کاریگەریی پلاستیکەکان تەنها بەو پلاستیکە بەرچاو و بەرجەستانەوە سنووردار نییە کە لە ئێستادا ژینگەیان داگیرکردووە. گەردیلە نانۆپلاستیکییەکان کە کاتێک دەچنە ناو ژینگەوە، دەبنە یەکێک لە مەترسییە جددییەکان بۆ سەر ژیان لەسەر زەوی. ئەم نانۆپلاستیکانە دەتوانن بچنە ناو هەوا، ئاو و خاکەوە، کاریگەریی وێرانکەر دروستبکەن.
نانۆپلاستیک چییە؟
نانۆپلاستیکەکان کە تیرەکەیان تەنها 1 بۆ 100 نانۆمەتر دەبێت و بە چاوی ئاسایی نابینرێن، بە شانە زیندووەکانەوە دەلکێن و کارلێک لەگەڵ ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان دەکەن و دەتوانن بەئاسانی بە تەواوی ئیکۆسیستەمدا بڵاوببنەوە. بە تایبەتی خاک دەروازەیەکی گرنگە، چونکە ئاو دەهێڵێتەوە و خۆراک دەدات بە رووەکەکان و بەشدارە لە بەرهەمهێنانی خۆراک.
لەگەڵ بەردەوامبوونی گەشەکردنی پاشماوەی پلاستیک، دەتوانرێت پارچە گەورەکان فڕێبدرێت یان دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، بەڵام نانۆپلاستیکەکان لە ژینگەدا زیاد دەبن و گواستنەوەشیان لە ڕێگەی ئاو، هەوا و خاکەوە نیگەرانییەکان نەک تەنها سەبارەت بە کشتوکاڵ بەڵکو نیگەرانییەکانیش لەبارەی ئاوی خواردنەوە و گیانلەبەرە کێوییەکان و تەندروستیی مرۆڤەوە رۆژ بە رۆژ زۆرتر دەکات.
لەگەڵ تێکچوونی پلاستیک بە تێپەڕبوونی کات، دەگۆڕێت بۆ مایکرۆپلاستیک، دواتر گەردیلەی یەکجار بچوکتر کە پێیدەوترێت نانۆپلاستیک و دەتوانێت تا هەزار ساڵ لە خاکدا بمێنێتەوە. ئەم نانۆپلاستیکانە ماددە ژەهراوییەکانی وەک بیسفینۆڵ A (BPA) و فتالێت (خوێ و پێکهاتەکانی ترشی فتالیک) دەکەنە ناو خاکەکەوە.
ئەم ماددە کیمیاییانە کاریگەرییان هەیە لەسەر کۆئەندامە جیاوازەکانی وەک هەرس، خوێن و کۆئەندامی دەمار. هەروەها بەربەستە بایۆلۆژییەکانی وەک بەربەستی خوێن-مێشک یان منداڵدان لە زیندەوەراندا دەبڕن و زیان بەو ئەندامانەش دەگەیەنن.
پلاستیک لە ژینگە و جەستەماندا
ئاستی نانۆپلاستیک لە ژینگەدا لە دەیەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەرهەمهێنانی ئێستا ساڵانە لە ٣٠٠ ملیۆن تۆن تێدەپەڕێت. بەپێی خەمڵاندنەکان تا ساڵی ٢٠٢٣، ٢.٥ ملیۆن تۆن پلاستیک لە زەریاکانی جیهاندا هەبوون، کە زیاترە لە دە هێندەی ئاستی ساڵی ٢٠٠٥.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری Nature Medicine بڵاوکراوەتەوە، ئەم زیادبوونە گەورەیەی پیسبوونی مایکرۆپلاستیک لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوون بە نانۆ پلاستیکەکان لە مێشکی مرۆڤدا کە بەراورد بە ئەندامەکانی دیکە بە شێوەیەکی شۆککەرهێنەر زیاد دەبێت.
سێ توێژینەوەی نوێ بە وردی لەم بابەتەیان کۆڵیوەتەوە، لەگەڵ شرۆڤەیەکی زانستی پێشتر بە شێوەی ئۆنلاین سەبارەت بە لابردنی مایکرۆپلاستیک لە جەستەی مرۆڤدا.
توێژەران گریمانەیەکی نوێیان پێشنیارکردووە کە بەکارهێنانی خۆراکە پرۆسێسکراوەکان و بەرکەوتن بە مایکرۆپلاستیک و دەرئەنجامەکانی تەندروستی دەروونی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. پلاستیک چۆن دەچێتە ناو مێشکمانەوە؟
نانۆپلاستیکەکان لە هەموو شوێنێکی دەوروبەرمانن- لە هەوا و ئاو و خۆراکدا. بەپێی خەمڵاندنەکان ساڵانە مرۆڤ لە نێوان ١٠ بۆ ٤٠ ملیۆن تۆن لەو تەنۆلکانە بەکاردەهێنێت و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٤٠ ئەم بڕە دوو هێندە زیاد بکات.
هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان لەسەر کاریگەرییەکانی مایکرۆپلاستیک لەسەر مرۆڤ هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بەڵام توێژینەوە تاقیگەییەکان و ئاژەڵییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرکەوتن بە مایکرۆپلاستیکەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کۆمەڵێک کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی. نانۆ پلاستیکەکان زیان بە خانەکان دەگەیەنێت و هەوکردنی درێژخایەن لە شانە و ئەندامەکاندا دروست دەکات.
هاوتەریب ئەم تەنۆلکانە سیستەمی بەرگری لەش لاواز دەکەن و ئامادەیی جەستە بۆ هەوکردن و تووشبوون بە نەخۆشیەکان زیاد دەکەن. لەگەڵ بەردەوامیی بەرکەوتن، زیان بە ئەندامەکانی وەک جگەر و گورچیلە دەگەیەنێت، لەگەڵ تێکچوونی میتابۆلیزم کە کاریگەری لەسەر وزە و چالاکییە رۆژانەکانی هەر کەسێک هەیە.
لەروانگەی زانستی پزیشکی و بایۆلۆجییەوە مەترسیدارترین کاریگەریی ئەم تەنۆلکانە چوونیان بێت بۆ ناو مێشک، چونکە لەوێدا هۆکارن بۆ زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک خەمۆکی. ئەمەش لە ڕێگەی هەوکردنی خانە دەمارییەکان و کەڵەکەبوونی پڕۆتینی ژەهراوی کە بە تێپەڕبوونی کات خانە دەمارییەکان لەناو دەبەن.
پیستریش توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کەڵەکەبوونی نانۆپلاستیکەکان ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاتر دەکات.
توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستووە کە پیسایی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵەیان هەیە، ڕێژەیەکی زیاتری مایکرۆپلاستیکی تێدایە بە بەراورد بە کەسانی تەندروست، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە نانۆ پلاستیک بەشدارە لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس.
نانۆ پلاستیک لە مێشکماندا
کۆمەڵێک توێژینەوە کە لە گۆڤاری زانستیی "Brain Medicine"دا بڵاوکراونەتەوە، بەڵگەی نوێ و پێشکەوتوو نیشان دەدەن کە ئەو مایکرۆپلاستیکانەی لە خۆراکە پرۆسێس کراوەکاندا دەبینرێن، لە مێشکی مرۆڤدا کۆدەبنەوە، ئەمەش بەشداردەبێت لە بەرزبوونەوەی رێژەی جیهانی خەمۆکی و بیرچوونەوە، خەڵەفاوی و تێکچوونەکانی تری تەندروستی دەروونی.
ئەم توێژینەوەیانە گشتگیرترین شیکارین تا ئێستا کرابێتن لەبارەی ئەو رێگایانە چین کە وادەکەن مایکرۆ پلاستیک و نانۆ پلاستیکەکان کاریگەرییان لەسەر تەندروستی مێشک هەبێت لە ڕێگەی چەندین ڕێڕەوی بایۆلۆژی بەیەکەوە گرێدراوەوە.
بەرگی گۆڤارەکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا مێشکی مرۆڤێکی تێدایە کە بە مایکرۆپلاستیکی ڕەنگاوڕەنگ رەنگکراوە، لە تەنیشتییەوە کەوچکێکی پلاستیکیی هەیە، ئەمەش نیشاندەری دەرەئەنجامێکی شۆکهێنەری توێژینەوەکانە کە دەریدەخات مێشکی مرۆڤێکی ئەم سەردەمە هێندەی کەوچکێک مایکرۆپلاستیکی تێدایە.
توێژینەوەکە پشکنینی نمونەی شانەکانی مێشکی کردووە کە لە ٤٧ جەستە کۆکراونەتەوە، هەموویان لە بەشی پێشەوەی مێشک وەرگیراون، ئەو بەشەی مێشک بەرپرسە لە بیرکردنەوە، پلاندانان، بڕیاردان، جوڵەی ماسولکەکان، ئەنجامدانی کردارەکان، جوڵەی خۆبەخشانە، قسەکردن و کۆنترۆڵکردنی سۆزداری.
هەروەها توێژەرانی سەنتەری زانستە تەندروستییەکانی زانکۆی نیو مەکسیکۆ، زانکۆی ویلایەتی ئۆکلاهۆما، زانکۆی دوک و زانکۆی دێل ڤالی لە شاری کالی پایتەختی کۆڵۆمبیا، سەیری نمونەی جگەر و گورچیلەیان کرد لە هەمان جەستە، بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپی شیکاری گەردیلەیی هەموو شانەکانیان شیکردەوە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی کیمیایییان.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە مایکرۆپلاستیکەکان- گەردیلە پلاستیکییەکان کە بچووکترن لە ٥ ملیمەتر- لە مێشکی مرۆڤدا بە ئاستێکی نزیکەی ١٠ هێندە زیاتر لە جگەر و گورچیلەدا کۆدەبنەوە. هەروەها ئەو برە نانۆ پلاستیکەی لە میشکدا کۆدەبێتەوە ٧ بۆ ٣٠ هێندەی هەموو ئەندامەکانی تری جەستەی مرۆڤە.
ئەم بڕە مایکرۆپلاستیکە کە توێژەران لە مێشکی مرۆڤدا دۆزیویانەتەوە، شۆکهێنەرە پرۆفیسۆر تامارا گالۆوەی، پسپۆڕ لە ژەهراویبوونی ژینگە لە زانکۆی ئێکستەر لە بەریتانیا، دەڵێت ئەمە بەو مانایەیە کە ئێمە ئەمڕۆ پلاستیکمان زیاترە لە مێشکماندا وەک لەوەی تەنها ٨ ساڵ لەمەوبەر لە مێشکماندا هەبووە".
بەپێی توێژینەوەکە، تێکڕای بڕی مایکرۆپلاستیک کە لە شانەکانی مێشکدا دەدۆزرێتەوە- نزیکەی ٤٨٠٠ مایکرۆگرام لە هەر گرامێکدا- یەکسانە بەو بڕە کە کەوچکێکی پلاستیکی پێکدەهێنێت کە کێشی نزیکەی ٧ گرامە..
توێژەران شیکارییەکانیان فراوانتر کرد و نمونەی شانەکانی مێشکی ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠١٣ لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە. داتاکان زیادبوونی، بوونی مایکرۆپلاستیک لە شانەکانی مێشکدا لە ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٢٤ ئاشکرا کردووە.
ئەو گەردیلانەی لە شانەکانی مێشکدا دۆزراونەتەوە، پارچەی بچووک یان نانۆفلەیکی پۆلی ئەسیلین بوون، کە یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی پلاستیک لە جیهاندا، لە هەموو شتێکدا دەبینرێت لە دەفری پلاستیکییەوە تا کەرەستەی زەوی و ئامێرە پزیشکییەکان. بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، پۆلی ئەسیلین 75%ی سەرجەم مایکرۆپلاستیکەکانی پێکهێناوە کە لە نمونەکانی مێشکدا دۆزراونەتەوە.
پرۆفیسۆر گالۆوەی، کە بەشێک نەبووە لە تیمی توێژینەوەکە، دەڵێت "ئەم زیادبوونە گەورەیەی دۆزینەوە نوێیەکان ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی مایکرۆپلاستیکە کە بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دزە دەکەنە ناو ژینگەوە لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی پلاستیک لە سەرانسەری جیهاندا".
مایکرۆپلاستیک و نانۆپلاستیک دەتوانن بە چاوی ئاسایی نابینرێن، سەرچاوەیان لە پاشماوەی پلاستیکی گەورەترەوە سەرچاوە دەگرن کە لە ژینگەدا تێکدەچێت و شیدەبێتەوە و هەموو هەسارەکە پیس دەکات، لە لوتکەی چیای ئێڤرێستەوە تا قووڵترین زەریاکان.
گالۆوەی کە توێژینەوەکانی لەسەر پیسبوونی دەریایی و کاریگەرییە تەندروستییەکانی پیسکەرەکان لەسەر مرۆڤ و پەرەپێدانی بەردەوامی ماددە نوێیەکانە، دەڵێت: "پلاستیکی بچووک لە هەموو شوێنێکدا هەیە". "ئێمە ڕۆژانە پلاستیک بەکاردەهێنین، و بڕی ئەو پلاستیکە کە ئێمە مرۆڤ بەکاریدەهێنین، و دەچێتە ژینگەوە، بە تێپەڕبوونی کات زیاتر بووە، لە شتەکانی وەک کیسی نایلۆن، پاکەتەکانی خۆراک، تایە، شووشەی سۆدە، و کەرەستەی جوانکارییەوە سەرچاوە دەگرێت." دەشڵێت، "بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی ئەو خۆراکانەی دەیخۆین، ئەوەی دەیخۆینەوە، یان ئەو هەوایەی کە هەناسەی پێدەدەین، بەرکەوتەی ئەم مایکرۆپلاستیکانە دەبین."
هەروەها توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسانەی کە تووشی تێکچوونی تەندروستیی دەروونی بوون، وەک نەخۆشی بیرچوونەوە، خەڵەفان، تەنانەت پارکینسن ئاستی مایکرۆپلاستیک لە مێشکیاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر بووە بە بەراورد بەو کەسانەی کە ئەو جۆرە حاڵەتەیان نییە.