رۆژی 11ی نیسان بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکراوە، مەبەستی دانیشتنەکە دەنگدانە لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختدەکاتەوە لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنەکە لە کاتی خۆیدا، لایەنەکانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی شەممە ١١ـی مانگ دەنگدان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەڕێوەدەچێت و هەر پەرلەمانتارێکیش ئامادە نەبێت ناوی بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
دانەر عبدولغەفار وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ڤیژن پرێس باسی لە هەڵوێستی حزبەکەی کرد بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە و بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکەدا و وتی، “هیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی دانیشتنی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، وا بڕیارە چەند کۆبونەوەیەک لەگەڵ لایەنەکان بکەین و وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی ناوخۆیی دەکەین، دواتر لە دوو رۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر بەشداریکردن یاخود نەکردن دەدەین”.
سەرچاوەیەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڤیژن پرێسی رایگەیاند، “وەک یەکێتی بەشداردەبین لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار”، هەروەها دانیشتنەکەی بە گرنگ وەسفکرد بۆ بەدەستهێنانی پشکەکانی کورد لە بەغدا.
لەلایەکی ترەوە رێبوار کەریم سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ڤیژن پرێس ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی رابردوودا کورد بە رێگر لە پێکهێنانی تەواوکارە دەستورییەکان ناوی دەهێنرا بە مانایەکی تر کورد رێگربووە لە ئەنجامدانی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە گرنگە ئەو تۆمەتە لەسەر خۆی لاببات، وتیشی، بە هۆی کارکردن بە عەقڵیەتی گەورە و بچوک رێککەوتن لەسەر یەک کاندید نەکراوە، ئەم رێکنەکەوتنەش کاریگەریی گەورەی لەسەر پێگەی کورد هەبووە و دەشیبێت لە داهاتوودا.
هاوکات، مەحمود ئەلحەیانی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە لێدوانێکدا پێداگری لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار کردەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، جەختی لەوەشکردووەتەوە، کە هیچ نیازێک نییە دانیشتنەکە لە هیچ بارودۆخێکدا دوابخرێت و جێگای پرسیار نییە.
جگە لەوەی لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیووە رێکبکەون و یەک کاندیدی هاوبەشیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت و هەر لایەنێکیان کاندیدی خۆیان هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیش تا ئێستا لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلایی نەبوونەتەوە و نەگەیشتوونەتە رێکەوتنی تەواو.
لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان و تەواونەکردنی رێژەی یاسایی نەتوانراوە سەرۆککۆماری داهاتوو هەڵبژێردرێت، لە دوای دەنگدان لەسەر سەرۆککۆمار، بەپێی دەستوور سەرۆککۆماری نوێ 15 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ راسپاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت، رەنگە لە کۆتا ساتەکاندا بە مەبەستی دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش بۆ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەرفەتێکی تر بە لایەنەکان بدرێت، یاخود بۆ ئەنجامنەدانی دانیشتنەکە پەنا بۆ بایکۆت ببرێت.