ڤیژن پرێس
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن لە عێراقدا، ناوەندەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و دووزخورماتوو کرانەوە، سەرەڕای ئاستەنگ و رێگرییەکان، خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پێشکەوتندایە و ساڵانە ژمارەی خوێندکارەکانی زیاد دەکات. گواستنەوە لە خوێندنی عەربی و بۆ کوردییش دەستیپێکردووە.
لە یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، جارێکی دیکە خورماتوو کەوتەوە ناو بازنەی گرژیی و ململانێیەکان، دوای ئەوەی لە مەراسیمی دەستپێکی ساڵی نوێ لە قوتابخانەی مەولەوی بنەڕەتی بۆ خوێندنی کوردی، بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب، قائیمقامی قەزاکە کە لەسەر پشکی تورکمان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ناوەندەکەی بەجێهێشت و هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنگەکە کرد.
رەهەندی رووداوەکە و پاڵنەرە سیاسییەکان
تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە قەزای خورماتوو، لە لێدوانێکیدا بۆ ڤیژن پرێس، وردەکاریی کێشەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی رێککەوتنی پێشوەختەی نێوان هەرسێ بەشی پەروەردەی کوردی، عەرەبی و تورکمانی، بڕیار بوو بەشێوەیەکی هاوبەش زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە سێ قوتابخانەی قەزاکە لێبدرێت، بەڵام بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانەوە، ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی لەنێوان ئیدارەی قەزاکە و نوێنەرانی پێکهاتەکان کەوتەوە.
بەوتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی، کاردانەوەکان بە تەواوی پاڵنەری سیاسی و نەتەوەییان لەپشتە، هەڕەشەی سکاڵاکەی قائیمقامیش تەنها بەشێوەی زارەکی بووە و بەهۆی دروستبوونی فشارەوە بە فەرمی تۆمار نەکراوە.
چارەسەرکردنی کێشەکە لە بەغدایە
بەرپرسی بەشی خوێندنی کوردی لە خورماتوو بۆ ڤیژن پرێس روونیکردەوە، بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان مافێکی دەستوورییە، بەڵام بەهۆی هەستیاریی دانیشتووانی ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکانەوە بەربەستی بۆ دروست دەکرێت؛
مامۆستا تاریق ئەحمەد بەپێویستیزانی :"گرفتەکە لە دەسەڵاتی فەرمانبەرانی ناوخۆیی دەربهێنرێت و لە بەغدا لە رێگەی دەسەڵاتی فیدراڵەوە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێت."
شەرعییەتی دەستووریی
لە کاتێکدا قائیمقامییەتی دووزخورماتوو پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە، سەرجەم قوتابخانەکان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان و تەنیا رێگە بە هەڵکردنی ئاڵای عێراق دەدرێت، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، لە لێدوانێکدا بۆ ڤیژن پرێس رایگەیاند: سنوورەکە بەپێی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق ناوچەیەکی جێناکۆکە و پاراستنی هاوسەنگی پێویستی بە هەماهەنگیی بەردەوام هەیە.
پێگەی دەستووریی ئاڵا
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک ووتیشی: "ئاڵای کوردستان خاوەن شەرعییەتی دەستوورییە و شەکاندنەوەی لە بۆنە و مەراسیمە فەرمییەکانی قوتابخانەکانی خوێندنی کوردیدا شانبەشانی ئاڵای عێراق، مافێکی یاسایی و بێ چەندو چوونە".
چارەسەری کارگێڕیی
بەوتەی مامۆستا کامەران عەلی؛ سەرپەرشتیارانی خوێندنی کوردی بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەڵاحەدین و ئەنجومەنی پارێزگاکە لەسەر هێڵن تا کێشە ئیدارییەکان هێور بکرێنەوە.
تایبەتمەندیی خورماتوو
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە لێدوانەکەی بۆ ڤیژن پرێس ئاماژەی بەوەکرد؛ لە رووی جوگرافییەوە خوێندنی کوردیی خورماتوو لە سنووری پەروەردەی سەڵاحەدیندایە، بەهۆی تایبەتمەندی و فرەپێکهاتەیی ناوچەکەوە، زۆرجار لە هەندێک گشتاندن و فەرمانی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی بەدەر دەکرێت بە ئامانجی پاراستنی هێمنی و رێگریی لە دروستبوونی ئاڵۆزی.
گەشەسەندنی خوێندنی کوردی
بەپێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک بۆ ڤیژن پرێس ئاشکرای کرد: سەرەڕای ئاستەنگ و فشارە سیاسییەکان لە دوای ساڵی 2003، پەروەردە و خوێندنی کوردی پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکوو پێشکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە.
خوێندنی کوردی لە خورماتوو
خوێندنی کوردی لە سنووری قەزای خورماتوو نزیکەی 600 مامۆستا و لەنێوان هەزار و 500 بۆ چوار هەزار قوتابی لە قۆناغەکانی باخچەی ساوایان، بنەڕەتی، ناوەندی و ئامادەیی لەخۆدەگرێت.
دابینکردنی پێداویستییەکان
تەواوی میلاکات، کتێب، پرۆگرامی خوێندن، پێداویستییە لۆجستییەکان و شایستەی دارایی و مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی ناوچەکە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێن.
گواستنەوەی قوتابیان
تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 2 هەزار و 250 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گواستراونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی، هۆکاری سەرەکیی ئەوەش دەگەڕێتەوە، بۆ دەرفەتی باشتر بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە زانکۆکان و کۆلێژە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان بە کۆنمرەی گونجاوتر لە بەغدا.
خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکان
بەپێی ئامارێکی فەرمی کە دەست ڤیژن پرێس کەوتووە، زیاتر لە 141هەزار قوتابی لە 738 قوتابخانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی دەخوێنن.
تەنیا لە سنووری پارێزگای کەرکوک زیاتر لە100 هەزار قوتابی بە زمانی کوردی دەخوێنن، 100بینای قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و 40 قوتابخانە سێ دەوامییان تێدا دەکرێت.
بە گشتی 8200 مامۆستا و فەرمانبەر لە کەرکوک لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستانن، لەو ژمارەیەش 1100 کەسیان گرێبەستن.