ڤیژن پرێس
نزیکەی 680 رۆژە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، تائێستا نەیتوانییوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت و دەست بە رێکارەکانی دیکەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دواتر راسپاردنی سەرۆک وەزیران بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، چەندین سیناریۆی جیاواز چاوەڕوانی ئەم خولە نوێیەی پەرلەمان دەکەن، بەردەوامیی دۆخی سڕبوونی پەرلەمان تا کۆتایی هاتنی تەمەنی، یان هەڵبژاردنی پێشوەختە، کۆتاییپێهێنانی بە بڕیارێکی دادوەریی، شارەزایانیش پێیانوایە دۆخی ئێستا کوردستان و ناوچەکە کاری لە پێشینەی دیکەیە و پەرلەمان کەوتووەتە ریزبەندیی خوارەوە و هێزە سیاسییەکانیش زۆر گوێ بە بوون و نەبوونی پەرلەمان نادەن.
دانیشتنی نیوەناچڵ
رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی 97 ئەندامی هەڵبژێردراو، دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری هەڵبژێردراو بەڕێوەچوو، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، بەهۆی پێکنەهاتن و رێکنەکەوتنی لایەنەکانەوە نەتوانرا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت، دانیشتنەکە بە کراوەیی هێڵرایەوە. تائێستا نە کۆبونەوەی ئەنجامداوە، نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراون و نە هیچ کارێکی کردووە.
هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوو پارتی سەرەکی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە، لەسەر کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای چەندین کۆبونەوە و دانووستان تائێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر کابینە وزارییەکە و پشکی هەر لایەنێکیان.
ناکاراترین پەرلەمان
تا ئەمڕۆ، 1 ساڵ و 10 مانگ و 10 رۆژ بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیووە و نەتوانراوە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان تەواو بکرێت.
لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەم خولەی بە ناکارا و بێکارترین پەرلەمانی کوردستان دادەنرێت لەوکاتەی یەکەمین هەڵبژاردنی لە 19ـی ئایاری 1992 ئەنجامدراوە.
چی پەرلەمان سڕکردووە
رابەر تەڵعەت بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی بۆ ڤیژن پریس ووتی: هۆکاری سەرەکی کۆنەبوونەوەی پەرلەمان، رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتییە. لە ئەزموونی سیاسیی کوردستان لە ساڵانی رابردووەوە بۆمان دەرکەوتووە، بوون و نەبوونی پەرلەمان بەستراوەتەوە بە رێککەوتنی ئەم دوو هێزەوە؛ کۆک بن، پەرلەمان هەیە و دامەزراوەکانی دیکەش بەهەمانشێوە، ناکۆک بن، پەرلەمان و هەموو دامەزراوەکانی دیکەش لەکارکەوتوون.
وتیشی: "ئەمە دۆخی دابەشبوونی سیاسی و ئیداریی کوردستانە، بە داخەوە رۆژ بە رۆژ قووڵتر دەبێتەوە و گۆڕانی بەسەردا نایەت."
هۆکارەکانی پەککەوتن ماونەتەوە
هیوا حامید راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، هاوڕایە لەگەڵ رابەر تەڵعەت و پێیوایە، ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان وەکخۆیان ماونەتەوە، ئەگەر ساڵی داهاتووش هەڵبژاردن بکرێت، کاریگەرییەکی ئەوەتۆی نابێت، ئەگەر ئەو هۆکارانەی چارەسەر نەکرێن، بۆیە ئێستاش هەڵبژاردن بکرێت هیچ لە دۆخی پەرلەمان ناگۆڕێت.
تەمەنی پەرلەمان
بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، ماوەی یاسایی هەر خولێکی پەرلەمانی کوردستان چوار ساڵە، ئەو ماویەش لە رۆژی هەڵبژاردنەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە دەستپێدەکات. بەپێی ماددەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەموارکراو، ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە؛ لە یەکەم دانیشتنی دەست پێدەکات و بە کۆتاییهاتنی دوا دانیشتن لە ساڵی چوارەم کۆتایی دێت. بەوپێیەش رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2028 تەمەنی ئەم خولە کۆتایی دێت.
سيناریۆکانی بەردەم پەرلەمان
بەبۆچوونی شارەزایان و شرۆڤەکاران، چەندین سیناریۆ چاوەڕوانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، لەوانەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و چالاککردنەوەی پەرلەمان. چالاککردنەوەی پەرلەمان، بەبێ پێکهێنانی حکومەت. بەردەوامبوونی قەیرانەکان و ئەگەری دەستێوەردانی دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. یان بەردەوامبوونی سڕبوونی پەرلەمان تا هەڵبژاردنی خولی داهاتوو لە کۆتایی 2028.
سیناریۆی یەکەم: رێککەوتنی سیاسی و چالاککردنەوەی پەرلەمان
هەرچەندە کۆتایی ئەیلوولی2026لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە پارتی و یەکێتی رێککەوتوون لەسەر چالاککردنەوەی پەرلەمان لەم مانگەدا، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەکی روون لەوبارەیەوە نییە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی 10ـی ئۆکتۆبەری 2026 هیوای خواست حکومەتی نوێ لەم پاییزەدا پێکبهێنرێت، لەگەڵئەوەشدا ئاماژەی بەوەکرد هێشتا چەندین کێشە ماون و ناکۆکییەکان بە تەواوەتی چارەسەر نەکراون.
ئێستا بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستە سەرەکییەکان و میکانیزمی بەڕێوەبردنی حکومەت رێککەوتن بکەن. دواتر پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکات و قۆناغە یاساییەکانی پێکهێنانی دامەزراوەکان دەست پێبکەن. بەمشێوەیە:
- هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
-دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان و درووستکردنی لیژنە هەمیشەییەکان.
- ئەنجامدانی رێکارە و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
- پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەنگدان لەسەری.
رێککەوتنی کاتی
بەوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی: "قسەیەک هەیە گوایە یەکێتی و پارتی لەسەر وەرەقەیەکی هاوبەش رێککەوتوون بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەگەر ئێستاش رێکبکەون، تا پێکهێنانی حکومەت و کۆبوونەوەی پەرلەمان و رێکارەکان رەنگە تا سەری ساڵ کاتی بوێت، بەوەش پرۆسەکە دەکەوێتە ناو ساڵی 2027. دەبێت 2028 جارێکی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە."
سیناریۆی دووەم: هەڵبژاردنی پێشوەختە
بەپێی بڕگەی دووەم و چوارەم لە ماددەی 10ـی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 2005 هەمووارکراو، رێکارەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەیە دیاریکراوە:
1. ئەگەر زیاتر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمان دەست لەکاربکێشنەوە.
2. ئەگەر لە ماوەی 45 رۆژدا، لە دوای بانگهێشتکردنی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوە، ژمارەی یاسایی بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەکە تەواو نەبێت.
3. ئەگەر پەرلەمان متمانە بە سێ پێکهاتەی وەزاریی جیاواز و یەک لە دوای یەک نەدات.
4. ئەگەر سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بگۆڕدرێت و ماوەی خولی پەرلەمان شەش مانگ یان کەمتری مابێت.
دوای هەڵوەشاندنەوە، هەڵبژاردن چۆن دەکرێت؟
بەپێی ماددەی 10، بڕگەی دووەم، کە بە یاسای هەمواری ساڵی 2009 دیاریکراوە، رێکارەکانی دواتر بەمشێوەیەیە:
- سەرۆکی هەرێم دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا فەرمانی هەڵبژاردن دەربکات.
- هەڵبژاردن دەبێت لە ماوەی 60 رۆژ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
بەڵام ئەگەر پەرلەمان هەڵنەوەشێندرابێتەوە و خولەکەی بەرەو کۆتایی بڕوات، یاسا رێگە دەدات هەڵبژاردنی گشتی لە 60رۆژی کۆتایی خولەکەدا ئەنجام بدرێت؛ بە مەرجێک فەرمانی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لانیکەم 60 رۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولەکە دەربچێت.
بەربەستە یاساییەکان
هیوا حامید، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بۆ ڤیژن پرێس، ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختەی بەدوورزانی، بەوپێیەی لە رووی یاساییەوە، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی یەکەمی ئەنجامداوە، بەڵام دانیشتنەکەی تەواو نەکردووە و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەڵنەبژاردووە. بۆیە توانای بڕیاردانی نییە لەسەر پرسە گرنگەکان.
وتیشی: "هیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێکی یاسایی نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پەرلەمانی کوردستان، جگە لەوەی لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بۆیە دەبێت لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەوە بگرێتە ئەستۆ و نیوەی پەرلەمانتاران دەستلەکاربکێشنەوە."
بەوتەی ئەو شارەزای یاساییە، لەم دۆخەدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەگەری روودانی نییە لە رووی یاساییەوە، مەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و لە رووی سیاسییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
هەڵبژاردنی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ساڵی 2027ـی وەک وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکردووە، کە دواین هەڵبژاردنی لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە 15 پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەو بەڕێوەچوو.
یەکێک لە ئەگەرەکان و سیناریۆیەکان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
رێگرییە تەکنیکی و لۆجستییەکان
هیوا حامید، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەیەوە بە ڤیژن پرێسی راگەیاند: لە رووی لۆجستی و تەکنیکییەوە، لەمپەر و ئاڵنگاریی زۆر هەن لەبەردەم ئەو پرۆسەیە لەوانە: هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی نییە و بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کۆمسیۆنەکەی لەکارخراوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایانگەیاندووە، بودجەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە پێویستی بە ئامادەکاریی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدرێت.
ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یاسا و رێنمایی و رێکاری تایبەتی خۆی هەیە و پێویستی بە رێنمایی و رێکاری هەڵبژاردن و بوودجەی تایبەت هەیە. بۆیە قورسە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامبدرێت.
باڵانسی هێز
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام درا و یەکەم دانیشتنی لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو. ئەندامانی سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام پەرلەمان بە کردەوە نەیتوانیوە کارە یاسایی و ئاساییەکانی خۆی بکات و سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکنەهاتووە.
لە هەڵبژاردنی 2024دا، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسیی بەدەستهێنا، دواتر دوو هێزی دووەم رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد، بەوەشەوە هیچ یەکێک لە حیزبەکان نەیتوانیوە زۆرینەی پەرلەمانی پێکبهێنن.
رابەر تەڵعەت، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی لەوبارەیەوە دەڵێت: باڵانسی هێزی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە، لێک نزیک دەبێتەوە و لێک دوور دەکەوێتەوە، هەر دوو هێزەکەش ناتوانن نە یەکتری تێپەڕێنن نە یەکتری لاواز بکەن.
دەرچەیەکی دیکەی داخراو
بەپێی خاڵی پێنجەم، لە مادەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، كاتێک ههرێمی كوردستان و سیستمه سیاسیهكهی، یان ئاسایشی گشتی ههرێم، یان دامودهزگا دهستوورییهكانی بكهونه مهترسییهكی ئهوتۆوه، ههڕهشه له بوونی بكات، پهرلهمانیش نهتوانێت كۆببێتهوه، لهو بارهدا سهرۆكی ههرێم دوای راوێژ و رێككهوتن لهگهڵ سهرۆكی پهرلهمان و سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمدا بڕیارگهلێ دهردهچوێنێ هێزی یاسایان ههیه بهمهرجێ ئهو بڕیارانه، لهیهكهم كۆبونهوهی پهرلهمانی ههرێمدا بخرێنه بهردهمی. خۆ ئهگهر هاتوو نهخرانه بهردهمی، یان خرانه بهردهمی و پهرلهمان پهسهندی نهكردن، ئهوا، لهو بارهدا سیفهتی یاساییان نامێنێ.
بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەڵنەبژاردووە و کۆبوونەوەکانی ئەنجامنادات، سەرۆکی حکومەتیش کاربەڕێکەرە لەو حاڵەتەشدا سەرۆکی هەرێم لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە یاساییانە مافی بڕیاردانی لە چارەنووسی پەرلەمانی کوردستان نییە.
سیناریۆی سێیەم: چالاککردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت
ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە پارتە سەرەکییەکان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان رێککەون، بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر پۆستەکانی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵات چارەسەر نەکرێن.
لە بەرانبەردا چالاککردنەوەی پەرلەمان بە تەنیا بەمانای دەستپێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت نایات، چونکە ناکۆکییەکە تەنها لەسەر ژمارەی پۆستەکان نییە، بەڵکو لەسەر ئەم بابەتانەیە:
- کێ بڕیاری کۆتایی لە کاروباری حکومەت دەدات، ناوەندی بڕیاری هەرێم چی دامەزراوەیەکە؟
- دەسەڵاتی وەزارەتە گرنگەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان چۆن دابەش دەکرێن؟
- یەکێتی چۆن داواکارییەکانی بۆ بەشداریکردنی راستەقینە لە بڕیاردان دەپارێزێت؟
- نەوەی نوێ چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ یەکێتی دەکات، ئەگەر بەشداریی حکومەتی پێنەکرێت؟
ئەنجامی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە پەرلەمان دەست بە کاربکاتەوە، بەڵام پێکهێنانی کابینە و متمانەپێدانی پەرلەمانی دەتوانێت زیاتر دوا بکەوێت. ئەمە لە رووی سیاسییەوە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە کەم مەترسیترە، بەڵام قەیرانەکە بە تەواوی چارەسەر ناکات.
سیناریۆی چوارەم: بڕیاری دادگای فیدراڵی
ئەگەر گفتوگۆکان بە ئەنجام نەگەن و قەیرانەکە بەردەوام بێت، ئەگەر هەیە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، زۆر شت یەکلایی بکاتەوە.
لە 20ـی ئەیلوولی 2026، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر دوو داواکاریی دواخست بۆ 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەکێکیان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و ئەوی دیکە داوای سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناساندنی وەک حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات.
هیوا حامید، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: دادبینییەکە رۆژی 26ـی ئەم مانگەی دادگای باڵای فیدراڵی و هەر بڕیارێکی ئەو دادگایە کاریگەریی دەبێت لەسەر چارەنووسی پەرلەمان، ئیتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولە بێت، یان بەردەوامیی دۆخەکە.
وتیشی: "ئەگەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان بدات، ئەوکاتە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەردەم حوکمی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆیە هەر بڕیارێکی دادگای فیدراڵی گرنگە و کاریگەریی لەسەر ئایندەی ئەم خولە دەبێت."
سیناریۆی پێنجەم: بەردەوامبوون تا کۆتایی تەمەنی
ئەگەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر میکانیزمی چارەسەرکردنی قەیرانەکە رێککەوتن ئەنجام نەدەن، دەکرێت پەرلەمان بەمشێوە ناچالاکەی ئێستای بمێنێتەوە و حکومەتی کاربەڕێکەیش بەردەوام بێت لەسەر کارەکانی.
ئەم سیناریۆیە لە رووی سیاسییەوە ئەگەرێکی بەهێزە، تەنانەت ئەگەر لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە دۆخێکی نائاسایی بێت لە رووی کردنەوەی دەرگا و ئەگەری بڕیاری دادگای فیدراڵی یان هەر دامەزراوەیەکی دیکەی دادوەریی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی، پێیوایە نزیکترین و باشترین ئەگەر ئەوەیە دۆخەکە وەکو ئەوەی ئێستا هەیە بمێنێتەوە؛ لەبەرئەوەی لە بنەمادا بوون و نەبوونی پەرلەمان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر داینامیکی ئیداریی و سیاسیی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەو مانایەی کە ژیانی خەڵکی پەکنەخستووە. دەزگایەکیش لە بوون و نەبوونیدا وەکو یەک بێت. نەتوانێت لە هەبوونیدا شتێک باش و لە نەبوونیدا شتێک خراپ بکات، کەوایە ئەم دەزگایە لەرووی ئەرکەکانییەوە کێشەی هەیە، ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێی بکات یان ئیرادەی ئەوەی نییە جێبەجێی بکات، یان ئیرادەکەی لێ زەوتکراوە.
پەرلەمان لە کوێی هاوکێشەکاندایە؟
بەوتەی رابەر تەڵعەت: بوون و نەبوونی پەرلەمان لە دۆخی ئێستادا هیچ شتێک لە واقیعی دابەشبووی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێت، هەروەها دۆخی ئاسایشی ناوچەکە وایکردووە، کاری لە پێشینەی هێزە سیاسییەکان و ناوچەکەش پرسی ئاسایشە، رۆژانە بەهۆی رووداوەکانەوە ئەولەویاتی تازە خۆی فەرز دەکات.
دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، کاراکردنەوەی پەرلەمان رەنگە زۆر لە کاری لەپێشینەی هیچیەک لە هێزەکاندا نەبێت و دۆسیەی دیکە لە پێشەوە بێت کاری لەسەر بکەن، بۆیە من پێموایە بوون و نەبوونی پەرلەمان یان کاراکردنەوە و نەکردنەوەی، لە هەموو حاڵەتێکدا کە پەرلەمان نەتوانێت وەکو دەزگایەکی دروستکردنی بڕیار یان دەزگای دروستکردنی سیاسەت رۆڵ ببینێت، بوون و نەبوونی وەکو یەکە.