ڤیژن پرێس

یاسای قەدەغەکردنی باڵاپۆش لە ناوەندەکانی خوێندنی ئازەربایجان، کە لە کۆتایی ئەیلوولی 2026 دەرچوو و لە تشرینی یەکەمدا بە تەواوی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، شەپۆلێکی بەرفراوانی  ناڕەزایەتی لە ناوخۆی وڵاتەکە و کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە

ناوەڕۆکی بڕیارەکە 

کابینەی وەزیرانی ئازەربایجان لە 21ی ئەیلولی 2026، هەموارکردنێکی نوێی بۆ یاسای یەکپۆشیی قوتابخانەکان لە ناوەندە حکومییەکان پەسەند کرد. یاساکە بریتییە لە قەدەغەکردنی سەرپۆش یان حیجاب بۆ مامۆستایان و قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندندا. 

پاساوی حکومەت 

ئەم یاسایە هاوتایە لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای خوێندنی گشتی، کە لەلایەن ئیلهام عەلێڤی، سەرۆککۆماری ئازەربایجان واژۆکراوە و جەخت لەسەر جێگیرکردنی "بەها نیشتمانی و عەلمانییەکان" دەکاتەوە لە سیستمی پەروەردەدا.

ئاماژە بەوەش کراوە؛ ئەم مەرجانە تەنیا بۆ ڕێزگرتنە لە سیستمی عەلمانی وڵات و ڕێگریکردن لە جیاوازی چینایەتی یان ئایینی لە نێوان منداڵاندا.

 

فراوانبوونی کاردانەوەی بڕیارەکە

یاساکە تەنیا قوتابیانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو حکومەت، مامۆستایانیشی بۆ بابەتی جلوبەرگ لەناو یاساکەدا جێ کردوەتەوە، لە یاساکەدا هاتووە مامۆستایانی باڵاپۆش لەنێوان جۆری جل و بەرگەکەیان و دەستلەکارکێشانەوە، یەکێکیان هەڵبژێرن کە سێیەمی نییە، دیمەنەکان لەدوای بڕیارەکە ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان بڵاوکرایەوە کاردانەوەی لەنێوخۆیی وڵاتەکە دروست کرد، هەر ئەوەش نا بۆ مانشێتی میدیا عەرەبی و ئیسلامییەکان گواسترایەوە.

 

گریانی کچە قوتابییەکان

تۆمارە ڤیدیۆییەکان کە لە سۆشیال میدیا و ئاژانسە جیهانییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت ئەو کچە قوتابیانەی پابەندی یاساکە نابن لە دەرەوەی هۆڵەکانی خوێندنن و دەستیان بەگریان کردووە،  وەک هاوسۆزییەکیش هەندێک لەو قوتابیانەی کە باڵاپۆش نین، بەڵام دژی بڕیارەکەن ئەوانیش چوونەتە دەرەوەی هۆڵەکانی خوێندن و مانگرتنیان راگەیاند لە چوونە ناو هۆڵەکانی خوێندن. 

 

بێدەنگی وەزارەتی پەروەردە

 

وەزارەتی زانست و پەروەردەی ئازەربایجان، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە رۆژنامەوانییە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای وڵاتەکە بڵاونەکردوەتەوە، ئەگەرچی یاساکە مقومقۆی لەسەر ئازادییە ئاینییەکان لە ئازەریابجان دروست کردووە. ڕەخنەگرانیش دەڵێن؛ حکومەت بەم بڕیارە مافی ئەوانەی پێشێل کردووە، کە دەیانەوێت بە ئازادی هەڵبژێرن. 

 

بەپێی ماددەی 48ی دەستووری ئازەربایجان، ئازادیی ویژدان و ئایین گەرەنتی کراون، لەوانەیە ئەم مادە دەستوورییە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، کە %96ی دانیشتووانی وڵاتەکە مسوڵمانن. 

لە دەستوورەکەدا باس لەوەش کراوە، کە دەوڵەتەکە، دەوڵەتێکی عەلمانییە. کاتی خۆی لەگەڵ نوسینەوەی ئەم دەستوورەدا وەک ناکۆکییەکی یاسایی وڵاتەکە باس دەکرا. 

 

ئیستەنبوڵی تورکیا قسەی هەیە 

لە ئیستەنبوڵ، بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە وەک پشتیوانی باڵاپۆشەکان و دژی یاسای حکومەتەکەی ئازەربایجان بە ڕێپێوان بەشەقامەکانی شاردا تاوەکو بەردەم باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئازەربایجان بەدەم گوتنەوەی درووشم و بەرزکردنەوەی لافیتەی نارەزایی بۆ یاساکە و جێبەجێکردنەکەی نارەزاییان دەربڕی. 

باڵا پۆشییان، سەرپۆشە سپییەکانیان، تێکەڵ بەو سروود و درووشمە ئایینیانە کردبوو کە داکۆکیی بوو لە ئازادی و مافی هەڵبژاردنی هەر تاکێک چی دەپۆشێت و چۆن بڕیار لە دەرکەوتنی خۆی دەدات.  

 

وەڵامێک بۆ تورکیا بە ناراستەوخۆ 

ئیلهام عەلێڤ لە میانی بەستی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی پارتەکەیدا، کە تایبەت بوو بە داڕشتنی سیاسیەتی گشتیی ئازەربایجان و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی حیزب؛ تێیدا چەندین بڕیاری گرنگی ناوخۆیی دران، وەک هەڵگرتنی سنووری خولەکانی سەرۆکایەتیکردنی حیزب، ئەمەش ڕێگەی بە عەلێڤ دەدات، بۆ ماوەیەکی نادیار یان خولی کراوە لە پۆستەکەیدا وەک سەرۆکی حیزبەکە بمێنێتەوە. سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەناراستەوخۆ وەڵامی ڕێپێوانەکەی ئیستەنبوڵی تورکیای دایەوە و رایگەیاند؛ هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتەکەماندا بکات.

 

دۆخی ناوخۆی ئازەربایجان 

بەهۆی دەرکردنی یاساکەوە، نارەزایەتییەکان لە ئازەربایجان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە ڕایگەیاندووە، بەهۆی دروستکردنی پشێوی و گرژی لەگەڵ کارمەندانی قوتابخانەکان و تێکدانی سیستمی هاتوچۆ لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، 37 کەسیان دەستگیرکردووە. 

وەک وەڵامێکیش بۆ کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هێڵەکانی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا لە بەشێکی وڵاتەکە ڕووبەڕووی سستی و پچڕان بوونەتەوە.