ڤیژن پرێس
عێراق خزمەتگوزارییەکی نوێی تەلەفۆنی ماڵان بەخۆڕایی لە رێگای کێبڵی دیجیتاڵییەوە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە رێگەی هەمان کێبڵەوە پەیوەندی ڤیدیۆیی و ئینتەرنێتیش دابین دەکرێت.
تەلەفۆنی ماڵان، ساڵانێکە لە ژیانی خەڵکی عێراق دوور کەوتووەتەوە، ئێستا لەسەر رێگای گەڕانەوەیە؛ بەڵام ئەمجارە بە کەیبڵ و سیستمی کۆن نابێت، بەڵکو بە کێبڵی فایبەری و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی فراوان جێبەجێ بکرێت، لە هەمان ئەو فایبەرەی دەچێتە ناو ماڵان، دەتوانێت ئینتەرنێت، تەلەفۆنی ماڵان و پەیوەندیی ڤیدیۆیی لە یەک پاکێچدا کۆبکاتەوە.
مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند: بەمزوانە خزمەتگوزارییەکی نوێی تەلەفۆنی ماڵان لە ڕێگەی تۆڕی FTTH ـەوە، کە بە واتای (فایبەری رووناکی بۆ ماڵ) دێت، دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ هەنگاوێک کە دەتوانێت تەلەفۆنی ماڵان لە شێوەی کۆنی خۆیەوە بگوازێتەوە بۆ ژێرخانێکی نوێی دیجیتاڵی.
وتووشیەتی، خزمەتەکە بەخۆڕایی دەبێت و پێویست بە بەشداریکردنی ئینتەرنێت ناکات، هاوڵاتی دەتوانێت بەشداریی ئینتەرنێت ببێت یان نەبێت، لە هەمانکاتدا بەخۆڕایی و بێبەرامبەر لە خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی ماڵان سوودمەند بێت.
وەزیری پەیوەندییەکان ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی ماڵان، باس لە دابینکردنی ئامێری تەلەفۆن و کامێراش کراوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر شێوازی دابینکردنی ئەو ئامێرانە نەدراوە، ئەگەر ئامێری تەلەفۆنەکە لە جۆرێک بێت کە کامێرای K4ـی تێدا بێت، کامێراکەشی بە هەمان کوالێتی4K دەبێت.
FTTH چۆن کار دەکات؟
دامەزراندنی سیستەمی فایبەری رووناکی بۆ ماڵان لە ناوەندی سەرەکی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکەوە دەست پێدەکات. کەیبڵە سەرەکییەکانی فایبەر لە ناوەندی داتا و تۆڕە سەرەکییەکانەوە بە شەقام و گەڕەکەکاندا رادەکێشرێن و دەگەنە کابینە یان بۆکسی گەڕەکەکان.
لەو بۆکسەدا، فایبەرە سەرەکییەکە دابەش دەکرێت بۆ ژمارەیەک ماڵ. پاشان لە بۆکسی کۆڵانەکانەوە کەیبڵی فایبەر بۆ هەر بینایەک یان خانوویەک رادەکێشرێت.کاتێک فایبەرەکە گەیشتە ناو ماڵ، بە ONT ـەوە پەیوەست دەکرێت.ONT سیگناڵی ڕووناکییەکان دەگۆڕێت بۆ سیگناڵی تۆڕی داتا و پاشان لە ڕێگەی Ethernet ـەوە بەراوتەر Router ـەکەوە دەبەسترێتەوە. راوتەرەکەش دەتوانێت پەیوەندیی تۆڕ بە شێوەی Wi-Fi یان بە کەیبڵی تۆڕ بگەیەنێت بە مۆبایل، کۆمپیوتەر، تەلەفزیۆنی سمارتSmart TV و ئامێرەکانی تری ناو ماڵ.
لە سیستەمی FTTH ـدا، کە بە مانای(Fiber To The Home) دێت، کەیبڵی فایبەری رووناکی راستەوخۆ تا ناو ماڵ دەگات. لەم جۆرە خزمەتگوزارییەدا، داتا بە شێوەی سیگناڵی رووناکی لەسەر فایبەر دەگوازرێتەوە، بە بەراورد لەگەڵ کەیبڵە مسییە کۆنەکان دەتوانێت خێرایی و جێگیریی بەرزتر بۆ پەیوەندییەکان دابین بکات.
زۆرجار یەک فایبەری سەرەکی بە ئامێرێکیSplitter دابەش دەکرێت بۆ چەند بەکارهێنەرێک. بەم شێوەیە پێویست ناکات بۆ هەر خانوویەک کەیبڵێکی سەرەکیی جیاواز لە ناوەندی تۆڕەوە رابکێشرێت. ئەم شێوازە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی ژێرخان و گەیاندنی خێرایی داتا بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ماڵان.
تەلەفۆنی ماڵان لەسەر هەمان هێڵ
ئەگەر لە پاکێجەکەدا خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی ماڵان لەسەر هەمان FTTH دابین بکات، پێویست ناکات کەیبڵی مسیی کۆنی تەلەفۆن دووبارە لە شەقامەوە بۆ هەر ماڵێک رابکێشرێت.
لە سیستەمە نوێیەکاندا دەنگی تەلەفۆن دەتوانێت بە شێوەی IP/VoIP بگوازرێتەوە؛ واتە دەنگ دەبێتە داتا و لەسەر هەمان تۆڕی فایبەر دەگوێزرێتەوە. لە ناو ماڵدا،ONT یان Voice Gateway دەتوانێت پۆرتێکی تایبەتی تەلەفۆن دابین بکات و تەلەفۆنی ماڵ بەو پۆرتەوە ببەسترێتەوە.
لەم شێوازەدا یەک ژێرخانی فایبەری لە هەمان کاتدا چەند خزمەتگوزارییەک بۆ ماڵان دابین دەکات؛ لەوانە ئینتەرنێت، تەلەفۆنی ماڵان و پەیوەندیی ڤیدیۆیی.
بۆ عێراق چی دەگۆڕێت؟
ئەگەر عێراق بە شێوەیەکی فراوان خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی ماڵان لەسەر FTTH جێبەجێ بکات، گرنگترین هەنگاو لە قۆناغی سەرەتادا فراوانکردنی ژێرخانی فایبەری و گەیاندنی FTTH دەبێت بۆ ماڵەکان.
کاتێک فایبەر گەیشتە ماڵان، هەمان ژێرخان بۆ چالاککردنی ژمارەیەک خزمەتی دیجیتاڵ بەکاردەهێنرێت. پڕۆژەکە تەنها گەڕاندنەوەی تەلەفۆنی ماڵان نییە، بەڵکو گۆڕینی بنەمای ژێرخانی پەیوەندییەکانی ماڵانە لە کەیبڵی مسی بۆ ژێرخانێکی فایبەری دیجیتاڵی پێشکەوتوو.
ئەگەر عێراق بتوانێت ژێرخانی FTTH بە شێوەیەکی فراوان و جێگیر بگەیەنێتە ماڵەکان، یەک کەیبڵی فایبەری دەتوانێت ببێتە بنەمای خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، تەلەفۆنی ماڵان، پەیوەندی ڤیدیۆیی و خزمەتە دیجیتاڵییەکانی داهاتوو؛ ئەمەش دەتوانێت تەلەفۆنی ماڵان لە خزمەتێکی کۆنەوە بگۆڕێت بۆ بەشێک لە ژێرخانی نوێی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان.
ئەزموونی تورکیا
ئەزموونی تورکیا دەکرێت نموونەیەکی بەسوود بێت بۆ عێراق، چۆن تەلەفۆنی ماڵان لەسەر ژێرخانی فایبەر کار دەکات. لە سیستەمە نوێیەکاندا، دەنگی تەلەفۆن لەسەر هەمان تۆڕی فایبەر دەڕوات.
بەم شێوەیە، پێویست ناکات کەیبڵی مسیی کۆنی تەلەفۆن بۆ ماڵان رابکێشرێت Türk Telekom پاکێجەکانی تەلەفۆنی ماڵی هەیە کە بە پێی زانیارییەکان، نرخەکان لە 45لیرە بۆ 100 خولەک دەست پێدەکەن و پاکێجی بێ سنووریش 145 لیرەیە؛ کە بە نزیکەیی 0.9 تا 3 دۆلار دەکات، بەپێی پاکێجەکان نرخەکان دەگۆڕێن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فایبەری رووناکی، خێرایی و جێگیریی پەیوەندییەکەیە، دەتوانرێت پەیوەندی ڤیدیۆیی لەسەر هەمان پەیوەندی بە ئاسانی کار بکات. بۆ نموونە، خێرایی 50 تا 100 Mbps بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی پەیوەندی ڤیدیۆیی وەک WhatsApp، Zoom و Google Meet بە ئاسانیی، دەتوانرێت چەند کەس لە هەمان کاتدا سوود لە پەیوەندیی ڤیدیۆیی ببینن، بە تایبەتی ئەگەر پەیوەندییەکە جێگیر و بەردەوام بێت.
لەو روانگەیەوە، یەک فایبەر کە دەگاتە ناو ماڵ دەتوانێت بنەمای سێ خزمەتی سەرەکی بێت: ئینتەرنێت، تەلەفۆنی ماڵان و پەیوەندیی ڤیدیۆیی، بێ ئەوەی بۆ هەر خزمەتگوزارییەک کەیبڵێکی جیاواز لە شەقامەوە بۆ ماڵ رابکێشرێت.