ڤیژن پرێس
لە مەودوا چینییەکان لە پەکینی پایتەخت بە زمانی کوردی دەنووسن، دەخوێننەوە و دەدوێن، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی پەکین، بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەشی زمانی کوردی لەو وڵاتە دەکرێتەوە.
زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، بڵاوی کردەوە: لە چوارچێوەی کارە ئەکادیمییەکان و پەیوەندییە هاوبەشەکانی لەگەڵ زانکۆکانی جیهان، هەماهەنگی دەکەن بۆ کردنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆی پەکین وەک یەکەم بەشی کوردی لە وڵاتی چین و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خوێندنە بیانییەکان.
سامان عەبدوڵڵا، وتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین بە ڤیژن پرێسی راگەیاند: ئەم هەنگاوە پردێکی ئەکادیمی و کولتووری گرنگ دەبێت، بۆ بەستنەوەی هەرێمی کوردستان و کۆماری چین بە یەکەوە.
بەپێی پلانی ئەکادیمی، زانکۆکە ساڵانە 10 تا 20 خوێندکاری چینی لەم بەشە وەردەگرێت. بۆ ئەوەی دەرچووان لە زاراوە و لقە جیاوازەکانی زمانی کوردی شارەزایی و زانیاریی تەواویان هەبێت، خوێندکاران سێ ساڵی یەکەم زاراوەی )سۆرانی( و لە ساڵی چوارەمیشدا زاراوەی )کرمانجی( دەخوێنن، لە کۆتا ساڵی خوێندنیاندا ماوەی شەش مانگ لە زانکۆی سەلاحەدین راهێنانی کۆتایی وەردەگرن.
بەپێی زانکۆی سەلاحەدین، ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژانە دروستکردنی پەیوەندییەکی دوو لایەنەیە؛ وەک چۆن خوێندکارانی کورد بۆ خوێندن دەچن بۆ وڵاتی چین، پلانێکیش هەیە بۆ هێنانی ئەو خوێندکارە چینییانەی کە لە پەکین زمانی کوردی دەخوێنن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمیی کوردیدا بەشداریی بکەن و تواناکانیان لە رووی فێربوونی زمانی کوردییەوە پەرە پێبدەن.
یەکەمین بەشی کوردی لە چین
لیو جیون کۆنسوڵی گشتیی چین لە هەولێر رایگەیاند: زانکۆی پەکین بۆ خوێندنە بیانییەکان لەم وەرزی پاییزەدا بەشی کوردی دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەمین بەشی کوردی لە وڵاتی چین.
وەک چۆن بەشی کوردی لە چین دەکرێتەوە، بەشی زمانی چینییش لە زانکۆی سەلاحەدین کراوەتەوە و بووەتە پردی پەیوەندی لە بواری خوێندنی زمان و کلتووری نێوان هەردوولا.
چینییەکان خواستی فێربوونی کوردییان هەیە
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کەیفی محەمەد، سەرۆکی بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین لە لێدوانێکی تایبەت بە ڤیژن پرێس باسی لەوەکرد، کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین هەنگاوێکی گرنگە کە لە رێگەی "زمانە بیانییەکانەوە" و بەپێی خواست و پێویستیی بازاڕ و ناوەندە ئەکادیمییەکان دەستی پێکردووە. ئەم هەنگاوە لە بنەڕەتدا درێژەپێدەری خواستی ساڵانی رابردووی ناوەندە چینییەکانە بۆ فێربوونی زمانی کوردی و کردنەوەی سەنتەرێکی فەرمی لەم بوارەدا.
ئاماژەی بەوەکرد، هەنگاوەکانی چین بۆ فێربوونی زمانی کوردی و گرنگیدان بە هەرێمی کوردستان، نیشانەی پێگەی ستراتیژییە لەسەر ئاستی ئەکادیمی لە وڵاتێکی زلهێزی وەک چیندا.
سودە کولتووری و دیپلۆماسییەکان
دەرچووانی بەشی کوردی لە زانکۆی پەکین، دەبنە کەسانی شارەزا و توێژەر بۆ لێکۆڵینەوە لە فەرهەنگ، کلتوور، مێژوو و ئەدەبیاتی کوردی و پردی پەیوەندی راستەوخۆی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە نێوان گەلی چین و هەرێمی کوردستان.
ئامانجێکی دیکەی زانکۆکە، ئاشناکردنی کۆمەڵگەی چینە بە کولتوور و رەسەنایەتی کوردی لە رێگەی زمانی دایکەوە.
سودی ئابووری و سیاسی
بوونی کەسانی شارەزا لە چین کە بتوانن بە زمانی کوردی گفتوگۆ بکەن، دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە سیاسییەکانی چیندا. لە رووی بازرگانییەوە رۆڵێکی گرنگی هەیە؛ چونکە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سەرمایەدار و بازرگانانی کورد لەگەڵ چیندا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین کاریگەریی دەبێت لەسەر دۆخی ئابووریی کوردستان و ئاسانکاریی بۆ بازرگانان.
ئاڵوگۆڕی خوێندکاران
چەند ساڵێکە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە نێوان هەردوولادا هەیە؛ ئێستا نۆ قوتابی بەشی زمانی چینیی زانکۆی سەلاحەدین لە وڵاتی چینن بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون و شارەزایی، لە بەرامبەردا ساڵانە نزیکەی 20 قوتابی چینی بۆ وەرگرتنی ئەزموون و شارەزایی جیاواز دێنە هەرێمی کوردستان.
جگە لە زمانی کوردی، ژمارەیەک قوتابی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین سەرقاڵی خوێندنی زمانی عەرەبی و ئینگلیزیین، کە ئەمەش رەنگدانەوەی هێز و توانای چینە بۆ فێربوونی زمانە جیاوازەکانی جیهان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان.
شیرین سەرۆکی بەشی زمانی کوردییە
شوێچینگ ژانگ، کە خوی ناوناوە شیرین، وانەبێژە لە زانکۆی پەکین بۆ توێژینەوەی دەرەکی، دەبێت بە سەرۆک بەشی زمانی کوردی، پێشتر لە فەرەنسا و بەریتانیا زمانی کوردی خوێندووە و کۆتایی ساڵی رابردوو هاتووەتە هەرێمی کوردستان، ماوەی چوار مانگ ماوەتەوە بۆ وەرگرتنی خولی ئەکادیمی زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین، دوای گەڕانەوەی بۆ زانکۆی پەکین، ئێستا کار بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆکەی دەکات.
بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین
بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین، ئێستا زیاتر لە100 خوێندکاری هەیە، تاوەکو ئێستا دوو خولی دەرچوونی خوێندکارانی هەیە.
یەکەم خولی زمانی کوردی لە چین
ساڵی 2021، لە زانکۆی پەکین خولێکی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ژمارەیەک خوێندکاری چینی زمان کرایەوە و لەلایەن مامۆستایەکی کوردەوە وانەکان دەوترایەوە.
د.دیار دەنیز کە وانەی کوردی بە خوێندکارانی پەکین دەوتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە: ئارەزوی ئەو قوتابیانە سەرسامی کردم، هەموو هەوڵێکیان دەدا بۆ زاڵبوون بەسەر بابەتی رێزمان، قسەکردن و رێنووسی زمانی کوردیدا کە بە تەواوی تازە بوو بۆیان.
وانگ وێنبین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیبووی: بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پۆلێکی کوردی لە زانکۆی پەکین سەرنجی راکێشام کە خوێندکاران بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد. بۆیە پۆستێکی کۆنسوڵخانەی چینی لە هەولێر دووبارە بڵاوکردەوە کە تیایدا ژمارەیەک خوێندکاری چینی بە زمانی کوردی قسە دەکەن.
لەبارەی خولەکەوە، زانکۆی پەکین بڵاوی کردەوە؛ پێشکەشکردنی خولی زمانی کوردی دەستپێشخەرییەکی گرنگی قوتابخانەی زمانە بیانییەکانە لە زانکۆ. ئێستا زیاتر لە 40 خولی گشتی زمانی بیانی پێشکەش دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی پەروەردەکردنی ئارەزووی فێربوونی زمانی وڵاتی بیانی، رێگە دەدات نەک تەنها خۆمان لە زەریای زمانەکاندا نوقم بکەین، بەڵکو توێژەران دەتوانن لە روانگەیەکی کولتوورییەوە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دەروونناسی و هەستەکانی وڵاتی ئامانج و گەلەکەیان بەدەستبهێنن.