لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ناوی «ئەسیکۆدا» زۆرتر لە هەر کاتێکی تر لە گومرگەکان، بازاڕ و دانیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بیستراوە. بەڵام ئەم سیستمە چییە و بۆچی جێبەجێکردنی ئەوەندە گرنگە؟
ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی نێودەوڵەتییە بۆ بەڕێوەبردنی کارە گومرگییەکان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دروستکراوە زیاتر لە 100 وڵات پەیڕەوی دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم سیستمە بەدیجیتاڵکردنی هەموو پرۆسەی گومرگ کردنە، لە تۆمارکردنی زانیاریی کاڵا و هەژمارکردنی باج و گومرگەوە تا گەیشتن بە دەرکردنی مۆڵەت بۆ چوونە ژوورەوەی کاڵاکان بۆ ناو وڵات. واتە لە جێی ئەوەی مامەڵەکان کاغەز و بە دەستی ئەنجامبدرێن، زانیارییەکان لە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیدا تۆمار دەکرێن.
پشتیوانانی ئەسیکۆدا پێیان وایە ئەم سیستمە دەتوانێت گەندەڵی و دەستکاری لە گومرگەکاندا کەمبکاتەوە، چونکە هەموو مامەڵەکان بە شێوەی ئۆتۆماتیکی تۆمار دەکرێن . هەروەها حکومەتی عێراق دەڵێت ئەسیکۆدا یارمەتی زیادبوونی داهاتی گومرگی دەدات و ڕێگە لە بەفیڕۆدانی باج و قاچاخیی کاڵا دەگرێت.
لە عێراقدا جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا دەستی پێکردووە و بەغدا ئەوە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چاکسازی سیستەمی گومرگی و یەکخستنی دەروازە سنوورییەکان دەزانێت. بەڵام لە بەرامبەردا هەندێک بازرگان و کۆمپانیا هەن کە نیگەرانن لەوەی جێبەجێکردنی سیستەمەکە ببێتە هۆی درێژبوونەوەی ماوەی راگرتنی کاڵا لە سنوورەکان و زیادبوونی تێچووی هاوردەکردن.
پرسی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستانیش بووەتە بابەتێکی گرنگی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا. دوای چەندین مانگ گفتوگۆ و ناکۆکی، هەردوو لایەن گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم، بەو مەرجەی کە تایبەتمەندییەکانی بەڕێوەبردنی گومرگ لە هەرێم پارێزراو بمێننەوە و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو حکومەتدا هەبێت.
بە پێی سەرچاوەیەکی تایبەت لەو لیژنەیەی بۆ دانوستان بەغدایە بە ڤیژن پرێسی رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەو رەشنووسەی لە بارەی سیستەمی ئەسیکۆداوە ئامادەکراوە واژۆی لەسەر دەکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا سیستەمەکە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت، سەبارەت بە گرانبوونی نرخی شمەک و پێداویستیی هاوڵاتییان لە جێبەجێکردنی سیستەمەکدا باسی لەوەکرد، هەندێک شمەک گران دەبن و هەندێک هەرزان دەبن، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە، دەبێتە هۆی جێگیربوونی نرخەکان و رێگریکردن لە بە قاچاخبردن و نەمانی ئەو خاڵی پشکنینانەی لە نێوان هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراقدا هەیە.
لەلایەکی ترەوە، مستەفا عەبدورەحمان، سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردەکاران و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە ڤیژن پرێس وتی، لە عێراقدا گرنگترین کاریگەریی ئەم سیستمە پەیوەستە بە پێناسە گومرگییە نوێیەکەی حکومەت، کە لە سەرەتای ساڵی 2026 جێبەجێکرا و بووەتەهۆی زیادبوونی نرخی زۆرێک لە کاڵاکان. وتیشی، هەر کاتێک ئەسیکۆدا لە هەرێم چالاک بکرێت، ئەو پێناسە و نرخانەش بە شێوەی ئۆتۆماتیکی دەخرێنە ناو سیستمەکەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەم سیستمە وردبینییەکی زۆر لە مامەڵە گومرگییەکاندا دەکات و بوار بۆ چاوپۆشی و هەڵسەنگاندنی نائاسایی کەم دەکاتەوە. جاران لە هەندێک حاڵەتدا گومرگی هەموو کاڵاکانی ناو یەک کۆنتێنەر بە یەک نرخ هەژمار دەکرا، بەڵام لە ژێر ئەم سیستەمەدا هەر کاڵایەک بە پێی پۆلێن و نرخی خۆی هەژمار دەکرێت.
هاوکات، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە ڤیژن پرێسی راگەیاند، ئەسیکۆدا خۆی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان نییە، بەڵکو سیستمێکە بۆ ڕێکخستن و تۆمارکردنی پرۆسەی هاوردە و هەناردە، هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی کاڵاکان گۆڕانکارییەکانی پێناسە و رەسمی گومرگی و سیستمی باجە، کە حکومەتی عێراق لە ساڵی 2026 زیادیکردوون. ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆربەی کاڵا و کەلوپەلەکان بە ڕێژەی 15% تا 30% رەسمی گومرگییان بەرزکراوەتەوە، هەرچەندە لە خواردن و دەرماندا ئەم زیادکردنانە سنووردارترن. دەشڵێت، هێشتا ئەم ڕەسمە نوێیانە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراون، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا، سیستەمی نوێ و پێناسە گومرگییەکان لە هەرێمیش پەیڕەو بکرێن.
بە کورتی، ئەسیکۆدا تەنها سیستمێکی کۆمپیوتەری نییە، بەڵکو بەشێکە لە هەوڵەکانی عێراق بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی گومرگ و یەکخستنی مامەڵە دارایییەکان؛ پرۆژەیەک کە سەرکەوتن یان شکستی دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازرگانی، داهاتی دەوڵەت و نرخەکانی بازاڕ هەبێت.