جەنگی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بە جۆرێک فراوان بوو، کاردانەوەی جەنگەکە بەشی زۆری وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی گرتەوە، لەئێستاشدا پاش دانوستانێکی دوور و درێژ ترەمپ باس لە رێککەوتنێکی نوێ دەکات، کە بەشێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان بەگرنگییەوە لە رەشنووسی ئەم رێککەوتنە دەڕوانن و لەئەگەری جێبەجێکردنیدا سەقامگیری ناوچەکە دەگرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئێران لە هەموو کات نزیکترین بۆ ئەوەی ڕێککەوتن واژوو بکەین، رەشنووسی رێککەوتنەکەش باس لەوە دەکات کۆمەڵێک پرسی گرنگ چارەنوسیان یەکلا دەکرێتەوە. لەسەروو هەمووشیانەوە بۆ ماوەیەکی کاتی جەنگ دەوەستێت.
ئاگر بەست بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ
کاتێک لە بەرواری ٢٨/٢/٢٠٢٦ جەنگ بە هێرشکردن لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، دواتر رۆژی ٨ی نیسان بەنێوەندگیريى پاکستان یەکەم ئاگربەست بۆ ماوەی ١٥ رۆژ راگەیەندرا، کە دواتر ئەو ماوەیەش درێژکرایەوە، بەڵام ئاگربەستی ئەمجارە کە بۆ ماوەی ٦٠ رۆژە، پێدەچێت هەنگاو بنێت بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لەنێوان لایەنەبەشدارەکانی جەنگدا.
چەمکی ئاگربەست لە مێژووی جەنگەکاندا هەمیشە ئەگەرێک بووە زۆر جار بە هەوڵی وڵاتانی نێوەندنگیر، رێکخراوەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجامدراوە. کە بەمەبەستی لایەنی مرۆیی، هێورکردنەوەی جەنگ، کەمکردنەوەی قوربانی، یان زۆر جار خودی بەشداربووانی جەنگ ویستی ئاگربەستییان هەبووە.
ئەگەر چی هەر یەکە لە ئەمریکا و ئێران کە لایەنی بەشداربووی راستەوخۆی جەنگەکەن، لێدوانی جیاوازیان لەبارەی ئاگربەست هەیە، ئەمریکا بەردەوام هەڕەشەی فراوانکردنی جەنگ دەکات و هێزی سەربازیی گەورە رەوانەی ناوچەکە دەکات، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا دەبینین ئاگربەست لەگەڵ ئێران واژۆ دەکات. بەهەمانشێوە ئێران وێڕای هەڕەشەکانی لە ئەمریکا و ئامادەیی بۆ جەنگ، ئەویش ئامادەی سازش و دانوستانە لەپێناو رێککەوتن.
ئیسرائیل لە کوێێ ئەم هاوکێشەیەدایە
ئیسرائیل ئەگەرچی لایەنێکی سەرەکی ئەم جەنگەیە، لە سەرەتایی دەستپێکردنی ئەم شەڕەوە ئیسرائیل گورزی سەربازیی توندی وەشاند لە ئێران، بەهاوکاریی سەربازیی ئەمریکا، بەڵام لەسەرووبەندیی گفتوگۆ و دانوستانەکاندا کەمتر باسی ئیسرائیل دەکرێت و تەنها ئەمریکاو ئێران وەکوو دوو لایەنی ناکۆک دەردەکەون.
بنیامین نەتهنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە بەردەوام لێدوانی توندی هەبوو دژی ئێران، هەڕەشەی ئەوەیدەکرد کە دەبێت ئێران بەتەواوەتی بەم فۆرمەی ئێستای نەمێنێت،چونکە ئێران تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیسرائیل بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ سەر کۆی وڵاتانی رۆژئاوا. بەڵام لەسەرو بەندیی ئەم رێککەوتنە نوێیە بێدەنگییەک لە هەڵوێستی ئیسرائیل بەدیدەکرێت، ئەویش ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە ئایا ئیسرائیل هەمان هەڵوێستی ئەمریکای هەیە بۆیە وا بێدەنگە؟ یاخوود لە راستیدا ناتوانین ئەمریکا و ئیسرائیل لەیەک جیابکەینەوە، چونکە یەک ئەجێندایی سیاسی و ستراتیجی و سەربازییان هەیە.
ئێران و ئەمریکا لەسەر چی رێکدەکەون؟
گەورترەین خاڵی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران پرسی وزەی ئەتۆمی ئیرانە، لەم رێککەوتنە نوێیە کە بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ جەنگ روو نادات، باس لە ئەنجامدانی دانوستانی نوێ لەبارەی وزەی ئەتۆم، بەتایبەت ئەو یۆرانیۆمەی ئاستی پیتاندییان بەرزە، رێککەوتنی تازەیان لەبارەوە بکرێت و هەردوو لاش بەو ئەنجامانە رازی دەبن کە لەداهاتوودا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
گەرووی هورمز کە یەکێکی دیکەیە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەکراوەیی دەمێنێتەوە و ئێران کۆنتڕۆڵی بەسەردا دەبێت، بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەماوەی ئەم ٦٠ رۆژەدا لە ئاوەکانی کەنداو دەمێننەوە و چاودێری دۆخەکە دەکەن.
بەرەو پێشچوونێک لە گەرووی هورمزدا روویداوە لەم رێککەوتنە نوێیەدا ئەوەیە، ئێران رێگا بە کەشتییەکان بدات و هیچ باج و رسوماتێک وەرنەگرن، دواتر کەشتییەکان بە ئازادیی بە گەرووەکەدا تێپەڕببن. لەبەرامبەردا ئەمریکا رێگە دەدات ئێران نەوتەکەی خۆی بە ئازادانە رەوانەی بازارەکانی جیهان بکات .
ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرایکردوە، هەر دوو وڵات ئەمریکا و ئێران سازشی زۆریان بۆ یەکتر کردوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست بەرز لەلایەن ئێرانەوە. لەبەرامبەردا ئەمریکا رەزامەندی نیشانداوە هەڵگرتنی بلۆکی سەر پارەکانی ئێران، کە لەماوەکانی رابردوودا ئێران زۆر جەختی لەسەر ئەو پارە بلۆککراوانە دەکردەوە، لەم رێککەوتنە نوێیەدا ئێران ئەمە بەدەستکەوتێکی گرنگ بۆ خۆی دەزانێت.
بەشێکی دیکەی گرفتی نێوان ئێران و ئەمریکا پەیوەندیی بە خودی ئەو دوو وڵاتەوە نییە، لوبنان ئەو وڵاتەیی کە ئێران وەک هاوپەیمانی خۆی تەماشایی دەکات، لەم رێککەوتنە نوێیە جێی ئەوەشکراوەتەوە نابێت ئیسرائیل لەماوەی ئەم ٦٠ رۆژەدا هێرش بکاتەوە سەر لوبنان. حيزبوڵای لوبنانی لە جەنگی 40 رۆژەدا هێرشی زۆریی کردە سەر ئیسرائیل و لەبەرامبەردا ئیسرائیل تا ئەم ساتە وەختەش بەردەوامە لە بۆردومانکردنی پێگەکانی ئەو گرووپەچەکدارە .
پاکستان ناوبژیوانێکی متمانەپێکراو
ئەگەرچی پێشووتر چەندین هەوڵی کۆتایيپێهێنانی جەنگ لەلایەن هەر یەکە لە وڵاتانی. قەتەر،عوممان. تورکیا. هەبوو. بەڵام هاتنە ناوەوەی پاکستان وەکو لایەنێکی نێوەندگیر، گۆڕانکاریی بەسەر شێوەو فۆرمی ئەنجامی گفتوگۆکان هێنا. بەجۆرێک لەسەر ئاستی باڵا لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە پێزانین بۆ هەوڵەکانی پاکستان هەبوو.ئیسلامئاباد وەک نێوەندگیرێكی متمانە پێکراویی هەردوو وڵات ئەم رۆڵە گرنگەی هەبوو کە ئێستا دەرئەنجامەکەی بەرەو رێککەوتن هەنگاو دەنێت.
لەم ساتەوەختیی نزیکبوونەوەیەدا لە رێککەوتن لەسەر ئاست باڵای ئەمنيى، هەریەکە لە سوپاسالاریی پاکستان عاسم مونیر، وەزیری ناوخۆ موحسن نقوی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی پاکستان محهمهد عاسم مالک، سەردانی تارانیان کردووە، ئەمەش بەمەبەستی نزیککردنەوەیی هەردوو لایەنی ناکۆک بۆ ئەنجامدانی سازش بۆ یەکتر.
کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەریی باسیلەوە کرد؛ چوونی ئەم بەرپرسە سەربازییە دیارانە لەمکاتەدا بۆ تاران، ئەو راستییە دەردەخات کە وڵاتی پاکستان زۆر جدییە لە هەوڵی نێوەندگیریی بەمەبەستی ئاگربەست، پێشوتریش بەرپرسانی باڵای ئێران سەردانی ئیسلامئابادیان کردبوو خودیی سەرۆکی پاکستانیش لەگەڵ ترمپ باسییان لەهەمان پرس کردبوو.
رەخنەی کۆمارییەکان لە ترەمپ
لیندسی گراهام، گەورە سیناتۆریی کۆمارییەکان لەبارەی رەشنووسیی ئەم رێککەوتنە نوێیەی نێوان ئێران و ئەمریکا رەخنەی توند لە ترەمپ دەگرێت، لە تویتێکدا دەنوسێت ئەمە هەڵەیەکی کارەساتبارە. گراهام باس لەوەدەکات ئەگەر ئێران گەرووی هورمزی بۆ بکرێتەوە و خاوەنی ئەتۆم بێت و پارە بلۆککراوەکانی ئازاد بێت؟ کەواتە لە داهاتوودا دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە مایک پۆمپهيۆ وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی ترەمپ، بە راشکاوانە رەخنە لە ترەمپ دەگرێت لەبارەی خاڵەکانی ناو ئەم رێککەوتنە نوێیە لەگەڵ ئێراندا، کۆمارییەکان ترسی ئەوەیان هەیە ئێران جارێکی دیکە لە داهاتوودا پێگەی خۆی بەهێز بکاتەوە، دەستی بگات بە دروستکردنەوەی مووشەکی دوور مەودا و هەر کات بیەوێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆردومان بکات .
باسکردن لە گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەکاتێکدایە، لەماوەکانی رابردوودا چەندین گەڕی دانوستانی راستەوخۆی نێوان بەرپرسانی باڵای وڵاتان لە واشنتۆن، تاران و دەوحە هەبوون، خودی ترەمپ و مارکۆ رۆبیۆ و جاریید کوشنەر و ستیف ویتۆکف، لەلایەن ئەمریکا، پزیشکیان و عەباس عێراقچی و و قالیباف لە ئێران لە دیارترین ئەو ناوانە بوون رۆڵییان لە گەیشتن بەم رەشنووسەی رێککەوتن هەبوو.
رۆژنامە و میدیا جیهانییەکان چاویان لە بەفەرمی راگەیاندنی ئەم رێککەوتنە تازەیەیە، بەو هیوایەی بتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتيى ئاگری جەنگ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بکوژێنێتەوە، لەبەر ئەوەی جەنگ کاریگەریی لەسەر پرسی ئابوریی و بازاڕ و نرخی نەوت و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی دروست کردووە، ئەم ٦٠ رۆژەش ئەگەر ناکۆکییەکان کەم بکرێنەوە هیوایەک دەبێت بۆ ئاشتیی و سەقامگیرییەکی درێژخایەن لەناوچەکە، بەپێچەوانەوە جەنگ لەبەردەرگا چاوەرێی پریشکیكی نوێیە و دووبارە جەنگ دەستپێدەکاتەوە.