ڤیژن پرێس
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووداوەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، سعودیە و تورکیا و پاکستانی هاندا بۆ ئەنجامدانی رێککەوتننامەیەکی سەربازی و ئاسایشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
پەرەسەندنی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکە، بەهۆی هێرشەکانی تۆفانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتوبەری 2023، سەرهەڵدانی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، سعودیە و پاکستان، هەنگاویان نا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و رێککەوتنامەیەکی هاوبەشیان بەناوی "رێککەوتنامەی مەککە" واژۆکرد. بەپێی لێدوانی گەورە بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە، رێککەوتنەکە دژی هیچ وڵاتێک نییە، دەرگایان کراوەتەوە هەر وڵاتێک ئارەزوومەندانە بچێتە ناو رێککەوتنەکەوە.
رێککەوتنامەی مەککە
رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش لە نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان واژۆ کراوە، بە یەکەمین چوارچێوەی ئاسایشی بەکۆمەڵ دادەنرێت لە دوای پەیمانی بەغدا لە ساڵی 1955، کە وڵاتانی عەرەبی و بیانی لەخۆبگرێت.
پایەکانی رێککەوتنەگە
بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی لوتکەی مەککە، رێککەوتننامەکە لەسەر ژمارەیەک پایەی سەرەکی دامەزراوە، ئەوانیش: بەرپەرچدانەوەی هاوبەش، بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوە دژی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، چەسپاندنی ئەو پرنسیپەی کە هەر هێرشێکی چەکداریی بۆ سەر وڵاتێک، بە هێرش بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت.
پەیوەندییە سێ قۆڵییەکە
تەلەفزیۆنی عەرەبییە، لە سەر زاری وەزیری دەرەوەی پاکستانەوە بڵاوی کردەوە: رێککەوتننامەی مەککە، گرنگە و مەبەست لێی بەدەستهێنانی ئاشتییە لە ناوچەکەدا. رەنگدانەوەی قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردایەتی و گەلانی ئەو سێ وڵاتە دەردەخات، دەرئەنجامی ساڵانێک گفتوگۆ و هەماهەنگی و خواستێکی هاوبەشە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاریی ستراتیژی لە رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ئاشتی و ئارامی، سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
پێگەی سێ وڵاتەکە
هەریەک لەو سێ لایەنەی واژۆیان لەسەر رێککەوتننامەی مەککە کردووە، بە شێوازێکی جیاواز بەشداریی لە بونیادنانی ئاسایش و سەقامگیریدا دەکەن. سعودیە سەرمایە، وزە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کەنداوی دابین دەکات.
تورکیا، دەبێتە دەروازەی سەرەکی هەناردەکردن بەرەو ئەوروپا، شانبەشانی ئەو توانا پیشەسازی و سەربازییانەی، بۆ پاراستن و فراوانکردنی رێککەوتنەکە پێویستن.
پاکستان، بە سەنگێکی سەربازی، قووڵایی ستراتیجی و پەیوەندییەکی ئاسایشیی لەگەڵ سعودیە بەشداریی دەکات، کە سنووری کەنداو تێدەپەڕێنێت.
رێککەوتنی کراوە
رێککەوتنی مەککە لەنێوان پاکستان و تورکیا و سعودیە، رێککەوتنێکی کراوەیە، بۆ هەر وڵاتێکی ناوچەکە بیەوێت پابەندبێت بە بنەما بنەڕەتییەکانی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی رێزگرتنی یەکتر و هاوکاریی و رێگەی ئاشتییانە.
راکێشانی میسر بۆ ناو رێککەوتنی مەککە
لە چوارچێوەی فراوانکردنی رێککەوتنامەکە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە میسر کردووە بچێتە ناو رێککەوتنەکەوە، کە سروشتێکی بەرگریکارانەی هەیە، وەک لەوەی ببێتە هەڕەشە بۆ سەرهیچ وڵاتێک، تاکە ئامانجیش بەرزکردنەوەی زیاتری هەوڵە بەردەوامەکانە بەرەو ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەیەکی فراوانتردا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەوبارەیەوە دەڵێت: رێککەوتنەکە ژمارەیەک خاڵی تەکنیکی لەخۆدەگرێت، کاتێک جێبەجێ دەکرێن و چالاک دەکرێن، هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ رێگرتن لە پەیوەندیکردنی میسر بە رێککەوتنەکەوە.
ئامانجی رێککەوتنامەکە
لە دوای کۆبوونەوەکەی شاری مەککەی سعودیە و راگەیاندنی رێککەوتنەکە، ئامانجەکان خرانەڕوو، بۆ پاراستنی سنورەکانی ئەم سێ وڵاتە، لەبەردەم هەر هەڕەشە، دەستدرێژی و هێرشێکی وڵاتانی دەورووبەر.
یاسای یەک هێرش
لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بە یاسای یەک هێرش کراوە، بەو مانایەی هەر هێرشێکی سەربازیی یان دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەرسێ وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت.
هۆکاری دروستبوونی هاوپەیمانییەکە
هۆکارەکانی گەڵاڵەکردنی ئەم رێککەوتننامەیە، دەرئەنجامی چەندین گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکییە لە ناوچەکەدا، دیارترینیان رێککەوتننامەی ریازی 2025 وەک هەنگاوی یەکەم بۆ هەمەجۆرکردنی هاوبەشە ئەمنییەکان.
بێهەڵوێستیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە کاتی هێرشەکەی سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە ساڵی 2019، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکە بۆ سەر سعودیە بووە نەک ئەمریکا.
کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران(5+1) لە ساڵی 2018، کە بووە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هۆکارێکی دیکەی پشت ئەم رێککەوتنە، شەڕی ئەمریکا - ئیسرائیل دژی ئێران لە شوباتی 2026 بوو، ئەم شەڕە بووە هۆی تێکچوونی هەناردەکردنی نەوتی سعودیە لە رێگەی کەنداوەوە.
جێگرەوەی هورمز
ئەم رێککەوتنە کار لەسەر دۆزینەوەی رێڕەوێکی جێگرەوە بۆ گەرووی هورمز دەکات و لەمبارەیەوە چوار رێڕەو پێشنیاز کراون ئەوانیش:
ڕێڕەوی کەنداو-دەریای ناوەڕاستە، کە وزەی سعودیە، ئیمارات و کوەیت لە رێگەی ئوردن و سوریاوە دەگوازێتەوە.
نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی عێراق-سوریا، کە نەوتی باشوری عێراق لە رێگەی کەرکوک و گەیاندنی بە بەندەری بانیاس، بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.
رێڕەوی قەزوین-ئەنادۆڵ، کە سەرچاوەکانی وزەی ئازەربایجان و تورکمانستان بە تورکیا و ناوچەکانی دواتریشەوە دەبەستێتەوە.
نوێکردنەوەی هێڵی غازی عەرەبی، کە هەریەک لە میسر، ئوردن، سوریا و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەبارەی رێککەوتنی مەککە، کە لەلایەن محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئیمزا کراوە؛ بڵاوی کردەوە، رێککەوتنەکە رەنگدانەوەی پابەندبوونی ئەو سێ وڵاتەیە، بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، هەوڵێکە بۆ داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران.
هاوکاریی سەربازی
لە رێککەوتنەکەدا جەخت لەسەر فراوانکردنی هاوکارییەکان کراوە، بۆ ئەوەی پەرەپێدانی پیشەسازییە بەرگرییەکان، بەرهەمهێنانی هاوبەش و گواستنەوەی تەکنەلۆجیای سەربازی لەخۆبگرێت.
دوایین پەرەسەندنەکان
لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی 2026، یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیژی لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، هەر سێ لایەنەکە رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ئەمیندارێتییەکی گشتی کە بارەگاکەی لە ریازی پایتەختی سعودیە بێت، بەو مەرجەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ خولی یەکەم و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەدەست پاکستان بێت.
ئامانجی تورکیا جیاوازە
لەبارەی رێککەوتنەکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵ دامەزراوە، کاردەکات لەپێناوی بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەبواری ئاسایش و بەرگری و پەرەپێدانی پرۆژەی هاوبەش لە پیشەسازیی چەک و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
دەشڵێت: رێککەوتنەکە مافی بەرگریی بەو سێ وڵاتە دەدات بەپێی ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دژی هیچ وڵاتێک نییە، بەپێچەوانەوە رێککەوتنەکە کراوەیە بۆ بەشداریکردنی هەموو ئەو وڵاتانەی هەوڵ دەدەن ئاشتی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بێتەدی.
تێڕوانینی پاکستان
پاکستان رێککەوتنەکەی بە گرنگ ناوبردووە و پێیوایە رێککەوتنەکە توانای بەرگریی هاوبەشی هەرسێ وڵات بەهێز دەکات، پابەندیان دەکات بە بنیاتنانی ئایندەیەکی ئارام و سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ گەلەکانیان، گرنگیشە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان هەر سێ وڵات.
گۆڕانکاریی لە ستراتیجی بەرگریی سعودیە
ئەمە یەکەم رێککەوتننامەی بەرگریی سعودیەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاریی لە ستراتیجی بەرگریی ریاز و کەمبوونەوەی متمانە بە توانای ئەنجومەنەکە و گەرەنتییەکانی ئەمریکا.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، سعودیە پێیوایە ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە قوڵایی پەیوەندی ستراتیجی نێوان ئەو سێ وڵاتەیە و دەکرێت لە داهاتوودا بایەخێکی زیاتری پێبدرێت.
پێشوازیی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە لە نێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستان دەکات.
ترەمپ، ئەم هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکگرتوویی ناوچەکە و بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئەو سێ وڵاتە ناوبرد.
سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی ئیرادەی سەرکردەی ئەو سێ وڵاتەی کرد و رێککەوتنی مەککەی بە کارێکی مەزن و بوێرانە وەسفکرد.
دەرەنجام
شارەزایانی سەربازی دەڵێن: رێککەوتننامەی مەککە سەنگێکی گەورەی سیاسی و سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێتە ئاراوە، بەڵام بەهۆی جیاوازییە گەورەکانی نێوان هەر سێ وڵاتەکە، لە دیاریکردنی دوژمنی سەرەکی و جیاوازیی بەرژەوەندییە ناوچەییەکان، پێدەچێت ئەم رێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیاسی-سەربازی بۆ مەبەستی بەرپەرچدانەوە، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، بەرگریی ئاسمانیی هاوبەش بمێنێتەوە، نەک ببێتە هاوپەیمانییەکی سەربازیی کردەیی کە پێکەوە بچنە ناو جەنگێکی گەورەوە.