ڤیژن پرێس
بەرزبوونەوەی لەناکاوی پلەکانی گەرما، پارچە سەهۆڵێکی گەورەی لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا تواندەوە، لافاوێکی لە ئاوو و قوڕ و لیتە و بەرد درووستکرد، لەگەڵ خۆیدا بەربەستە سرووشتی و دەستکردەکانی راماڵی، ناوچەیەکی بەرفراوانی سنووری نیپاڵ و چین کەوتنە بەر شەپۆلەکە و بەهۆیەوە نزیکەی هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج هەزار کەسیش بێسەرووشوێن بوون.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، لافاوێکی بەهێز و لەناکاو لە ناوچەی هیمالایا لە سنووری نێوان نیپاڵ و تێبتی چین روویدا، بووە هۆی مردن و بێسەروشوێن بوونی نزیکەی 6 هەزار کەس، لەگەڵ وێرانبوونی ماڵ، رێگاوبان، پردەکان، ژێرخانی گواستنەوە و کارەبا. پرۆسەی گەڕان و رزگارکردلە سنوری هەردوو وڵات بەردەوامە، بەڵام بارانی وەرزی و زۆری قوڕ و پاشماوەکانی لافاوەکە کاری تیمەکانی فریاگوزارییان قورس کردووە.
زیانە گیانییەکان
لە نیپاڵ، تا ئێستا 903 کەس گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم 4 هەزار 247 کەس بێسەروشوێنن، 592 کەسییان بیانین، دەسەڵاتدارانی نیپاڵ لە ناوچەکانی نوواکۆت، راسوا و دادیگ بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان و رزگارکردنی زیانلێکەوتووان.
لەو ژمارە بێسەر و شوێنە ژمارەیەکیان فەرمانبەری حکومەتن، 45 سەرباز 38 پۆلیس و 19 ئەفسەری گومرگی تێدایە.
لە هەرێمی تێبتی چین، حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاند: 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و 546 کەسییش بێسەروشوێنن، 261 کەس لە بێسەروشوێنەکان بیانین، زیاتر لە سەد کەسیان نیپاڵین. تیمەکانی رزگارکردنی چین بەردەوامن لە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە بێسەروشوێنن.
بەم ژمارانە، کۆی گیانلەدەستدانی هەردوو وڵات گەیشتووەتە 919 کەس، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ژمارەی بێسەروشوێن لە نیپاڵ و تێبتی چین دەگاتە 4 هەزار و 793 کەسە، نزیکەی 900 کەسیان بیانین، کە هاوڵاتیانی هند، ئەمریکا، بەریتانیا، ئۆسترالیا، کەنەدا و وڵاتانی دیکەشیان تێدایە.
لە نێو بێسەروشوێنەکان، ژمارەیەک پۆلیس و کارمەندانی نیپاڵ هەیە. لە چینیش، ژمارەیەک لە کرێکارانی پرۆژەکانی کارەبا و گەشتیاران لە ناوچەکەدا بێسەرو شوێن بوون. کۆریای باشووریش رایگەیاندووە 8 هاوڵاتیی وڵاتەکەی لە پرۆژەیەکی کارەبای ئاویی کاریان کردووە بێسەروشوێنن.
هۆکاری لافاوەکەی نیپاڵ چی بووە؟
داڕمانی سەهۆڵ و بەرد لە زنجیرە چیای هیمالایە بووەتە هۆی ئەوەی لافاوێکی قوڕ و ئاو و پاشماوە دروست بێت، لە کەنارەکانی رووباری تریشولی، کە بە "بۆتێکۆشی" ناسراوە و لە نێوان چین و نیپاڵدایە، بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، داڕمان و هەرەسهێنانی سەهۆڵ و خزینی بەرد بەشیوەیەک بووە زەمینلەرزەیەکی دروستکردووە بە گوڕی 5.2 پلە، لە ئەنجامی ئەم رووداوەدا ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و رێگاوبان و پرد و وێستگەکانی کارەبا رووخاون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسە جیهانییەکان، ئاستی ئاوی رووباری تریشولی لە ماوەی 30 خولەکدا 9 مەتر بەرزبووەتەوە. رووباری لهێندێ، کە لقێکی بۆتێکۆشییە، زۆرترین کاریگەریی لەسەر بووە.
لە ماوەی 14 مانگدا دوو جار لافاو دروستبووە، ئەمجارەیان بەهۆی داڕمانی بەرد و پارچە سەهۆڵیی گەورەوە لە نیپاڵ بۆ ناو رووبار لافاوی دروستکردووە.
میدیای ناوخۆییەکانی نیپاڵ بڵاویانکردەوە، لە سەرەتادا باس لەوەکراوە رووداوەکە بەهۆی بوومەلەرزەوە بووە، بەڵام سەنتەری لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکی (USGS) بڵاوی کردەوە: رووداوەکە بەهۆی داڕمانی بەرد و سەهۆڵبەندان و لێشاوی پاشماوەوە بووە.
سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەکردووە، داڕمانی سەهۆڵەکە وەک رووداوێکی بومەلەرزەیی بە پلەی5.2 بەپێی پێوەری رێختەر لە سنووری نێوان نیپاڵ و چین تۆمارکراوە، کە لە کاتژمێر 8:37ـی بەیانی بە کاتی ئەو وڵاتە روویداوە.
بەپێی شیکارییە سەرەتاییەکانی مانگە دەستکردەکان،پارچە سەهۆڵێکی 0.2 کیلۆمەتر چوارگۆشە نزیکەی1.2 کیلۆمەتر بە شێوەیەکی راست داڕماوە.
ناوچەی رووداوەکە
زنجیرە چیاکانی هیمالایا، سنوری وڵاتانی نیپاڵ، هندستان، چین، بۆتان و پاکستان دەگرێتەوە، بە وتەی پسپۆڕان دوو هێندە خێراتر لە تێکڕای جیهانی گەرم دەبێت و ئەمەش ناوچەکە دەخاتە مەترسی زیاترەوە لە رووداوەکانی داڕمانی سەهۆڵ، بومەلەرزە و لافاو.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2023 بڵاوی کردەوە: بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە، لە ماوەی30 ساڵدا، نزیکەی یەک لەسەر سێی سەهۆڵی شاخەکانی نیپاڵ تواونەتەوە.
بەپێی راپۆرتی سەنتەرە نێودەوڵەتییەکان، سەهۆڵبەندانەکانی هیمالایا لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2020 بەراورد بە 10 ساڵی پێشوو بە رێژەی%65 خێراتر تواونەتەوە.
دوای لافاوە وێرانکەرەکەی سنووری نیپاڵ و تێبتی چین، تیمەکانی فریاگوزاریی و رزگارکردن لەگەڵ شارەزایانی چین و هیندستان بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵی رزگارکردنی قوربانییەکان دەدەن، کە لە تونێلەکانی پرۆژە کارۆئاوییەکاندا گیریان خواردووە.
سەرۆک وەزیرانی نیپاڵ، رووداوەکەی بە کارەساتێکی سروشتیی وێرانکەر ناوبرد و رایگەیاند: سەرەڕای ناجێگیری کەشوهەوا و دژواریی و مەترسیی بەردەوامی لافاو، حکومەت بە هەموو توانایەوە کار دەکات بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوو لەناو تونێلەکاندان ماونەتەوە.
بەپێی نوێترین زانیارییەکان، نزیکەی 21 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی رزگارکردن لە پرۆسەی گەڕان بەشداریی دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەی قوڕ و بەرد و پاشماوە لە دەروازەی تونێلەکان، بووەتە بەربەستێکی گەورە بۆ دۆزینەوەی بێسەرو شوێنان.
چین و نیپاڵ مشتومڕ و هاوبەشی
کارەساتەکە مشتوومڕێکی نوێی لەسەر هاوبەشیکردنی زانیاری لە نێوان نیپاڵ و چین دروستکردووە، کاربەدەستانی نیپاڵ دەڵێن لە کۆبوونەوەی 27ـی ئایاری 2026، لەگەڵ لایەنی چین گفتوگۆیان لەسەر چاودێریکردنی سەهۆڵبەندانەکان، ئاستی ئاو و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کردووە، هێشتا زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە جوڵەی سەهۆڵ و دروستبونی لافاو وەک پێویست هاوبەشی پێنەکراوە.
لە بەرانبەردا چین دەڵێت: زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە باران و مەترسییەکانی لەکاتی خۆی گەیاندووە، بەڵام چاودێریکردنی مەترسییەکانی ناوچە شاخاوییە دوور و سەختەکان زۆر قورسە.
کاربەدەستانی نیپاڵ ئێستا داوای سیستمێکی هاوبەشی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەکەن، بەتایبەتی بۆ دیاریکردنی نیشانەکانی بارودۆخی سەهۆڵ و گۆڕانی ئاستی ئاو، بە ئامانجی ئەوەی لە کارەساتەکانی داهاتوودا بتوانرێت پێشتر ئاگاداری دانیشتووان بکرێتەوە.
لە ساڵی2021 بەهەمانشێوە، سەهۆڵبەندانێکی هیمالایا داڕماو و بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە ویلایەتی ئۆتاراخاندی هیندستان و بەهۆیەوە نزیکەی 200 کەس گیانیان لەدەستدا. تائێستاش مەترسی داڕمانی پارچە سەهۆڵە گەورەکانی شاخی هیمالایە هەیە و ئەگەری رووداوی کارەساتباری گەورەی لێ چاوەڕێدەکریت.
توێژینەوە زانستییەکان نیشان دەدەن کە لە دوو سەدەی رابردوودا زیاتر لە 12هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی لافاو و توانەوەی شاخە سەهۆڵییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپیدانی زنجیرە شاخەکان ICIMO، لە نیپاڵ 21 دەریاچەی سەهۆڵی بە مەترسیدار پۆلێن کراون، لە ئەگەری شکاندنی سەهۆڵە سروشتییەکان، مەترسی لافاوی خێرا و وێرانکەر هەیە.