بەرەبەیانی رۆژی ٨/٤/٢٠٢٦ ئاگربەست لەنێوان هەریەکە لە ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیەندرا، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە و بە نێوەندگیریی پاکستانە، بەرلە راگەیاندنی ئاگربەست رێکخراوی فاو-ی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، مەترسیی لە بەرزبوونەوەی رێژەی برسێتی لە جیهاندا راگەیاند، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەر تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژبە ئێران بەردەوام بێت، ژمارەی ئەوانەی لە برسێتیی تونددا دەژین دەگاتە ٣٦٤ ملیۆن کەس، کە پێشتر ٣١٩ ملیۆن کەس لە دۆخی برسێتیدابوون. 

سەرباری جەنگ کێشەی بەهەدەردانی خۆراک یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی برسێتی لە جیهاندا، کۆی ئەو خۆراکەی بەهەدەر دەدرێت دەتوانێت ١.٠٥ ملیۆن برسی لە جیهاندا تێر بکات. 

دوای ٤٠ رۆژی تەواو لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی توندی هەرسێ وڵات گەیشتنە ئاگربەست، هەرچەندە ئاگربەستەکە کاتییە، بەڵام لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا گەرووی هورمز کە بە دەرچەی بووژانەوەی بەشێکی وڵاتانی جیهان و رێڕەوی گواستنەوەی کەرستەی خۆراکی و ماددە خاوەکانی کەرتی کشتوکاڵ، دادەنرێت ده‌كرێته‌وه‌. 

لە ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتن لەدوای دوو هەفتەی ئاگربەست، جیهان لەرووی ئابورییەوە دەبوژێتەوە، بەڵام ئەگەر شەڕەکە بەردەوامبێت و رێککەوتن نەکرێت ئەو قەیرانە برسێتییەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەوە دەدات دەبێتە مەترسییەک کە جیهان دەبێت ئامادەکاری بۆ بکات.

بەردەوامی شەڕ دەبێتەهۆی دابەزینی گەشەی ئابوریی جیهان بەڕێژەی ٢.٥٪ لە ساڵی ٢٠٢٦دا، هەروەها بازرگانیی خزمەتگوزاری بەرێژەی ٤.١٪ دادەبەزێت، بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەکانی پەینی کیمیایی و کەرتی کشتوکاڵ بەرێژەی ١٥-٢٠٪ لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا. 

 لەم دواییانەدا زۆر شت وتراوە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ململانێکانی جەنگ و برسێتی. ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەدەکات 65%ی ئەو کەسانەی جیهان کە بە ئاسایشی خۆراکیان نییە و لە برسێتیی تونددان لە وڵاتانی زیانلێکەوتووی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا دەژین. بە شێوەیەکی ئاسایی دوو بابەت سەبارەت بە پەیوەندی لەنێوان شەڕ و ململانێکان لەگەڵ برسێتیدا باسدەکرێت. یەکەمیان ئەو ئاڵۆزی و ناکۆکییانەیە کە برسێتی دروستدەکات و لێکەوتەی سەرەکی دەبێت. ئەم پرسە هێندە بەهێزە و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لێدەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو رێکخراوە جیهانییە بەڵێننامەی ٢٤١٧ی پەسەند کرد کە دان بە کاریگەرییە راستەوخۆکانی شەڕی چەکداری لەسەر نەمانی ئاسایشی خۆراکدا دەنێت و بە توندی ئیدانەی دەکات کە برسیکردنی خەڵک وەک چەکێکی شەڕ بەکاربهێنرێت. 

پرسی دووەم ئەوەیە کە برسێتی یەکێکە لە لێکەوتەکانی بارودۆخی جەنگ. توێژینەوەکانی رێکخراوی فاو پاڵپشتی لەوە دەکات کە بارودۆخی جەنگ و ئاڵۆزی دەبێتەهۆی فراوانبوونی دیاردەی برسێتی لە جیهاندا، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی داهات، دەستبەسەرداگرتن، گەشەکردنی خاو لە وەبەرهێنانی کەرتی خۆراک و کشتوکاڵ، نایەکسانی لە داهات و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی خۆراک. 

رێکخراوی فاو باس لەوەدەکات کە ئەوە جێگیرکراوە دۆخی جەنگ و ئاڵۆزی برسێتی دروستدەکات، ململانێکان کێشە بۆ سیستمی خۆراک دروستدەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە  جەنگ و ئاڵۆزییەکان چۆن کاریگەری لەسەر سیستەمی خۆراک هەیە بە شێوەیەک کە رێژەی برسێتی بەرزدەکاتەوە؟

ستیڤن ویر ئۆمامۆ نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢١ باس لەوەدەکات لە دۆخی جەنگدا بەهۆی نەمانی متمانە لەنێوان وڵاتانی سەرچاوەی خۆراک و دروستبوونی قۆرخکاری برسێتی لەو وڵاتانەی دەکەونە ناوچەی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە زیاتر دەردەکەوێت. 

بەگوێرەی ماڵپەڕی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە کورتهێنانی دارایی زۆر بۆ بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) هەیە. رێکخراوی خۆراکی جیهانی هۆشداریدا لەوەی خراپتربوونی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بەبێ زیادکردنی سەرچاوەکانی خۆراک، دەکرێت کارەسات بۆ هەندێک لە وڵاتانی لاوازی جیهان بەدوای خۆیدابهێنێت، کە لە ئێستاوە مەترسیی برسێتییان لەسەرە.

کارل سکاو بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، زنجیرەکانی دابینکردنی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ئەگەری هەیە بگاتە خراپترين ئاست و په‌كى بكه‌وێت کە زیاترە لە ئاستی پەتای کۆڤید-19 و شەڕی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی برسێتی بۆ ئاستێکی بێ وێنە لە جیهاندا، ئامارەکانی پرۆگرامی خۆراکی جیانی "فاو" دەریدەخات، لە ئێستادا ٣١٩ ملیۆن کەس بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراک و برسێتیی توندەوە دەناڵێنن. بەپێی ئامارەکە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا بەهۆی پشتبەستنیان بە هاوردەکردنی خۆراک و سووتەمەنی زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و لێکەوتەکانی لەسەر برسێتی

راپۆرتێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەریدەخات، کە ئەگەر شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران تا مانگی حوزەیران بەردەوام بێت، دەیان ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتیی توند دەبنەوە.

هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە لە ٢٨ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، رێگا سەرەکییەکانی هاوکارییە مرۆییەکانی پەکخستووە و گەیاندنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی بۆ هەندێک لە ناوچە لاواز و کەم دەرامەتەکانی جیهان دواخستووە.

کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە جنێڤ بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرێت ٤٥ ملیۆن کەسی دیکە بەدەست برسێتی توندەوە بناڵێنن بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی خۆراک و نەوت و کەشتیوانییەوە بەهۆی جەنگەوە، ئەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا تووشی برسێتیی توند دەبن و زیانیان بەردەکەوێت لە ٣١٩ ملیۆن کەسەوە بۆ ٣٦٤ ملیۆن کەس بەرزبکاتەوە کە ئاستێکی بێوێنەیە تا ئێستا تۆمارکرابێت. 

سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیای پەینی کیمیایی لە جیهاندا هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە ئەمساڵ دابینکردنی خۆراکی جیهانی بە ئاستێکی یەکجار بەرز پەکبخات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، سڤین تۆرێ هۆڵستێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای یارا ئینتەرناشناڵی نەرویجی، داوای لە سەرکردەکانی جیهان کردووە، "پێش ئەوەی درەنگ ببێت، کاریگەریی جەنگەکە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە وڵاتانی هەژار لە جیهاندا لەبەرچاوبگرن".

دەڵێت،  "بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی پەینە کیمیاییەکان بۆ کشتوکاڵ، شەڕێکی درێژخایەن دەتوانێت کاریگەریی جددی لەسەر ئاست و کوالێتیی بەرهەمەکان هەبێت".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەمە ململانێیەکی ناوچەییە و کاردانەوەی جیهانی هەیە، و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیستەمی خۆراک هەیە".

ڕوونیشیکردەوە، "نرخی ئەو کەرەستە خاوانەی کە لە بەرهەمهێنانی پەینی کیمیاییدا بەکاردەهێنرێن لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی کە وڵاتانی کەنداو نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمی یوریای جیهان و نزیکەی چارەکی بازرگانی جیهانی ئامۆنیا دابین دەکات"، کە هەردووکیان پێکهاتەی سەرەکین لە بەرهەمهێنانی په‌يندا.

نرخی یۆریا بۆ هەر تۆنێک نزیکەی 210 دۆلار بەرزبووەتەوە، لە هەفتەی پێش جەنگدا 487 دۆلار بووە بۆ نزیکەی 700 دۆلار لە ئێستادا.

هاوکات هۆشداریشی دا لە دەرئەنجامەکانی پەکخستنی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە و خاوەنی ئەو کۆمپانیایە بە گاردیانی وتووە، “ئەگەر بۆ ماوەی ساڵێک گەرووی هورمز دابخرێت، دەرئەنجامەکانی کارەساتبار دەبێت، چونکە بۆ هەندێک بەرهەم، ئەگەر پەین بەدەست نەهێنێت، بەرهەمهێنان بە ڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمدەبێتەوە".

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و سووتەمەنی کە بەهۆی پەرەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووەتە ئاراوە، دەکرێت کاریگەریی لاوەکی هەبێت کە برسێتی لەنێو دانیشتوانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەرزدەکاتەوە. 

جەنگ و ململانێ پەیوەندییە متمانەپێکراوەکان لەناو دەبات کە بنەمای کارلێک و زنجیرەکانی پێکەوەبەستنی، کشتوکاڵی خۆراک و بازرگانی خۆراکن. کاتێک ململانێ سەرهەڵدەدات، هەموو کەس و لایەن و وڵاتەکان دەرفەت و هۆکاریان هەیە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتن و پابەندنەبوون بە بنەماکانەوە. پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان فرۆشیاران و کڕیاران بە تەواوی تێکدەچن یان هەڵدەوەشێنەوە، ئەمەش ئەو متمانەیە تێکدەدات کە مامەڵەی خۆراک لەسەری دامەزراوە و دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی پێشێلکردنی گرێبەستەکان. هەروەها هەڵاوسان لە نرخی خۆراک و قۆرخکاری روودەدات. 

ململانێ هەمیشە بازاڕی ڕەش بۆ خۆراک دروست دەکات. هەمیشە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەموکوڕییانەی بەهۆی تیکچوونی پەیوەندی و زنجیرەی گواستنەوەی خۆراکەوە دروستدەبێت لەکاتی ململانێکاندا تۆڕەکانی پەیوەندی تێکدەچن یان لاواز دەبن، ئەوکاتە دەرفەتە بۆئەوەی خۆراک و بەرهەمە سەرەکییەکان لەلایەن بەشێک لە سەرمایەدار و وڵاتانەوە کۆبکرێتەوە و لە بازاڕدا نەهێڵرێت ئەمەش نرخ بەرزدەکاتەوە و ئەوانەش پارەدارتر دەکات و هەژارەکان هەژارتر دەکات. 

برسێتی لە جیهاندا بەژمارە

٣١٩ ملیۆن کەس بەرلە دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژبە ئێران لە برسێتیی تونددا بوون.

٣٦٤ ملیۆن کەس تووشی برسێتیی توند دەبن له‌ ئه‌گه‌رى به‌رده‌وامبوونى جه‌نگدا.

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی برسێتی لە جیهاندا.

بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و نەوت.

بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە بە رێژەی ١٨٪ .

پەککەوتنی رێگەکانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.

لە جیهاندا ساڵانە ١.٠٥ ملیار تۆن خۆراک بەهەدەر دەدرێت.

تێکڕای بەهەدەردانی خۆراک بۆ هەرکەسێک لە جیهاندا ١٣٢ کگم لە ساڵێکدا.

١.٢٦ ملیۆن کەس دەتوانرێت لە برسێتی رزگاربکرێن بەو خۆراکانه‌ی بەهەدەر دەدرێن.