کاندیدکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، ئەو راستییەی زیاتر دەرخست کە عێراق گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی سەرۆکەکانی بەشێوەیەک دیاریدەکات پێشتر چاوەڕواننەکراوبووە، لە شەقامی عێراقیدا.
عێراق پێیناوەتە قۆناغێکی نوێی سیاسییەوە بە راسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە، هەرچەندە یەکلاییکردنەوەی کاندیدی ئەو پۆستە دەرگای لەسەر حکومەتی داهاتوو کردەوە و عێراقی لەو گرێیە رزگارکرد، بەڵام لەگەڵیدا ئەو پرسیارە دروستدەکات ئایا توانای بەڕێوەبردنی وڵاتێکی وەکو عێراق و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەو پۆستەی هەیە؟
عەلی زەیدی کێیە؟
ناوی عەلی فالح کازم زەیدییە، لەدایکبووی پارێزگای زیقارە، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا وەک کاندیدێک کە کۆدەنگیی ناو ماڵی شیعە و بەدیاریکراوی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەربوو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکرا و ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە فەرمی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە راسپێردرا، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە کێشمەکێشمی سیاسی و ناکۆکیی توند لەنێوان هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا.
هەڵگری دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بوارەکانی یاسا، دارایی و بانک، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە دارایی و بانکدا، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی باشوور (مصرف الجنوب)بووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگە،سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی زانکۆی شەعب بووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی پەیمانگای پزیشکیی عەشتار بووە، هەروەها ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراقە.
زەیدی سەرمایەدارە و کەسایەتییەکی ئابوورییە کە لە جیهانی دارایی و وەبەرهێنانەوە بەرەو پێشەنگی بڕیاردانی سیاسی بەرزبووەوە لە سەردەمێکدا کە هێزە کێبڕکێکارەکان بەدوای کەسایەتییەکدا دەگەڕان کەمترین کێشە و ناکۆکی لەسەر هەبێت و توانای دروستکردنی کۆدەنگی هەبێت، دەرکەوت کە پێشتر یەکێک نەبوو لەو ناوانەی پێشنیازکرابوون بۆ کاندیدکردنیان بۆ ئەو پۆستە.
ئەزموونی سیاسیی زەیدی، ئامێدی و حەلبوسی
کاندیدکردنی عەلی زەیدی دوای دانوستانێکی درێژخایەن بوو لەناو هێزە سیاسییە شیعەکاندا، کە شایەتحاڵی کێبڕکێی نێوان کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی ناو مەیدانی سیاسەتی عێراق بوون، پێش ئەوەی زەیدی وەک "کاندیدێکی سازان" لەسەری ڕێکبکەون کە توانای کۆتاییهێنان بە ناکۆکی سیاسیی هەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییەکان، زەیدی پاڵپشتی زۆرینەی لەناو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا مسۆگەر کردووە، ئەمەش زەمینەی بۆ راسپاردنی بەشێوەیەکی فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ خۆشکرد، هەنگاوێک کە بە هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری سیاسی وەسف دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە عەلی زەیدی ئەزموونێکی کەمی سیاسیی هەیە، کەسایەتییەکانی ناسراوی کۆمەڵگای عێراقی نییە و تایبەتمەندیی کاریزمای سیاسیی نییە، هاوشێوەی ئەو سەرۆکوەزیرانەی لەدوای ئازادکردنی عێراقەوە هەڵبژێردراون.
لەکاتێکدا ئەو کەسایەتییە تەنها ئەزموونی ئابووریی و ئەکادیمی هەیە، بوونی بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتێکی پڕ ئاڵۆزی و هەمەچەشنی وەکو عێراق، رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە و سەختی دەکاتەوە، کە ئەگەری هەیە ئیدارەدانی ئەو قەیرانانە بۆ کەسایەتییەکی نوێ لە سیاسەتدا نزیکەی ئەستەم بێت.
لە گەڕی ئەمجارەی کاندیدکردنی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی پێکهاتەی گشتیی دەوڵەتی عێراقدا (سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان)، ئەو کەسانەی کاندیدکران و پۆستەکانیان وەرگرت تاڕادەیەکی زۆر وەکو شۆکێک تەماشادەکرێت لەلایەن عێراقییەکانەوە، چونکە هیچ یەکێک لەو سێ کەسایەتییە خاوەنی پێشینەی سیاسیی قوڵ و درێژمەودا نەبوون، سەرباری ئەوەی کە کەسایەتیی ناسراوی ناو سیستمی سیاسیی عێرایش نەبوون، لەوکەسانەشنەبوون کە ئەزموونی شۆڕشگێڕی و خەباتی مێژووی لە پێشینەیان هەبێت.
کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران شێواز و میکانیزمەکەی لە دەستووری عێراقیدا روونکراوەتەوە، بەپێی دەستوور، پێویستە کەسێک لە گەورەترین کوتلەی هەڵبژاردن کاندیدبکرێت، بەڵام ئەم ماددەیە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە گۆرانکاری تێیدا دەرفەتی زۆری هەیە، چونکە ئەوە بەڕوونی نەوتراوە کە گەورەترین کوتلەی براوەی هەڵبژاردن یان گەورەترین کوتلەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەش کێشەی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران دروستکردووە، بەپێی ویست و خواستی کوتلە سیاسییەکان دیاریدەکرێت، جونکە گەورەترین براوەی هەڵبژاردن، هاوپەیمانییەکەی محەمەد شیاع سودانی بوو بەناوی هاوپایمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
پێشتریش نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆماری عێراق لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کاندیدکرا، کە کەسایەتییەکی تاڕادەیەک کەم ونی ناو مەیدانی سیاسەتە بەراورد بە سەرۆککۆمارەکانی پێشوو، هەروەها ناوێکی دیار و خاوەن رۆڵی کاریگەر نەبووە لە عێراقدا، لەگەڵئەوەشدا لەو کەسایەتییانە نەبووە کە خەبات و شۆڕشگێڕیی پێشووی هەبێت لەکاتێکدا سەرۆککۆمارەکانی پێشوو کە سەرجەمیان لە هەمان حزبەوە کاندیدکران بەڵام جگەلە کاریزمای سیاسی و ناوبانگی زۆری ناو گەلی کورد و عێراقیش، خاوەنی شۆڕشگێڕی و مێژوویەکی زۆر لە خەباتی نیشتمانی بوون.
ئامێدی، پێش بوونی بە سەرۆک کۆماریعێراق، وەزیری ژینگە بووە، هەروەها لە نووسینگەی جەلال تاڵەبانی کاری کردووە لەکاتی سەرۆک کۆماریی مام جەلالدا و بە خوێندکاری ئەو دادەنرێت، بۆیە بڕیار و کاریگەریی ئەم کەسایەتییە لەو پۆستە باڵایەدا دەکەوێتەسەر رێککەوتنەکان لەبارەی هەر پرسێکەوە نەک کاریزما و کاریگەریی و هێزی کەسایەتیی خۆی.
ئەم میراتە سیاسییە تەنها لەناو شیعە و کورددا نەوەستاوە، بەڵکو سوننەکانی عێراق کاتێک بڕیاری کاندیدکردنی هەیبەت حەلبوسییاندا وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شەقامی میدیایی و سیاسیی عێراقی تووشی سەرسوڕمان کرد، چونکە هەیبەت حەلبووسی جگەلەوەی کەسایەتییەکی نزیکی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقەدومە هیچ ئەزموونێکی سیاسیی پێشووی نییە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناوەندێکی زۆر گرنگی وڵاتە بەهۆی بوونی پارت و پێکهاتەی هەمەچەشن و تێڕوانینی جیاواز، بۆیە ئیدارەدانی ئەم شێوازە لە پێکهاتەی ئاڵۆزی پەرلەمان کاریزما و لێهاتوویی دەوێت کە چاوەڕوانییەکان بەو ئاراستەیەن سەخت بێت بۆ کەسایەتییەکی هاوشێوەی هەیبەت حەلبوسی.
ئەم کەسایەتییە سەرەڕای نەناسراوی، نەبوونی ئەزموونی سیاسیی پڕ هاوشێوەی محەمەد حەلبوسی، کەسایەتییەکەی توانایەکی بەهێزی نییە لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران و دژایەتییە روون و بێ پێچووپەناکانی بەرامبەر کورد و شیعەکان، لەکاتێکدا ئەو پۆستە وادەخوازێت بێلایەنی بپارێزێت و دادپەروەری پەیڕەوبکات.
ئەو پێدراوانەی باسکران دەکرێت ئەو تێڕوانینە دروستبکات، کە کاندیدکردنی عەلی زەیدی لەگەڵئەوەی کاندیدێکە سازان و کۆدەنگی سەریخستووە، نەک کاریزما و تایبەتمەندیی کەسیی خۆی، بەڵام سەرکەوتنی بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەمیدایە، پەیوەستە بە توانای خۆی لە چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و گۆڕینی ئەو کۆدەنگییە لە کاندیدکردنییەوە بۆ سەرخستنی تەواوەتی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکان بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، دواتریش مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵوێستە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان راستەوخۆ پەیوەستە بە سەرکەوتنییەوە.