ڤیژن پرێس
لە سەردەمێکدا کە خێرایی گواستنەوەی زانیاری بڕبڕەی پشتی هەموو پێشکەوتنێکی جیهانییە، دانیشتووانی زۆرێک لە ناوچە دوورەدەستەکان، چیا بڵندەکان و گوندنشینەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانێک بوو بە دەست لاوازیی خزمەتگوزاری ئینتەرنیت و نەگەیشتنی فایبەرئۆپتیکەوە دەیانناڵاندن.
ئەمڕۆ وێنەکە بە تەواوی گۆڕاوە، چونکە واژۆکردنی رێککەوتنێکی مێژوویی لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای سپەیس ئێکس، دەروازەیەکی نوێی بۆ بەستنەوەی ناوچەکە بە تۆڕی ئینتەرنێتی جیهانییەوە کردەوە.
لە 17ـی تەممووزی 2026 و لە چوارچێوەی سەردانی فەرمی شاندی حکومەتی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی لووتکەی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکی-عێراقی لە واشنتۆن، رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق و کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە خاوەندارێتی ستارلینک دەکات، واژۆ کرا.
بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان: مۆڵەتی فەرمییە دراوە بە کۆمپانیاکە تاوەکو لە ناو خاکی عێراق بە شێوەیەکی یاسایی، رێکخراو و بەفەرمی دەست بە چالاکییەکانی بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنرێت بە کێشەی دابڕانی تەکنەلۆژی لەو ناوچانەدا کە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان پێناگات.
ئینتەرنێتەکە کەوتووەتە کار؟
د. جەمال ئەحمەد بەرزنجی، بەرێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە ڤیژن پرێس ئاماژەی بەوەکرد: ستارلینک هێشتا مۆڵەتی فەرمی بە هیچ بریکارێک نەداوە، لە عێراق و هەرێم لە قۆناغی کۆتایی ڕەزامەندی و واژۆکردنی گرێبەستدایە، "فرۆشتنی ئامێرەکان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بێ مۆڵەتە و بەکارهێنەران بێبەش دەکات لە پشتگیریی فەرمی و چارەسەرکردنی کێشەکان. بۆیە حکومەت هۆشداری دەدات لەو جۆرە کڕین و فرۆشتنانە تا کاتێک کارەکان بە شێوازە فەرمی و ڕێپێدراوەکە تەواو دەبن".
وتیشی :"ئەم خزمەتگوزارییە لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە دابین دەبێت و پێویستی بە سەحن و ڕاوتهر هەیە بۆ وەرگرتنی هێڵەکە، خێرایی هێڵەکە لە نێوان 50 بۆ 100 مێگابایت لە چرکەیەکدایە، نرخی ئامێرەکەی تا 750 دۆلارە و بەشداریی مانگانەش لە 50 دۆلارەوە دەستپێدەکات".
لە بەرامبەردا فرۆشیارێکی بواری ئینتەرنێت، کە خۆی پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە بە پاساوی ئەوەی "هێشتا کارەکانیان فەرمی نییە" لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڤیژن پرێس ئاشکرای کرد، راستە خزمەتگوزاریی ستارلینک هێشتا لە هەرێمی کوردستان بەردەست نییە، بەڵام بەکارهێنەران بۆ چالاککردنی خزمەتگوزارییەکە پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی هەژمار لەسەر وڵاتانی دەرەوە وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئوردن، ڤێتنام، هۆڵەندا و جۆرجیا، کە تێچووی پرۆسەی دروستکردنی ئەم هەژمارانە بەپێی وڵاتەکە لە نێوان 75 بۆ 150هەزار دیناردا دەگۆڕێت.
بە وتەی سەرچاوەکە، تێچووەکانی دیکەی وەک، نرخی کڕینی ئامێرەکە لە بازاڕدا بە 899 هەزار دیناری عێراقی دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا کرێی بەشداریکردنی مانگانەی هێڵەکە لە 150 هەزار دینار و بەرەو زیاتر دەست پێدەکات.
لەگەڵ ئەوەی لە سۆشیال میدیا ریکلام بۆ ئامێرەکانی ئینتەرنێتی ستارلینک دەکرێت، بەڵام هاوشێوەی لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن لە هەرێم، رۆژی 7ی ئابی 2026، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند؛ کۆمپانیای ستارلینک هیچ بریکارێکی فەرمیی لە عێراقدا نییە. هەر بانگەشەیەک بۆ نوێنەرایەتیکردن یان فرۆشتنی ئامێرەکانی ئەو کۆمپانیا جیهانییە، ریکلامێکی چەواشەکارانەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی دەکرێنەوە.
ئامانجی گرێبەستی عێراق لەگەڵ ستارلینک
بەپێ راگەیەندراوی فەرمی کۆمپانیاکە کە پۆرتاڵێکی بە زمانی عەرەبی کردووەتەوە؛ هاتنی ستارلینک بۆ ناوچەکە چەندین ئامانجی گەورەی هەیە، دیارترینیان پڕکردنەوەی کەلێنی ناوچە گوندنشینەکان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ناوچە شاخاویی و گەشتیارییەکانە، هاوکات بۆ بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە فەرمی و بانکییەکان و پشتیوانیکردنی سیستەمی دراوی ئەکترۆنی بانکی، بوونی هێڵێکی ئینتەرنێتی بێپچڕان مەرجێکی سەرەکییە کە ستارلینک دابینی دەکات.
هاتنی ستارلینک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەنگاوێکە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستە جوگرافی و تەکنەلۆجییەکان و سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا تێچووی ئامێرەکان و بەشداربوونی مانگانە بۆ هەندێک بەکارهێنەر ڕەنگە زۆر بێت، بەڵام بۆ ئەوانەی پێویستیان بە پەیوەندییەکی خێرا، متمانەپێکراو و نەپچڕاو هەیە، ئەمە وەرچەرخانێکی مێژووییە.
کارکردنی ستارلینک چۆنە؟
پڕۆژەی ستارلینک بەرهەمی کۆمپانیای ئەمریکی سپەیس ئێکسە، کە لەلایەن ئیلون مەسکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و ناوەندی کارگێڕی و سەرەکییەکەی دەکەوێتە شاری هۆسۆتۆن لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. پڕۆژەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی لە ساڵی 2020ـەوە، تۆڕەکەی بە جیهاندا بڵاوکردووەتەوە و لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکانی لە زیاتر لە 160 وڵات و هەرێم کارا کردووە، بە جۆرێک، کۆی ژمارەی بەشداربووە چالاکەکانی لە جیهاندا لە 12 ملیۆن بەشداربووی تێپەڕاندووە.
کۆمپانیای ستارلینک بڵاوی کردووەتەوە: جیاواز لە هێڵە کۆنەکانی مانگی دەستکرد، کە لە دووریی نزیکەی 35 هەزار و 786 کیلۆمەتر لە سەرووی زەوییەوە دەسوڕانەوە و کێشەی خاوییەکی زۆریان هەبوو، ستارلینک پشت بە خولگەی نزمی زەمینی دەبەستێت. مانگە دەستکردەکان تەنها لە بەرزیی نێوان 540 بۆ 570 کیلۆمەتر لە ئاستی رووی زەوییەوە دەسوڕێنەوە و هەر مانگێک بە خێراییەکی نزیکەی 27 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەخولێتەوە. بەهۆی ئەم نزیکبوونەوەیەوە، رێگە بە بەکارهێنەران دەدات یارییە ئۆنلاینەکان بکەن و پەیوەندی ڤیدیۆیی کوالێتی بەرز ئەنجام بدەن، هەروەها مانگە دەستکردەکان بە تیشکی لەیزەری پێکەوە گرێدراون و توانای گواستنەوەی داتایان هەیە تاوەکو ئاستی 100 بۆ 200 گێگا بایت لە چرکەیەکدا.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری و نرخە دیاریکراوەکان بۆ بەشداربووان، سایتی فەرمی کۆمپانیای ستارلینک بۆ عێراق بڵاوی کردووەتەوە: تێچووی سەرەتایی کڕینی ئامێرەکە، کە لە سەحنی وەرگر (ئەنتێنای زیرەک) و ڕاوتەری وایفای پێکدێت، لە 350 دۆلارەوە دەست پێدەکات. هاوکات، نرخی بەشداریکردنی مانگانە بۆ پاکێجی بێسنووری ماڵان، کە خێرایی بنەڕەتییەکەی دەگاتە 100 مێگابایت لە چرکەیەکدا، نزیکەی 87 دۆلارە؛ ئەم بڕەش لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بەرامبەر نزیکەی 131 هەزار دیناری عێراقییە.
جیاوازییە سەرەکییەکەی نێوان ستارلینک و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئینتەرنێت لە عێراق وەک فایبەر ئۆپتیک، 4G، وایەرلێس لە شێوازی گەیاندنی داتاکاندایە. کۆمپانیاکانی ناوخۆ پشت بە تۆڕێکی زەمینی دەبەستن، لە کاتێکدا ستارلینک راستەوخۆ لە ئاسمانەوە پەیوەست دەبێت و پێویستی بە کێبڵ نییە لەو ناوچانەی ئینتەرنێتی تێدا بەردەست دەخرێت.