پاش هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە ئابوورییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، بابەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێم بووەتە یەکێک لە گرنگترین پرسەکان لە بوارەکانی ئاسایش، سیاسی، ئابوری لە عێراق. وەزیری ناوخۆی هەرێم لەو بارەیەوە رایگەیاند؛ کۆمپانیا نەوتییەکان داوای گەرەنتی و پاراستنی ئاسایشی کێڵگەکان و کارمەندەکانیان دەکەن و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکان تاوتوێى ئەوە دەکرێت کە چ جۆرە سیستەمێکی بەرگری گونجاوە بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەو دامەزراوانە لە ئەگەری هێرشە درۆنیی و موشەکییەکان لە داهاتوودا.
پاش هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانی ئەم دواییە بۆسەر هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 800 هێرش بوون، پرسی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە بابەتێکی تیۆرییەوە بوو بە پێویستییەکی ستراتیجی. ئەزموونی ساڵی 2014 ئەوەی پشتراستکردەوە کە هەرێم بەبێ بوونی سیستمی بەرگری ئاسمانی لەبەردەم مەترسی گەورەدا دەمێنێتەوە. هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی سەلماندی کە ئامانجی سەرەکیی هەڕەشەکان تەنها هێزە سەربازییەکان نین، بەڵکو ژێرخانی ئابووری هەرێم دەکرێتە ئامانج و کۆی سیستەمی ئابوری هەرێم دەکەوێتە بەردەم هەڕەشە.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بۆردێکی تایبەت بە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی هەیە، کە لە کۆمەڵێک ئەفسەری پلە باڵای پێشوو و پسپۆڕ و شارەزای بواری سەربازی پێکهاتوون، پێشنیاریان کردووە کە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت سەلامەت بێت،پێویستە لە داهاتوودا ببێت بە خاوەنی سیستمی بەرگری ئاسمانی. لەبەشێک لە پۆڵسی پەپیپەر و توێژینەوەکاندا هەمان راسپاردە و پێشنیار ئاماژەی بۆ کراوە.
هەرچەندە ئەم پرسە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی جەنگی داعش و هێرشەکانی ئەو سەردەمە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەو راستییەی دەرخست، هیچ وڵاتێک بەبێ بوونی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی بەهێز ناتوانێت سەلامەت بێت. بۆیە هەرێم لە ئێستادا بەگرنگییەوە لەم پرسە دەڕوانێت و دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت سەروەری و خاک و ئاسمانەکەی بپارێزێت.
ئەزموونی جەنگی داعش و هاوکاریی هاوپەیمانان
لە 10ی حوزەیرانی 2014، داعش شارى موسڵی داگیرکرد و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا زۆربەی پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و بەشێک لە دیالە و کەرکوکی خستەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ئەو رووداوە گەورەیە نەک تەنها عێراقی خستە بارودۆخێکی نالەبار، بەڵکو هەرێمی کوردستانیشی بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار برد.
هێزەکانی داعش تا نزیك هەولێر پێشڕەوییان کرد و لە ناوچەکانی مەخمور، گوێر و خازر هەڕەشەیان لەسەر پایتەختی هەرێمی کوردستان دروست کرد. لەو کاتەدا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێم بەرگرییان کرد. هەر ئەوکات جهخت له گرنگی هەبوونی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، خاوەن سیستەمی بەرگریی بەهێزی ئاسمانی کرایەوە.
هەر ئەو کات هێزەکانی ئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمان هێزێکی زۆریان کۆ کردەوە و هاوکاری زەمینی،ئاسمانی،چەک و کەرەستەی سەربازی،مەشق و راهێنانیان، بەهێزەکانی پێشمەرگە کرد. ئەمەش ئەزمونێک بو بۆ ئەوەی هەرێم لە ئایندەدا لەڕووی سەربازییەوە پێویستە خۆی بەهێز بکات و ئامادە بێت بۆ هەموو هێرش و ئەگەرە نەخوازراوەکان.
نەوت؛ ئامانجی سەرەکی هێرشەکان
لەئێستادا کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تەنها سەرچاوەیەکی داهات نین، بەڵکو شادەماری ئابوری هەرێمی کوردستان و عێراق پێکدەهێنێت. زۆربەی داهاتی حکومەتی هەرێم و هەزاران دەرفەتی کار بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بە کێڵگە نەوتییەکانەوە.
بۆیە هەر هێرشێک بۆسەر کێڵگەیەکی نەوتییەکان، تەنها ئامانجی لەکارخستنی چەند بیرێکی نەوت نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ زیانگەیاندن بە داهاتی هەرێم، ترساندنی وەبەرهێنەران و دروستکردنی نائارامی ئابووریی، لەئێستاشدا بەهۆی پشتبەستنی کارەبای هەرێم بە غاز، لەئەگەری هەرهێرشێکدا کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێم زیانی بەر دەکەوێت و ژێرخانی وزەی گرفتی گەورەی بۆ دروستدەبیت. هەروەك چۆن لەوەرزی زستاندا بەهۆی هێرشەکانەوە قەیرانی غاز بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت.
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هێرشە درۆنییەکان زیاتر ئاراستەی کێڵگە نەوتییەکان بوون. ئەم جۆرە هێرشانە لەڕووی دارایییەوە زیانی گەورەیان بە هەرێمى كوردستان گەیاند، بۆیە لەئێستادا وەزیری ناوخۆی هەرێم باسلەوە دەکات لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان گفتوگۆی دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تایبەت بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان دەکەن .
لەوبارەیەوە فەریق جەبار یاوەر شارەزای بواری سەربازی بۆ ڤیژن پرێس رایگەیاند"هەرێمی کوردستان بۆ دابیکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، پێویستی بەرەزامەندی بەغدا هەیە. لەڕووی دارایی و تەکنیکی دانانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تێچووی زۆری پێویستە. بۆیە بەدووری دەزانم سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی فراوان لە هەرێم لەمکاتەدا دابنرێت.
ئەو پسپۆڕە سەربازییە باسی لەوەشکرد، لەکاتی جەنگی داعشدا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، راستەوخۆی بەرەزامەندی حکومەتی ناوەندو لەژێر چاودێری وەزارەتی بەرگری عێراق و فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدابوو. بۆیە ئێستاش هەرجۆرە پرسێکی سەربازی و ئەمنی دەبێت بەسەرپەرشتی و چاودێری بەغدا بێت.
ئایا هەرێمى كوردستان هێزی بەرگری ئاسمانی هەیە؟
هەرچەندە لە هەولێر و هەندێک شوێنی دیکەی هەرێم سیستەمی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەیە، بەڵام ئەو سیستەمانە بۆ پاراستنی دامەزراوە و هێزەکانی خۆیان دانراون.
واتە هەرێمى كوردستان خاوەنی تۆڕێکی فراوانی بەرگری ئاسمانی نییە کە بتوانێت هەموو کێڵگە نەوتییەکان، فرۆکەخانەکان و دامەزراوە ستراتیجییەکان بپارێزێت.
ئەم جیاوازییە گرنگە، چونکە بوونی سیستەمێکی بەرگری لەناو هەرێم بە واتای خاوەندارێتی هەرێم بۆ ئەو سیستەمە نییە. بەڵکو کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و فرۆکەخانە کە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تیادایە، سیستەمی بەرگریی ناوچەییان داناوە و بەرگری لە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو دەکەن.
بۆچی کۆمپانیا نەوتییەکان داوای پاراستنی ئاسمانی دەکەن
کۆمپانیا نەوتییەکان بە پێی یاسا و گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیانی کارمەندەکانیان دەکەوێتە ئەستۆی ئەو وڵات و هەرێمەی کاری تیادا دەکەن. کاتێک هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان زیاد دەبن، بیمە، خەرجی پاراستن و مەترسی وەبەرهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
لەبەرئەوە، زۆربەی کۆمپانیاکان داوای دڵنیایی ئەوە دەکەن کە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان بتوانن ژیان و سەلامەتی کارمەندەکانیان بپارێزن. لەئەگەری نەبوونی ئەو گەرەنتییە کۆمپانیاکان ناچارن کارەکانیان رابگرن. لەوکاتەشدا راستەوخۆ هەرێم زیانی ئابووری زۆری بەر دەکەوێت و سەرچاوەی سەرەکی ئابوورییەکەی توشی ئیفلیجی دەبێت و تەنانەت وەک ئەوەی بینیمان توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانیشی نامێنێت.
لەئێستاشدا کاتێک رێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێم و ناوەند واژۆ کراوە و نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگای کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت. عێراق مەبەستییەتی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە. کە لەئێستادا بەهۆی هەڕەشەکانەوە راگیراوە.هاتنی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ هەرێم ئەو پرسە باسکراوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەرچەیەک بۆ پاراستن و سەلامەتی کۆمپانیا نەوتییەکان بدۆزرێتەوە.
فەریق جەبار یاوەر لەو بارەیەوە بە ڤیژن پرێسی راگەیاند، هەرێمى كوردستان لەئیستادا لە دۆخێکدایە کە قەیرانی ئابووریى هەیە و نەوتەکەی هەناردە ناکرێت. بۆیە پێدەچێت بەو مەرجانە رازی ببێت کە بەغدا هەیەتی بۆ دانانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو.
عێراق فەرماندەییەکی تایبەتی بەناوی (قیادە الدفاع الجوی العراقی) کە رژێمەکانی پێشوویی عێراق تا ئێستا هەیە. ئەم هێزە کادری راهێنراویان لەبواری سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە و دەیانەوێت خۆیان سەرپەرشتی هەر سیستەمێکی بەرگری بکەن لە هەرشوێنێکی عێراق بێت، بەهەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەرکە سەرەکییەکانی هێزیی بەرگری ئاسمانی عێراق:
چاودێریکردنی ئاسمانی عێراق
رادار و ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە
بەرگری لە هێرشە ئاسمانییەکان
هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانی عێراقی
پاراستنی دامەزراوە ئەمنیی و ستراتیجییەکان
پرسی دانانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەستیار و ئاڵۆزە، جگە لە تێچووی زۆری ماددی، پێویستی بە ستاف و کادری شارەزا و پسپۆر هەیە. هاوکات بەکارهێنانی بەجۆرێکە دەبێت ستافی شارەزا کاری پێبکەن، ئەگەر نا فڕۆکەی مەدەنی و هەرفڕۆکەیەک بەئاسماندا بڕوات ئەگەری بەئامانجگرتنی هەیە. بۆیە لەو روانگەیەوە عێراق پێداگری دەکات خۆی سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە بکات.
بۆچی هەرێم ناتوانێت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بکڕێت؟
یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکان ئەوەیە کە بۆچی هەرێم خۆی ناتوانێت وەک هەر وڵاتێکی دیکە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بکڕێت؟.
لە یاسای نێودەوڵەتدا، مافی کڕین و فرۆشتنی چەکی ستراتیجی زۆرجار بۆ دەوڵەتە کەخاوەنی سەروەریی خۆیانن. هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدراڵییە و دەوڵەتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە و ناسنامەی سەروەری نێودەوڵەتی نییە.
بەپێی ماددەی 110ی دەستووری عێراق، بەرگری نیشتمانی، پاراستنی ئاسمان و سیاسەتی سەربازی لە دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵیدان. بۆیە هەر گرێبەستێکی کڕینی سیستەمی بەرگری قورس وەک پاتریۆت، سیرام، یان سیستەمە هاوشێوەکان، پێویستی بە رەزامەندی بەغدا هەیە.
هاوپەیمانان دەتوانن چی بکەن؟
ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە رابردوودا یارمەتیی زۆریان داوەته هێزهكانى پێشمەرگە. بەڵام زۆربەی ئەو یارمەتییانە لە چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بوون. ئێستاش هەر هاوکارییەک دەبێت بەرەزامەندی بەغدا بێت.
لەڕووی پراکتیکییەوە، هاوپەیمانان دەتوانن رادار دابین بکەن، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دابنێن، سیستەمی دژە درۆن دابمەزرێنن و راهێنانی تایبەت بدەن بە هێزەکانی پێشمەرگە.
کام جۆرە سیستەمە بۆ هەرێمى كوردستان گونجاوە
شارەزایانی بەرگريى پێیان وایە هەرێمى كوردستان لەئێستادا پێویستی بە چەند چینێکی پاراستن هەیە:
یەکەم: راداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە
دووەم: سیستمی دژە درۆن بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان
سێیەم: سیستمی بەرگریی کورت مەودا بۆ دامەزراوە گرنگەکان
چوارەم: تۆڕێکی هاوبەشی هەواڵگريى نێوان هەرێمى كوردستان، حكومهتى فيدراڵ و هاوپەیمانان.
جۆرە سەرەکییەکانی سیستەمی بەرگری ( Patriot، THAAD، NASAMS، IRIS-T SLM، S-400) ن، ئەم سیستەمە بەرگرییانە هەر جۆرە و مەودای دیاریکراوی ههيه. بۆنموونە له سیستمی پاتریۆتدا کورت مەودا و مامناوەند و درێژمەودای هەیە. هەر جۆرەو بۆ ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو و مەبەستی پاراستنی پێگەیەکی تایبەتە. نرخەکانیشیان بەگوێرەی پاتری و مەوداکەی دهگۆڕێت. لەئێستاشدا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە، سیستمی بەرگری هەیە لەیەککاتدا هەم رادار و سیستمی ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە و سیستەمی بەرگریی و دژە موشەکییەکەی تیادایە.
بەگوێرەی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان هەرێمى كوردستان ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ سیستەمی بەرگری ستراتیجی بکڕێت. لەبەر ئەوە، واقیعیترین رێگا بریتییە لە دروستکردنی تۆڕێکی هاوبەشی بەرگری ئاسمانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ بوونی رادار، سیستەمی دژە درۆن و پاراستنی تایبەت بۆ کێڵگە نەوتییەکان. ئەگەر ئەم هەنگاوە جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت نەک تەنها ئاسایشی هەرێم، بەڵکو ئاسایشی ئابووریی عێراقیش بەهێز بکات، چونکە پاراستنی نەوت لە ئێستادا تەنها بابەتێک نییە پەیوەندی بەهەرێمى كوردستانهوە هەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی لەڕێگەی سۆمۆ نەوت هەناردە دەکرێت، بەغدا دەتوانێت بێتە سەرهێڵ و ئەرکی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بگرێتە ئەستۆ، بەڕەچاو کردنی تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان.