لە هەرێمی کوردستان هەرچەندە کارکردنی کەرتی تایبەت تاڕادەیەکی زۆر گەشەی کردووە و بووەتە بەشێک لە مەکینەی بەگەڕخستنی دەستی کار، بەڵام رێژەی بێکاری و لەگەڵیدا بێکاریی لەناو گەنجاندا تادێت روو لە هەڵکشانە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان کە دەست ڤیژن پرێس کەوتووە و هەردوو ساڵی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە خۆدەگرێت، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دەگاتە .١٤.٧٩٪، بەگوێرەی رووپێوییەکە زۆرترین رێژەی بێکاری لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک بووە کە ١٧.٤٧٪ پێکدەهێنێت، لە پلەی دووەمیشدا لە پارێزگای هەولێر کە رێژەی ١٤.٦٧٪ و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای سلێمانی دێت کە رێژەی بێکاری تێیدا ١٣.٦١٪ بووە.

دیاردەی بێکاری چەندین پاڵنەری هەیە کە لە هەرێمی کوردستان دیارترینیان بریتیین لە، کەمیی ئەو کرێیەی کەرتی تایبەت دەیدات بە کارمەند و کرێکار، نەبوونی دڵنیایی لە کارکردن بەهۆی نەبوونی گرێبەستی یاسایی و گرەنتی مانەوە، یەکێکیتر لە هۆکارەکان، هەوڵدانی کەرتی تایبەتە بۆ کارکردن بە کرێکارانی بیانی، بەهۆی ئەوەی بە کرێیەکی کەمتر و کاتێکی زیاتر کاردەکەن، ئەم کرێکارانەش لەلایەن حکومەت و لایەنی فەرمییەوە بەشی هەرە زۆریان رێگەپێدراو نین بۆیە لە ئەگەری پابەندنەبوونی لایەنی بەرپرس کە کەرتی تایبەتە هیچ لێپێچینەوەیەکی لەگەڵدا ناکرێت.

یاسا و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەرتی تایبەت 

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رێکخستن و مۆڵەت و کارکردن لە کەرتی تایبەتدا ژمارەیەک یاسا و بڕیاری دەرکردووە، رۆڵی یاساکان پاراستنی مافی خاوەنکار و لەهەمان کاتدا کرێکاریشە. 

بەپێی داتا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٣٦ هەزار و ٥٦٧ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و لەو ژمارەیە ٣٢ هەزار و ٢٣ کۆمپانیایەن ناوخۆیین، هەروەها سێ هەزار و ٤٠٥ لقی کۆمپانیای بیانیان تێدایە، جگە لەوەش هەزار و ١٣٩ کۆمپانیای دیکە لقی کۆمپانیاکانی بەغدان لە هەرێمی کوردستان. 

بەپێی یاساکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هەر کرێکارێک یان کارمەندێک ماوەی کارکردنی لە کەرتی تایبەتدا نابێت لە هەشت کاتژمێر زیاتر بێت.  لەبەرامبەر ئەو هەشت کاتژمێرەی دیاریکراوە بۆ کارکردن، حکومەت کەرتی تایبەتی پابەندکردووە بە پێدانی کرێیەکی کارکردن کە کەمتر نەبێت لە ٤٥٠ هەزار بۆ هەر مانگێک.

پرسی خانەنشین بوون یەکێکی ترە لەو بابەتانەی حکومەتی هەرێم رێکیخستووە و هاتووە، ئەوانەی لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن و ٣٠ ساڵ خزمەتیان هەیە خانەنشینی دەیانگرێتەوە. ئەمەش یەکێکە لەوهەنگاوانەی حکومەت بەئاراستەی بەرژەوەندی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت گرتوویەتییەبەر و لەهەمانکاتدا رێگەیەکە بۆ دڵنیایی کارمەندانی کەرتی تایبەت و لەئەنجامدا گەشەکردنی ئەو کەرتە.

لەگەڵئەوەشدا هێشتا داتایەکی ورد لەبەردەستا نیە کە ئایا تاچەند کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پابەندی ئەو بڕیار و رێنماییانەنکە حکومەتی هەرێم لەبارەی کەرتی تایبەتەوە دەریکردووە،  چونکە هەندێک جار تێبینی ئەوە دەکرێت کە کاری زیاتر لەدەرەوەی ئەو رێنمایانە بە کرێکارانی کەرتی تایبەت دەکرێت و لەبەرامبەردا مووچەی کەمتریان پیدەدرێت، ئەمەش لە دەرەوەی چاودێری دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم دەکرێت.

 بێکاری و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی

ئەم پاڵنەرانە هۆکارن بۆ مانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هێزی کاری هەرێمی کوردستان بە بێ کار و داهات ئەمەش رێژەی هەژاری بەرز دەکاتەوە، ئاسایشی تاک و کۆمەڵ دەخاتە مەترسییەوە.

ئاسایشی کۆمەڵایەتی لایەنێکی تری ئەرێنیی کارکردنی کەرتی تایبەتە، ئەمە بە پشتبەستن بەو ئاسایشە ئابورییەی لای تاک دروست دەبێت، چونکە نەبوونی هەلیکار، زۆربوونی بێکاری و نەبوونی داهات بۆ تاک و خێزان، کێشە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان دەخوڵقێنێت، هەستکردن بە گرەنتی لەڕووی داهاتەوە بۆ هەر تاکێک ئاسایشی خودی دروستدەکات و رەنگدانەوەی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاسایشی کۆمەڵ، بەوپێیە وڵاتێکی کەمتر گرفتار بە کێشە و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان دروستدەبێت.

بێکاری پاڵنەری سەرەکی و گەورەی کۆچی بەردەوامی گەنجانە، هۆکارە بۆ پەنابردن بۆ خواردنەوە کحولییەکان کە بەپێی دواین ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاماری عێراق زۆرترین رێژەی پەنابردن بۆ خواردنەوە کحولییەکان لە عێراقدا، لە هەرێمی کوردستاندایە بە رێژەی ٦.٦٪، ئەمە سەرباری زیادبوونی بەردەوام لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان کە ئەویش دیسان یەکێکە لە لێکەوتە نەرێنییەکانی بێکاری. 

رۆڵی کەرتیتایبەت لەنەهێشتنی بێکاریو کەمکردنەوەیبارگرانی سەرحکومەتدا

کەرتی تایبەت رۆڵی کاریگەری هەیە لە کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر حکومەت لە دابینکردنی کار بۆ گەنجان، چونکە ئەم کەرتە دەتوانێت بە شێوەیەکی خێرا و چالاک هەلی کار دروست بکات. کاتێک حکومەت بە تەنیا ناتوانێت داواکارییە زۆرەکانی بازاڕی کار دابینبکات، کەرتی تایبەت دەتوانێت بە سەرمایەگوزاری و دروستکردنی پرۆژەی نوێ، شوێنی کار زیاد بکات و گەنجان بخاتە ناو چالاکییە ئابوورییەکان. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و هەروەها زیادکردنی بەرهەمهێنان.

لە هەمان کاتدا، کەرتی تایبەت دەتوانێت تواناکانی گەنجان پەرەپێبدات لەڕێگەی پێشکەشکردنی راهێنان و گەشەپێدانی پیشەیی، کە وایلێدەکات گەنجان ئامادەتربن بۆ بازاڕی کار. ئەم هاوبەشییەی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت، دەتوانێت سیستەمێکی بەهێز دروستبکات کە تێیدا هەردوو لایەن سود وەردەگرن، چونکە حکومەت فشارەکانی کەم دەبنەوە و کەرتی تایبەتیش سوود لەو دەستی کارە چالاک و ئامادەکراوە وەردەگرێت.

کەرتی تایبەتی پێشکەوتوو دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێزی حکومەت لەڕووی ئابوری و بەڕێوەبردنی هێزی کارەوە، بەمەش کۆمەڵگا گەشە دەکات و وڵات لە بێکاری و لێکەوتە نەرێنییەکانی پارێزراو دەبێت، بەمەش لەگەڵ بەدەستهاتنی بەرژەوەندییەکانی کەرتی تایبەت حکومەتێکی خاوەن ئابووریی بەهێز و کۆمەڵگایەکی بەرهەمدار دێتەدی. 

ئەم دەرەنجامانە کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و پتەو هەیە کە ئامانجی سەرەکیی کاری کەرتی تایبەتە، هەروەها بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو، هەماهەنگی لەنێوان کاری کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، دەکرێت رێگەیەک بێت بۆ بەرەوپێشبردنی دەرفەتەکانی کارکردن و کەمکردنەوەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان.