ڤیژن پرێس

جەنگ و ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران پێ دەنێتە مانگی نۆیەمییەوە، کۆشکی سپی، کار لەسەر نەخشەڕێگایەکی گشتگیر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە رێگەی داڕشتنەوەی دووبارەی نەخشەی سیاسی و سەربازیی، گۆڕانکاریی دەسەڵات و هاوسەنگیی هێزەوە.

تۆڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کار لەسەر داڕشتنی پلانێکی ستراتیجی گشتگیر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای جەنگی ئێران دەکات، لەپێناو دروستکردنی هاوپەیمانێتی ناوچەیی دژ بە تاران، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و فراوانکردنی بازنەی پەیوەندییەکە تا ئاستی رێککەوتنی سیاسی و سەربازی.

بەپێی لێدوانی گەورە بەرپرسانی واشنتۆن، کارکردن لەسەر ستراتیجە نوێیەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی سیاسیی ئیدارەی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمێکی هاوبەش لە نێوان دامەزراوە حکومیی و بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکادا.

قۆناغەکانی پلانەکە

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی کە لە ژمارەیەک بەرپرسی پلە باڵا و سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، کارکردن لەسەر پلانەکەی ترەمپ، بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دوو ئاراستەی هاوتەریب بەڕێوەدەچێت، ئاراستەی یەکەم، لەلایەن کەسایەتییە دیارەکانی ئیدارەی ئەمریکاوە لە کۆشکی سپی سەرپەرشتی دەکرێت. 

ئاراستەی دووەم، لەلایەن تیمێکی پسپۆڕ و بڕیاربەدەست و دامەزراوە حکومییەکانەوە، بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکان و دانانی پێشنیازەکان کاری لەسەر دەکرێت.

ستراتیجی پلانەکە 

ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر ئامادەکردنی ستراتیجێکی بەرفراوانتر دەکات بۆ قۆناغی دوای جەنگ لەگەڵ ئێران، بەتایبەتی لە داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی، سەربازی و ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ هێشتنەوەی ئیسرائیل لە چەقی نەخشە نوێیەکەدا.

کۆبوونەوەی نهێنی

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا دوو کۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی ئیدارەکەی ئەنجامداوە، بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ئێران. 

تەوەرە سەرەکییەکان

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، پلانە ستراتیجیەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر سێ تەوەری بنەڕەتی بونیادنراوە ئەوانیش:

لاوازکردنی ئێران

ئەم تەوەرە جەخت لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دەکاتەوە، بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووتر، لەگەڵ پێدانی گرەنتی ئەمنی ئەمریکی بە وڵاتانی هاوپەیمان.

ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دێت، بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی بەرگریی و ئاسایشیی توندوتۆڵتر لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا، بەتایبەتی دوای گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ سەر توانا سەربازییەکانی ئێران لە ماوەی رابردوودا.

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکایە، هەرچەندە ئەمە خەونێکی کۆنی واشنتۆنە و وەک درێژکراوەی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی ساڵی 2020 سەیر دەکرێت، بەڵام تا ئێستا بەهۆی مەرجەکانی ریازەوە لەسەر پرسی دەوڵەتی فەلەستینی، پڕۆسەکە ئاستەنگی تێکەوتووە و تەواو نەکراوە. 

لێکەوتەکانی جەنگی غەززە 

چارەسەری پرسی لێکەوتەکانی جەنگی غەززە، سێ ئاراستەی جیاواز لەخۆدەگرێت:

دۆسیەی غەززە

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، نەخشەڕێگایەکی ئاشکرا کرد بۆ ئاوەدانکردنەوە و داهاتووی کەرتی غەززە دوای جەنگ، ترەمپ رایگەیاند: پابەندە بە خاوەندارێتیکردنی غەززە، پێدەچێت بەشێکی کەرتەکە بداتە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆئەوەی بونیادی بنێنەوە، چونکە دەیەوێت بیکات بە ناوەندێکی گەورەی وەبەرهێنان، تەکنەلۆجیا، گەشتیاریی و ئابووری.

داماڵینی چەکی بزوتنەوەی حەماس و پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەکی کاتی، کە تا ئێستا جێگەی ناکۆکییە، خاڵێکی دیکەی پلانەکەیە. 

دۆسیەی سوریا

گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاسایشی لە نێوان تەلئەڤیڤ و دیمەشق، لە ژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە لە سوریا روویانداوە، بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی 2024 و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی سوریا و هەوڵەکانی بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر.

دۆسیەی لوبنان

کارکردن لەسەر رێککەوتنی نێوان تەلئەڤیڤ و بەیروت بە ئامانجی سنووردارکردنی توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی، هەرچەندە ئەم ئاراستەیە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستی کۆتایی ساڵی 2024، هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە.

گەمارۆ و ئابڵوقەی ئابووری

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا پەیوەست بووە بە هەڵمەتی خنکاندنی ئابوریی ئێران و بڕینی سەرچاوە و شادەمارە داراییەکانی، بە ئامانجی رێگرییکردن لە دابینکردنی بودجە بۆ کڕین و بەرهەمهێنانی چەک بۆ گروپە چەکدارەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

فشاری سەربازی

بەردەوامییدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سنووردارەکان و درێژکردنەوەی ماوەی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، وەک کاردانەوە و هۆکارێکی بەرپەرچدانەوە، بەرامبەر هەر ئەگەرێکی پەرەسەندنی گرژییەکان لەلایەن تارانەوە.

دەستکەوتی گەورەتر

لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا، دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگی ئێران کردووەتەوە و رایگەیاندووە: کار لەسەر شتێکی زۆر گەورەتر دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک ئاماژەیەک بۆ داڕشتنەوەی هاوپەیمانێتی و پەیوەندییە سەربازی و ئابوورییەکان لە ناوچەکەدا.

رێگریییەکانی بەردەم پلانەکە 

تۆڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەسەر زاری شارەزایان و چاودێرانی سیاسی و سەربازی بڵاوی کردەوە؛ گەورەترین رێگریی لەبەردەم سەرکەوتنی ئەم پلانەی ئیدارەی ترەمپ، هەڵوێستی وڵاتە عەرەبییە هاوپەیمانەکانی واشنتۆنە، وەک سعودیە، قەتەر و میسر، کە پارێزگاری و تێبینییان بەرامبەر هەر پلان و ستراتیجێکی نوێ لە ناوچەکە هەیە، بەتایبەت کێشەی فەلەستین، کە وەک چەقی چارەسەرەکان دانەنرێت.

کاریگەریی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل

بەپێی راپۆرتەکە، ئیدارەی ترەمپ ئومێدەوارە ئەو حکومەتەی دوای هەڵبژاردنەکانی 27ـی ئۆکتۆبەری ئیسرائیل پێکدەهێنرێت، ئامادەبێت و توانا و دەسەڵاتی هەبێت بۆ هاوکارییکردن لە جێبەجێکردنی ئەم ستراتیجە نوێیە بۆ قۆناغی دوای جەنگ.

پێداگریی ترەمپ 

بەرپرسانی ئەمریکی جەخت لەوە دەکەنەوە، ترەمپ پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ستراتیجە، بەبێ گوێدانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، تەنانەت گەر هەڵبژاردنەکەش ببێتە هۆی چەقبەستووی سیاسیی لەو وڵاتە. 

قۆناغی داهاتوو

سەرچاوە ئاگادارەکان پێشبینی دەکەن، ئامادەکردنی ئەم پلانە چەند هەفتەیەکی دیکەی پێویست بێت و ئامانجی سەرەکی ئیدارەی ئەمریکا، بەستنەوەی سەرجەم دۆسییە جیاوازەکانی ناوچەکەیە بەیەکەوە، تاوەکو لە قۆناغی دوای جەنگدا بکرێن بە یەک سیستمی ناوچەیی یەکگرتوو.

هەڵسەنگاندنی کۆتایی

سەرەڕای گەورەیی ئامانجەکانی پلانەکە، سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، پڕۆژەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ووردایە و پێویستی بە ماوەیەکی زۆرە بۆ ئەوەی بە تەواوی ئامادە بکرێت.