ئەگەر دیموکراسی لە جەوهەردا دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بێت بۆ کێشەکانی دەسەڵات، ئەوا یەکێک لەو داهێنانانەی کە مرۆڤایەتی لەناو ئەزموونی دەوڵەت – نەتەوەدا، وەک رێگەچارەیەک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات پێیگەیشتووە و بووەتە میکانیزمێک بۆ قوڵکردنەوەی دیموکراسی دابەشکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانە.
دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان پایتەخت و یەکە دەستووری و کارگێڕییەکاندا کە لە یاسای دەستووری و کارگێڕیدا بە فیدڕالیزم و کارگێڕیی لامەرکەزی ناسراوە، سیمایەکی دیموکراسییە بەبێ ئەم جۆرە لامەرکەزییە ناکرێت باسی دیموکراسی بکرێت.
هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی تاقانەی ناو دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق، کە لە سەرەتای دروستبوونییەوە خۆی وەک هەرێمێکی دیموکراسی ناساندووە، بەم دوو تایبەتمەندییە هەرێم دووجار مەحکومی پابەندییە بە سیستمی لامەرکەزییەوە.
بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی دەرچوواند.
لەدوای هەڵبژاردنی دووەمین خولی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ٣٠/٤/٢٠١٤دا، یاساکە کەوتە بواری جێبجێکردنەوە.
سەرەڕای ئەوەش ژینگەی سیاسی و کارگێڕی و دیدگای بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، هاندەر و پشتیوان و رێخۆشکەر نەبوون بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.
بەهۆی ئەوەی پێکهاتە و ستراکچەری دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا لەسەر بنەمای مەرکەزی و چڕکردنەوەی کارگێڕی دامەزراون، بۆیە دەقی یاساکانی پەیوەست بە لامەرکەزی پێویستی بە هەموار و چاکسازییە.
هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقی فیدراڵ، پەیڕەوی جۆرێک لە لامەرکەزی دەکات کە لامەرکەزیی سیاسییە.
هەرێمی کوردستان تائێستا خاوەنی دەستووری تایبەت بە خۆی نییە، بۆیە پشت بە دەقەکانی دەستووری عێراقی دەبەستێت بۆ پرسی لامەرکەزی.
لە ماددەکانی ١٢٢ و ١٢٣ی دەستووری عێراقدا باس لە پرسی لامەرکەزیی پارێزگاکانی کراوە، بەوپێیە هەر پارێزگایەک کە سەربە هیچ هەرێمێک نییە، دەسەڵاتێکی بەڕێوەبردن و دارایی فراوانیان پێدەدرێت، بەجۆرێک کە بتوانن بەگوێرەی بنەماکانی لامەرکەزی کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن.
لە هیچ یەکێک لە ماددەکانی ١٢٢ و ١٢٣ دا دەستووری عێراق پاڵپشتییەکی دەستووری بۆ سیستمی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان ناکات.
ژمارەیەک یاسامان هەیە کە باس لە لامەرکەزیی کارگێڕی دەکەن لەوانە:
-یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان . یاسای ژمارە (٦ی ساڵی ١٩٩٣)ی هەموارکراو.
-یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان، یاسای ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠٠٩).
-یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٣ی ساڵی ٢٠٠٩)ی هەموارکراو، ئەم یاسایە بە ژێرخان و نۆبەرەی پرسی لامەرکەزی دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا.
لەگەڵ دیاریکردنی دەسەڵات و پێکهاتەکانی یەکە ئیدارییەکاندا، بەڵام یاساکە بەدەرنییە لە کەموکوڕی و بە درێژکراوەی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ی عێراق دادەنرێت.
سەرباری ئەوەش بەهۆی هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەتایبەت (وەزارەتی ناوخۆ)، تائێستا نەتوانراوە سەرجەم ماددە و بڕگەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکرێت.
بەدەر لەم یاسایانە شەش یاسای تر هەن کە باسیان لە پرسی لامەرکەزیی کارگێڕی کردووە.
لە نۆ کابینەی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نزیکەی نۆ بڕیار و فەرمان دەرکراوە لەوانە: بڕیارەکانی (١١٢٣١ و ١١٢٣٢)ی ساڵی ٢٠١٢، دابەزاندنی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان.
فەرمانەکانی ژمارە (٤٠، ٤٤ و ٤٥) بۆ دابەزاندنی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان.
دواتر بە دوو بڕیاری (١٧٠٠ و ٢٠٦٢)ی سەرۆک وەزیران فەرمان دەرکرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو بڕیارەی پێشوو.
ژمارەیەک ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستاندا هەن کە بریتیین لە:
١-ئاستەنگە دەستوورییەکان، بەشێک لە ئاستەنگە دەستوورییەکانی بەردەم لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە ستراکچەر و پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقەوە وەک وڵاتێکی فیدراڵی ناهاوسەنگ.
هۆکارەکەی ئەوەیە لە عێراقدا تەنها هەرێمی کوردستان وەک هەرێم هەیە و ناوچەکانی تر بەشێوەی پارێزگان و لە چوارچێوەی هەرێمی تردا جێیان نەکراوەتەوە، ئەم ناهاوسەنگییەش لێکەوتەی نەرێنیی هەیە.
٢- ئاستەنگی رێکخراوەیی و کارگێڕی: لەڕووی پەیکەربەندیی ڕێکخراوەیی و ئۆرگانی و دەسەڵاتی سەربەخۆی کارگێڕییەوە، یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ی هەرێمی کوردستان، پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاکانی لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی کارگێڕیدا لەقاڵبداوە.
حکومەتە خۆجێیەکان بۆئەوەی بتوانن وەک پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن، پێویستە لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی بکرێن و سەرچاوەی داهاتی ئەم یەکە ئیدارییانەش دوو جۆرە:
-یەکەم: ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی عێراق رەوانەی یەکە خۆجێیەکانی دەکات.
دووەم: ئەو بڕە پارەیەی کە ئیدارەکان لە رێگە یاساییەکانەوە کۆیدەکەنەوە وەک (باج، رسومات، سەرپێچی و فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی گشتی)، بەڵام لە یاسای پارێزگاکان بڕگەی ٢٧ بیستوحەوتەم باس لە داهاتی پارێزگاکان کراوە و لاسەنگی و ناهاوسەنگییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەرک و کارەکانی حکومەتە خۆجێیەکان و داهاتەکانیاندا.
٣- ئاستەنگی تریش هەن وەک (ئاستەنگی دید و پەیکەربەندیی مەرکەزیی حزبە سیاسییەکان، ئاستەنگی دوانەیی نێوان شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئاستەنگی ژینگەی دامەزراوەیی).
-پێشنیاز بۆ چارەسەری ئەم پرسە و نزیککردنەوەی حکومەت و خەڵک ئەوەیە، دەزگایەک دابمەزرێنێت بەناوی، (دەستەی هەماهەنگیی کارگێریی خۆجێی).
پێکهاتەی دامەزراوەکە بەمجۆرەبێت (سەرۆکی دەستە "بەپلەی وەزیر"، پارێزگارەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان، چەند پسپۆڕێکی ئابوری، کارگێڕی و یاسایی).
-گرنگترین ئەرکی ئەم دەستەیە ئەوەی لەبری وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی کاری پارێزگاکان دەگرێتەئەستۆ.
ئەرکی پێشخستن و پەرەپێدانی یەکە خۆجێیەکان لەئەستۆدەگرێت.
پێداچوونەوە بە پرۆسەی دابەشکاری کارگێڕیدا دەکات.
ئامادەکردنی پڕۆژە یاسا بۆ پەرەپێدانی سیستمی لامەرکەزی.
راسپاردەکانی تایبەت بە پرسی لامەرکەزی بریتیین لە:
لە دەستووری داهاتووی هەرێم رووبەرێکی فراوان بۆ پرسی لامەرکەزی دابینبکرێت،
دەسەڵاتی جێبەجێکردن کەمترین دەسەڵاتی هەبێت بۆ دەرکردنی بڕیار و فەرمان لەمبارەیەوە.
-پەیکەربەندیی پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکان بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە بگونجێت لەگەڵ سیستمی لامەرکەزی.