لە ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵی رابردوودا، هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی ژیان و کارکردنی سەدان رۆژنامەنووس و میدیاکار، بەڵام لە هەمان کاتدا، ژمارەیەک لەوانە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەییاندا گیانیان لەدەستداوە، یان بوونەتە قوربانیی بارودۆخی نائارام، شەڕ، رووداوە ئەمنییەکان و رووداوەکانی هاتوچۆ.

لە راپۆرتێکی کەناڵی NBC NEWSدا هاتووە کە پیشەی رۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیهاندا بە یەکێک لە مەترسیدارترین پیشەکان دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رۆژنامەنووسان زۆرجار لە پێشەوەی رووداوەکاندان و بۆ وەرگرتنی زانیاری و گواستنەوەی هەواڵ، دەچنە ناوچەی شەڕ و ململانێ، شوێنی تەقینەوە و کارەساتە سروشتییەکان و بەشێکیشیان رووبەڕووی هەڕەشە لێکردن و تیرۆرکردن دەبنەوە، سەرباری ئەوەش هەندێکیان بە رووداوە کانی وەک رووداوی هاتوچۆ و نەخۆشی گیان لەدەستدەدەن. 

لە هەرێمی کوردستانیش، رۆژنامەنووسان بەدەرنین لەو مەترسییانە بۆنمونە لە ساڵانی شەڕی دژی داعش، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بەشێک لە رۆژنامەنووسانیش لەلایەن کەسانی نادیار و بە رووداوی نادیار گیانیان لەدەستداوە، سەرباری ئەوانە رووداوەکانی هاتوچۆ هیچی کەمتر نییە لەوانەی تر، کە بوونەتەهۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە رۆژنامەنووس و میدیاکاری هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی ٢٠١٤ و دەستپێکردنی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچە و شارە جیاوازەکانی عێراق، قۆناغێکی دژواری کاری میدیایی دەستیپێکرد. رۆژنامەنوسان بۆ گواستنەوەی راستەوخۆی بارودۆخی شەڕ و گواستنەوەی زانیاری لە هێڵی پێشەوەی شەڕ دژی داعش، خۆیان خستە مەترسییەکی زۆرەوە. هەندێک لەوانە لە ئەنجامی تەقینەوەی مین، پێکران و بێسەروشوێنبوونیانەوە گیانیان لەدەستدا.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧، کاتێک شەڕی دژی داعش لە قۆناغی توند و رووبەڕووبوونەوەیدابوو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، چەندین رۆژنامەنوس و وێنەگر لە شارەکانی موسڵ، مەخمور، سنجار و کەرکووک تووشی مەترسیی گەورەبوون. هەندێکیان بریندار بوون و هەندێکی دیکەیان گیانیان لەدەستدا لەگەڵئەوەشدا رۆژنامەنووسان رووبەڕووی بێسەروشوێن بوون بوونەوە. لەکاتی رووماڵی ئەو شەڕەدا پێنج رۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا، هەروەها رۆژنامەنوس کامەران نەجم بە برینداری کەوتە دەست چەکدارانی داعش و دواتر گیانی لەدەستدا،  ئەو قوربانییانە نیشانەی ئەوە بوون کە رۆژنامەوانی تەنها پیشەی هەواڵ گواستنەوە نییە، بەڵکو کارێکی پڕ لە بەرپرسیارێتییە کە  زۆرجار بەهاکەی قورسە.

دواتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس لە جیهاندا بووە مەترسییەکی جددی و ئەستەم لە خۆلێلادانی بۆ رۆژنامەنووسان، چونکە ئەگەر لە جیهاندا خەڵکی گشتی کەرەنتینە و خۆدوورگرتنیان وەک چارەسەر بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا بۆ دانرابێت، ئەوا رۆژنامەنووسان جیاواز لە هەر کەسێکی تر بەشیوەی مەیدانی هەمیشە لە رووماڵکردنی ئەو پەتا مەترسیدارە و زیانەکانیدابوون، کە ئەمیش بەپێی ئامارێکی رێکخراوی PECی جیهانی زیاتر لە ١٥٠٠ رۆژنامەنووس لە ٧٧ وڵاتی جیهاندا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە. 

لە هەرێمی کوردستانیش رۆژنامەنووس هێرش سەنگەری بەهۆی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. 

سەرباری ئەم شەڕ، رووداو و قەیرانە جیهانییانە رووداوەکانی تری وەک، تیرۆرکردن و هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان  و رووماڵی خۆپیشاندانەکان هۆکارن بۆ گیانلەدەستدانیان، کە بەهۆیەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە بەپێی ئامارێکی رێکخراوی میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان ١٣ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە. 

لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە مەترسییەکان لەسەر رۆژنامەوانان بە شێوەیەکی بەردەوام هەیە. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور کاری رۆژنامەوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدایە و بەوپێیە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پلەی ٥٧ـەمینی جیهانەوە بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری پاشەکشێی کردووە بۆ ٥٣ـیەمینی جیهان، ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە رۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان تووشی هەڕەشە، دەستبەسەرکردن، لێدان و فشار دەبنەوە. هەرچەندە ئەو ڕووداوانە هەمیشە بە گیانلەدەستدان کۆتایی نایەت، بەڵام دۆخێکی نائارام بۆ کاری میدیایی دروست دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا ناسەلامەتی کاری میدیایی بەهۆی نەبوون یان خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە هۆکارێکی تری گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووسانن، لە ساڵی ٢٠٢٣دا رۆژنامەنووس ئەحمەد عەلی بەهۆی نەبوونی پشتێن و هۆکارەکانی سەلامەتییەوە لەکاتی وێنەگرتنی لەسەر چیای پیرەمەگرون کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا. 

هەروەها لە ماوەی تەنها یەک ساڵی رابردوودا پێنج رۆژنامەنووس بە رووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە هەریەکە لە وریا حەمە کەریم، مەبەست سەردار، یوسف سالار، هەڵکەوت عەزیز و لاناز کوردۆ بوون. 

گیانلەدەستدانی ڕۆژنامەنوسان تەنها ژمارە و ئامار نییە. بەڵکو لەپشت هەر قوربانییەکەوە چیرۆکی ژیانێک، خێزانێک و خەون و ئامانجێکی تەواونەبوو هەیە ئەمە جگە لەوەی کاری رۆژنامەوانی ئەو رۆژنامەنووسە و دەزگا میدیاییەکە کەلێنی تێدەکەوێت. ئەمە جگە لەوەی ئەو رۆژنامەنووسانەی باسکران زۆرینەیان لە تەمەنی گەنجیدا بوون و هێشتا لە سەرەتای ڕێگای پیشەییاندا بوون. 

لەلایەکی دیکەوە، گیانلەدەستدانی ڕۆژنامەنوسان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی میدیا هەیە. کاتێک ڕۆژنامەنوسێک لە ئەنجامی کارەکەیدا دەکوژرێت، یان تووشی هەڕەشەی کوشتن دەبێت، ترس و نیگەرانی لەناو میدیاکاراندا دروست دەکات. ئەو بارودۆخە دەشێت ببێتە هۆی خۆسانسۆرکردن یان دوورکەوتنەوەی هەندێک ڕۆژنامەنوس لە بابەتە هەستیارەکان.

هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی لە بواری میدیا بەخۆوە بینیوە. دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی، رادیۆ، رۆژنامە و ماڵپەڕی هەواڵی دروستبوون. بەڵام پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و فراوانبوونی میدیا پێویستی بە زیاتر پاراستنی ڕۆژنامەنووسان هەیە، ئەو پاراستنە تەنها بە یاسا ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە هاوکاریی حکومەت، دامەزراوە میدیاییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە.

 

ئاماری کوژران و گیانلەدەستدانی بەشێک لە رۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە: