لە کاتێکدا جیهان هێشتا لە ژێر کاریگەرییە ئابورییەکانی پەتای کۆڤید-19دایە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران جارێکی دیکە یەکێک لە هەستیارترین کەرتەکانی ئابووری جیهانی خستووەتە مەترسییەوە؛ کەرتی فڕۆکەوانی. ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویداوە، تەنها بابەتێکی سەربازی یان ئەمنی نییە، بەڵکو بووەتەهۆی قەیرانێکی ئابووری کە کاریگەرییەکانی لە سنووری وڵاتانی ناوچەکە تێدەپەڕێت و دەگاتە بازاڕەکانی ئەوروپا، ئاسیا و تەنانەت ئەمریکاش.
کەرتی فڕۆکەوانی مەدەنی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ئاستی جیهانیدا، چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، چ لە ڕێگەی ئاسانکاریکردن بۆ جوڵەی خەڵک بۆ پەیوەندیکردن، بازرگانی، گەشتیاری، و چارەسەری پزیشکی، و لە ڕووی ئابوورییەوە، بە پشتیوانیکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی ئابوورییە ناوخۆییەکان و بەشداریکردنی کاریگەرانە لە گەشەسەندنی ئابووری.
بۆیە ئەم کەرتە بە هۆی ململانێ و شەڕەکانی ناو هەرێمێک یان لەناوچەکانی وڵاتێکەوە ناوبەناو کاریگەری نەرێنی بەرکەوتووە و ناچاری کردووە کە ئاسمانی وڵاتەکەی و ناوچەکانی دەوروبەری بەڕووی گەشتەکاندا دابخات و هاتوچۆی ئاسمانی ڕابگرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی- بنەمایەک کە لە کاتی شەڕ و کارەساتی سروشتیدا لە فڕۆکەوانی مەدەنیدا بە توندی جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی کاردانەوەی ئابووری کە ڕێگری لە گەشەی ئابووری دەکات.
کاردانەوەی نەرێنیی ئابووری لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی مەدەنی بووەتە دەرئەنجامێکی حەتمی داخستنی ئاسمانی ناوچەیەک یان جیهان لەکاتی قەیران و کێشەدا، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر بوارەکانی گواستنەوەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکان و لە هەمووی گرنگتر رێڕەوی ئاسمانی لەو ناوچەیەدا هەیە. ئەم بارودۆخە نائاساییانە بارگرانییەکی زۆر دەخەنەسەر کار و قازانجی هێڵە ئاسمانییەکان بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان یان گۆڕینی رێگاکان بۆ ڕێڕەوی درێژتر، کە لە ئەنجامدا زیانی دارایی بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی سووتەمەنی لێدەکەوێتەوە.
ئەو زیانانەی کە بەهۆی وەستاندنی وەرگرتن و دەرچوونی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانەوە ڕوودەدەن، لە وەستانی داهاتی خزمەتگوزارییەکانی مامەڵەکردنی زەمینی و بەکارهێنانی ئامرازەکانی دیکەی فڕۆکەخانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام زیانێکی هەرە بەرچاو وەستانی خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاریی ئاسمانییە بۆ فڕۆکەکانی گواستنەوەی ئاسمانی، کە داهاتەکەی مانگانە بە ملیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێت. هەر فڕۆکەیەک کە بە ئاسمانی وڵاتێکدا تێدەپەڕێت، داهاتێک دەداتە ئەو وڵاتە کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. بۆ نموونە لە عێراق بۆ هەر فڕۆکەیەک کە بە ئاسمانەکەیدا تێدەپەڕێت ٤٥٠ دۆلار وەردەگرێت. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ڕۆژانە نزیکەی 700 فڕۆکە لە ئاسمانی عێراقدا ترانزێت دەکەن، واتە مانگانە نزیکەی دە ملیۆن دۆلار لەم پارەی ترانزێتانە دەچێتە ناو بودجەی حکومەتەوە.
کاتێک وڵاتێک ئاسمانەکەی دادەخات، زۆرجار سەرنجەکان بۆ لایەنە سەربازی و ئەمنییەکە دەڕوات. بەڵام لە پشت ئەو بڕیارەوە زنجیرەیەکی درێژی زیانە ئابورییەکان هەن کە بە شێوەیەکی خێرا لە هێڵە ئاسمانییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ گەشتیاری، بازرگانی، گواستنەوە، بازاڕی کار و دواتریش بۆ ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییان.
کاتێک گەشتەکان دەوەستن
هیچ کەرتێک وەک گەشتیاری بە خێرایی کاریگەریی پشێوییە ئاسمانییەکان تێدا دەرناکەوێت. گەشتیار پێش هەر شتێک سەلامەتی دەوێت. هەر کاتێک ناوچەیەک ناوی لە سەردێڕی هەواڵەکاندا بە ناسەلامەت باسدەکرێت، داواکاری بۆ گەشت بۆ ئەو ناوچەیە دادەبەزێت.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەشتیاری یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات. دوبەی، دەوحە، ئەبوزەبی، عەمان و هەندێک شاری دیکەی ناوچەکە هەر ساڵە ملیۆنان گەشتیار رووی تێدەکەن. ئەگەر گەشتیار دڵنیانەبێت لە دۆخی ئاسایش یان دڵنیانەبێت کە گەشتەکەی هەڵناوەشێتەوە، بڕیار دەدات سەفەرەکەی دوا بخات یان شوێنێکی دیکە هەڵبژێرێت.
ئەوەی لە قەیرانی کۆڤید-19دا ڕوویدا، نموونەیەکی ئاشکرای ئەو دۆخە بوو. کاتێک سنوورەکان داخرا و فڕینەکان راگیران، هوتێلەکان چۆڵ بوون، چێشتخانەکان کڕیارەکانیان لەدەستدا و هەزاران کۆمپانیا ناچار بوون چالاکییەکانیان سنووردار بکەن.
ئێستا هەرچەندە قەیرانی ئێران و ئیسرائیل قەبارەیەکی جیاوازی هەیە، بەڵام میکانیزمی زیانەکان هەمان شتە؛ واتە کەمبوونەوەی گەشتیار و دابەزینی چالاکی ئابووری.
لە جیهانی ئێستادا، زۆربەی کاڵا گرنگەکان پێویستیان بە گواستنەوەی خێرا هەیە. دەرمان، پارچەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، بەرهەمە تەکنەلۆجییەکان و کاڵا گرانبەهاکان زۆرجار بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە.
کاتێک ئاسمان دادەخرێت یان ڕێڕەوی فڕین دەگۆڕدرێت، گواستنەوەی ئەو کاڵایانە گرانتر و هەندێکجار هێواشتر دەبێت. ئەمەش لە کۆتاییدا نرخەکەی لەسەر بەکارهێنەر زیاد دەکات. واتە کڕیارەکە لە بازاڕدا نرخی بەرزتر دەدات.بە واتایەکی تر، جەنگ و گرژییە سیاسییەکان تەنها لە سنووری مەیدانی شەڕدا نامێننەوە، بەڵکو دەتوانن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ببنە هۆی هەڵکشان و هەڵاوسان لە وڵاتانی دووریش.
بیرهێنانەوەی ئەزموونی کۆڤید-19
ئەگەر بمانەوێت قەبارەی مەترسییەکە بزانین، تەنها سەیرێکی ئەزموونی کۆڤید-19 بکە. لەو ماوەیەدا، کەرتی فڕۆکەوانی جیهانی زیاتر لە 50 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. ملیۆنان گەشت هەڵوەشایەوە و هەزاران کەس هەلی کاریان لەدەستدا.
گرنگتر لە هەموو ئەوەش، ئەو پەتایە نیشانیدا کە فڕۆکەوانی چەندە بە ئابووری جیهانییەوە پەیوەستە. کاتێک فڕۆکەکان لەسەر زەوی دەمێننەوە، نەک تەنها لە گەشتیاریدا زیانەکانی دەردەکەوێت، بەڵکو بازرگانی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری و تەنانەت بازاڕی کاریش تووشی کێشە دەبن.
ئاسمانی ئێران؛ گرێ کوێرەی ستراتیژیی فڕینە جیهانییەکان
ئێران تەنها وڵاتی ناوچەکە نییە کە لە ناو گرژییە سیاسییەکاندا گیرۆدەبووە. شوێنی جوگرافیایی ئەو وڵاتە وای کردووە ببێتە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاسمانییەکانی جیهان. زۆربەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان کە لەنێوان باشووری ئاسیا، چین، هیندستان و ئەوروپادان، بەگشتی بە ئاسمانی ئێراندا تێدەپەڕن.
بۆیە کاتێک ئەم ئاسمانە دادەخرێت، بابەتەکە تەنها پەیوەست نییە بە فڕۆکەخانەکانی تاران یان مەشهەد، شیراز و ئەسفەهان، ئەوە واتای گۆڕینی نەخشەی فڕینی هەزاران گەشتی جیهانییە. هێڵە ئاسمانییەکان ناچار دەبن رێڕەوی دوورتر هەڵبژێرن، بە سعودیە، دەریای عەرەب یان تورکیادا تێپەڕن و ئەمەش کاتی فڕین و تێچووی کارکردنیان زیاد دەکات.
شارەزایانی بواری فڕۆکەوانی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەر گۆڕانکارییەکی بچووک لە ڕێڕەوی گەشتەکان دەتوانێت هەزاران دۆلار زیادەی سووتەمەنی بخاتە سەر تێچووی هەر گەشتێک. کاتێک ئەم زیادبوونە لەسەر سەدان یان هەزاران گەشت حیساب بکرێت، قەبارەی زیانەکان دەگەنە ئاستی ملیۆنان دۆلار لە رۆژێکدا.
بەردەوامبوونی ململانێی ئێستای نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئاڵۆزییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانێکی لەو شێوەیە، پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران زیاتر دەکات، ئەمەش وا دەکات ئەوانەی بەرپرسی بەڕێوەبردنی ئەم کەرتەن بەدوای چارەسەری بەدیل و خێرادا بگەڕێن، بەمەرجێک سەلامەتی لە پێشینەی کارەکانیدا بێت، ئەمەش دەبێتە تەحەدای راستەقینە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، کە هیوادارین ماوەیەکی زۆر نەخایەنێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی داخستنی فڕۆکەخانەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، دوای هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ئێران، تووشی شۆکێکی ئابووری بێوێنە بووەتەوە. ئەمەش رەنگدانەوەی لەرزۆکیی ئابووریی ناوچەکەیە کە بەرادەیەکی زۆر پشت بە کەرتی فڕۆکەوانی دەبەستن وەک بزوێنەرێکی سەرەکی گەشتیاری و بازرگانی و گواستنەوە.
قەبارەی زیانی پەکخستنی گەشتەکان و کاریگەری ڕاستەوخۆیان
وڵاتانی وەک ئێران، عێراق، سوریا، ئوردن، ئیمارات، قەتەر، کوەیت، بەحرەین، لەماوەی هێرشەکانی سەر ئێران ئاسمانی وڵاتەکانیان داخست، ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەزاران گەشتی ئاسمانی. تەنها لە یەکەمی ئەم داخستنەدا زیاتر لە ٩٦٦ گەشت (کە دەکاتە ٢٢.٩%ی گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان) هەڵوەشایەوە، بەمەش کۆی گشتی گەشتەکانی رۆیشتن بە نزیکەی ١٨٠٠ گەشتی هەڵوەشاندەوە، جگە لە ١٨ هەزار گەشتی دواکەوتوو لە سەرانسەری جیهاندا.
فڕۆکەخانە گەورەکانی وەک دوبەی و ئەبوزەبی و دەوحە کە بە شێوەیەکی ئاسایی رۆژانە نزیکەی ٩٠ هەزار سەرنشین لە رێگەی هێڵە ئاسمانییە گەورەکانی وەک ئیمارات و هێڵی ئاسمانیی قەتەر و هێڵی ئاسمانیی ئیتیحادەوە گەشت دەکەن، داخران، ئەمەش کاریگەری لەسەر سەدان هەزار سەرنشین هەبووە و بەشێکیش لە کارکردنی بارهەڵگرە ئاسمانییەکان وەستان.
زیانە راستەوخۆکانی بۆ هێڵە ئاسمانییەکان
هێڵی ئاسمانیی کەنداو زیانێکی راستەوخۆ و خێرای بەرکەوت بەهۆی گۆڕینی ڕێڕەوی گەشتەکان بۆسەر رێگای درێژتر لەڕێگەی سعودیە یان تورکیا و زیادکردنی بەکارهێنانی سووتەمەنی بە ڕێژەی 30% و بەرزکردنەوەی تێچووی کارکردن و بلیتەکان بە ڕێژەی 23% ڕۆژانە.
هێڵی ئاسمانیی سعودیە بەهۆی راگرتنی گەشتەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر زیانێکی مێژوویی هاوشێوەی ئەو زیانانەی لەکاتی کۆڤید-19دا تووشی بوون تۆمارکرد، کە گەیشتە زیاترلە 7 ملیار دۆلار.
زیانی ڕاستەوخۆی ڕۆژانەی ناوچەکە لەکاتی هێرشەکانی سەر ئێراندا لە نێوان 500 بۆ یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە لە ئەنجامی وەستانی داهاتی ڕاستەوخۆ بۆ هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەخانەکان و زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی و زیانی گواستنەوەی ئاسمانی و گەشتیارییە. بە تایبەتی بۆ هەندێک وڵات:
ئیمارات (دوبەی و ئەبوزەبی): ڕۆژانە 100-200 ملیۆن دۆلار بەهۆی وەستانی فڕینەکانی گەشتیاری و بارهەڵگر و لەدەستدانی دەیان هەزار هەلی کاری کاتی.
قەتەر (دەوحە): 50-100 ملیۆن دۆلار لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی 716 گەشت و کاریگەری لەسەر نزیکەی 30 هەزار سەرنشین.
سعودیە: 80-150 ملیۆن دۆلار بەهۆی هەڵوەشاندنەوە و تێچووی زیادەی سووتەمەنی. عێراق و ئوردن: زیانی 20-50 ملیۆن دۆلار بەهۆی پچڕانی بازرگانییەوە.
زیانەکان لە ماوەی مانگێکی تەواودا
زیانی راگرتنی گەشتەکان بۆ ماوەی مانگێکی تەواو (٣٠ ڕۆژ) زیانەکانی گەیشتە ١٥-٣٠ ملیار دۆلار، هەروەها زیانەکان دەگاتە ٤٠-٦٠ ملیار دۆلار ئەگەر کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان لەبەرچاو بگیرێت، وەک لەدەستدانی ١٠٠-٢٠٠ هەزار هەلی کار لە کەرتی گەشتیاری و میوانداری، هەروەها دابەزینی ١-٢%ی بەرهەمی ناوخۆیی لە وڵاتانی کەنداو.
ئەم دۆخە فشاری خستەسەر بازاڕی فڕۆکەوانی هەرێم کە بەهاکەی لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەگاتە ٢٣ ملیار دۆلار، هەروەها گەشتوگوزار بە ڕێژەی ٢٠-٣٠% دابەزی و هەروەها ناردنی نەوت و کاڵاکان ڕاگیرا، ئەمەش هەڵاوسانی زیاد کرد و کاریگەریی لەسەر هەناردەکردن دروستکرد.
ئەگەر ئەم دۆخە بەراورد بکرێت لەگەڵ لە ماوەی پێنج مانگی قەدەغەکردنی کۆڤید-١٩دا، ئەم ناوچەیە تەنها بۆ هێڵی ئاسمانی ٤.٨ ملیار دۆلاری لەدەستداوە، ئوردنیش یەک ملیار دۆلاری لە بەرهەمی ناوخۆیی لەدەستداوە. ئەمەش ئەوە دەردەخاتەڕوو کە مانگێکی ئەم بارودۆخەی جەنگ لە ئێستادا زۆر کاریگەرترە بەهۆی پشتبەستنی زیاتر بە کەرتی فڕۆکەوانی.
لە هەر قەیرانێکی ئاسمانی، یەکەمین قوربانی هێڵە ئاسمانییەکانن. ئەوان پێش هەموو کەسێک ناچار دەبن بڕیارەکانی حکومەتەکان جێبەجێ بکەن و گەشتەکانیان هەڵبوەشێننەوە یان بگۆڕن.
هێڵە ئاسمانییە گەورەکانی کەنداو، بە تایبەتی ئیمارات، قەتەر ئیروەیز و ئیتیحاد، ساڵانە ملیارەها دۆلار لەسەر بنەمای هاتوچۆی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەستدەخەن. ئەو کۆمپانیایانە هەموو ستراتیژی بازرگانییەکانیان لەسەر ئەوە دامەزراندووە کە شارەکانی دوبەی، دەوحە و ئەبوزەبی ببنە ناوەندی پەیوەندی نێوان وڵاتان.
بە داخستنی ئاسمان و گۆڕینی ڕێڕەوی فڕین، ئەم مۆدێلە ئابوورییە دەکەوێتە ژێر فشارەوە. سووتەمەنی زیاتر، کاتی فڕینی زیاتر، ماندووبوونی زیاتر بۆ خەڵکی کارمەند و پێویستی بۆ پلاندانانی نوێی گەشتەکان هەمووی تێچوو زیاد دەکەن.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هێڵە ئاسمانییەکان ناتوانن هەموو ئەو تێچووانە بخەنە ئەستۆی خۆیان، لە کۆتاییدا بەشێک لە بارگرانییە دەخرێتە ئەستۆی گەشتیارەکان لە ڕێگەی زیادکردنی نرخی بلیتەکانەوە.
دەرئەنجام: ئاسمانی داخراو، ئابوورییەکی داخراو
مێژووی ئابووری نوێ نیشانی داوە کە کاتێک ئاسمان دادەخرێت، تەنها فڕۆکەکان نین کە لە زەویدا دەمێننەوە؛ بەشێکی زۆر لە چالاکییە ئابورییەکانیش لەگەڵیان دەوەستن. ئەوەی ئێستا لە ئەنجامی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەبینرێت، تاقیکردنەوەیەکی نوێیە بۆ توانای ئابووری ناوچەکە لە بەرگەگرتنی شۆکە سیاسییەکان.
ئەگەر قەیرانەکە درێژەی بکێشایە، زیانەکان تەنها بە ملیۆن یان ملیار دۆلار نەدەبوون، بەڵکو بە هەزاران هەلی کار، کەمبوونەوەی داهات، دابەزینی گەشتیاری و لاوازبوونی گەشەی ئابووری دەبوون. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە لە جیهانێکی بەیەکەوە گرێدراوی ئەمڕۆدا، ئارامی ئاسمان هەمان گرنگی ئارامی بازاڕ و ئابووری هەیە، چونکە هەر فڕینێک کە هەڵدەوەشێتەوە، لەگەڵ خۆیدا بەشێک لە چالاکی ئابووری و ئامانجی گەشەکردنیش هەڵدەوەشێنێتەوە.