موجتەبا خامنەیی، ناوێک ئەگەری هەیە بۆ زۆرێک ئاشنا نەبێت،بەڵام ئەو کەسانەی ئاگاداری دۆخی ئێرانن، ئەو ناوە تازە نییە و ساڵانێکی زۆرە لەپاڵ ناوی عەلی خامنەیی، ناوی موجتەباش دەهێنرێت.میدیای ناوخۆیی، جیهانی و تەنانەت سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، باسی دانانی رێبەری نوێی ئێران دەکات،ئایا خامنەیی کوڕ، دەبێت بەسێبەری باوکی لە بەیتی رەهبەریدا؟ یان رێبازێکی نوێ پەیڕەودەکات و ئێران لەم دۆخە هەستیارە قوتار دەکات.
بایۆگرافیای موجتەبا خامنەیی
موجتەبا خامنەیی لە ٨ی ئەیلولی ١٩٦٩ لە شاری مەشهەد لە دایک بووە، منداڵی دووەمی خانەوادەکەیەتی و کەمتر دەرکەوتنی هەبووە. وەک زانیارییە بڵاوکراوەکان لەبارەی ناوبراو ئاماژەی بۆ دەکەن، موجتەبا، پیاوی سێبەر(رجل الضل) زیاتر لەپشتی پەردەوە کارەکتەری سەرەکیی رووداوەکان بووە.
خامنەیی کوڕ لەڕووی ئاینییەوە هەرزوو دەستی بە خوێندنی زانستە شەرعییەکان کردووە، بە فەرمی پلەی ( ئایەتوڵا)ی پێ بەخشراوە، کە بەرزترین پێگەی ئایینیە لەمەزهەبی شیعەدا. لەڕووی سەربازییەوە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەوە پیشاندەدەن موجتەبا، لەسەرەتای جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا بەشداریکردووە، ئەم بەشدارییکردنە گرنگی زۆری بۆ بایۆگرافیای ناوبراو هەیە، چونکە لە سیستمی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا،ماوەی جەنگی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، بە ماوەی بەرگریی پیرۆز "دەورانی دیفاعی موقەدەس" ناودەبرێت.
کەسایەتیی موجتەبا خامنەیی
پرسی جێگرتنەوەی رابەری ئێران لە رابردوودا چەندین جار باسکراوە، بەڵام هەلومەرجی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆخی جەنگ، وایکردووە چانسی موجتەبا بەهێزبێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە هەستیار و گرنگە.
ئەگەرچی بە وێنە و ڤیدیۆ و دەرکەوتن لە میدیاکاندا موجتەبا نەناسراوە، بەڵام نزیکەی ٢٠ ساڵ پێش ئێستا رۆڵی ناوبراو بە دەستوەردان لەهەڵبژاردنەکان باسی لێوەدەکرا. پاشان لەکاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ و ناڕەزایەتییەکان، جارێکی دیکە ناوی موجتەبا کەوتەوە بەرگوێی ئێرانییەکان، کە زۆر بە توندی سەپەرشتیی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی کردووە، راستەوخۆش رۆڵی هەبووە لە پەڕاوێزخستن و دورخستنەوەی هەریەکە لە ( کەروبی) و (موسەوی)، کە ئاڵا هەڵگری خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ و جوڵانەوەی سەوز بوون.
کەسایەتیی موجتەبا خامنەیی پێچەوانەی باوکی کە زۆرترین دەرکەوتنی هەبوو، هاوکات خۆشەویستییەکی زۆری لەلای ئێرانییەکان هەبوو لە رێگای ئەو ڤیدیۆیانەی "بەیتی رەهبەر"ی بڵاویدەکردنەوە. بەوپێیەی موجتەبا کەمترین دەرکەوتنی هەیە بەدەر لە بازنەیەکی بچوکی سوپا و بەیتی رەهبەری، بەرپرسانی حکومی، میدیا و رایگشتی کەمترین زانیارییان لەبارەیەوە هەیە، ئەمەش لەهەمان کاتدا دەکرێت خاڵی بەهێزو هاوکات خاڵی لاوازی ناوبراو بێت.
رەوایەتیی خوێن
رەوایەتیی خوێن لە مەزهەبی شیعەدا پرسێکی گرنگە، بەڵام بەپێچەوانەوە تەوریسی سیاسیی پشتاوپشتی دەسەڵات، لە مەزهەبی شیعە و تارادەیەک لە مێژووی ئێراندا رێپێدراو نییە. موجتەبا خامنەیی سودی لە رەوایەتیی خوێن وەرگرت و لەسەر کورسی بە خوێن ئاودراوی باوکی دەسەڵات وەردەگرێت، ئەوانەشی کە پێشتر نەیاری بوون بەهۆی ئەم رەوایەتیی خوێنەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
بەراوردی موجتەبا خامنەیی بە محمد بن سەلمان
ئێران و سعودیە وەک دوو دەوڵەتی بەهێزی ناوچەکە، یەکێکیان نوێنەرایەتیی سونە و ئەوی تر نوێنەرایەتیی مەزهەبی شیعە لە جیهاندا دەکات. خاڵی جیاوازیان زۆرە و لەرابردوودا ئەم جیاوازییانە لە ئەرزی واقیعدا رەنگی دابوویەوە.
شازادە محمد بن سەلمان جێنشینی پاشای سعودیە، لە ساڵی ٢٠١٧وە بڕیاربەدەستی ئەو وڵاتەیە. شازادەکە جیاواز لە باوکی و خانەوادەی پاشایەتی بیردەکاتەوە و تێڕوانینی جیاوازی بۆ حوکمرانی هەیە، هەر بۆیە سعودیەی نوێ تەواو جیاوازە لە سعودیەی سەردەمی پاشاکانی پێشوو.
لەسیستەمی حوکمرانی هەر وڵاتێکدا کەسایەتیی سەرکردە و سەرۆک و پاشا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەرزی واقیع هەیە. نمونەی (محمد مەهاتیر) لە مالیزیا، (ئەردۆگان) لە تورکیا، ( صدام حسین) لە عێراق و دەیان نمونەی تر، بۆیەم لەم روانگەیەوە ناوی موجتەبا خامنەیی دەهێنرێت کە رۆڵی ئەو سەرکردەیە ببینێت ئێران لە قۆناغێک بباتە قۆناغێکی تر.
گۆرانکارییەکانی سعودیەی نوێ لەسەردەمی بن سەلمان ئەوەندە بەهێز و کاریگەربوون، ئەو وڵاتەی بەڕووی ئەمریکا و ئەوروپا و تەنانەت ئیسرائیل کردووەتەوە. سعودیە کە پێشووتر وەکو لانکە و بەرهەمهێنەری تیرۆر تەماشا دەکرا، ئێستا لە نزیکی کەعبە و شوێنە پیرۆزەکان کۆنسێرتی بانگهێشتی، ( جێنیفەر لۆپێز) و گۆرانیبێژ و ئەکتەرە بەناوبانگەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەکات.
بۆیە لە وتەیەکیدا قاسم سلێمانی بەرپرسی پێشوی سوپای قودس، بە راشکاوانە قسەی لەسەر سعودیەی سەردەمی بن سەلمان کرد و رایگەیاند" سعودیەی سەردەمی بن سەلمان جیاوازە و ئەم رێگایەی ئێستا، عەرەبستانی سعودیەی پیا دەروات سەرئەنجامی باش نابێت."
بەڵام شازادە گەنجەکە پلانی سعودیەی ٢٠٣٠ داناوە کە ئەو وڵاتە لە رووی کرانەوەی سیاسی و ئابوری بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات، وێڕای رەخنەکان لە ناوخۆ، تائێستا لەسەر ئەو پلانە بەردەوامە. بۆیە بەراوردی موجتەبا بە بن سەلمان دەکرێت کە ئایا هاوشێوەی بن سەلمان دەتوانێت ئێران لەم دۆخە چەقبەستووە قوتار بکات.
بۆیە بەشی زۆری شارەزایانی کاروباری ئێران دەست بەکاربوونی موجتەبا خامنەیی لەم قۆناغە هەستیارە، وەکو دەرفەتێک تەماشادەکەن بۆ ئاشتی و چارەسەر و کۆتاییهاتنی جەنگ. بەشیکی دیکە پێیانوایە خامنەیی کوڕ لە باوکی توندڕەوترە و ئەگەری هەیە ئاگری ئەم شەڕە فراوانتربکات، هەژموونی شاراوەی خۆی لەناو سوپای بەسیج و ئیتلاعات بەکاربهێنێت.
بەراوردی موجتەبا خامنەیی بە رەمەزان قادیرۆف
رەمەزان قادیرۆف سەرۆکی چیچان،نمونەیەکی دیکەی گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە سیاسەتی وڵاتێکدا،هەرکات ناوی وڵاتی چیچان دەهێنرێت باسی کوشتن و ستەم و شۆرش دژی روسیا دەکرێت. ئەحمەد قایدیرۆف سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە، کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆچی دوایی کرد، ئەستێرەی بەختی کوڕەکەی دەکرێتەوە.
قادیرۆف لە ساڵی ٢٠٠٧ بەفەرمی وەکو سەرۆکی وڵات دەستبەکاربوو، بەڵام هاوشێوەی بن سەلمان چۆن سیاسەتی وڵاتەکەی بەتەواوەتی گۆڕی، قایدرۆفیش چیچانی بە جۆرێک گۆڕی هەرگیز لە وڵاتەکەی پێشوو ناچێت. لەناو میدیای بیانیدا قادیرۆف بە کوڕە نازدارەی پوتین ناسراوە، (فتی المدلل). بۆیە ئێستا پرسیار دەکرێت ئایا موجتەبا خامنەیی هاوشێوەی قادیرۆف نمونەیەکی ئێران پیشانی جیهان دەدات، کە لە ئێرانی سەردەمی خامنەیی باوک جیاواز بێت، یان پێچەوانەکەیەتی و لەسەر هەمان رێچکەی باوکی دەڕوات.
ئایا موجتەبا دەبێت بە کیم جۆنگ ئون؟
جیاواز لەو دوو نمونەیەی باسکران کە کراوەنەی وڵاتەکانیان بوو، بەڕووی دونیا و گۆڕینی نەریتی سیاسی وڵاتەکانیان، بەڵام کۆریای باکوور تەواو جیاوازە. کیم جۆنگ ئون لە ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە باوکی سەرۆکی پێشوی وڵات و باپیری، کە ناوی (ئێل سۆنگ) دامەزرێنەر و سەرکردەی دیاری وڵاتەکەیە. بەڵام ئەم سەرۆکە گەنجە درێژەپێدەری رێگای باوکییەتی، هەندێک دەڵێن زەبر و زەنگی ئەم سەرۆکە گەنجە لە باوکی زیاترە، ئەو وڵاتە لە دەرەوە وەکو زیندانێکی گەورە تەماشا دەکرێت. بۆیە لەم سۆنگەیەوە باسی موجتەبا دەکرێت کە ئایا ئێران بەرەو کوێ دەبات، ئەو بۆچونە راست دەردەچێت کە سێبەری خامنەیی باوک لە بەیتی رەهبەری بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
ئێستا میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکان چاویان لە هەنگاوەکانی موجتەبا خامنەییە، کە ئایا ئەم سندوقە رەشەی بەیتی رەهبەری چی لەهەگبەدایە. لە قۆناغێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەواوی هێز و توانای خۆیانەوە، بەردەوامن لەسەر هێرش بۆ سەر ئێران. هەڵوێستێکی موجتەبا بە هەر بارێکدا هاوکێشەکان یەکلادەکاتەوە، جا بە ئاراستەی کرانەوەی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، یاخود پێچەوانەکەی کە نازانرێت چارەنوسی ئێران بەرەو کوێ دەبات.
هەژموونی موجتەبا لە ناو سوپای پاسداران لەلایەک و پەروەردەبوونی لە ناو ماڵی رەهبەری لەلایەکی دیکە، وایان کردووە هەموو چاوەکان لەسەر گوتارێکی فەرمی ناوبراوە، کە هەڵوێستی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران چی دەبێت و چۆن ئەم دۆخە چەقبەستووە کۆتایی پێدەهێنێت.