عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان دادەنرێت لە بواری نەوت و وزە، عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەمدەهێنێت، بەرهەمەکانی بەنزین و سووتەمەنی هێشتا یەکێکن لە هەستیارترین دۆسیە ئابوورییەکانی وڵات. لەڕوانگەی یەکەمەوە پێدەچێت وڵاتێک کە خاوەنی یەدەگی گەورەی نەوتە، نابێت هیچ کێشەیەکی هەبێت لە دابینکردنی بەنزین، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە بازاڕی سووتەمەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی جیاوازیی بەڕێوەبردنی ئەو سامانە گرنگە، توانای پاڵاوتن، هاوکاری حکومەت و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، بەردەوام نرخی بەنزین بەناجێگیریی ماوەتەوە، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی داتاکانی ( Global Petrol Price) تا سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026 نرخی بەنزین لە عێراق بۆ هەر لیترێک 850 دینار عێراقی (نزیکەی 0.65 دۆلار) بووە، بۆ جۆری (محسن) هاوکات (450) دینار بۆ نۆرماڵ. کە عێراق دەخاتە ناو کۆمەڵەی وڵاتانی خاوەن هەرزانترین سووتەمەنی لە جیهاندا. ئەم داتایانە نرخی بەنزینی حکومین کە لەشارەکانی عێراق لەلایەن بەنزینخانە حکومییەکانەوە بەسەرشۆفێران و هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت.
بەپێی بەراوردیی نرخی بەنزین لەنێوان عێراق و وڵاتانی دیکەی جیهان، نرخی بەنزین زیاتر لە 1.5 دۆلار بۆ هەر لیترێکە، واتە هاوڵاتیی عێراقی نزیکەی نیوەی ئەو نرخە دەدات کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەدرێت. ئەم جیاوازییە بەهۆی هاوکارییەکانی حکومەت و دابینکردنی نەوتی خاوەوەیە، نەک بەهۆی کەمبوونی تێچوونی بەرهەمهێنانی بەنزین.
جۆرەکانی بەنزین و نرخە فەرمییەکان
لە عێراق سێ جۆری سەرەکی بەنزین لە بازاڕدا هەن:
بەنزینی نۆرماڵ نرخی 450 دینار ئۆکتانی 90
بەنزینی محسن نرخی 850 دینار ئۆکتانی 95
بەنزینی سۆپەر نرخی 1250 دینار ئۆکتانی 98
ئەم نرخانە دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی 2024 گۆڕانکارییان بەسەردا هات و نرخی بەنزینی 95 ئۆکتان لە 650 بۆ 850 دینار و نرخی سوپەر لە 1000 بۆ 1250 دینار بەرزکرایەوە. ئەمەش لەسەرەتادا نارەزایەتی بەشێک لە شۆفێران و هاوڵاتییانی عێراقی لێکەوتەوە. هاوکات لەبەشێک لەو شارانەی هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە کۆبونی بەنزین دەبێت، بەجۆرێک کە هەرئۆتۆمبیلێک کۆبونی تایبەتی لەگەڵ نەبێت، ناتوانێت بەو نرخە فەرمییە بەنزین وەربگرێت. هەندێك کات بەبێ بوونی کۆبون بە نرخی گرانتر بەنزین دەدرێت بەجۆرێک بۆ هەرلیترێک نزیکەی (250) دینار زیاتر لە شۆفێران وەردەگیرێت.
بۆچی حکومەت نرخەکانی بەرزکردەوە؟
پێش ئەم نرخانەی ئێستا و بەتایبەت نرخی بەنزینی (محسن) لە عێراق هەرزانتر بوو، بەڵام حکومەتی عێراق لەڕێگای وەزارەتی نەوت بەفەرمی نرخەکانی بەرزکردەوە، ئەم بڕیارەشی بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی گەڕاندەوە ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو هۆکارانە.
زیادبوونی تێچووی هاوردەی بهنزین
بارگرانی یارمەتییەکانی حکومەت بۆ سووتەمەنی لەسەر بودجە
هەوڵدان بۆ زیادکردنی داهاتە ناوخۆییەکان
پاڵپشتی لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و پاڵاوتن
ئەو بڕیارە لە کاتێکدا هات کە عێراق بەردەوام ملیاران دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەشێک لە سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین خەرجدەکرد.
بەنزین لە هەرێمی کوردستان
دۆخی هەرێمی کوردستان جیاوازترە. لە زۆربەی کاتەکاندا نرخەکانی بەنزین لە هەرێم بەرزتر بوون لە پارێزگاکانی تری عێراق. ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاواز دەگەڕێتەوە، لەسەرو هەموویانەوە پاڵپشتینەکردنی سوتەمەنی بەتایبەت بەنزین لەلایەن حکومەت و قۆرغکاری لە بازاڕی ئازاد و هاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتانی جیهانەوە.
ئێستا له ههرێمى كوردستان لەگەڵ نزیکبونەوەی وەرزی گەرما و هاوین بەرزبوونەوەيهكى بهرچاو له نرخی بەنزین روويداوه، بەجۆرێک لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا یەکەمجارە بەمشێوەیە نرخەکان بەرزببنەوە له ههر چوار پارێزگاكهى ههرێمى كوردستان.
نرخى بهنزين له ههرێمى كوردستان بهمشێوهيهيه:
نرخی بەنزینی نۆرماڵ 1000 دینار
نرخی بەنزینی محسن 1250 دینار
نرخی بەنزینی سوپەر 1450 دینار
بە واتایەکی تر، هەندێک جۆری بەنزین لە هەرێم نزیکەی دوو هێندەی نرخی فەرمی لە بەغدا دەفرۆشرێت، ئەمەش نیگەرانی لای شۆفێران دروستکردوە و پێشووتر چەندین جار داوایانکردبوو نرخەکان هاوشێوەی عێراقی لێبکرێت. لەهەمانکاتدا جۆرێکی بەنزینی عێراقی لە هەرێم بە نرخی (750) دینار دابەشدەکرێت، بەڵام بەشێکی شۆفێران لە کوالێتی ئەو جۆرە بەنزینە رازی نین. ئەویش لەئێستادا رێژەکەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە.
ئەگەرچی هەرێمی کوردستان لەماوەکانی رابردوو رێککەوتنی لە بواری نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کرد، رۆژانە نەوتی بەرهەمهاتوی هەرێم لەرێگای کۆمپانیای سۆمۆ رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، وێڕای وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی جەنگهوه، بەڵام لەئەرزی واقیعدا رێککەوتن کراوە و نەوتی هەرێم دەچێتە بازاڕەکانی جیهان.
لەم نێوەندەدا بەشێک لەو تێبینی و رەخنانەی لەسەر ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێم هەبوو، بڕی ئەو (50) هەزار بەرمیلە بوو کە بۆ پێداویستی ناوخۆیی دیاریکرابوو. بەڵام هەرێمی کوردستان لەو بڕەی بۆ پێداویستی ناوخۆیی دابینکراوە ناتوانێت نرخی بەنزین هاوشێوەی عێراق لێبکات، بۆیە بەشێک لە پەرلەمانتاران و پسپۆرانی وزە داوایانکرد بۆ داهاتوو جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەو پرسەدا بکرێت.
هۆکارەکانی گرانبونی نرخی بەنزین
-نەبوونی پاڵپشتی حکومیی
حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی راستەوخۆ پاڵپشتی بۆ سووتەمەنی دابیندەکات، بەڵام لە هەرێم ئەو سیاسەتە بە هەمان ئاست نییە. عێراق خاوەنی چەندین پاڵاوگەی گەورەی سوتەمەنییە لەوانە بێجی، دۆرە، کەربەلا، بەسڕە، ئەمانە گەورەترین پاڵاوگەکانی عێراقن و دەتوانن تا ئاستێکی بەرز پێداویستی ناوخۆیی لە سوتەمەنیی و بەتایبەت بەنزین دابین بکەن.
-سنورداريى پاڵاوگەکان
هەرچەندە هەرێم خاوەنی نەوتە، بەڵام توانای پاڵاوتنی بەنزینی کوالێتی بەرزی هێشتا سنووردارە و بەشێک لە پێداویستییەکانی سوتەمەنی لە بازاڕدا بە هاوردە پڕدەکاتەوە.
-کاریگەريى گۆڕانكارييهكانى نرخى دۆلار بەرامبەر دینار
بازاڕی سوتەمەنی و بەتایبەت بەنزین بەجۆرێکە بەرزی و نزمی نرخی دۆلار راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکەی دروستدەکات، بەتایبەت هەرێمی کوردستان بەشی زۆری بەنزین لە دەرەوەو بەتایبەت ئیمارات ئێران و تورکیا هاوردە دەکات، دراوی فەرمی کە مامەڵەی پێوە دەکرێت دۆلاری ئەمریکیيە، بۆیە بەرزی و نزمی ئەم دراوە کاریگەريى لەسەر نرخی بەنزین لە هەرێمى كوردستان دروستدەکات. وێڕای تێچووی گواستنەوەی بەنزین کە لەدەرەوەی سنوورەکانەوە هاوردە دەکرێت.
شەڕ و گۆڕانکارییەکان چ کاریەگەرییەکیان هەیە؟
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2026 کاریگەرییان لەسەر بازاڕی جیهانی سووتەمەنی داناوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەوانی کەناڵی ئەلجەزیرە، دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لهگهڵ ئێران، زیاتر لە 95 وڵات زیادبوونی نرخی بەنزینیان تۆمار کردووە. هەرێمی کوردستانیش بەر ئەو شەپۆلی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنییە کەوتووە و لەئێستادا بەردەوام نرخەکان بەرز دەبنەوە.
هەرچەندە عێراق بەهۆی پاڵپشتی حکومەتەوە توانیویەتی نرخی ناوخۆیی رابگرێت، بەڵام درێژبوونەوەی هەر ئاڵۆزییەکی هەرێمیی دەتوانێت کاریگەريى لەسەر: تێچووی هاوردە، تێچووی پاڵاوتن، بودجەی حکومەت و نرخەکانی سووتەمەنی دابنێت، لەماوەی هەفتەی رابردوودا لە شارەکانی بەغدا و بەسڕە و کەرکوک قەیرانی کەمبوونەوەی بەنزینی (محسن) دروست بوو، بەڵام بێئەوەی نرخەکەی بەرز ببێتەوە و لەئێستادا تا رادەیەک توانراوە ئەو کێشەیە کۆنترۆڵ بکرێت و بەنزین لە بەنزینخانە حکومییەکان بەهەمان نرخی پێشوو دابەشدەکرێت.
عێراق؛ بەرهەمهێنەری نەوت، هاوردەکەری بەنزین
یەکێک لە گرنگترین پارادۆکسەکانی ئابووری عێراق ئەوەیە کە ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگە نەوتییەکانی جیهانە، بەڵام تا ئێستاش پێویستی بە هاوردەکردنی بەشێک لە سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین هەیە. هەرچەندە لەسەردەمی کابینەی محهمهد شیاع سودانی، بەفەرمی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی لە سوتەمەنی راگەيهنرا، بەڵام تا ئێستاش جگە لە بەنزینی حکومی لەشارەکانی عێراق بەنزینی ناحکومی بەنرخی گران دەفرۆشرێت و نرخەکانیش نزیکن لە بازاری سوتەمەنيى هەرێمی کوردستان.
چۆن رێگيى لە گرانبوونی نرخی سوتەمەنی دەکرێت؟
دروستکردنی پاڵاوگەی گەورە
زیادکردنی توانای پاڵاوتن
کەمکردنەوەی هاوردەکردن
پاڵپشتی حکومی بۆ کەرتی سوتەمەنی
هەرزانترین و گرانترین بەنزین لەسەر ئاستی جیهان
قەیرانی گرانبوونی سوتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین تەنها رووداوێک نییە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق رووبدات، بەڵکو زۆرینەوی وڵاتانی جیهان بەتایبەت لە کاتی جەنگ و قەیران و کێشەکاندا رووبەڕووی دەبنەوە، هەرچەندە داهێنانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی و (هایبرد) هەیە، بەڵام بەنزین تا ئێستاش جێگرەوەی نییە. ئەم وڵاتانەی خوارەوە نموونەی نرخی بەنزینن لە سەر ئاستی جیهان.
ماڵپەری گڵۆبەڵ ئۆیل پرایس، یەکێک لە باوەڕپێکراوترین ماڵپەڕەکانی جیهانە بۆ بڵاوکردنەوەی نرخی سوتەمەنی و بەنزین لەسەر ئاستی جيهان، نوێترین خشتەی بڵاوکردووەتەوە لە رێکەوتی 8/6/2026 لە کۆی 151 وڵات نرخەکان بەمشیوەیە بڵاوکراوەتەوە.
گرانترین وڵاتەکان بۆ بەنزین
هۆنگ كۆنگ نرخی بەنزین 4 دۆلار
مالاوی نرخی بەنزین 3,8 دۆلار
ئیسرائیل نرخی بەنزین 2,73 دۆلار
دانیمارک نرخی بەنزین 2,65 دۆلار
هۆڵەندا نرخی بەنزین 2,64 دۆلار
هەرزانترین وڵات بۆ نرخی بەنزین
لیبیا نرخی بەنزین 0,024دۆلار
ئێران نرخی بەنزین 0,029
ڤەنزوێلا نرخی بەنزین 0,035
ئەنگۆلا نرخی بەنزین 0,327
کوەیت نرخی بەنزین 0,339
لەو ریزبەندییەی ماڵپەڕەکە بڵاویکردووەتەوە عێراق پلەی 12يه بۆ ههرزانى نرخى بەنزین، بەجۆرێک بۆ هەر لیترێک 0.64 دۆلار هەژمار کراوە، ئەم ریزبەندییەش بەردەوام گۆڕانکاريى بەسەردا دێت و ماڵپەرەکەش لەگەڵ بەرزیی و نزمی نرخەکان زانیارییەکان نوێدەکاتەوە.
ئەگەر عێراق و هەرێم بتوانن لە ساڵانی داهاتوودا توانای پاڵاوتنی ناوخۆیی زیاد بکەن و سیستەمێکی هاوسەنگ بۆ دابینکردنی سووتەمەنی دروستبکەن، ئەوا دەتوانرێت کێشەی جیاوازیی نرخ و بارگرانی سەر بودجەی گشتی وڵات کەمبکرێتەوە. بەڵام تا ئەو کاتە، بازاڕی بەنزین هەر یەکێک لە هەستیارترین دۆسیە ئابوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. ئەرکی حکومەت و لایەنی پەیوەندیداریش چاودێریکردنی بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی نرخە بەجۆرێک بارگرانی زیاتر لەسەر گیرفانی هاوڵاتی دروست نەکات.