکی لە ئێران.

بۆ ئەمەش دۆناڵد ترەمپ مکوڕە لەسەر ئەوەی یەکەم مەرجی سەر مێزی دانوستانی ئەمجارەیان رادەستکردنی ئەو "تۆزی ئەتۆم"ـەیە وەک خۆی بەوجۆرە ناوی دەبات. بەڵام ئێران ئەم مەرجە بە تەنها وەک بابەتێکی تەکنیکی سەیر ناکات، بەڵکو وەک دەڵێن: کێشەی متمانە هەیە لەنێوانیاندا. 

بە بەکارهێنانی ئامرازی گونجاو ئێران دەتوانێت بەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە ئاست بەرزە لە ماوەی هەفتەیەک یان چەند رۆژێکی کەمدا دەستی بگاتە چەکی ئەتۆم، ئەویش ئەو بڕە بەسە بۆ دروستکردنی 10 کڵاوەی ئەتۆمی، بەپێی پسپۆران و شارەزایانی ئەو بوارە.

لە دونیای سیاسەتدا ژمارەکان لۆژیکی و سەلمێنەر دەردەکەون، بەڵام لە دونیای فیزیای ئەتۆمیدا ژمارە فریودەرە. زۆرینەمان پێمانوایە کە ئێران بۆ ئەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% بۆ 90%  بەرز بکاتەوە (ئەو ئاستەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی) کاتێکی زۆری دەوێت و هەوڵێکی زۆری دەوێت، بەڵام راستییە زانستییە شۆکهێنەرەکە ئەوەیە کە تەنیا هەنگاوێکی بچوک لێی دوورە و ئاسانترین و خێراترین هەنگاوە.

وەکو شارەزایان وەسفی دەکەن بەوەی گەیاندنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە ئاست بەرزەی ئێران کە گەیشتووەتە 60٪ هێندەی هەڵدانی یەک بۆمبی ئەتۆمی کاتی دەوێت واتە تەنها جوڵەیەکی بچوک ئێران دەکاتە خاوەنی ئەو چەکەی ئەمریکا بە مەترسيى بۆسەر جیهان ناوی دەبات ئەگەر لە دەست ئێراندا بێت. 

عەمبارکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرزی ئێران کە بە نزیکەی 460 کیلۆگرام لە 60% مەزەندە دەکرێت، هەستیارترین خاڵی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە. ئیدارەی ئەمریکا پێداگری لەسەر لابردنی ئەم کۆگایە لە ئێران دەکات و تەنانەت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا پێشنیاری گواستنەوەی بۆ ئەمریکا یان لایەنی سێیەم دەکات.

لەبەرامبەردا تاران بە توندی ئەم داواکاریانە رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوەی وڵات "بژاردە نییە" و ئەم کۆگایە هێندەی خاکەکەی پیرۆزە.

بەڵام لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، راپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بە رێککەوتنی سەرەتایی ئێران دەکەن بۆ دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز وەک بەشێک لە پێشنیارێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەرچەندە ناکۆکی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی بەردەوامە.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن: ئەگەر وڵاتەکەیان هەنگاوی گەورە بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی بنێت، دەبێت لەبەرامبەردا قازانجێکی ئابوریی ڕوون و بەرجەستەکراو وەربگرێت. لێرەدا داواکاریی ئازادکردنی ملیاران دۆلاری بلۆککراوی ئێران دەبێتە خاڵی سەرەکیی گفتوگۆکان.

پارە بلۆککراوەکانی ئێران گرێی گەورەی رێککەوتن

لەماوەی ساڵانی رابردوودا، بەهۆی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و سنووردارکردنی سیستمی داراییی نێودەوڵەتی، بەشێکی زۆر لە داهاتەکانی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە هەندێک وڵاتدا وەک کۆریای باشوور، عێراق و هەندێک ناوچەی دیکە بلۆککراون. تاران پێی وایە ئەم پارانە موڵکی خۆیەتی و نابێت وەک ئامرازێکی فشار بەکاربهێنرێن. بۆیە ئازادکردنی ئەو پارانە لە هەر گفتوگۆیەکدا وەک نیشانەیەکی جددی بۆ راستگۆیی و ئامادەیی ئەمریکا بۆ سازش دەبینرێت.

سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئەو پارانە دەگرێتەوە کە لە بانکە نێودەوڵەتییەکان بلۆککراون، پێکدێن لە پارەی فرۆشتنی نەوت، وەبەرهێنانی خانووبەرە و ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە. بەشێکی زۆری ئەو سامانانە چەندین دەیەیە بلۆک کراون، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار سزایان خرایه‌سەر لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جیمی کارتەر، دوابەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979، لە وەڵامی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران.

ئەم بابەتە گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار لە خولی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، پارە بلۆککراوەکانی ئێران کە بە 100 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئێستا تەنها بابەتێکی دارایی نییە، بەڵکو ناوەندی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە دانوستانی نێوانیاندا.

پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەناو بانکە نێودەوڵەتییەکانی بەشێک لە وڵاتانی جیهاندا بلۆککراون کە دابەشبووە بەمشێوەیە، گەورەترین بەشیان لە وڵاتی چینە و بڕەکەی 20 ملیار دۆلارە، حەوت ملیار دۆلار لە هیندستان، شەش ملیار دۆلار لە عێراق، شەش ملیار لە کۆریای باشوور کە پێشتر لە دانوستانەکاندا گواستییەوە بۆ قەتەر، هەروەها ئەو بڕەی تر دابەشبووە لەنێوان وڵاتانی ژاپۆن، لۆکسمبۆرگ و ئەمریکا.

لێدوانەکانی بەرپرسانی هەردوو وڵات گەورەیی قەبارەی ناکۆکییەکان پیشاندەدەن لەمبارەیەوە، ئێران جەختدەکاتەوە کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە واژۆکردنی رێککەوتن روونادات بەبێ ئازادکردنی بەشێک لەو پارانە وەک قۆناغی یەکەم. 

لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دەبێت گەورە و مانادار بێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی روون بۆ رەتکردنەوەی ئەزموونی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کە بە بێ گەرەنتی پێویست پارەیەکی زۆری بە ئێران داوە و بەشێکی بلۆککراوەکانی ئازادکردووە.

هەردوولا هەوڵ دەدەن بە شێوەیەک لە شێوەکان "بردنەوەی سیاسی" بۆ خەڵکی ناوخۆیان و جیهانیش پیشان بدەن. بۆ ئەمریکا، هەر رێککەوتنێک دەبێت دڵنیایی بدات کە ئێران لە دروستکردنی چەکی ناوەکی دوور دەکەوێتەوە. بۆ ئێرانیش، هەر هەنگاوێکی سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی دەبێت بە باشبوونی دۆخی ئابووری و گەڕانەوەی سەرچاوە دارایییەکانی هاوتا بێت.

زۆربەی شارەزایان پێیان وایە چارەسەر لەم نێوەندەدا بریتی دەبێت لە گواستنەوە یان هەڵگرتنی بەشێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، بەرامبەر ئازادکردنی قۆناغ بە قۆناغی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران. بەڵام سەرکەوتنی ئەو سناریۆیە بەندە بە ئاستی متمانەی نێوان هەردوولا، کە لە دوای دەیان ساڵ ململانێ و سزاکان، هێشتا کەمترین توخمی ئامادەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاراندا.

لە کۆتاییدا، مشتومڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پارە بلۆککراوەکان تەنها مامەڵەیەکی تەکنیکی یان ئابووری نییە؛ بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی ئایا هەردوولا دەتوانن لە قۆناغی فشار و گومانەوە بگەنە قۆناغێکی نوێی سازش و متمانە بەیەکتری، یاخود بە هەمان خولگەی پێشووی بەردەوام دەبێت. چارەنووسی رێککەوتنەکەش بە زۆری لەسەر وەڵامی ئەم پرسیارە دەوەستێت.

لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، کەم کێشەی سیاسی و ئەمنی هەبووە کە وەک پرسی ناوەکیی ئێران توانیبێتی کاریگەرییەکی ئەوەندە فراوان لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات. ئەم کێشەیە تەنها ناکۆکییەک نییە لەسەر ژمارەی کۆگاکانی ئێران یان ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم یاخود پارە بلۆککراوەکان، بەڵکو ململانێیەکی ستراتیجییە لەنێوان دوو وڵات کە هەریەکەیان بە چاوێکی جیاواز سەیری ئاسایشی خۆی و رێکخستنی هێز لە ناوچەکەدا دەکات.

ئەمڕۆ، دوای ساڵانێک لە سزا ئابوورییەکان، هەڕەشەی سەربازی، دەرچوون و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکان و هەروەها گۆڕانکارییەکانی ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا و ئێران دووبارە لەبەردەم هەوڵێکی نوێدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک. بەڵام ئەم جارە دانوستانەکان لەسەر دوو بابەتی بنەڕەتی دەسووڕێنەوە: یەکەم، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دووەم، چارەنووسی ملیاران دۆلاری بلۆککراوی ئێران.

لە بنەڕەتدا، کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراو و پارە بلۆککراوەکان، تەنها ململانێیەکی تەکنیکی نییە. ئەم دانوستانانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەستن بە پرسی متمانە، هێز، ئاسایش و رێکخستنی هاوسەنگیی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمریکا دەیەوێت دڵنیا بێت کە ئێران هەرگیز بە نزیکترین ئاستی دروستکردنی چەکی ناوەکی ناگات، و ئێرانیش دەیەوێت دڵنیابێت کە هەر سازشێک بەرهەمی ئابووری و سیاسیی هەبێت و دووبارە قوربانیی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی واشنتۆن نەبێت.

لەبەرئەوە، چارەنووسی هەر رێککەوتنێکی داهاتوو زیاتر لەوەی بە پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پارەی بلۆککراوەوە بەسترابێت، بە توانای هەردوولا گرێدراوە بۆ دروستکردنی کەمترین ئاستی متمانەی سیاسی؛ متمانەیەک کە لە دوای نزیکەی نیو سەدە دوژمنایەتی، هێشتا گرانبەهاترین کاڵای ئەم دانوستانانەیە.