خوێندن وەک پرۆسەیەکی جیهانی نوێ مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ و نیشاندەرێکی سەرەکى گەشەسەندنی کۆمەڵگاکانە، هەربۆیە بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی لە رێگاکانی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و ئامرازەکانیدا کراوە و دەکرێت.
زانکۆکان وەک ناوەندێک کە ئەزموونی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتیی جیاوازیان هەیە، هێزیان پێدەدات کە توانای خوێندکارەکانیان سەبارەت بە پرس و بابەتی جیاواز ئاڕاستە بکەن، هەروەها زانکۆکان لە پلەی یەکەمدا دێن وەک ناوەندێک بۆ کارگەریی دروستکردن لە گۆڕینی تێڕوانین و ئامانجەکانی خوێندکاران.
لە سەرانسەری جیهاندا دیاردەی بە تایبەتبوونی ناوەندەکانی خوێندن لە ئارادایە و زانکۆکانی ئێمەش لەمە بێبەش نین، زانکۆ تایبەتەکان وەک ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی، زۆرجار ژینگەیەکی جیاواز پیشاندەدەن و ئەمەش وایکردووە کە زانکۆ تایبەتەکان تەنها رۆڵیان لەسەر خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت، بەڵکو دەکرێت وەک ناوەندێکیش بۆ وەرگرتن و گۆڕینی ناسنامە و پێگەی کۆمەڵایەتیی خوێندکارەکان و تەنانەت خێزانەکانیشیان کاریگەری و رۆڵی هەبێت.
ئەم رۆڵەی زانکۆ تایبەتەکان وایکردووە کە هەندێک جار لەلایەن خوێندکارەوە تەنها وەک ناوەندێک بۆ خوێندن تەماشای نەکرێت بەڵکو بە دەرفەتێک دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی پێگەی بەرزتر و داڕشتنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی لەناو ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە تیایدا دەژی.
زانکۆ ، بە لوتکەی پلەبەندی پەروەردەیی دادەنرێت و رۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە ئامادەکردنی سەرچاوەی مرۆیی ئاست بەرز بۆ کەرتە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، لەهەمان کاتدا وەک هێزێکی بزوێنەری گرنگ لە گەشەسەندنی فیکری و زانستی کۆمەڵگادا کاردەکات.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، توێژینەوەیەکی لەبارەی زانکۆ تایبەتەکان و رۆڵیان لە دیاریکردنی پێناسەی کۆمەڵایەتیی خوێندکاراندا ئەنجامداوە، بەپێی توێژینەوەکە ئەم دامەزراوانە بەدەر لە دابینکردنی داواکارییەکانی پەروەردە و بازاڕ و خزمەتکردن بەلایەنی ئەکادیمیی خوێندکاران، دەستیانکردووە بە خزمەتکردنی هەندێک لایەن و ئامانج لە دەرەوەی ئەم کارانە، لە ئیستادا وا دەردەکەوێت کە رۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە داڕشتنی ناسنامەی کۆمەڵایەتیی خوێندکارەکانیاندا.
ئەم توێژینەوەیە پەیوەندیی نێوان ناسنامەی کۆمەڵایەتیی تاک بە ژینگە پەروەردەییەکانەوە لێکدەداتەوە و هەوڵدەدات نیشانی بدات کە چۆن زانکۆ تایبەتەکان وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی وێنە و کەسایەتیی تاک و چینی کۆمەڵایەتی لەناو خوێندکاراندا رۆڵیان هەیە.
مەبەست لە ناسنامەی کۆمەڵایەتیش، خۆپێناسەکردنی تاکە لەسەر بنەمای ئەندامێتی لە هەندێک گرووپدا، ئەگەرچی تاکەکان سەر بە زۆر گرووپی جیاجیان وەک (نەتەوە، ئایین، پیشە)، لەگەڵئەوەشدا تەنها هەندێک لەو ئەندامێتییانە دەبنە بەشێکی بنەڕەتی بۆ پێناسەکردنی خۆیان، بۆ نموونە ڕەنگە تاک بە توندی خۆی بە ژنبوون، موسوڵمان بوون، یان دیموکراتی بووندا بناسێنێت.
لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە کە بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ تایبەتەکان لەبەرامبەر بڕێک پارەدا دەچنە کۆلێژ و بەشە "بەرزەکان" کە زیاتر لە کۆمەڵگای ئێمەدا پزیشکی و ئەندازیارییە.
ئەو تێگەیشتنەی کۆمەڵگا بۆ ئەم پیشە و بڕوانامانە هەیەتی و ئەو بەهایانەی کۆمەڵگا دەیدات بە خاوەنی ئەم پیشانە، وادەکات کە خوێندکاران ناچاربن لە بەرامبەر بڕێک پارەدا بچنە زانکۆ تایبەتەکان و لەو بەشانەدا بخوێنن، چونکە بە ناوهێنانی پیشەکە و بڕوانامەکە وادەکات کە خێزانەکان و خودی کەسەکەش هەستی شانازی و ناسنامەیەکی تر ئەزموون بکەن.
توێژینەوەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکار کردووە، بەشێکیان زانکۆی تایبەت بە قبوڵکراوتر دادەنێن لەلایەن خاوەنکارەکانەوە و پێیانوایە بەشێکی زۆر لە خاوەنکار دەرچووانی زانکۆ تایبەتەکان بە لێهاتووتر و کوالێتی باشتر دادەنێن بۆیە داهاتووی خوێندکارانی زانکۆ تایبەتەکان مسۆگەرە.
ئەم تێڕوانینانە کە بەشێکی بۆ خودی زانکۆکان دەگەڕێتەوە کە رۆڵیان هەیە لە دروستکردنی ئەم وێنە گشتییەدا لای هاوڵاتییان بەگشتی و خوێندکاران بە تایبەتی، وایکردووە زانکۆ تایبەتەکان وەک شوێنێک کە داهاتووی پیشەیی مسۆگەر دەکات لێی بڕوانن و ئەمەش رۆڵی گەورەی هەیە لە دروستکردنی پێناسەی کۆمەڵایەتی و پیشەیی خوێندکارەکاندا.
بەپێی ئەو چاوپێکەوتنانەی توێژینەوەکە ئەنجامیداوە هۆکاری رووکردنە زانکۆ تایبەتەکان لەلایەن خوێندکارانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چاوی کۆمەڵگادا خوێندن لەم زانکۆیانە دەرفەتی زانستی زیاتری هەیە، بەوهۆیەوە کۆمەڵگا پێیوایە ئەوەی لەم زانکۆیانە بخوێنێت دەبێت لە چینێکی بەرزتر بێت هەربۆیە رێزلێگیراوتر و پەسەندتر دەبن لە کۆمەڵگادا.
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە”خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان وادەکات بە چاوێکی جیاوازتر لێیان بڕوانرێت خەڵکی بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەیەکی جیاوازتر رووی تێبکەن، بە مانایەکی تر زانکۆ تایبەتەکان ئەو مەعریفەیە بەرهەمدەهێنن کە ناودەبرێت بە چینی باڵا لە کۆمەڵگادا”.