لە ئێستادا کە جیهان بە خێرایی هەنگاو بەرەوە گۆڕانکاریی گەورەی سیاسی و ئابووری دەنێت، ئاشتی لە جیهاندا لە مەترسیدایە و دواین راپۆرت لەبارەی پێوەرە جیهانییەکانەوە باس لە پاشەکشەی بەردەوامی ئەو گەوهەرە بەنرخە دەکات.
بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگای ئابوری و ئاشتی جیهان (IEP) لەبارەی پیوەرەکانی ئاشتی لە وڵاتانی جیهاندا ئاشکرای دەکات کە دۆخی ئاشتیی جیهانی نیگەرانکەرە و ئاماژە بەوەدەکات کە ئاستی ئاشتی لە جیهاندا بۆ دوازدەیەمین ساڵ لەسەر یەک بەرەو خراپبوون دەچێت و لەم ساڵانەدا شەڕ و ململانێ چەکدارییەکان زیاتربوون بەراورد بە هەر ماوەیەکی تری دوای جەنگی دووەمی جیهانی.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات لەماوەی یەک ساڵدا ئاستی ئاشتی لە جیهاندا بەڕێژەی ٠.٧٪ دابەزیوە و لە کۆی ١٦٣ وڵات کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە ٩٩ وڵاتیان دۆخیان خراپتر بووە، تەنها ٦٢ وڵات بەرەو باشتر چوون. ئەمەش بەو واتایەی لە دوو دەیەی رابردوودا جیهان بەرەو نائارامی چووە و ١١٩ وڵاتی جیهان بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٨ نائارامترن.
پەیمانگای ئابوری و ئاشتیی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە شەڕ و ململانێی چەکداری هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ئاشتین لە جیهاندا. لە ساڵی 2025 زیاتر لە 181 هەزار کەس لە ململانێ و ئاڵۆزییەکاندا گیانیان لەدەستداوە. ئەو ژمارەیە بەرزترین و خراپترین ئاماری گیان لەدەستدانە لە بیست ساڵی رابردوودا. شەڕی سوودان، شەڕی ئۆکرانیا و هەروەها جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، گرنگترین هۆکارەکانی ئەم بارودۆخەن.
لە هەمان کاتدا راپۆرتەکە دەڵێت، ژمارەی ئەو وڵاتانەی تێوەگلاون لە ململانێ دەرەکییەکاندا، لە 59 وڵات لە ساڵی 2008 گەیشتووە بە 103 وڵات لە ٢٠٢٥دا. واتە نیوەی زیاتر لە وڵاتانی جیهان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداری یان پشتگیرییان لە شەڕێکی دەرەکی کردووە.
کوێ نائارامترین وڵاتە؟
لە ریزبەندیی ئەمساڵدا، ئیسلاند بۆ نۆزدەهەمین ساڵی یەک لەدوای یەک، وەک ئاشتیترین و ئارامترین وڵاتی جیهان دادەنرێت. نیوزیلەندا لە پلەی دووەمدا، دواتر سویسرا، سلۆڤینیا و ئیرلەندا دێن.
لە بەرامبەردا، روسیا بە نائارامترین وڵاتی جیهان دێت، دوای ئەو سودان، کۆنگۆی دیموکرات، ئۆکرانیا و ئیسرائیل لە کۆتایی ریزبەندییەکەدان.
هەروەها رۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاش، هەر وەک ساڵانی پێشوو، بە نائارامترین ناوچەی جیهان ماوەتەوە، لە کاتێکدا ئەوروپای رۆژئاوا و ناوەڕاست هەر ئارامترین ناوچەی جیهانن.
بەرزبوونەوەی ئاستی خەرجییە سەربازییەکان
یەکێک لە دیاردە نیگەرانکەرەکانی ناو راپۆرتەکە، بەردەوامییە لە زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکاندا. بە پێی داتاكان، خەرجیی سەربازیی جیهان بۆ ١٠یەمین ساڵی یەک لەدوای یەک لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە نزیکەی 2.9 تریلیۆن دۆلار. نزیکەی 97 وڵات خەرجیی بەرگرییان زیاد کردووە، لە کاتێکدا تەنها 44 وڵات ئەو خەرجیانەیان کەم کردووەتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەدات کە زۆربەی ئەم زیادبوونە لە وڵاتانی ئەوروپا روویداوە، بە تایبەتی دوای بەردەوامبوونی شەڕی ئۆکرانیا و زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان.
یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە قورسەکانی ئەم شەڕانە، زیادبوونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانە. راپۆرتەکە دەڵێت تا کۆتایی ساڵی 2025 زیاتر لە 117 ملیۆن کەس بە زۆرملێ و شوێنەکانی خۆیان بەجێهێشتووە، ئاماژە بەوەشدەکات کە ئێستا لە هەر 67 کەسێکی سەر زەوی یەک کەس ئاوارەیە. ئەم ژمارەیە لە مێژووی نوێدا بەرزترین ئاستی دەربەدەربوون و ئاوارەییە.
سوودان بە تەنها، بە گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهانی دادەنرێت، چونکە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆی وڵاتەکە بوون.
لێکۆڵەرانی دامەزراوەی IEP بارودۆخی ئێستای جیهان بە "پەرشوبڵاوی گەورە" ناودەبەن. بەپێی ئەو تێڕوانینە، جیهان لە دوای قۆناغی جەنگی سارد و دوای ئەوەش قۆناغی بەجیهانیبوون، ئێستا چووەتە ناو قۆناغێکی نوێ کە تیایدا هێزە گەورەکان و هێزە ناوەندییەکان لەسەر هەژموون و دەسەڵات رکابەری دەکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هێزی ئابووریی و سیاسیی وڵاتانی ناوەندی وەک تورکیا، ئیمارات، ئیندۆنیسیا و مەکسیک بەردەوام لە زیادبووندایە، لە کاتێکدا ڕۆڵی هێزە ئەوروپییە گەورەکان وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
زیرەکیی دەستکرد و داهاتووی شەڕ و ئاشتی
بەشێکی گرنگی ڕاپۆرتەکەی پەیمانگای ئابوری و ئاشتیی جیان تەرخان کراوە بۆ کاریگەریی زیرەکی دەستکرد (AI) لەسەر شەڕ و ئاشتی. بەپێی داتاكان، هێرشی درۆنەکان لە نێوان ساڵانی 2018 تا 2025 نزیکەی 115 هەزار لە سەد زیاد بووە و 565 گرووپی چەکدار بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکەیان تۆمارکردووە.
هەروەها ماوەی نێوان دیاریکردنی ئامانج و لێدانی، کە لە دەیەی 1990دا نزیکەی یەک ڕۆژ بوو، ئێستا لە هەندێک سیستەمی نوێدا گەیشتووە بە تەنها پێنج چرکە.
راپۆرتەکە هۆشداری لەم گەشەکردنە دەدەن، ئەگەر بە یاسا و چاودێریی نێودەوڵەتییەوە پابەند نەکرێت، دەتوانێت هەڕەشەیەکی گەورە بێت بۆ ئاسایشی جیهانی و مافی مرۆڤ.
ڕاپۆرتەکە هەروەها بە وردی باس لە کاریگەرییەکانی شەڕی ئێران دەکات. بە پێی هەڵسەنگاندنەکان، ئەگەر شەڕەکە درێژەی بکێشێت، دەتوانێت زیاتر لە 0.6% لەئاستی پێوەرەکانی ئاشتیی جیهان کەمبکاتەوە. بەڵام ئەگەر دیپلۆماسییەت سەرکەوتوو بێت و پەرەسەندنی شەڕ ڕابگرێت، جیهان دەتوانێت نزیکەی 2.2 ترلیۆن دۆلار سوود وەرگرێت.
راپۆرتی ئاشتی جیهانی 2026 وێنەیەکی ڕوون لە جیهانێک دەخاتەڕوو کە بەردەوام بەرەو زیاتر سەربازیبوون، پەرشوبڵاوی سیاسی و پەرەسەندنی ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی دەڕوات. شەڕەکان تەنها ژیانی هەزاران کەس ناکەنە قوربانی، بەڵکو کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئابووریی جیهان، کۆچبەری و ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنێن.