لەگەڵ بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و زیادبوونی پێکدادانە سەربازییەکان لە تەنگەی هورمز، نێوانی ئەمریکا و ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزیی. لە ماوەی 11 رۆژی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا بە بەردەوامیی هێرشی ئاسمانیان کردە سەر ناوەندەکانی کارگێڕى، سەربازی، توانای دەریایی، کۆگاکانی درۆن و ژێرخانی لۆجستی.
لەکاتێکدا ئێرانیش بە مووشەک و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکا لە هەندێک وڵاتی کەنداو کردووە، هاوکات هێرشەکانیشی دژی کەشتییە بازرگانییەکان زیاد کردووە. ئەم ئاڵۆزییە نوێیە، کە لە دوای ماوەیەک هێمنیی هات، ئاگری جەنگێکی فراوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرساندووەتەوە، بە تایبەتی لەبەر ململانێ توندەکەی هەردوو لایەن لەسەر تەنگەی هورمز.
ئەمریکا، کەمکردنەوەی توانای سەربازیی، ئێران، رێگری لە گواستنەوەی نەوت
لەڕووی سەربازییەوە، ستراتیژی ئەمریکا لەم قۆناغەدا بریتی بووە لە "کەمکردنەوەی توانای سەربازی ئێران" و پاراستنی ئازادی هاتوچۆ لە تەنگەی هورمز. بە پێی ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا (CENTCOM)، لە شەوی یازدەهەمدا هێرشەکان کۆتاییان پێهات، بەڵام ئامادەباشی هێزەکان هێشتا بەردەوامە.
لە بەرامبەردا، ئێران هەوڵی دا بە شێوەیەکی هاوسەنگ وەڵام بداتهوه، بەڵام بە جۆرێک جەنگەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی فراوان نەبات. تاران دەڵێت: ئەگەر فشارە سەربازییەکان بەردەوامبن، دەتوانێت هاتوچۆی دەریایی لە یەکێک لە گرنگترین رێگاکانی نەوتی جیهاندا پەکبخات. ئەم هەڕەشەیە هەر لە یەکەم رۆژەکانەوە نرخی نەوتی جیهانی بەرزکردەوە و کەشتییە بازرگانییەکان ناچاربوون رێوشوێنی ئاسایشی خۆیان بگۆڕن.
دوناڵد ترەمپ: هێرشی قورستر دەکەینە سەر ئێران
عەباس عێراقچی: لەمافی بەرگریکردن لە خۆمان بەردەوام دەبین
دوناڵد ترەمپ هەڵوێستێکی توندی هەیە، لە دوا لێدوانەکانیدا وتی، ئەگەر ئێران هێرشەکانی بەردەوام بکات یان هەوڵ بدات بەرنامە ناوکییەکەی پەرەپێبدات، ئەمریکا "هێرشێکی زۆر قورستر" دەکات، بە تایبەتی دژی دامەزراوە ناوکییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن: هێشتا رێگای دیپلۆماسی بە تەواوی داخراو نییە. ئەم دوو هەڵوێستە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن هەوڵ دەدات فشار و دیپلۆماسی لە یەک کاتدا بەکاربهێنێت.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چەندین لێدواندا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئێران لەژێر بۆردوماندا دانانیشێت بۆ گفتوگۆ لە "مافی بەرگری لە خۆی" بەردەوام دەبێت. لە هەمان کاتدا، دەشڵێت، ئەگەر هێرشەکان بوەستن، دەتوانرێت بە یارمەتی وڵاتانی نێوەندگیر، ێگای دیپلۆماسی دووبارە بکرێتەوە. ئەمە نیشانی دەدات هەرچەند لە مەیدانی سەربازیدا توندوتیژیی هەیە، بەڵام هێشتا هەردوولا دەرگای چارەسەری سیاسییان بە تەواوی دانەخستووە.
بۆچی ئیسرائیل لەم قۆناغەدا بەشداری ڕاستەوخۆی نەکرد؟
ئیسرائیل لە لوتکەی دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا توانی ئیدارەی ئەمریکا بکێشێتە ناو ئەم شەڕەوە و نەتانیاهۆ سەرکەوتوو بوو لە ڕازیکردنی ترەمپ بۆ دەستپێکردنی شەڕی 40 ڕۆژە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
بەپێی شیکارییەکانی The Wall Street Journal، Reuters و بەرپرسانی ئەمریکی، بەشدارینەکردنی ئیسرائیل لەسەر داوای واشنتۆن بووە، بۆ ئەوەی جەنگەکە لە چوارچێوەی پێکدادانێکی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بهێڵێتەوە و نەهێڵێت بگۆڕێت بۆ شەڕێکی فراوانی ناوچەیی. بەرپرسانی ئەمریکا باوەڕیان وایە بەشداریی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل دەتوانێت ئێران هان بدات هێرشەکانی بەرەو ئیسرائیل فراوانتر بکات و وڵاتانی عەرەبی کەنداو بخاتە دۆخێکی سەختەوە. بەڵام ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە لە ئامادەیی تەواودایە بۆ هیرشکردنە سەر ئێران.
لە ئەتۆم و یۆرانیۆمەوە بۆ تەنگەی هورمز
باسەکە کەمتر باسی چەکی ئەتۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراوە، وەک ئەوەی هەمیشە بیانوویەک هەبێت بۆ جەنگ، ئێستا چەقی ململانێکان تەنگەی هورمزە، نەک باسێکی دیکە، هاوکات وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، بە تایبەتی عومان، کوەیت، قەتەر، ئیمارات، سعودیە وعێراق خۆیان لە نێوان دوو هێزی تەنگەکەدا دەبینن؛ لە لایەک ئێران هەوڵ دەدات هەژمونی خۆی لە تەنگەی هورمز و ناوچەکەدا بەهێز بکات و لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا دەیەوێت ئازادیی هاتوچۆ و ئاسایشی ڕێگای هەناردەکردنی نەوت بپارێزێت. وڵاتانی کەنداو دەترسن هەر هەڵگیرساندنێکی جەنگ بە فەرمیی، ببێتە هۆی داخستنی تەنگەکە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گواستنەوەی شەڕ بۆ ناوچەکە. بۆیە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بە تایبەتی لەلایەن قەتەر و عومان، لەسەر وەستاندنی ئاگر و گەڕاندنەوەی زمانی گفتوگۆیە.
ئەوان پێیان وایە چارەسەری قەیرانەکە لە دیپلۆماسی و گفتوگۆدایە، نەک لە هێز.