کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان دەتوانرێت سودی گەورەی ئابوری لێوەربگیرێت، هەرێمی کوردستان هەمیشە شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگ بووە بۆ عێراق و دەرەوەی عێراقیش، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ شوێنی شوێنەواری هەن کە رەگەزێکی گرنگی گەشتیاریین و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزاردا.
بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزار ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣ هەزار و ٢٠٠ بنکە و شوێنی گەشتیاری هەن وەک (هۆتێل، مۆتێل، رێستورانت و شوێنی کاتبەسەربردن)، هەروەها لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 80 پڕۆژەی گەشتیاری بە سەرمایەی 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون.
دەستەی گەشتوگوزار پێشبینی دەکات بۆ ئەمساڵ زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار رووبکەنە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەش داهات بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو بەڕێژیە ١٧٪ زیاتر دەبێت.
کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ئەو زەمینە لەبارەی هەیە لە پاڵ کەرتەکانی تری وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی ببێت بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهات، دەرفەتی گەشەپێدانی کەرتەکە زۆر زێڕینە، کوردستان بەهۆی هەڵکەوتە سروشتییەکەی و لەباریی لەرووی گەشتوگوزارەوە دەتوانێت ببێتە مەکۆی کۆکردنەوەی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی و بەهۆیەوە هەزاران هەلی کار بهێنرێتەکایەوە.
بۆچی گەشتوگوزار؟
گەشتوگوزار بە ئاسانترین بازرگانی دادەنرێت لە وڵاتانی جیهاندا، کە بەسەرماییەکی کەم کە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی گەشتوگوزار خەرجدەکرێت دەتوانرێت داهاتێکی زۆر بەدەستبهێنرێت.
لەڕووی ئابووریشەوە گەشتوگوزار پێشکەوتنێکی بەهێز و خێرا لە ئابووری ئەو وڵاتانەدا دروستدەکات کە پشتیپێدەبەستن و رێگایەکی ئاسانە بۆئەوەی ببێت بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی هەر وڵاتێک کە جوگرافیا و هەڵکەوتەکەی بۆ ئەم مەبەستە لەباربێت.
گەشەی گەشتوگوزار سەرباری داهاتەکەی بۆ پشتپێبەستن لەڕووی بەڕێوەبردنەوە، دەرفەتی کاری یەکجار زۆریش دەڕەخسێنێت کە دەرچەیەکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاک.
بهپێی داتاکانی رێکخراوى گهشتیاریی سهربه نهتهوه یهکگرتووهکان، نهخشهى گەشتیاریی جیهان لهدواى پهتاى کۆرۆنا گۆڕاوە و هاتنی گەشتیار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 23% زیادیکردووە.
رێکخراوەکە باس لەوە دەکات کەرتی گەشتوگوزار لەدوای کۆرۆنا ڤایرۆسەوە بەشێوەیەکی جیاواز گەشەی کردووە، بەجۆرێک داهاتی گەشتیاری لە جیهاندا گەیشتووەتە ١.٧٥ تریلیۆن دۆلار و ژمارەی گەشتیارانیش پێوانەی ١.٥٢ ملیار گەشتیاری تیپەراندووە تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦.
کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبی، لە بەدواداچوونێکی رۆژنامەوانیدا باس لە گۆرانکاریی کەرتی گەشتوگوزار دەکات لە جیهاندا و بەپێی ئەو بەدواداچوونە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئامادە کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات. بەوەی تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی شوێنە گەشتیارییەکانی دەگەیەنێتە هەزار و ٥٠٠ شوێن.
بەدواداچوونەکە باس لەوە دەکات، کە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە کە وایکردووە ببێتە رووگەیەکی گەشتیاریی گرنگ، کە خۆیدەبینێتەوە لە خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان، سروشت و هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، بوونی وەرزە جیاوازەکانی ساڵ بە روونی، ئارامی و سەقامگیری و تێچووی کەم لەڕووی گەشتیارییەوە بۆ گەشتیاران.
ئەم بەدواداچوونە ئاشکرایکردووە کە لە چهند ساڵى داهاتوودا کهرتى گهشتیارى، دهبێته گرنگترین سهرچاوهى داهاتی ههرێمى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش حکومهتى ههرێمی کوردستان پلانێکی داڕشتووە ساڵانە 20 ملیۆن گەشتیار رابکێشێت.
گەشتوگوزار دەتوانێت پاڵنەربێت لە پاراستنی شوێنەوارەکان، ناوچە گەشتیارییەکان و پاکی ژینگە، کە ئەمانە لە وڵاتێکدا کە پشت بە گەشتوگوزار نەبەستێت گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت، پشتبەستن بە گەشتوگوزار دەتوانێت پارێزگاری لەم شوێنەوارانە بکات وەک رەگەزێکی گرنگی گەشتیاری.
لەبەر گۆڕینەوەی دراو لە نێوان وڵاتاندا کە بڕێکی باش پارەی جیاوازی بیانی دەستدەکەوێت، دەبێتە هۆی زۆربوونی پارەی جۆراوجۆر لە وڵاتدا ئەمەش ئابووری وڵات بەهێزتر دەکات، هەروەها گەشتوگوزار سەرچاوەی داهاتی زۆر خێزانە لەو ناوچانەی کە گەشتیاران ڕووی تێدەکەن و پاڵنەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و بەرزکردنەوەی داهات.
بۆ ئەم مەبەستە پەرلەمانی کوردستان لە بڕگەی پینجەمی ماددەی (٦)ی یاسای ژماره (9)ی ساڵی 2022 کە تایبەتە بە گەشتوگوزار بە ڕوونی باس لە سوودوەرگرتن لە دەستی کاری ناوخۆیی دەکات لە پڕۆژە و شوێنە گەشتیارییەکاندا و هاتووە، " بەگەڕخستنى دەستى کارى ناوخۆیى بەڕێژەیەک کە لە 75% کەمتر نەبێت، جگە لەو پڕۆژانەى کە پێویستى بە پسپۆڕى تایبەت و دەستى کارى شارەزا هەیە بەمەرجێک لە هەرێمى کوردستان بوونیان نەبێت."
ئەم یاسایە بەمەبەستی کەمکردنەوەی بێکارییە لەناو هەرێمی کوردستان بە سودوەرگرتن لە توانا و پسپۆڕی و شارەزاییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
کەرتی گەشتوگوزار سودی ئابوریی زۆری هەیە لەوانە:
هێنانە ناوەوە دراوی بیانی: گەشتیاران ڕاستەوخۆ پارە دەهێننە ناو وڵاتی میواندارەوە و دراوەکەش بیانییە، ئەمەش بەشداری دەکات لە پاڵپشتی دراوی ناوخۆیی و بەهێزکردنی یەدەگی دراوی بیانی وڵات.
دروستکردنی هەلی کاری زیاتر: کەرتی گەشتیاری کۆمەڵێک هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرفراوان دەڕەخسێنێت (وەک میوانداری، رێنماییکردنی گەشتیار، گواستنەوە و پیشەسازیی دەستی)، بەمەش ڕێژەی بێکاری کەم دەبێتەوە.
پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات: زیادبوونی ژمارەی سەردانکەران پاڵنەرە بۆئەوەی حکومەت هەوڵبدات بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی وەک ڕێگاوبان، فڕۆکەخانە، تۆڕەکانی پەیوەندی، و خزمەتگوزارییە گشتیەکان، ئەمەش سوودی بۆ هەردوو کەرتی گەشتیاری و دانیشتوانی ناوچەکە هەیە.
هاندانی کەرتەکانی تر: خەرجییەکانی گەشتیاری زیاتر لە کەرتێک و پیشەسازییە لاوەکییەکان هان دەدات، ئەمەش زیادبوونی خواستی ناوخۆیی دروست دەکات کە سوود بە کشتوکاڵ و پرۆسێسکردنی خۆراک و فرۆشتنی تاکەکەسی دەگەیەنێت..
زیادکردنی داهاتی حکومەت: حکومەت لە ڕووی داراییەوە سوودمەند دەبێت لە ڕێگەی باجی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کە لەسەر خزمەتگوزاری گەشتیاری (هۆتێل، چێشتخانە، کرێی چوونە ژوورەوە بۆ شوێنە سەرنجڕاکێشەکان) و کرێی چوونە ژوورەوە وەردەگیرێت.
راکێشانی وەبەرهێنی بیانی: گەشەی خواستی گەشتیاری هانی وەبەرهێنەران دەدات بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی نوێ (وەک هاوینەهەواری و سەنتەری کات بەسەربردن)، بەمەش ڕێژەی گەشەکردنی وڵات بەرز دەبێتەوە.
هەرێمی کوردستان چۆن کەرتی گەشتیاری بکات بە سەرچاوەی بەهێزی داهات؟
هەرێمی کوردستان دەتوانێت کەرتی گەشتوگوزار بکاتە یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی داهات، بەڵام ئەمە پێویستی بە ستراتیژییەکی درێژخایەن و چەند هەنگاوێکی هاوشانی یەکتر هەیە. هەرێم هەموو پێداویستییە سروشتی و مێژوویی و کولتوورییەکانی هەیە، بەڵام گرفتی سەرەکی لە بەڕێوەبردن و بەبازاڕکردنە.
هەرێمی کوردستان بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رابکێشێت بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە ناوچەیەکی ناسەقامگیرەوە، ئەویش بە نەهێشتنی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و زامنکردنی ئەمنییەتێکی تەواو لە ناوچە گەشتیارییەکاندا، هەروەها باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوەی و وڵاتانی دیکە، ئەمەش وێنەی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە باشتر پیشاندەدات و هۆکارە بۆئەوەی گەشتیار رووی تێبکات.
ئاسانکردنی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان لەرێگەی پێدانی ڤیزا و کەمکردنەوەی ئەو ئاستەنگانەی بۆ گەشتیاران دروست دەکرێت لەکاتی هاتنیان بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.
باشکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە و رێگاوبانەکان، گەشتوگوزار بە رێگاوبان و هێڵی گواستنەوەی خراپ گەشەناکات، دەبیت رێگاکان بۆ ئاستی مۆدێرن چاکبکرێن و هۆکارەکانی گواستنەوە ئاسان بکرێن، هەروەها فڕۆکەخانەکان و هێڵی فڕینی باش و ئاسان و سەلامەت پاڵنەری بەهێزی گەشەی گەشتیارین.
بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و جەلال تاڵەبانی فراوان بکات، هەروەها گەشتی راستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو و تورکیا زیاتر بکات.
هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری پێویستی بەوەیە رێبەری گەشتیاری بۆ شوێنە جیاوازەکان هەبێت، بۆ نمونە رێبەری گەشتیاری بۆ ناوچە شاخاوییەکان و ئاو و گەشتیارییە سروشتییەکان، ڕیبەری گەشتیاری بۆ شوێنە مێژوویی و کلتوریی و ناوچە شوێنەوارییەکان هەروەها رێبەری گەشتیاری بۆ ناوچە گەشتیارییە بەفری و زستانەییەکان.
کاری بە بازاڕکردن بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی گەشتیاری رۆڵی گرنگی هەیە لە راکێشانی گەشتیاردا، ئەمەش بەڕێگەی جیاواز دەکرێت بە سودوەرگرتن لە سۆشیاڵ میدیا، دروستکردنی براندی تایبەت بە گەشتیاریی کوردستان و سوودوەرگرتن لە ئینفلوێنسەرەکان و زۆر ڕێگەی تر.
هەرێمی کوردستان ئێستا بە هاتنی ملیۆنان گەشتیار دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ بەکارهێنانی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و ناردنی پارە لە عێراقەوە، ئەمەش بە گۆڕینی گەشتیاری بۆ ئابوورییەکی راستەقینە بەدانان و دروستکردنی چەندین شێوازی کارکردن و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا، فرۆشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە شوێنە گەشتیارییەکان و چالاککردنی بازاڕی گەشتیاری و هێنانی وەبەرهێنانی دەرەوە بۆ ناو ئەم کەرتە لە هەرێمی کوردستان.