ڤیژن پرێس

دوای وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی، سەرۆکایەتی کۆمار، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دەرەوە، کورد ژمارەیەک پۆستی دیکەی سیادی و وزاریی لە بەغدا وەردەگرێت و لە یەک کاتدا نەوەی نوێ سێ پۆستی لە بەغدا وەرگرت. پارتیش وەزارەتێک و جێگرێکی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت.

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینە وزارییەکەی عەلی زەیدی کۆببێتەوە. کارنامەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان تەنیا یەک بڕگەی لەخۆگرتووە، ئەویش دەنگدان و بەخشینی متمانەیە بە کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆک وەزیران و وەزارەتە بەتاڵ و نوێیەکان.

لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و پێدانی متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە، بەشێک لە وەزارەتەکان بە بەتاڵی مابوونەوە و پێویستیان بە گۆڕانکاریی هەبوو، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ هێنانەکایەی چەند وەزارەتێکی نوێ.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە رێگەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانی و فراکسیۆنە جیاوازەکاندا، لیستێکی کۆتایی لە کاندیدەکان ئامادە کردووە و ناردوویەتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی.

زەیدی داوای متمانە دەکات

سەبارەت بە لیستی کاندیدانی نوێی پۆستە وزارییەکان، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڤیژن پرێس ئاشکرای کرد؛ پەیوەندی بە ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کراوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ناوی کاندیدەکان نەگەیشتووەتە دەست سەرۆکایەتیی پەرلەمان. 

ووتیشی: "سەرۆک وەزیران بە فەرمی داوایکردووە پرۆسەکە بەپێی پلان بەڕێوەبچێت، چونکە هۆکاری دواکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاریی لە کاندیدەکان و چاوەڕوان دەکرێت تا سبەینێ پێنجشەممە ناو و سیڤی سەرجەم کاندیدەکان بە فەرمی بگەنە پەرلەمان."

هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی رێکارەکان بۆ هەر پۆستێک دوو تا سێ کاندید دەدرێت بە سەرۆک وەزیران تا یەکێکیان هەڵبژێرێت و ئاڕاستەی پەرلەمانی بکات.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمانیش، پێشبینیکرد نیسابی یاسایی دەستەبەربێت، "چونکە پۆستەکان بەپێی شایستە و رێککەوتنی پێشوەختەن پڕدەکرێنەوە."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، ناوی چەند کاندیدێکی بۆ پۆستە وزارییەکان ئاشکرا کرد، لەوانە دیاریکردنی یاسر مالیکی بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، نایف شەمەری بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، محەممەد تەمیمی وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق.

پشکی کورد لە پۆستەکانی عێراق

دەربارەی پشکی پێکهاتەی کورد لە سەرۆکایەتییەکان و حکومەتی نوێدا، هاوڕێ تۆفیق، راوێژکار و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە لێدوانێکی بۆ ڤیژن پرێس رایگەیاند؛ ئەو وەزارەتانەی کە ماونەتەوە و پڕ نەکراونەتەوە، تایبەتن بە قەوارە سیاسییەکان و پێشتر رێککەوتنیان لەسەر کراوە.

وتیشی: "کورد بەپێی شایستەی کورسییەکانی خۆی پشکی وەرگرتووە؛ پێشتر پۆستەکانی سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە، وەزیری ژینگە، وەزیری داد و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، لە کۆبوونەوەکەی سبەینێشدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە وەردەگرێت."

ئاماژەی بەوەکرد؛ کاندیدەکانی کورد بۆ کابینەکەی عەلی زەیدی بریتین لەرێباز حەملان، بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بەنگین رێکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە هەردووکیان لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن و لە چوارچێوەی جێگرەکاندا جێگرێک بەر کورد دەکەوێت.

سێ پۆست بۆ نەوەی نوێ

هاوتەریب لەگەڵ پڕکردنەوە و گۆڕانکارییەکان، ژمارەیەک پۆستی دیکە دراون بە کاندیدانی کورد لەوانە: عومەر مامە کوردە، وەک بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق، سیپان ئامێدی، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق. ئۆمید محەمەد، وەک راوێژکار لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، سەرجەمیان کاندیدی نەوەی نوێ بوون و ئەو پۆستانەیان پێدراوە.

لیستی ناوی کاندیدە پێشنیازکراوەکان 

بەپێی زانیاریی میدیا عێراقییەکان و بەرپرسانی سیاسی، ناوی کاندیدە پێشنیازکراوەکان بۆ وەزارەتە بەتاڵ و نوێیەکان بەسەر لایەنەکاندا بەمجۆرە دابەشبوون: یاسر مالیکی بۆ وەزارەتی ناوخۆ (دەوڵەتی یاسا). نایف شەمەری، بۆ وەزارەتی بەرگری. محەممەد تەمیمی، بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران. محەممەد ساحێب دەڕاجی، لە هاوپەیمانیی خزمەتگوزاریی بۆ وەزارەتی زیرەکیی دەستکرد. سەفا کینانی، لە رەوتی حیکمە بۆ وەزارەتی لاوان و وەرزش. محەممەد موسەوی، بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و حەیدەر بەها بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر پشکی سادیقوون. محەممەد عەلی نوعەیمی، لەسەر پشکی لایەنە سوننەکان بۆ وەزارەتی پلاندانان. هەروەها زەید عەلی، لەسەر پشکی سوننەکان بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و عەلی دوخەیلی، بۆ وەزارەتی گەشتوگوزار. 

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ڤیژن پرێسی وت؛ سەبارەت بە هاوپەیمانییەکانی عەزم و حەسم لە لایەنە سوننیەکان دوو وەزارەتیان بەرکەوتووە و شایستەی خۆیان پێشکەش دەکەن، بەڵام لایەنە شیعەکان لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا داوای زیادکردنی وەزارەتێکی دیکەیان کردووە.

چاکسازیی دارایی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان

بۆ رێگرییکردن لە دروستبوونی بارگرانیی دارایی لەسەر خەزێنەی گشتی، بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرجەم جێگرەکانی سەرۆک وەزیران لە وەرگرتنی مووچە و دەرماڵەی تایبەت بێبەش دەبن و هیچ دامەزراندنێکی نوێ بۆ نووسینگەکانیان ناکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی کردەیی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان هەژمار دەکرێت.

دانیشتنەکەی سبەینێ 15ی تشرینی یەکەمی 2026، بە وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت بۆ تەواوکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پڕکردنەوەی پۆستە وزارییەکان لە عێراقدا.

لەوبارەیەوە هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت؛بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پۆستەکان بەپێی بەرکەوتە و رێککەوتنیسیاسیی پێشوەختەی نێوان پێکهاتەکان دابەشکراون، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی یاسایی تەواوبێت و زۆربەی ئەو ناوانە متمانەی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن.