نووسینی: دیرین محمود – توێژەر
بۆ زۆرێک لە مامۆستایان و قوتابخانهكان، بوونی قوتابییەکی خاوەن ADHD (تێکچوونی کەمیی سەرنج و فرەجووڵەیی) لە ناو پۆلدا، وەک “مۆتەکەیەک” دەردەکەوێت؛ دۆخێک کە هێمنی پۆل تێکدەدات و کۆنتڕۆڵی وانەکە ئاڵۆز دەکات. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا تا ئێستا بیرمان کردووەتەوە کە خودی ئەم دۆخە بۆ منداڵەکەش مۆتەکەیەکی گەورەترە؟ مۆتەکەیەک کە ناهێڵێت سەرنج بدات، ڕێگريى لە دروستکردنی هاوڕێیەتی دەکات و بەردەوامی لە ژێر باری سەرزەنشت و سزاداندا دەنێت.
مۆتەکەیەک لە ناو مێشکدا
کاتێک باسی ADHD دەکەین، مەبەست "تەمەڵی" یان "بێئەدەبی" نییە. ئەم دۆخە جۆرێکە لە جیاوازیی بایۆلۆجی لە کارکردنی مێشکدا. مێشکی ئەم منداڵانە لە رێکخستنی زانیاريى و کۆنترۆڵکردنی سەرنجدا بە شێوەیەکی ئاسایی کار ناکات. زانست ئاماژە بەوە دەکات کە ماددەی “دۆپامین”، کە بەرپرسیارە لە هەستکردن بە پاداشت و جێگیری سەرنج، لە مێشکیاندا بە تەواوی هاوسەنگ نییە.
بۆیە قوتابی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر یەک ئەرک یان بابەت بمێنێتەوە. ئەو وەک کەسێک وایە کە لە ناو تەمێکی خەستدا هەوڵی دۆزینەوەی رێگە دەدات، بەڵام هەر دەنگ و جووڵەیەکی دەوروبەر، سەرنجی لێدەسەنێت و لە ئامانجەکەی دووری دەخاتەوە.
پۆل؛ شوێنی دەستپێکردنی فشارەکان
بۆ زۆربەی قوتابیان، پۆل شوێنی فێربوون و گەشەکردنە. بەڵام بۆ قوتابییەکی خاوەن ADHD، هەندێکجار پۆل دەبێتە شوێنی شکانی متمانە بەخۆبوون. کاتێک مامۆستا بەردەوام دەڵێت: «دانیشە»، «بێدەنگ بە»، «بۆچی ئەرکەکەت تەواو نەکرد؟»، منداڵەکە هەست بە شکستهێنان دەکات.
ئەم فشارە بەردەوامە، دەتوانێت وایلێبکات رقی لە قوتابخانە ببێتەوە، یان پەنا بۆ رەفتاری توندوتیژ و گۆشەگیری ببات. لە زۆر حاڵەتدا، کێشەکە نەک ناتوانی فێربوونە، بەڵکو نەبوونی شێوازی مامەڵەکردنی گونجاوە.
چۆن دەتوانین ئەم مۆتەکەیە کەم بکەینەوە؟
مامۆستا و پەروەردەکار دەتوانن ببنە سەرچاوەی پشتگیری بۆ ئەم منداڵانە، ئەگەر چەند هەنگاوێکی سادە بەڵام کاریگەر بگرنەبەر:
1. گۆڕینی سزادان بۆ تێگەیشتن
لەبری ئەوەی جووڵە و بێئارامى منداڵەکە وەک سەرپێچی ببینرێت، پێویستە وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستییەکانی بخرێتە بەرچاو. دەتوانرێت رێگەی پێبدرێت هەندێک جار هەستێتەوە، ئاو بخواتەوە، یان لە چالاکییەکانی پۆلدا بەشدار بێت.
2. پارچەپارچەکردنی ئەرکەکان
زۆرجار قوتابییەکانی ADHD لەبەرامبەر ئەرکە گەورەکاندا هەست بە ترس و فشار دەکەن. کاتێک ئەرکەکان بۆ بەشە بچووک و روون دابەش بکرێن، هەست بە سەرکەوتن و توانایی زیاتر دەکەن.
3. دروستکردنی ژینگەیەکی بینراو
بەکارهێنانی رەنگ، وێنە، خشتە و رێنماییی بینراو، یارمەتی مێشکی منداڵەکە دەدات سەرنجی خۆی رێک بخات و لە ناو شڵەژانی زانیارییەکاندا رێگای خۆی بدۆزێتەوە.
نیشانە سەرەکییەکانی ADHD
ADHD بە شێوەیەکی گشتی سێ نیشانەی سەرەکی هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو قوتابییەک هەموویان هەبێت:
1. کەمیی سەرنج (Inattention)
• زوو لەدەستدانی سەرنج و رۆشتنى خهياڵ
• گرفت لە رێکخستنی کار و شوێنکەوتنی رێنماییەکان
• زوو لەبیرکردن و ونکردنی شتەکان
2. فرەجووڵەیی (Hyperactivity)
• ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ دانیشێت
• بەردەوام دەست و قاچی دەجووڵێنێت
• وزەیەکی زۆری هەیە و ئارام نابێت
3. هەڵچوونی کتوپڕ (Impulsivity)
• پێش بیرکردنەوە کار دەکات
• ناتوانێت چاوەڕێی نۆرە بکات
• قسەی کەسانی تر دەبڕێت
جۆرەکانی ADHD
• جۆری یەکەم: زیاتر کەمیی سەرنجی تێدایە
• جۆری دووەم: زیاتر فرەجووڵەیی و هەڵچوونی تێدایە
• جۆری سێیەم (تێکەڵاو): نیشانەکانی هەردوو جۆرەکەی تێدایە
هۆکارەکە چییە؟
توێژینەوە زانستییەکان دەڵێن ADHD زۆرجار پەیوەندی بە بۆماوەیی (جینات) و جیاوازییەکانی کیمیايى مێشکەوە هەیە، بە تایبەتی لە سیستەمی دۆپامیندا. بۆیە ئەمە نە خەتای منداڵەکەیە و نە ئەنجامی پەروەردەی هەڵەی دایک و باوکە؛ بەڵکو مێشک بە شێوەیەکی جیاواز کار دەکات.
چارەسەر و پشتگیری
چارەسەری ADHD تەنیا لە دەرماندا کۆ نابێتەوە، بەڵکو پێویستی بە هاوکارییەکی گشتگیر هەیە:
• رەفتار چارەسەری: فێرکردنی منداڵ بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون
• ژینگەی قوتابخانە: کورتکردنەوەی ئەرکەکان، پشووی چالاک، و هاندان
• پشتیوانی خێزان: تێگەیشتن لە دۆخەکە و سزانەدان لەسەر نیشانەکان