ڤیژن پرێس

چاوەڕوان دەکرێت پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2027 لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. پەرلەمانتارێکی عێراقیش ئاشکرای کرد: چەند خاڵێکی گرنگ پێویستیان بە رێککەوتن هەیە و تائێستا ئەنجامنەدراون.

بەپێی زانیارییەکان لە رەشنووسی بودجەی عێراقدا، پشکی مووچە و خەرجی بەکاربردنی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی13  ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا ئەم بڕە لە بودجەی پێشوودا زیاتر لە 16 ترلیۆن دینار بووە. ئەم جیاوازییە، لەگەڵ ناکۆکی لەسەر رێژەی دانیشتووان، دۆسیەی نەوت و شێوازی خەرجکردنی بودجە، بووەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوو حکومەت.

بودجەی 217 ترلیۆن دیناری کورتهێنانی گەورە

کۆی گشتی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە217  ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش بە58  دۆلار دانراوە. کورتهێنانی بودجەش لە نێوان40  بۆ60  تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، ئەوەش گەورەترین بەربەستی بەردەم گفتوگۆ و پەسەندکردنی بودجەیە.

بابەتی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار و کەموکوڕیی داراییش لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی بودجەدا جێی مشتوومڕن، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار،1500  دینار بۆ هەر دۆلارێک جێگیر کراوە. ئەوەش ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە.

ناکۆکی لەسەر پشکی هەرێم

شاندی دانووستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی پێش تەواوبوونی پڕۆسەی پەسەندکردنی بودجە، لەسەر خاڵە ناکۆکەکان رێککەوتن بکرێت.

لە کۆبوونەوەی 14ـی تشرینی یەکەمی 2026ـی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، جەخت لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 14.14٪ـی بوودجەی گشتی عێراق کراوەتەوە، بە پشتبەستن بە دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2024. بەپێی ئەو ژمارانەی لەلایەن هەرێمەوە دەخرێنەڕوو، ژمارەی دانیشتووانی گەیشتووەتە6.5  ملیۆن کەس لە کۆی 46  ملیۆن دانیشتووی عێراق. 

لە رەشنووسی بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی12.67٪ هەژمار کراوە؛ جیاوازییەک کە لە دانوستانەکاندا جێی مشتومڕە، ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵانی 2008  تا2013  رێژەی 17٪ی بودجەی گشتی بۆ هەرێم تەرخان دەکرا.

نەوت، مووچە و داهاتە نانەوتییەکان لە خاڵە ناکۆکەکان

هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڤیژن پرێسی راگەیاند: هێشتا چەند خاڵێکی سەرەکیی رەشنووسی بودجە پێویستیان بە رێککەوتن هەیە؛ لەوانە گەیاندنی هەناردەکردنی نەوت بە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، پشکی هەرێم، داهاتە نانەوتییەکان و سیستەمی گومرگی (ئەسیکۆدا).

باسیلەوەکرد، جیاکردنەوەی مووچە لە کێشە سیاسییەکانی تر یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکان، هەروەها پێویستە بابەتی نەفەقاتی سیادی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن.

بەوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێژەی 12.67٪ـی بوددجە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، لەبەرانبەردا هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکەکەی بۆ 14.14٪ زیادبکرێت.

مەترسیی کەمکردنەوە یان دواخستنی خەرجکردنی بودجە

سەرکۆ یونس، شارەزای ئابووریی، بۆ ڤیژن پرێسی روونی کردەوە، پشکی هەرێمی کوردستان تەنها بە رێژەیەک لە کۆی گشتی بودجە دیاری ناکرێت، بەڵکو دوای دەرکردنی خەرجییە سەروەریی و حاکیمەکان، لەسەر بنەمای خەرجیی راستەقینە هەژمار دەکرێت. 

هۆشدارییدا، تەنانەت ئەگەر بڕێک لە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت، ئەگەری کەمکردنەوە یان دواخستنی خەرجکردنی راستەقینە هەیە. 

لە دیدی ئەوەوە، هەرێمی کوردستان دەبێت داوای بەشدارییکردن لە تەرخانکردنی نزیکەی 15 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژە تەواونەکراوەکان بکات، بە تایبەتی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی لە ساڵانی رابردوودا وەستاون.

پشکی هەرێم لە یەک ملیۆن دامەزراندن

ئەو شارەزا ئابورییە ئاماژەی بە پلانی دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنی نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە عێراق کرد و وتی: ئەگەر رێژەی 14.14٪ـی دانیشتووانی هەرێم وەک بنەمای دابەشکردنی پلە و میلاکەکان وەربگیرێت، دەبێت نزیکەی 141 هەزار پلەی وەزیفی بۆ هەرێم تەرخان بکرێت. 

سەرکۆ یونس ووتیشی: "رێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت، داهاتە نانەوتییەکان و سیستمی گومرگی (ئەسیکۆدا)، لەگەڵ یەکخستنی داتا و رێکخستنی شێوازی خەرجکردن، دەتوانێت رێگە بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێم، لەوانە پشکی دامەزراندن و وەبەرهێنان، خۆش بکات."

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی

پشتبەستن بە دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق کە کۆتایی ساڵی 2024، ئەنجامدرا، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێپەڕاند، لە کۆی 46 ملیۆن دانیشتووانی عێراق، بەوەش رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکاتە 14.14%ـی کۆی گشتی دانیشتوانی عێراق.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوە فەرمییەکان و لە رێگەی شاندەکانی بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ داوای پشکی راستەقینەی خۆی دەکات لە بودجە، کە بە 217 ترلیۆن دینار دەخەمەڵێنرێت، بەوەش پشکی هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 28 ترلیۆن و 300 ملیار دینار.

پشکی مووچەی هەرێمی کوردستان

بەپێی خەمڵاندنەکان، هەرێمی کوردستان سەرەڕای نزیکەی 12 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشنان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، داوا دەکات زیاتر لە 16 ترلیۆن دیناری دیکەی بۆ خەرجی بەکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ بنێرردرێت، ئەگەر بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵی 2027.