ئه‌م راستييه‌ى ئێستا له كه‌رتى ته‌ندروستى گشتى له هه‌رێمى كوردستان دروستبووه له كه‌مى ده‌رمان و پشكنين و كۆى گشتى خزمه‌تگوزارييه پزيشكييه‌كان، بووه‌ته‌هۆى دروستبوونى پێويستييه‌ك كه له زۆرينه‌ى وڵاتانى جيهان په‌يڕه‌و ده‌كرێت كه بۆ خزمه‌تى چاره‌خوازه كه‌مده‌رامه‌ته‌كانه و وه‌ك پاڵپشتييه‌كيشه بۆ كه‌رتى حكومى بۆ به‌رده‌واميى پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان بێئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى قه‌يران ببنه‌وه ئه‌ويش (بيمه‌ى ته‌ندروستى)ـيه.
(بيمه‌ى ته‌ندروستى) ده‌كرێت ببێته فريادڕه‌سێك بۆ هه‌موو هاوڵاتييان به گشتى و گروپه كه‌مداهات و كه‌مده‌رامه‌ته‌كانيش به تايبه‌ت وه‌ك (خاوه‌ن پێداويستييه تايبه‌ته‌كان، بێكاره‌كان، ئاواره‌كان، ئه‌و كه‌سانه‌ى مووچه و داهاتێكى كه‌م)ـيان هه‌يه و بارگرانى سه‌رشانيان له‌ڕووى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ره پزيشكييه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، له‌وباره‌يه‌وه توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە، بەپێی توێژینەوەکە ئەگەر کۆی دانیشتووانی سلێمانی لەناو پرۆژەیەکی بیمەی تەندروستیدا جێبکرێنەوە کە رێژەی 7 بۆ9%ـی داهاتیان بخرێتە سندوقی بیمەی تەندروستییەوە کە تێکڕای گشتییەکەی دەکاتە 450 ملیار دیناری ساڵانە، بەمە بنەمایەکی بەهێزی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرجەم چین و توێژەکان دابیندەکرێت.
بەپێی توێژینەوەکە پرۆژەی بیمەی تەندروستیی پێشنیازکراو پاکێجێکی فراوانە و چەند لایەنێکی خزمەتگوزاریی تەندروستی لەخۆدەگرێت، ئەوانیش (پزیشکی گشتی، نەخۆشخانە، چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان، تەندروستی و سەلامەتی دایک و کۆرپە، نەخۆشییە دەروونییەکان، دابینکردنی دەرمان).
ئەم مۆدێلە لە بیمەی تەندروستی کە پڕۆژەی دامەزراوەی ڤیژنە و وەک مۆدێلێک بۆ پارێزگای سلێمانی پێشنیازکراوە، ئامانجیەتی بڕی پارەی بیمە بە دیجیتاڵی و لەژێر چاودێریی و بەڕێوەبردنی دەستەیەکی سەربەخۆدابێت، بەمەبەستی بەردەوامی و دادپەروەری و شەفافیەت.
ئەم پرۆژەیە لە ماوەی 10 ساڵدا تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان به‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاوو له‌سه‌ر هاوڵاتييان كه‌مده‌كاته‌وه و بەڕێژەی 95٪ هاوڵاتييان به‌شدارى تێدا ده‌كه‌ن، ئەمە پاڵپشت بە 7-9٪ی داهاتی خەڵک و بودجەی گشتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و باجی ماددە زیانبەخشەکان کە دەبنە پاڵپشت بۆ کەسانی کەمدەرامەت و ئەو چین و توێژانەی ناتوانرێت هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ بیمە لێوەربگیرێت.
لە پێناو شەفافیەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی کوالێتی بەرز و کەمکردنەوەی فێڵ، پێویستە بەشداربووان بە سیستمی تەندروستیی ئەلیکترۆنییەوە ببەسترێنەوە، کە لە ماوەی پێنج ساڵدا 90-100٪ی پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری تەندروستی لەو سیستمەدا جێبکرێنەوە.
لە توێژینەوەکەدا پێشنیازی ئەوە کراوە کە دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی تێچوو چەند هەنگاوێک بگیرێنەبەر لەوانە، (بەکارهێنانی دەرمانی جێگرەوە لەبری براندەکان، هەروەها بەکارهێنانی کلینیکەکان بۆ مانەوەی نەخۆش لەبری نەخۆشخانەکان، ئەولەویەتدان بە خزمەتگوزارییە خۆپارێزییەکان وەک (پشکنینی پێشوەختەی شەکرە، شێرپەنجە و دابینکردنی پێکوتە).
بە جێبەجێکردنی پرۆژەی پێشنیازکراو، دەکرێت خەرجیی خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى لای هاوڵاتی بۆ نيوه کەمبکرێتەوە، هەروەها تێکڕای تەمەنی هاوڵاتییان و تەندروستیی باشتر فەراهەمبکات، لەلایەکی ترەوە هەژاری تەندروستی و دەستنەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەلایەن چینە کەمداهاتەکانەوە چارەسەر دەکات.
پرۆژەکە هەمە لایەنەیە و تەنها هاوڵاتی تێیدا بەشدارنییە و بەڵکو فرەچەشنە لە (هاوڵاتی، حکومەت، باجی کەسەرتە زیانبەخشەکان، هاوکاریی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان) پێکدێت ئەمەش بارگرانیی سەر کۆی هاوڵاتییان کەمدەکاتەوە.
به‌پێى ئه‌و ماوه ئه‌زمونييه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن پێشنيازى كردووه بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پرۆژه‌يه، له‌سه‌ره‌تادا پرۆژه‌كه 100 هه‌زار به‌شداربوو له‌خۆ ده‌گرێت و هه‌ر به‌شداربوويه‌ك ساڵانه بڕى 300 هه‌زار ده‌دات وه‌ك بيمه‌ى ته‌ندروستى، له‌به‌رامبه‌ردا له‌كاتى پێويست و نه‌خۆشيدا سوود له وه‌رگرتنى هاوكارى دارايى ده‌بينێت و به‌شێك له چاره‌سه‌ره‌كانى بێبه‌رامبه‌ر پێشكه‌ش ده‌كرێت.
شێوازه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م پرۆژه‌يه به‌شێوه‌يه‌ك ده‌بێت كه دامه‌زراوه‌يه‌كى بيمه‌ى ته‌ندروستى له چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بنيات ده‌نرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ياسايى و رێنمايى و داراييه‌وه و به‌شێوه‌يه‌كى گشتگيريش به‌ڕێوه‌ده‌برێت له‌ڕێى (حكومه‌ت، پزيشكان، بيمه‌كراوان، رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى).
بۆ رێگريكردنيش له فێڵكردن له‌ڕێى سيستمه‌كه‌وه پێشنيار كراوه كه سيستمێكى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌ليكترۆنى بنيات بنرێت كه (تۆمارى پزيشكى ئه‌ليكترۆنى، كارتى بيمه‌ى زيره‌ك و ميكانيزمه‌كانى رێگريكردن و دۆزينه‌وه‌ى فێڵ) له‌خۆبگرێت.
شێوه‌ى به‌رده‌واميدان به‌م سيستمه به‌جۆرێكه كه داراييه‌كه‌ى فره‌ره‌هه‌ند بێت، فه‌رمانبه‌ر و خاوه‌نكار و حكومه‌ت بگرێته‌وه، به‌شێكى ديكه‌يشى له‌ڕێى باجى كه‌ره‌سته زيانبه‌خشه‌كانى وه‌ك جگه‌ره و مادده كهولييه‌كان بدرێت.
جێبه‌جێكردنى ئه‌م سيستمه‌ى كه به ووردى له توێژينه‌وه‌كه‌ى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن خراوه‌ته‌ڕوو، به سێ قۆناغ ده‌بێت به‌مشێوه‌يه:
قۆناغى يه‌كه‌م:
يه‌ك بۆ دوو ساڵ ده‌گرێته‌وه، له‌م ماوه‌يه‌دا دامه‌زراوه‌يه‌كى تايبه‌ت داده‌مه‌زرێت، قۆناغى ئه‌زموونى له هه‌ندێك ناوچه ده‌ستپێده‌كات و پێويستييه ئه‌ليكترۆنييه‌كان سه‌رپێ ده‌خرێن و هه‌ڵمه‌تى هۆشياركردنه‌وه‌ى به‌كۆمه‌ڵ ده‌ستپێده‌كات.
قۆناغى دووه‌م:
سێ بۆ پێنج ساڵ ده‌گرێته‌وه، له‌م ماوه‌يه‌دا پلانه‌كان به‌وشێوه‌يه‌يه كه رێژه‌ى به‌شداربوون له‌م پرۆژه‌يه بۆ 80 بۆ 90%ـى كۆمه‌ڵ فراوان بكرێت، خه‌رجى ته‌ندروستى هاوڵاتييان بۆ كه‌متر 20% كه‌م بكرێته‌وه.
قۆناغى سێهه‌م:
شه‌ش بۆ 10 ساڵ ده‌گرێته‌وه، له‌م ماوه‌يه‌دا ئامانجه‌كه به‌وشێوه‌يه‌يه 95%ـى هاوڵاتييان به‌شدارى له‌م بيمه‌يه‌دا بكه‌ن و تێكڕاى ته‌مه‌نيش به‌و په‌يڕه‌وكردنه سێ ساڵ به‌رزببێته‌وه.
ئه‌مانه‌ش سێ ده‌ستكه‌وتى گرنگيان ده‌بێت ده‌توانين به‌مشێوه‌يه دياريان بكه‌ين:
ده‌ستكه‌وته كورتخايه‌نه‌كان:
كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى ته‌ندروستى له‌لايه‌ن هاوڵاتييانه‌وه له 40 بۆ 70%.
ده‌ستكه‌وته مامناوه‌نده‌كان:
كه‌مكردنه‌وه‌ى گيانله‌ده‌ستدانى دايك و منداڵ، پشكنينى پێشوه‌خت و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى ته‌ندروستى بۆ كه‌متر له 20% له‌لايه‌ن هاوڵاتييانه‌وه.
ده‌ستكه‌وته درێژخايه‌نه‌كان:
پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارييه‌كى گشتگير و به‌رده‌وام، زيادكردنى تێكڕاى ته‌مه‌ن به سێ ساڵ و كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ژارى ته‌ندروستى.
بێگومان جێبه‌جێكردنى هه‌ر پرۆژه‌يه‌ك و پرۆژه‌ى ته‌ندروستى پێويستى به ره‌چاوكردنى چه‌ند لايه‌نێك هه‌يه تا رێژه‌ى سه‌ركه‌وتنى پرۆژه‌كه به‌رزتر بكاته‌وه، توێژينه‌وه‌كه‌ى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن پێشنيار ده‌كات كه له جێبه‌جێكردنى ئه‌م پرۆژه‌يه‌دا ره‌چاوى چه‌ند خاڵێك بكرێت كه له‌مانه‌دا كوورت ده‌كرێنه‌وه:
-له‌كاتى گۆڕ‌انى كايبنه‌كانى حكومه‌تدا به‌رده‌وامى ياسايى بدرێت به سيستمه‌كه
-له‌ڕێى شه‌فافيه‌ت و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاريى پێويست و كاريگه‌ره‌وه متمانه‌ى هاوڵاتييان به‌ده‌ستبێت
-به‌بێلايه‌ن هێشتنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كه
-هاندانى سێكته‌ره جياوازه‌كان بۆ هاوكاريكردنى دامه‌زراوه‌كه
چه‌ند خاڵێكيش وه‌ك مه‌ترسى له جێبه‌جێكردنى سيستمى بيمه‌ى ته‌ندروستى دياريكراون كه ئه‌مانه‌ن:
-ناسه‌قامگيرى سياسى
-به‌رده‌وامنه‌بوونى دارايى بۆ پرۆژه‌كه
-نه‌بوونى متمانه‌ى هاوڵاتييان به پرۆژه‌كه
له‌گه‌ڵئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌پێش دروستبوونى قه‌يرانى دارايى و كه‌مبوونه‌وه‌ى داهاتى تاك كه‌رتى ته‌ندروستييه‌كى خزمه‌تگوزاريى هه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌يرانه يه‌ك له‌دوا يه‌كه‌كاندا هاوشێوه‌ى زۆرينه‌ى كه‌رته‌كانى ديكه، خزمه‌تگوزارييه ته‌ندروستييه‌كانيش به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه و سنورداربوون چوو.
له‌ئێستادا كه‌رتى ته‌ندروستى حكومى له هه‌رێمى كوردستان به گشتى و له شارى سلێمانى به‌تايبه‌ت له دۆخێكى پڕ له ئاڵنگارييدايه، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى به‌شێك له نه‌خۆشخانه حكومييه‌كان به‌رده‌وامن له پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى له به‌رزترين ئاستدا، وه‌ك نه‌خۆشخانه تايبه‌ته‌كان به نه‌خۆشى شێرپه‌نجه، به‌ڵام به گشتى پێشكه‌شكردنى چاره‌سه‌رى ته‌ندروستى، به‌تايبه‌ت بۆ هاوڵاتييه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان، له ئاستى پێويستدا نييه.
ئه‌م بۆشاييه‌ى له كه‌رتى ته‌ندروستى حكوميى دروستبووه، بووه‌ته‌هۆى زيادبوونى نه‌خۆشخانه ئه‌هلييه‌كان، ئه‌م نه‌خۆشخانانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئاستێكى به‌رزى چاره‌سه‌ر پێشكه‌ش به هاوڵاتييان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌رزيى نرخه‌كه‌ى وايكردووه هه‌موو هاوڵاتييان نه‌توانن وه‌ك يه‌ك سوود له خزمه‌تگوزارييه‌كان وه‌ربگرن سه‌ربارى ئه‌وه‌ش به ناچارى 70% به‌شى خه‌رجييه‌كانى چاودێرى ته‌ندروستى له‌لايه‌ن نه‌خۆشه‌وه دابين ده‌كرێت بێ بوونى هيچ هاوكارى و پاڵپشتييه‌كى دارايى.