عێراق و هەرێمی کوردستان لە ریزبەندیی وڵاتانی پڕ مەترسیی جیهاندایە بۆ رووداوەکانی هاتوچۆ، هەروەها یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرزترین قوربانیی رووداوەکانی هاتوچۆیان هەیە، ئەمە بەپێی راپۆرتی رێکخراوەی تەندروستیی جیهانی (WHO).
ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە دیارترین کێشە و کارەساتەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی عێراقە. ئەم رووداوانە نەک هەر زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی لێدەکەوێتەوە، بەڵکو بارگرانییەکی زۆر لەسەر سیستمی تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتیی وڵات دروستدەکات.
لە سێ رۆژی رابردوودا کە نوێترین رووداوی کارەساتباری هاتوچۆی تێدا روویدا، لە شاری کەرکوک بارهەڵگرێک بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن شۆفێرەکەیەوە، بووه بەهۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس، کە لە چوار ژن ، منداڵێک و شۆفێری بارهەڵگرەکە پێکهاتبوون، هەروەها 27کەس برینداربوون و 35 ئۆتۆمبێلیش زیانیان پێگەیشت.
ئاماری رووداوەکان
وەزارەتی پلاندانانی عێراق تائێستا هیچ ژمارەیەکی فەرمی لەبارەی رووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییانەوە بۆ چارەکی یەکەمی 2026 بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق ئەوەی ئاشکراکردووە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا رووداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی %10 و تێکڕای رێژەی مردن %4 کەمبووەتەوە بەراورد بە ساڵی 2025.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ساڵی 2025دا کۆی رووداوەکانی هاتوچۆ 11 هەزار و 466 رووداوبوون، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 77 حاڵەت. ساڵی 2025 لە پارێزگای هەولێر 346 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 53 کەس گیانیان لەدەستداوە و 327 کەسیش بریندار بوون، لە پارێزگای سلێمانی 678 رووداو روویانداوە، بەهۆیەوە 126 کەس گیانیانلەدەستداوە و 2600 کەسیش بریندار بوون. لە پارێزگای دهۆک 457 رووداو روویانداوە، بەهۆیانەوە 56 کەس گیانیانلەدەستداوە و 451 کەسیش بریندار بوون.
لە ئەمساڵدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان هیچ ئامارێکی بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تێکڕای مردن بە رووداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەگاتە 27.3 کەس لە هەر 100 هەزار کەسێک. ئەمەش لە تێکرای مردن بە رووداوی هاتوچۆ لە جیهاندا بەرزترە.
هۆکاری رووداوەکانی هاتوچۆ
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی عێراق، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم رووداوانە بریتین لە خێرایی لێخوڕین، پابەندنەبوون بە یاساکانی هاتوچۆ، بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخوڕین و خراپی بارودۆخ و ژێرخانی ڕێگاوبانەکان. بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکانی ڕووداوی هاتووچۆ لە عێراق دیارترینیان بریتین لە:
ژێرخانی رێگاوبانەکان
ژێرخانی ڕێگاوبانەکان لە عێراق لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە. کە خۆی لە شەقامی قیرتاونەکراو و نەبوونی هێماکانی هاتوچۆ و رووناکیی سەرشەقامەکان.
رەفتاری نەرێنی هاتوچۆ لەلایەن شۆفێرانەوە
هەڵسوکەوتی نادروستی هاتوچۆ لەلایەن شۆفێران و لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە لەوانە، شۆفێریکردن بە خێراییەکی زۆر یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ کە بەهۆیەوە شۆفێر کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە لەدەستدەدات.
گوێنەدان بە یاساکانی هاتوچۆ هۆکارێکی ترە، بەشێکی زۆر لە شۆفێران یاسا و هێماکانی هاتوچۆ پشتگوێدەخەن، ئەمەش ئەگەری ڕوودانی ڕووداوەکان زیاد دەکات.
هۆکارێکی دیکە بەکارهێنانی مۆبایلە، زۆرێک لە شۆفێران لە کاتی شۆفێریدا مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنن، ئەمەش سەرقاڵیان دەکات و دەبێتەهۆی ئەو رووداوانەی تۆماردەکرێت.
ژمارەیەکی تر هۆکار هەن لەوانە، ئۆتۆمبێلی کۆن و نارێکوپێک بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لەسەر رێگاوبانەکان، ئۆتۆمبێلی ناشایستە بەشدارە لە بەرزبوونەوەی رێژەی رووداوەکان، هەروەها خراپی رێگاوبانەکان کە هاوشان نییە لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان.
بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستانیش، زیاتر %78ی کۆی رووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی ناپابەندیی شۆفێرانەوەیە بە یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆوە لەکاتی شۆفێریدا.
چارەسەرەکان
- پەرەپێدان و باشترکردنی ژێرخانی رێگاوبان، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاربکەن بۆ باشترکردنی ڕێگاوبان و پردەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەڕێگەی قیرتاوکردن، دابینکردنی هێماکانی هاتوچۆ و رووناکی گونجاو.
- جێبەجێکردنی توند لە یاساکانی هاتوچۆدا، پێویستە پۆلیسی هاتوچۆ هەڵمەتەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی هاتوچۆ و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران.
• زیادکردنی هۆشیاری هاتوچۆ: پێویستە دەزگا فەرمییەکان هەڵمەتی هۆشیاری بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری هاتوچۆ لەنێو هاوڵاتییاندا دەستپێبکەن و پابەندبوون بە یاساکانی هاتوچۆ بەرەوپێش ببەن.
• چاککردنەوەی بەردەوامی ئۆتۆمبێل: پێویستە شۆفێران هانبدرێن بۆ چاککردنەوەی بەردەوامی ئۆتۆمبێلەکان، و توانای ڕێگاوبان لە ڕێگەی پشکنینی وەرزی و کۆنترۆڵکردنی توندتری یاساکان لەسەر ئۆتۆمبێلە کۆنەکان.
• هاوکاریی نێودەوڵەتی: عێراق دەتوانێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرێت لە کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕێگەی هاوکاریی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموونە سەرکەوتووەکانەوە.
دانانی کامێرا لەسەر ڕێگا گشتییەکان، سەپاندنی سزای توند بۆ سەرپێچی، دروستکردنی ڕێگاوبانی ئاست بەرزی جیهانی، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەو بەرهەمهێنەرانەی متمانەیان هەیە لە جیهاندا.
- ڕێگریکردن لە لێخوڕینی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بەبێ مۆڵەت.
لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا، سەرباری جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان، کامێرای چاودێری، ئۆتۆمبێل و رێگاوبانی پێشکەوتوو و هۆشیاریی بەرز لەلای شۆفێران، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا لە شۆفێریدا وەک سیستەمی “smart traffic lights” بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ، ئەپ و GPS بۆ ڕێنمایی شۆفێرەکان یارمەتیدەرن بۆ کەمبوونەوەی رووداوی هاتووچۆ.
هەروەها سیستەمی گواستنەوەی گشتی، هەبوونی میترۆ، پاس، و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەتی ئەمەش ڕاستەوخۆ رووداوەکان کەمدەکاتەوە.
رووداوەکانی هاتوچۆ تا ئێستاش وەک تەحەدایەکی گەورە رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و باشترکردنی سەلامەتی ڕێگاوبانەکان. بە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و جێبەجێکردنی توندی یاساکانی هاتوچۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاتوچۆ، عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوان پێشکەوتنی بەرجەستە لەم بوارەدا بەدەستبهێنێت و زیانە مرۆیی و مادییەکان کەمبکاتەوە کە لە ئەنجامی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە دێتە ئاراوە.