دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لەگەڵ سێ لە هاوبەشەکانی، بڕیارە رۆژانی 17-18ی ئەم مانگە دیدارێکی گرنگی ئابووری لەژێرناوی لوتکەی سلێمانی رێکبخات، وا بڕیارە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانی باڵا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداربن لە رۆژانی بەڕێوەبردنی لوتکەکە.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، ژووری بازرگانیی سلێمانی، ناوەندی دارایی و ئابووری لە سلێمانی، کۆمپانیای مونلاین، پێکەوە هاوبەشیی دەکەن لە بەڕێوەبردنی دیدارەکە، لوتکەی سلێمانی لە دوو ڕۆژدا 7 پانێڵی جیاوازی تێدا دەبێت؛4 پانێڵ لە رۆژی یەکەم و 3 پانێڵ لە رۆژی دووەم، تەوەرەکانی رۆژی یەکەم زیاتر تیشک دەخەنەسەر بانک و کەرتی خانووبەرە، لە کاتێکدا پانێڵەکانی رۆژی دووەم زیاتر باسەکە لەسەر وەبەرهێنان و پیشەسازی ناوخۆیی دەبێت.
پێشانگا جیاوازەکە
لوتکەکە بە کردنەوەی پێشەنگایەکی تایبەت بە بانکەکان، کەرتی خانووبەرە، وەبەرهێنان و پیشەسازی دەست پێدەکات لەنێو هۆڵێکی گەورەی هۆتێل گراند میلنیۆمی شاری سلێمانی، کۆمپانیا و بانک و کارگە گەورەکان جێگەی تایبەت بەخۆیان دەبێت و میوانەکەن لە نزیکەوە سەردان و گفتوگۆکانیان لەوێوە دەستپێدەکەن و دواتر لەهۆڵێکی دیکە دەست بە پانێل و گفتوگۆکان دەکرێت و ئامانجەکەش رێکخستن و نزیککردنەوەی زیاتری کەرتەکانی بانک، خانووبەرە، پیشەسازی و وەبەرهێنان دەبێت لە شاری سلێمانی و دەرفەت بۆ سەرمایەداران دەرەخسێندرێت تاوەکو لە نزیکەوە گفتوگۆی زیاتر لەسەر پرسە دیاریکراو و تایبەتمەندەکانی کارو سەرمایەکەی خۆیان بکەن.
بەهێزکردنی پێگەی سلێمانی
عەدنان عوسمان، سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن کە هاوکات سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی لوتکەی سلێمانی دەکات دەڵێت، لوتکەی سلێمانی دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی سلێمانی لە ژیانی ئابووری ناوچەکە و عێراقدا و دەشڵێت : لوتکەی سلێمانی کۆکەرەوەی ئەو سێکتەرە گرنگانەیە، کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەهێزکردنی ئابووریدا هەیە؛ لەوانە بانک، عەقارات و وەبەرهێنان، تاوەکو لەو رێگەیەوە پێگەی سلێمانی لە پرۆسەی ئابووری و سیاسی عێراقدا بەهێزتر بکرێت.
کۆکردنەوەی تواناکان
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لوتکەی سلێمانی بە مینبەر و مەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی ئەزموون، زانست و تواناکان وەسف دەکات و دەڵێت لە لوتکەکەدا بابەتەکانی دراو، دارایی، ماڵیات، ئابووری، پرۆژە و وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەکان لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن و لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆکان، کەرتی تایبەت، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتییە ئەزمووندارەکان و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان، بەرەو دۆزینەوەی چارەسەر و رێگای چارەسەری گرفت و ئاڵەنگارییەکان دەچن.
بەپێی وتەی پارێزگاری سلێمانی، لوتکەکە تەنیا ئامانج باسکردنی ئاڵەنگاری و قەیرانەکان نییە، بەڵکو دۆزینەوەی رێگەچارە و دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنیشیانە، بۆ ئەوەی کێشەکان بگۆڕدرێن بۆ دەرفەت و هۆکارێکبن بۆ بوژانەوەی زیاتری پرۆژەکان.
گەشەی هەرێم و ناوەند
دکتۆر مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری باڵای ئابووری و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەڵێت لوتکەی سلێمانی لە ناوەرۆکدا بابەتێکی گرنگ تاوتوێ دەکات؛ ئەویش سروشتی ئاڵۆزییە ئابوورییەکان لە ناو هەرێمی کوردستان کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند دایە.
راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێیوایە ئەم جۆرە دیدارانە دەتوانێت تێگەیشتن لەنێوان لایەنەکان بەهێزتر بکەن، حوکمڕانی و شەفافیەت لە پەیوەندییەکاندا پەرەپێبدەن و پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئابووری بەهێزتر بکەن، لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.
گرفت بۆ چارەسەر
یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی لوتکەی سلێمانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییە، ئارام بابان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت، سلێمانی خاوەن پێگەیەکی ئابووری بەهێزە و پێویستی بە دیدگایەکی روونە بۆ داهاتووی ئابووری شارەکە و دەشڵێت: کەرتی نیشتەجێبوون، پلان، پێویستییەکانی بازاڕ و نرخ، وەبەرهێنان لە نیشتەجێبوون لە داهاتوودا، لەگەڵ پیشەسازی، بازرگانی، گەشتوگوزار، گواستنەوە و بوارەکانی تری وەبەرهێنان، لە تەوەرە سەرەکییەکانی لوتکەکە دەبن.
ئەندامەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رونیدەکاتەوە، لە لوتکەی سلێمانی، ئامانج تەنیا ناوهێنانی ئاستەنگەکان نییە، بەڵکو دەبێت ئەو ئاستەنگانە بگۆڕدرێن بۆ چارەسەری جێبەجێکراو؛ بۆیە لوتکەکە دەبێتە شوێنێک بۆ درووستکردنی داهاتووی ئابووریی شارەکە.
لەدەوری یەک مێز
لوتکەی سلێمانی تەنیا کۆبوونەوەیەکی ئابووری نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ نزیککردنەوەی حکومەت، بانکەکان، کەرتی تایبەت، وەبەرهێنەران و پیشەسازی لەسەر یەک مێز.
ئامانجی راگەیەنراوی لوتکەکە، ئاسانکردنی وەبەرهێنان، هەماهەنگی بازرگانی، بوژاندنەوەی بازاڕی خانووبەرە، پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ و دروستکردنی دەرفەتی کاری زیاترە، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە لوتکەکەدا پێشنیاز و دەرفەتی کاری پێکەوەیی گرنگ بۆ بەشداربووان پێشکەش بکرێت.
دامەزراوەی ڤیژن دەیەوێت بە سازدانی ئەم چالاکییانە سنووری پانێڵ و کۆنفرانس تێپەڕێنێت و پێشنیازەکان ببنە بڕیار و میکانیزمی جێبەجێکردن باسکرێن تاوەکو ببنە پرۆژەی ڕاستەقینە، کۆتایی لوتکەکە بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دەبێت و بەپێی پلانی راگەیەنراو، راسپاردەکانی لوتکەکە بۆ راگەیاندنەکان دەخرێنەڕوو.