له‌ سێ ساڵى رابردوودا، بازاڕى  كڕين و فرۆشتن و هاورده‌ى ئۆتۆمبێل له‌ عێراق يه‌كێك بووه‌ له‌ خێراترين و پڕفرۆشترين بازاڕه‌كان‌، بە جۆرێک، بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی عێراق باس لە نزیکەی 200 هەزار ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو لە ساڵێکدا دەکەن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌ هەرێمی کوردستان تەنها لە ماوەی ئەو ساڵەدا 283 هەزار ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە. ئەم ژمارانە نیشانەی گەشەی داواکاری ناوخۆیی و فراوانبوونی بازاڕی ئۆتۆمبێلن لە عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا.

بەپێی داتاکانی ناوەندی OEC کە پشت بە داتایی سەنتەری ئاماری بازرگانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبەستێت تێدا هاتووە، ئۆتۆمبێل هێشتا لە گرنگترین کاڵا هاوردەکراوەکانی عێراقە. لەساڵانی دواییدا بەهای هاوردەی ئۆتۆمبێلی نەفەر هەڵگر گەیشتووەته‌ چەندین ملیار دۆلار. ئەمە پەیوەندی بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کەمی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی گشتی و پەیوەستبوونی ژیانی رۆژانە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە هەیە. هاوکات عێراق لە ریزبەندییە جیهانییەکاندا لەنێوان گەورەترین هاوردەکەرانی ئۆتۆمبێلدا جێگای خۆی گرتووە، بەجۆرێک دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق بڵاویکردووەتەوە لە ساڵی 2024دا ئەو وڵاتە پلەی 44ی وەرگرتووە لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر لە جیهاندا.

بەڵام ساڵی 2025 عێراق گۆڕانکارییەکی گرنگی لە پێکهاتەی بازاڕی ئۆتۆمبێلدا بۆ دروستبوو. لەکاتێکدا کۆمپانیا یابانییەکان وەک تویۆتا و نیسان هێشتا پێگەی بەهێزیان هەبوو، بەڵام ئۆتۆمبێلە چینییەکان بە خێرایی دەستیان بە داگیرکردنی بەشێکی گەورەی بازاڕ کرد. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەنها لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا هاوردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق نزیکەی 80% زیادیکردووە و بە رێژەی زیاتر لە 18 هەزار ئۆتۆمبێلی چینی چووەتە ناو بازاڕی عێراقەوە.

هۆکارەکانی ئەم گەشەیە زۆرن. یەکەم، ئۆتۆمبێلە چینییەکان بەراورد بە مارکە یابانی و ئەوروپییەکان نرخێکی کەمتر و گەرەنتییەکی باشتر پێشکەش دەکەن. دووەم، کەمتر وزە و بەنزین سەرفدەکەن بە سیستەمی هایبرێد و پڵەگین هایبرێد کاردەکەن و سود وەردەگرن لەو وزەیەی ئۆتۆمبێلەکان پاشەکەوتی دەکەن یاخود لەڕێگەی شەحنکردنەوە بە کارەبا وەریدەگرن. سێیەم، گەشەی زیاتر لە زیرەکی ئۆتۆمبێلەکانداIQ Cars  فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێیان ئاسانتر کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە، هەندێک کۆمپانیای ناوخۆیی دەستیان کردووە بە رێکخستن و دامەزراندنی هێڵی بەرهەمهێنان، ئەمەش بۆ داهاتوو هەنگاوێکە عێراق بەرەو کەمکردنەوەی وابەستەبوون بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەچێت.

لە هەرێمی کوردستان، ئامارەکان زیاتر جێگای سەرنجن. بەپێی داتای فەرمی وەزارەتی بازرگانی هەرێم، ژمارەی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان لە 122 هەزار لە ساڵی 2023ەوە گەیشتووە بە 172 هەزار لە ساڵی 2024 و دواتر لە ساڵی 2025دا بە 283 هەزار ئۆتۆمبێل. ئەمە واتە تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا گەشەیەکی زۆر بەرچاو روویداوە. زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لە رێگای سنوورەکانی پەروێزخان، باشماخ، حاجی هۆمەران و ئیبراهیم خەلیلەوە هێنراونەتە ناو هەرێم.
لە بەرامبەر ئەم زیادبوونە، حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر دەستیان کردووە بە تاوتوێکردنی رێکخستنە نوێیەکان. وەزارەتی بازرگانی عێراق باس لە پێویستی کۆنترۆڵکردنی ژمارەی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان دەکات، چونکە بەردەوام زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل کاریگەريى لەسەر هاتووچۆ، ژینگە و ژێرخانی شارەکان دەبێت.

لەڕووی ئابوورییەوە، بازاڕی ئۆتۆمبێلی عێراق لە ساڵی 2025دا بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار هەڵسەنگێندراوە. هەروەها فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێ بە زیاتر لە 160 هەزار دانە گەیشتووە. ئەم ژمارانە نیشانەی ئەوەن، عێراق بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ئۆتۆمبێل بووەتە یەکێک لە بازاڕە بەهێزەکانی خۆرهەڵاتى ناوەڕاست. هەر بۆیە لە ساڵی 2025دا کۆمپانیای چینی Chery براندەکانی Omoda و Jaecoo  فەرمییانە چوونە ناو بازاڕی عێراق و چەندین براندی تری چینی وەک MG، BYD، Geely، Jetour یش پەرەیان بە چاڵاکییەکانیاندا.

بەپێی داتا فەرمییەکانی ئەنجوومەنی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی چی (CAAM)، ساڵی 2025 بۆ کەرتی ئۆتۆمبێلسازی چین ساڵێکی مێژوویی بووە، چونکە کۆی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل گەیشتە زیاتر لە 34.5 ملیۆن دانە و فرۆشتنیش نزیکەی 34.4 ملیۆن دانە تۆمار کراوە. لەو بڕە، نزیکەی 7.1 ملیۆن ئۆتۆمبێل بۆ بازاڕەکانی دەرەوە هەناردە کراون، کە پێکدێن لە نزیکەی 21%ی کۆی فرۆشتنەکان. بە واتایەکی تر، لە هەر پێنج ئۆتۆمبێلێکی بەرهەمهێنراوی چین، یەک دانەی بۆ دەرەوەی وڵات نێردراوە. لە هەمانکاتدا، بازاڕی ناوخۆی چین هێشتا گەورەترین بازاڕی جیهانە، چونکە زیاتر لە 27.3 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ناوخۆی وڵات فرۆشراون، کە نزیکەی 79%ی کۆی فرۆشتنەکان پێکدێن. ئەم ئامارانە ئەوە دەردەخەن کە هێزی سەرەکی گەشەی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی چین هەم لە بازاڕی ناوخۆ و هەم لە هەناردەکردن بۆ وڵاتانی دەرەوەوە سەرچاوە دەگرێت، و چین بۆ ساڵی سێیەم بەردەوام پێگەی گەورەترین هەناردەکەری ئۆتۆمبێلی لە جیهاندا پاراستووە.

لەماوەی رابردوودا بازرگانەکانی هەرێم ئۆتۆمبێلیان هەناردەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرد، بۆیە حکومەتی هەرێم مەرج و رێنمای نوێی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دانا کە سەرەکیترینیان بریتییە لە رێگادان بە کۆمپانیاکان ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە تابلۆی کاتی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، دووبارە هەناردە بکرێنەوە، هەروەها،  بڕی %05  نرخی خەمڵێنراوی هەر ئۆتۆمبێلێک وەک باجی گومرگی وەردەگیرێت، لە ئێستاشدا بەپێی ئەو مەرج و رێنماییانە ئۆتۆمبێل هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت، بەشێوەیەک زیاتر ئۆتۆمبێلە چینییەکان خواستی زیاتریان لەسەرە، ئەمەش بووتە هۆی زیادبونی نرخی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەناردە دەکرین.

داتاکانی ساڵی 2025 نیشانی دەدەن عێراق لە قۆناغێکی نوێی گەشەی بازاڕی ئۆتۆمبێلدایە. لە لایەکەوە، زیادبوونی هاوردە و فرۆشتن نیشانەی گەشەی داواکاری ناوخۆیی و چالاکبوونی ئابوورییە، بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەم گەشەیە کۆمەڵێک پرسیاری وەک قەرەباڵغی هاتووچۆ، پێویستی بە ژێرخانی نوێ، زیادبوونی سووتەمەنی و کاریگەریی ژینگەیی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا سیاسەتەکانی حکومەت بەرەو ڕێکخستنی زیاتر و پشتیوانیکردن لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بڕوات، لە کاتێکدا عێراق هێشتا وەک یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.