ڤیژن پرێس

دوای نۆ رۆژ لە وەستانی، رۆژی یەکشەممە یەکەم گەشتی ئاسمانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بەپێچەوانەوە ئەنجامدرا، ئەم گەشتە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان بەغدا و واشنتندایە، کە رێگەی بە 40 گەشتی ئێرانی لە رۆژێکدا داوە بۆ سەردانیکەرانی ئاینی ئەو وڵاتە بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.

رۆژی 8ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا36  کەس و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانی سزادا. وەک بەشێک لە پرۆسەی پەراوێزخستنی ئابووریی(Economic Outcast)  بۆ کەمکردنەوەی توانای کەرتی فڕۆکەوانی ئێران، بە بۆچوونی ئەمریکا ژمارەیەک کۆمپانیا و فڕۆکەخانە لە گواستنەوەی چەک، کەس و کەلوپەلە نایاساییەکاندا بەکاردهێنرێن. 

ئەمریکا هۆشداریدا بە کۆمپانیا بیانییەکان هاوکارییکردنی هێڵە ئاسمانییە سزا دراوەکانی ئێران مەترسی سزای لاوەکی و سنووردارکردنیان لە سیستمی داراییی جیهانی لەسەر دروست دەکات.

سزاکانی ئەمریکا لەسەر گەشتی ئاسمانی

لە 25ـی ئەیلوول، گەشتەکانی نێوان ئێران و فڕۆکەخانەکانی عێراق- لەوانە بەغدا، نەجەف، هەولێر و سلێمانی - وەستان. کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەکان ترسیان هەبوو ئەگەر خزمەت بە هێڵە ئاسمانییە سزا دراوەکانی ئێران بکەن، تووشی سزای ئەمریکا ببن. بۆیە فشارەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر توانای گەشتە ئاسمانییەکان داناو گەشتەکان راگیران.

عێراق چی کرد بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان؟

لە 26ـی ئەیلوول، حکومەتی عێراق گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ واشنتن دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی بۆ گەشتی تایبەت لە دەرەوەی سزاکانی ئەمریکا. 

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەدوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕێن بۆ گەشتە پەیوەندیدارەکان بە چارەسەری نەخۆشی، خوێندن، سەردانی ئایینی و پێداویستییە مەدەنییەکان.

رێگەچارەی یەکەم

لە 29ـی ئەیلوول، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: واشنتن رێگەچارەیەکی تایبەت و کاتی بۆ هۆڵی فڕۆکەوانیی عێراقIraqi Airways  دابینکردووە تا بتوانێت لە نێوان عێراق و ئێران گەشت بکات، ئەم مۆڵەتە بۆ یەک مانگ بوو، گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و مۆڵەتەکە بە تایبەتی بۆ گەشتی هاووڵاتیانی ئێرانی و زیارەتکاران دانراوە. کەلوپەلەکانیش سنووردار کراوون بە بابەتە کەسییەکان و کەلوپەلە پێویستەکان بۆ سەلامەتی فڕۆکە؛ هەروەها گواستنەوەی پارەی زۆر، کەلوپەل بۆ دامەزراوەی هەواڵگریی، سەربازیی یان ئەمنییەکانی ئێران و کەسانی سزادراو قەدەغە دەبێت. 

بۆچی تەنها نەجەف؟

شاری نەجەف تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە: شارێکی سەرەکیی زیارەتە شیعەکانە و هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێران دەچنە ئەو شارە بۆ سەردانیکردنی شوێنە ئاینییەکان، بە پێچەوانەوە عێراقییەکانیش بۆ شارە ئایینییەکانی ئێران دەچن. بۆیە بەغدا توانای ئەوەی هەبوو کە داواکارییەکە بە بابەتی ئازادیی ئایینی و گەشتی مرۆیییەوە پەیوەست بکات. 

سکۆت پسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی 1ـی تشرینی یەکەمی لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆیان لەسەر کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا لەسەر زیارەتی شیعەکان بۆ نەجەف کرد.

گۆڕینی هەڵوێستی ئەمریکا 

گرنگترین گۆڕانکاریی لە 2ـی تشرینی یەکەم روویدا؛ نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەغدا لەگەڵ واشنتن گەیشتوونەتە رێککەوتن کە رێگە بە هێڵە ئاسمانییە ئێرانییەکان دەدات تاوەکو 40 گەشت لە رۆژێکدا بۆ نەجەف و لە نەجەفەوە بۆ ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام کۆمپانیای (Mahan Air) لەو رێگەدانە بەدەرکراوە.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوپاسی وەڵامی ئەرێنی حکومەتی ئەمریکای کرد و ئەو هەنگاوەی بە ئاسانکردنی گەشتی کەسانی نەخۆش، زیارەتکاران و گەشتیاران وەسفکرد.

زەیدی چی ووت؟

عەلی زەیدی لە راگەیاندراوێکدا لە بارەی دۆزینەوەی ئەو دەرچەیەوە وتوویەتی: گەشتە ئاسمانییەکان تەنیا گواستنەوەی نێوان دوو فڕۆکەخانە نیین، بەڵکو پردێکن بۆ پەیوەندی نێوان گەلان. عێراق لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی خۆیدا بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و پەیوەندییە هاوسەنگەکان لەگەڵ وڵاتان لەبەرچاو دەگرێت.

رۆڵی فوئاد حسێن

فؤاد حسین، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵسکۆت پسێنت لە واشنتن رایگەیاند: گەڕانەوەی گەشتەکان پەیوەندی بە رێزگرتن لە ئازادیی ئایینی و ئاسانکردنی گەیشتن بە شوێنە پیرۆزەکان هەیە.

وتیشی: "تێگەیشتنی ئەمریکا لە گرنگیی نەجەف و گەشتی زیارەتکاران دەبێتە بنەمای پەیوەندییەکی بەهێزتر لە نێوان واشنتن و بەغدا لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش."

هەڵوێستی ئێران

سەبارەت سزاکانی ئەمریکا، بەرپرسانی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایانکرد، گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەکی ئاسایی بگەڕێنەوە.

ئاماژەیان بەوەکرد؛ سنووردارکردنی گەشتەکان کێشە بۆ زیارەتکاران، نەخۆش، خوێندکار و بازرگانان دروست دەکات، ئەوەش لێکەوتەی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکایە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.

یەکەم فڕۆکەی ئێرانی گەیشتە نەجەف

لە 4ـی تشرینی یەکەم، فڕۆکەیەکی ئێرانی لە کۆمپانیای Caspian Airlines  لە مەشهەد بەرەو نەجەف فڕی و بوو بە یەکەم فڕۆکەی ئێرانی دوای 9 رۆژ لە راگرتنی گەشتەکان، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف. 

بەدەرکردنی نەجەف لە سزاکان

هۆکاری ئایینی: نەجەف یەکێکە لە گرنگترین ناوچە پیرۆزەکانی جیهانی شیعە و رووگەی ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێرانییە. پێش وەستاندنی گەشتەکان، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشت لە ئێرانەوە بۆ نەجەف ئەنجام دەدرا، بۆیە کاریگەریی وەستاندنی گەشتەکان لەسەر گەشتی زیارەتکارانی شیعە ئێرانییەکان زۆر بوو.

هۆکاری مرۆیی: بەغدا لە گفتوگۆکانی لەگەڵ واشنتن جەختی لەوە کردەوە، وەستاندنی گەشتەکان تەنها زیان بە زیارەتکاران ناگەیەنێت، بەڵکو کەسانی نەخۆش، خوێندکاران و ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بۆ پێداویستییە مرۆیی و مەدەنییەکان گەشت دەکەن. بۆیە داواکاریی عێراق بەشێکی لەسەر بنەمای پێداویستییە مرۆییەکان لەبەرچاوگیراوە.

هۆکاری سیاسی: عێراق لە نێوان دوو پەیوەندیی گرنگ، لەگەڵ واشنتن و تاران، هەوڵی هاوسەنگی دەدات و نایەوێت لە یەکێکیاندا تووشی کێشە بێت. بۆیە بەغدا لەبری داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان، داوای رێگەچارەیەکی بەدەرکردن و سنوورداری کرد تا بتوانێت گەشتەکانی نەجەف بگەڕێنێتەوە.

هۆکاری تەکنیکی و دارایی: نەجەف لە بواری خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانە توانای جێبەجێکردنی گەشتەکانی بە شێوەیەکی باش هەیە، بەپێی سەرچاوەکان هەندێک مامەڵەی دارایی دەتوانرێت بە دینار، یۆرۆ و تومەنی ئێرانی ئەنجام بدرێت. ئەو مەترسییانە کەم دەکاتەوە کە کۆمپانیا بیانییەکان بەهۆی خزمەتکردن بە هێڵە ئاسمانییە سزا دراوەکان تووشی سزای لاوەکی بن.

رێگەدان نەک هەڵوەشاندنەوە

رێگەدان بە گەشتە ئێرانییەکان بە مانای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر هەموو هێڵە ئاسمانییە ئێرانییەکان نییە؛ بەڵکو رێگەچارەیەک یان بەدەرکردنێکی سنووردار و تایبەتە بە فڕۆکەخانەی نەجەف، بەوپێیەی مەزارگە ئاینییەکانی لێییە و ساڵانە هەزاران سەردانیکەر لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ جێبەجێکردنی مەراسیمە ئاینییەکان سەردانی ئەو شارە دەکەن، بەڵام تاکو ئێستا فڕۆکەخانەکانیبەغدا، هەولێر و سلێمانی لەژێر سزاکانی ئەمریکادان و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانیان بەڕودا داخراوە.