گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حيزبوڵا هێشتا بەردەوامە و هەردوو لایەن هەڕەشەی توند ئاڕاستەی یەکتر دەکەن، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست هێشتا ئەنجامی گەورەی بەدەست نەهێناوە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە دوای 2ـی ئازارەوە تا ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی لوبنانیش بەهۆی هەڕەشەکانی لێدانی بەیروت و ناوچەکانی تر ئاوارە بوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماڵپەڕە جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، دوێنێ واشنتۆن میوانداری خولی نوێی دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیل بوو، کە یەکەم دانیشتنی نوێیە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکە. هاوشێوەی کۆبوونەوەکانی ڕابردوو، هەردوولا بە ڕواڵەت چاویان لەوەیە کە دوای شەڕەکانی نێوان ئیسرائیل و حيزبوڵا بگەنە جۆرێک لە ڕێککەوتن، هەرچەندە بە فەرمی باس لە پێویستی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکەن، بەڵام گومانەکان لەسەر سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە هێشتا بەهێزن. لوبنان داوای ئاگربەستێکی تەواو دەکات، لەکاتێکدا ئیسرائیل هێشتا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باشووری لوبنان بەردەوامە.

ئەوەش هاتووە، حکومەتی لوبنان بە شێوەیەکی سەرەکی داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری وڵات دەکات، بۆ ئەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار ئاوارە بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. هەروەها به‌یروت هیوادارە دوای ئارامبوونی دۆخەکە، پرۆسەی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکان دەستپێبکات.

بەپێی سەرچاوەکان، لە بەرامبەردا، ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت چەک لە حيزبوڵا داماڵرێت. بەڵام شارەزایان پێیان وایە بەهۆی بەردەوامی هێرشە سەربازییەکان و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی لوبنان، ئەم ئامانجە بە ئاسانی جێبەجێ نابێت. هەندێک لە چاودێرانیش هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی دۆخەکە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییە تائیفییەکان لە ناوخۆی لوبنان.

لەنێوان ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی داوە لە ڕێگەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بنیامین نەته‌نیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی لوبنان، ڕێگری لە فراوانبوونی شەڕەکە بکات. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییانەی ڕاگەیەندراون، ئیسرائیل ڕازی بووە هێرش نەکاتە سەر بەیروت و حيزبوڵاش هەندێک لە هێرشەکانی رابگرێت، بەڵام ڕووداوە مەیدانییەکان نیشان دەدەن کە دۆخەکە هێشتا زۆر ناسەقامگیرە.

لە هەمانکاتدا، بەرپرسانی حيزبوڵا جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەر ئاگربەستێکی گشتگیر و بێ مەرج جێبەجێ بکرێت، ئەوانیش پێوەی پابەند دەبن. بەڵام هۆشداریان داوە تا کاتێک هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، وەڵامی سەربازییانیش بەردەوام دەبێت. هەروەها گروپە هاوپەیمانەکانی (محوەری بەرگری) هەڕەشەیان کردووە کە هەر پەرەسەندنێکی سەربازی دژی لوبنان، وەڵامێکی گەورەتری لێدەکەوێتەوە.

لە ئاستێکی فراوانتردا، ئێرانیش لە رێگەی فەرماندەی فەیلەقی قودس، ئیسماعیل قائانی، هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئیسرائیل و ئەمریکا کردووە، قائانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، (محوەری بەرگری)  ئامادەکاريى بۆ گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە دەکات و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ڕێگای هاتوچۆی دەریایی لە بابولمەندەب وەک گەرووی هورمز بکرێتە ئامانج، ئەگەر شەڕەکە فراوانتر بێت.

لەوبارەوە ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بنیامین نەته‌نیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناڕەزایەتیی توندی خۆی لە پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان دەربڕی. بەپێی سەرچاوە ئه‌مریکییەکان، ترەمپ هۆشداریداوە کە هەڕەشەی لێدانی بەیروت و فراوانکردنی شەڕەکە، ئیسرائیل زیاتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر دەکات و هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران دەبێت. هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان داوە کە سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی توند قسەی لەگەڵ نەته‌نیاهۆ کردووە و نیگەرانی خۆی لە کوشتنی مەدەنییەکان و فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەربڕیوە.

لەلایەکی ترەوە، بنیامین نەته‌نیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوێنێ دووشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باس لە دۆخی ئاڵۆزی لوبنان و هەڕەشەکانی حيزبوڵا کراوە. نەته‌نیاهۆ جەختیکردەوە کە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر شار و هاووڵاتییانی ئیسرائیل بەردەوام بن، هێزەکانی وڵاتەکەی ئامانجەکانیان لە ناو بەیرووتی پایتەخت دەکەنە ئامانج.  ڕوونیشی کردەوە، ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و "پێگەی ئێمە وەک خۆی دەمێنێتەوە".

لە هەمانکاتدا، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە دۆخی مەیدانی جەنگ کرد و ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بە گوێرەی پلانە سەربازییە داڕێژراوەکان، بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشوری لوبنان. نەته‌نیاهۆ هۆشداری دا، ئەگەر حيزبوڵا کۆتایی بە هێرشە مووشەکییەکانی نەهێنێت، ئیسرائیل بە شێوەیەکی توندتر وەڵام دەداتەوە و ئامانجە سەربازی و ئەمنییەکانی ناو بەیروت دەکاتە ئامانج.

زیادبوونەوەی ململانێی نێوان حيزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل لە کاتێکدایە گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران کەمبوونەتەوە و لە گفتوگۆدان بۆ رێكکەوتن، سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە لوبنان ئیسرائیل دەیەوێت گفتوگۆکانی تاران و واشنتۆن شکست پێبهێنێت. 

ماوەتەوە بڵێن، لەگەڵ ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان، ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی و هەڕەشەی لایەنە ناوچەییەکان، نیشانی دەدات کە ڕێگای گەیشتن بە ئارامییەکی تەواو لە لوبنان هێشتا پڕ لە ئاڵۆزی و ئاستەنگییە، هیچ لایەنێکیشیان ئامادەنین سازش بکەن و روون نییە کام لایەن نایەوێت گرژییەکان کۆتاییان پێبێت.