ڤیژن پرێس

فەرەنسا وەک نوێترین وڵات، چووە ریزی ئەو وڵاتانەوە کە یاسای مردنی بە بەزەیی تێدا پەیڕەو دەکرێت، بەپێی ئامارەکان لە ژمارەیەک وڵات مردنی بە بەزەیی رێژەی 5%ـی کۆی مردنەکان تێدەپەڕێنێت و بەردەوام رێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی ئازار و نەخۆشی درێژخایەن و بێچارەسەریان هەیە.

ئاسانکردنی مردن چییە؟

مردنی بە بەزەیی یان "ئاسانکردنی مردن"، (Euthanasia) بە شێوەیەکی گشتی بە کۆتاییهێنان بە ژیانی نەخۆشێک دەوترێت، لەسەر داواکاریی خۆی و لە چوارچێوەی یاسایی و پزیشکی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت. لە جیهاندا 13 وڵات ئەم رێگایە بە شێوەی یاسایی جێبەجێ دەکەن. بەشێوەیەکی گشتی دوو شێوازی هەیە:

 لە جۆری یەکەمدا کە پێی دەوترێت مردنی بێ ئازار (Euthanasia) پزیشک کردارەکە ئەنجام دەدات، پرۆسەکە بە شێوەیەکی گشتی بە بێهۆشکردنی گشتی دەست پێدەکات و  لە قۆناغی کۆتاییدا پزیشک کارەکە جێبەجێ دەکات؛ بەڵام جۆری مادە و دەرمان و شێوازی بەکارهێنانی لە یاسا و پڕۆتۆکۆڵی هەر وڵاتێکدا جیاوازە.

جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەش تەنیا لە نەخۆشخانەدا نییە و بەپێی یاسای وڵاتەکە، دەتوانرێت لە ماڵی نەخۆش یان ناوەندی چاودێریی پزیشکی ئەنجام بدرێت. لە کاتی جێبەجێکردنیدا کەرتی تەندروستی چاودێریی دۆخی نەخۆش دەکات، دوای کۆتاییهاتنی ژیانی بە شێوەی فەرمی تۆمار دەکرێت و بۆ دەزگای چاودێری دەنێردرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت هەموو مەرجە یاسایی و پزیشکییەکان پەیڕەو کراون. لە وڵاتانی رێگەپێدراو، مردنی بە بەزەیی وەک کردارێکی تاک و بێچاودێریی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، زنجیرەیەکە لە هەڵسەنگاندن، پەسەندکردن، جێبەجێکردن و چاودێریی کە هەر قۆناغێکی بە یاسا دیاریکراوە.

 لە مردنی بە بەزەی بە یارمەتی پزیشک (Assisted Suicide) پزیشک خۆی کرداری کۆتایی ئەنجام نادات؛ دوای پشتڕاستکردنەوەی شایستەبوونی نەخۆش، دەرمانی پزیشکیی پێویست لە چوارچێوەی یاسادا دابین دەکرێت و خودی نەخۆش بەکاری دەهێنێت. لەم پرۆسەیەدا پزیشک و سیستەمی تەندروستی، بەرپرسیارن لە هەڵسەنگاندن، روونکردنەوەی هەڵبژاردەکان، پاراستنی مافی پاشگەزبوونەوە و چاودێریی پزیشکی و یاسایی. جیاوازییەکەی ئەوەیە پزیشک کردارە کۆتاییەکە ئەنجام نادات، خودی نەخۆش ئەنجامی دەدات.

کێ داوای مردنی بە بەزەیی دەکات

ئەو کەسانەی مردنی بە بەزەیی هەڵدەبژێرن، تەنها کەسانی نزیک لە مردن نین؛ بەڵکو زۆربەیان نەخۆشییەکی قورس و بێ چارەسەر یان ئازارێکی بەردەوام، درێژخایەن و نەبڕاوەیان هەیە.

لە زۆربەی سیستمەکاندا ئەو پرۆسەیە لەسەر خواست و داواکاریی نەخۆش ئەنجام دەدرێت، بەڵام داواکارییەکە بە تەنیا بەس نییە. دۆخی پزیشکی، توانای بڕیاردان، ئازار و نەخۆشییەکە هەڵدەسەنگێنرێت و دەبێت پزیشک دڵنیابێت، داواکارییەکە بە ئیرادەیەکی ئازاد و بەبێ فشارە. لە هەندێک وڵاتدا پزیشکی دووەم یان لیژنەی پزیشکی لە هەڵسەنگاندنەکەدا بەشداریی دەکەن. دوای ئەو قۆناغانە، ئەگەر مەرجەکان بەدیهاتن، پرۆسەکە بە شێوەی یاسایی و پزیشکی جێبەجێدەکرێت.

لە رووی جێبەجێکردنەوە، مردنی بە بەزەیی، یان ئاسانکردنی مردن زۆرجار بەو شێوەیەیە کە پزیشک کردارە پزیشکییەکە ئەنجام دەدات، یان نەخۆش خۆی ئەنجامی دەدات. لە هەندێک سیستمدا هەردوو شێوازەکە بەردەستن. 

ئەم جیاوازییە لە کەنەدا بە روونی لە سیستەمی یارمەتیی پزیشکی بۆ مردنMedical Assistance in Dying (MAID) دیارە؛ پزیشک و پەرستاری پسپۆڕ پرۆسەکە ئەنجام دەدەن، یان نەخۆش خۆی کرداری کۆتایی ئەنجام دەدات.

ئەو وڵاتانەی پرسەکەیان بە یاسایی کردووە

هۆڵەندا

هۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی پرۆسەکەیان بە یاسایی کردووە. لە 2025دا 10هەزار و341  حاڵەتی ئەنجامدانی مردنی بە بەزەیی لەلایەن پزیشکانەوە تۆمار کراوە، 5.97%ـی هەموو مردنەکانی وڵاتەکە پێکدەهێنێت. ژمارەکە لە 2024دا 9 هەزار و958  بووە، رێژەکە لە ساڵێکدا 3.8% زیادیکردووە. لەو حاڵەتانەی بەپێی مەرجەکانی چاودێری بە دروستی هەڵسەنگێنراون، لە7  حاڵەتدا مەرجەکانی چاودێریی پەیڕەو نەکراوە و کردارەکە جێبەجێنەکراوە.

بەلجیکا

بەلجیکا نموونەیەکی دیکەی زیندووە، لە 2025دا 4 هەزار و486  حاڵەت کە پزیشک کرداری مردنی بە بەزەیی ئەنجامداوە تۆمار کراوە، 12.4% زیاتر بووە لە 2024 و رێژەی بە 4%ـی هەموو مردنەکانی وڵاتەکەی پێکهێناوە. 73.7% یان ئەو کەسانە بوون، تەمەنیان زیاتر لە 70 ساڵ بووە  45% یان لە 80 ساڵ زیاتر بوون. زۆربەی ئەو حاڵەتانە لەلایەن پزیشکی تایبەتەوە جێبەجێکراون. مەرجەکانیش داواکاریی خۆویستانە، نەخۆشییەکی قورس و چارەسەرنەکراو و ئازارێکی بەردەوام و بەرگە نەگیراوە بووە.

کەنەدا

کەنەدا لە رووی ژمارەوە یەکێکە لە نموونە گەورەکان، تەنیا لە 2024دا  22هەزار و535  داواکاریی یارمەتیی پزیشکی بۆ مردن  MAIDتۆمار کراوە و 16هەزار و499  کەس ئەم هاوکارییەیان وەرگرتووە، هەزار و 327 کەس شایستە نەبوون و 692 داواکاریی لەلایەن داواکارەوە کشێنراونەتەوە. 

ئەو 692 حاڵەتە بە تەواوی بە "پاشگەزبوونەوە" لێک نادرێتەوە، چونکە کشاندنەوەی داواکاریی، دەکرێت هۆکاری جیاوازی هەبێت و هەندێک کەس دواتر دووبارە داوا دەکەنەوە، لە دەستپێکی جێبەجێکردنی یارمەتیی پزیشکی بۆ مردن لە 2016تاوەکو کۆتایی 2024، کۆی گشتی 76 هەزار و 475 کەس یارمەتییەکەیان وەرگرتووە.

سویسرا

لە سویسرا پرۆسەکە جیاوازە؛ بنەمای سەرەکی ئەوەیە خودی کەسەکە کردارە کۆتاییەکە ئەنجام دەدات، بۆیە سویسرا زۆرجار وەک نموونەی (ئاسانکردنی مردن – یارمەتیدانی مردن) دادەنرێت.

بەپێی راپۆرتی دەستەی ئاماری فیدراڵی سویسرا، لە 2023دا هەزار و 729 کەس بەو رێگایە مردوون؛ 60% یان ژن بوون و 91% یان لە سەرووی 65 ساڵ بوون. شێرپەنجە بە 33% و نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە 11% لە گرنگترین نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بوون.

ئوسترالیا

لە ئوسترالیا بە مردنی ئارەزوومەندانە ناو دەبرێت (Voluntary Assisted Dying – VAD)، یاساکە لە ویلایەتەکاندا جیاوازە. لە سەرەتای جێبەجێکردنی یاساکەوە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2025 ژمارەی وەرگرانی هاوکارییەکە هەزار و 683 کەس بوون، لە هەندێک شوێندا نەخۆش دەتوانێت خۆی کردارەکە ئەنجام بدات، لە هەندێک بارودۆخدا، ئەگەر توانای جەستەیی نەبێت، پزیشکی تایبەتی دەتوانێت بەپێی یاسا بەشداریی جێبەجێکردن بکات.

فەرەنسا؛ هەنگاوی نوێ لە 2026

فەرەنسا لە 15ـی تەممووزی 2026 پڕۆژە یاسای (مافی یارمەتی بۆ مردن) لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانییەوە پەسەند کرا؛ لە دەنگدانەکە 241 دژ و 29 بێلایەن بوون. دواتریش ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و بە فەرمی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی دەقی پەسەندکراو، کەسەکە دەبێت18  ساڵ یان زیاتر بێت، فەرەنسی بێت، یان بە شێوەی جێگیر و یاسایی لە فەرەنسا بژی، تووشی نەخۆشییەکی قورس و چارەسەرنەکراو بوبێت، کە ژیانی دەخاتە مەترسییەوە و لە قۆناغی پێشکەوتوو یان کۆتاییدا بێت. داواکارییەکە پزیشک دەنووسرێت و بە شێوەیەکی تایبەت هەڵدەسەنگێنرێت، دەقی یاساکە جەخت لەسەر ویستی ئازادی نەخۆش دەکاتەوە.

کۆتایی ژیان بەبێ ئازار

ئامارەکان نیشانی دەدەن مردنی بە بەزەیی لە وڵاتانی رێگەپێدراودا بووەتە بەشێکی دیار لە کۆتایی ژیان؛ لە لایەکی دیکەوە، پشتیوانانی مردنی بە بەزەیی دەڵێن: ئەم شێوازە دەتوانێت بۆ هەندێک نەخۆشی کۆتایی و بێچارەسەر، هەڵبژاردەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و پاراستنی هەستی رێز و کۆنترۆڵی کەسەکە لە کۆتایی ژیانیدا، بەڵام لە هەمان کاتدا، بابەتەکە بارێکی قووڵی ئەخلاقی و دەروونی لەسەر نەخۆش، خێزان و تەنانەت کەرتی تەندروستییش دادەنێت. 

مردنی بە بەزەیی تەنها پرسێکی پزیشکی نییە؛ پرسێکە دەربارەی ژیان، ئازار، ئازادی و سنووری دەستێوەردانی مرۆڤ لە ژیان. ئەو وڵاتانەی ئەم پرۆسەیەیان بە یاسایی کردووە هەوڵ دەدەن مافی نەخۆش بۆ بڕیاردان، پاراستنی ژیان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان هاوسەنگ بکەن.