مەترسیی دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر حزبوڵا و دەوروبەری بەیروت، ئێرانی والێکردووە وەڵامدانەوەی هەبێت چونکە ئێران لوبنان و حزبوڵا بە بەشێک لە رێککەوتن دادەنێت. 

 ئەم ئاڵۆزییانە جارێکی تر گەرووی هورمزی کردەوە باسی گەرمی بازاڕی ئابوریی جیهان، حوسییەکانی یەمەن لە دواین لێدوانیدا رایگەیاند کە هەر کەشتییەکی ئەمریکا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت دەیکەنە ئامانج و رێگە بە تێپەڕبوونی نادەن.

قەیرانی داخستنی گەرووی هورمز لاوازیی ئابووریی عێراقی ئاشکراکرد، کە دەرئەنجامی نەبوونی پلانی ستراتیجی و نەبوون و لاوازیی پەرەپێدانی بژاردەی بەدیلە بۆ هەناردەکردنی نەوت وەک سەرچاوەی داهات. لەگەڵ کەمبوونەوەی هاتنی دۆلار و فشار لەسەر یەدەگی دراوی بیانی، ئەوە هاوڵاتیی عێراقییە قورسایی ئەو بارگرانییە لە ئەستۆ دەگرێت. نیشانەکانی ئەم قەیرانە وردە وردە لە بازاڕدا لە ڕێگەی هەڵاوسانی نرخ و دابەزینی توانای کڕینی کۆمەڵگا دەردەکەون.

گەرووی هورمز یەکێکە لە ستراتیجیترین رێڕەوی ئاوی جیهان، کە رێژەیەکی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لە دەوڵەتانی کەنداوەوە پێیدا تێدەپەڕێت، کە بە 21%ی هەناردەی نەوتی جیهان مەزەندە دەکرێت. گرنگییەکەی بۆ عێراق لە ڕۆڵی وەک دەرچەی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری بەسرەوە سەرچاوە دەگرێت کە بڕبڕەی پشتی داهاتە گشتییەکانی دەوڵەتی عێراق پێکدەهێنن.

 

بۆیە هەر پەککەوتنێکی ئەمنی یان سەربازی کە ڕێگری لە کەشتیوانی لە گەرووەکەدا بکات، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دەبێت. عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتی گشتی و داهاتی نەوت گەورەترین پشکی بودجەی گشتی پێکدەهێنێت. جگە لەوەش دەوڵەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی دارایی هاوردەکردن و پاراستنی سەقامگیری نرخی دراو.

 

زۆربەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور چڕبووەتەوە، کە لە رێگەی کەنداوی عەرەبییەوە هەناردە دەکرێت، ئەمەش وایکردووە گەرووی هورمز ببێتە پەیوەندییەکی گرنگ لە ئابووری عێراقدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەر دەستپێکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخستنی گەرووەکە، پرسیارێکی چارەنووسساز دێتە ئاراوە سەبارەت بە توانای ئابووریی عێراق بۆ بەرگەگرتنی ئەو جۆرە شۆکە ئابورییانە کە رێڕەوی هەناسەدانی داهات و ئابوورییەکەیەتی، ئایا حکومەت خاوەنی بەدیلێکی باش و پلانی ستراتیجییە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و کەمکردنەوەی کاردانەوە دارایی و کۆمەڵایەتییەکانی؟

ئەم مۆدێلە ئابوورییە دەبێتە هۆی زیادبوونی لاوازی دارایی، بەو پێیەی هەر دابەزینێکی هەناردەکردنی نەوت یان نرخی نەوت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەمانە دەبێت: توانای دەوڵەت بۆ خەرجکردنی گشتی؛ ئاستی دامەزراندن و داهات؛ سەقامگیری دراو و نرخی دینار؛ و چالاکیی بازرگانی لە بازاڕە ناوخۆییەکان. جگە لەوەش، قەبارەی گەورەی خەرجییەکانی کارکردن، بەتایبەتی مووچە و یارمەتییەکانی حکومەت، سەختی بەڕێوەبردنی قەیرانە داراییەکان زیاتر دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی سنوورداربوونی داهاتە نانەوتییەکان. ئەگەر گەرووی هورمز بە تەواوی یان بۆ ماوەیەکی درێژ بە داخراوی بمێنێتەوە، ئەوا کاریگەریی قەیرانەکە دەستبەجێ لە ئابووری عێراقدا رەنگدەداتەوە.

دیارترین ئەو لایەنانەی کە داخستنی گەرووی هورمز کاریگەریی لەسەری دەبێت لە عێراقدا بریتین لە، دابەزینی داهاتی نەوت لەبەرئەوەی نەوت سەرچاوەی سەرەکی دراوی بیانییە و بەو هۆیەشەوە نەمان یان کەمبوونەوەی زۆری هەناردەکردن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هاتنی دۆلار بۆ ناو ئابوریی وڵات، فشار لەسەر یەدەگی دراوی بیانی.

ئەمەش بانکی ناوەندی ناچار دەکات یەدەگی بیانی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و هاوردەکردن، کە لەئەگەری بەردەوامبوونی زیاتری قەیرانەکە  یەدەگی دراوی بیانی بۆ ئاستێکی زۆر کەمدەکاتەوە. لەبەرئەوە یەدەگی دراوی بیانی چارەسەری هەمیشەیی نییە بۆ پڕکردنەوەی داهات، بەو پێیەی بەردەوامی ئەم دۆخە بەبێ داهاتی نەوتی پێویست، دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی متمانە بە ئابووریی ناوخۆ و زیادبوونی مەترسییە داراییەکان. بۆیە کاریگەریی داخرانی گەرووی هورمز لەسەر یەدەگی بیانی بەندە بە ماوەی قەیرانەکە و قەبارەی هەناردەکردنی ڕاگیراو و ڕێوشوێنەکانی بەڕێوەبردنی ئابووری وڵات.

ناسەقامگیریی نرخی دراو و کەمبوونەوەی دابینکردنی دۆلار یەکێکی ترە لەو لێکەوتانەی لە ئەگەری درێژبوونەوەی داخستنی گەرووی هورمزدا بەرۆکی عێراق دەگرێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕی ناوخۆدا، ئەمەش لە بەهای دینار و ئاستی هەڵاوساندا رەنگدەداتەوە. کە ئەمە ئێستا بەهۆی ئەو ماوە دیاریکراوەی داخرانی گەرووەکە کاریگەریی لەسەر بازاڕی دراو دەرکەوت و تا ئێستاش کاریگەرییەکەی دیارە.

 

بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک کاریگەرییەکی تری بەردەوامی و داخستنی درێژخایەنی گەرووی هورمز دەبێت لەسەر عێراق، عێراق زۆر پشتی بە هاوردە بەستووە، بۆیە هەر پەککەوتنێک لە هاتنی دۆلار یان بازرگانی دەرەکی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان و زیادبوونی تێچووی ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییان. ئەمە واقیعێکە کە گەلی عێراق لەگەڵ هەموو قەیرانێکی جیهانیدا ئەزموونی دەکەن.

ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، هەرچەندە لە روانینی خێرادا وا دەردەکەوێت بەرزبونەوەی نرخی نەوت قازانج بێت بۆ عێراق، چونکە زیاتر لە 90% داهاتی حکومەت لە فرۆشتنی نەوتەوە دێت. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەگەر نەوت نەگاتە بازاڕەکانی جیهان، نرخی بەرز  سوودی نابێت.

رۆیتەرز لە شیکارییەکی ئابوریدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی داخستنی درێژخایەن یان سنوورداربوونی هورمز، بەشێکی زۆری توانای هەناردەی نەوتی عێراق لەدەست دەچێت. ئاژانسەکە باس لەوە دەکات کە عێراق تا  ملیاران دۆلار زیانی مانگانەی پێدەگات لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ.

ئەگەر ئەو دۆخە چەند مانگێک بەردەوام بێت، ئەوا:

مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەکەوێتە مەترسییەوە.

پڕۆژە خزمەتگوزارییە گەورەکان بەناجاری دەوەستن.

قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی زیاد دەبێت.

دیناری عێراق دەکەوێتە ژێر فشارەوە و نرخی کاڵاکان بەرز دەبێتەوە.

لە بەرامبەر ئەم مەترسییانەدا، بەغدا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای جێگرەوە دەدات. یەکێک لەو هەوڵانە بەکارهێنانی رێگای تورکیا و بەندەری جەیهانە لەرێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها بیرکردنەوە لە ڕێگای وشکانی بۆ ناوچەی ڕۆژئاوا. بەڵام ئەم ڕێگایانە ناتوانن لە ماوەی کورتدا جێگەی هەناردە گەورەکانی بەندەری بەسرە بگرنەوە.

بەپێی ئێن بی سی نیوز لەگەڵ بوونی ئەم هەڕەشانەدا، هەر شەڕێکی درێژخایەن دەتوانێت دەرفەتیش بۆ عێراق دروست بکات. ئەگەر هورمز دووبارە بکرێتەوە و نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرز بمێنێتەوە، عێراق دەتوانێت لەوکاتەدا داهاتی زۆر بەدەستبهێنێت. بەڵام ئەو دەرفەتە تەنها کاتێک دێتە دی کە هەناردەکان بەردەوام بن و ڕێگاکانی گواستنەوە کراوە بن.

لە کۆی گشتیدا، ئەگەر گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران بگاتە قۆناغی گەورەتر و گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ دابخرێت، عێراق یەکێک دەبێت لە زیانمەندترین وڵاتانی ناوچەکە. هەرچەندە نرخی بەرزی نەوت لە ڕووی تیۆرییەوە قازانج دەهێنێت، بەڵام وەستانی هەناردەکردن، بودجەی دەوڵەت، مووچەی فەرمانبەران و ئارامیی کۆمەڵایەتی دەخاتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە، بۆیە بۆ بەغدا، مەترسییەکە زیاترە وەک لە دەرفەتی سود وەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت جونکە ئەو دەرفەتە بەستراوە بە دڵنیابوون لە رێگاکانی گواستنەوەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان. 

بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز بە ڕوونی ڕادەی وابەستەیی نێوان ئابووری عێراق و پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە پیشاندەدات. هەروەها فشەڵی پێکهاتەی ئابووریی عێراق کە زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت دەردەخات. جگە لەوەش، نەبوونی پلانی ستراتیژی ڕوون لەلایەن حکومەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە قەیرانانە ئاشکرا دەکات، لەبری ئەوە پشت بە ڕێوشوێنە بەردەستەکان دەبەستێت وەک ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی کاتی وەک یەدەگی دراوی بیانی و ڕێگاکانی هەناردەکردنی بەدیل. بەڵام ئەم ئامرازانە بەس نین بۆ گەرەنتی سەقامگیریی درێژخایەن مەگەر چاکسازیی پێکهاتەیی ڕاستەقینەی لەگەڵدا بێت کە ئامانجیان هەمەچەشنکردنی ئابووری و بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت بێت.

بۆیە ئاڵنگاری ڕاستەقینە تەنیا لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی نائاسایی وەک داخستنی گەرووی هورمز نییە، بەڵکو لە توانای عێراقدایە بۆ بنیاتنانی مۆدێلێکی ئابووریی بەردەوام و خۆڕاگرتر کە کەمترین مەترسیی بخاتەسەر داهات و ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە هەر قەیرانێکی دەرەکیدا.