گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوپەڕی فراوانیدا بوون، قۆناغی هەڕەشە و شەڕی ناڕاستەوخۆی بڕی و چووە ناو مەترسیدارترین و ترسناکترین قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ. بەردەوام دەنگی تەقینەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە، درۆن و مووشەکەکان لە ئاسماندا بوونە بەشێک لە واقیعی بەردەوامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەبوونی گرەنتی ئەمڕۆ و بەیانی.
هەرچەندە پێش گەیشتن بە یەکەمین ئاگربەستی فەرمی بە نێوەندگیری پاکستان، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشێکی چڕی ئاسمانیی هاوبەشیان بۆسەر چەندین ئامانجی سەربازی و ستراتیجی و بنکەی ئەتۆمیی ئێران دەستیپێکرد کە ماوەی زیاتر لە 40 رۆژی خایاند. دوای شەڕێکی سەخت و ئاڵوگۆڕی توندی مووشەکی لە نێوان هەردوولا، بە نێوەندگیری و هەوڵی جددی زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەتیش پاکستان، ئاگربەستێکی لەرزۆک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن راگەیەندرا.
کەچی ئاگربەستەکە زۆری نەخایاند دوای ئەوەی ئێران چەند هێرشێکی مووشەکیی وەک وەڵامدانەوە بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدا، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان پاشان دووبارە دۆخەکە بە تەواوی تەقییەوە.
ئەوەی واقیعی سیاسیی گۆڕی، دووبارە هێرشی راستەوخۆی ئەمریکا بوو بۆسەر ئێران، ئەوەی دەرخست واشنتۆن هێڵە سوورەکانی بەزاندووە، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێشتر داوای وەستانی شەڕی دەکرد، کەچی گرژییەکان وەک سەرەتای لێهاتەوە.
ڕوونە ناوچەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی جددی و سەختدایە. هەرچەندە هێڵە سوورەکان بەزێنران و ئەمریکا و ئیسرائیلیش ڕاستەوخۆ هێرشییان کردووە و زیانێکی زۆر بەر ئێران کەوتووە لە ڕووی مرۆیی و ئابووری و سروشتی شار و ناوچەکانی، بەڵام تێچووە ئابووری و سیاسییەکان لە کۆتاییدا لایەنەکان ناچار دەکەن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و چوونە ناو ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە پرسی لوبنانیش بگرێتەوە. چونکە وەک ترامپ گوتەنی، مەگەر "نەزانی و گەمژەیی سیاسی" هەبێت، دەنا هیچ لایەک ئامادە نییە ناوچەکە ڕاپێچی ئایندەیەکی نادیاری جەنگێکی ماڵوێنکەری گشتگیر بکات.
هەر بۆیە ترەمپ بە دەرفەتی دەزانێت پەسەندکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمریکا و ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی باڵای تارانەوە بە دەرفەتێکی گونجاو و لەباری بزانێت بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەو قەیرانە سەربازیی و سیاسییەی جەنگی ئیران بۆ ئیدارەکەی و داهاتووی سیاسیی خۆی لە ئەمریکا دروستی کردووە و پەلەی بوو لەوەی جەنگەکە بە ئەنجامێک کۆتایی پێبهێنێت کە لەمەودوا باسی دەستکەوتەکانی بکات و دۆخی ئابووری وڵاتەکەی کەمێک ئاسایی بکاتەوە و کاریگەرییەکانی جەنگەکە بۆ کەمتریین ئاست کەم بکاتەوە.
دوای چەندین مانگ لە ململانێ و گرژی و ئاڵۆزیی سەربازی و سیاسی کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو جەنگێکی گشتگیر بردبوو، راگەیاندنی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 15ی حوزەیرانی 2026، وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە نەخشەی سیاسی و ئاسایشی ناوچەکەدا دەبینرێت. ئەم رێککەوتنە کە بە هەوڵی رژد و نێوەندگیری بەردەوامی پاکستان هاتە بەرهەم، ئامانجی سەرەکی و لە پێشینە بریتی بوو لە ئاساییکردنەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئامادەیی و زەمینەسازی کردن بۆ گفتوگۆیەکی چڕی 60 رۆژە بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی ئاشتی کۆتایی.
سەرەڕای ئەوەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و تێوەگلانی دووبارەی ئێران لە ململانێکان، مەترسیی جددی لەسەر رێکەوتنەکە و هەنگاونان بەرەو نزیکبوونەوە و تێگەیشتنی دوولایەنە دروستکرد، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی وڵاتانی ناوچەکە و لێدوان و دەستپێشخەری وڵاتانی تر بە گشتی رێککەوتنەکەیان پاراست، بە جۆرێک بڕیارە لە 19ی حوزەیرانی 2026دا واژۆکردنی رێککەوتنەکە بە فەرمی لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
تەوەرە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنەکە بریتین لە:-
بەڵگەنامە و زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یاداشتەکە لە چەندین خاڵی سەرەکی پێکهاتووە کە هاوسەنگی لە نێوان سازشە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکادا دروست دەکات، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە و بانگەشەی بۆ نەکراوە، بەڵام بە وردبوونەوە و سەیرکردنی داتا و زانیارییەکان، دەتوانین لەم خاڵانەدا کورتی بکەینەوە:-
١. پرسی ئاسایش و سەربازی
وەستاندنی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و دوژمنکاری، راگرتنی هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا و هاوپەیمانەکانیان، کە ئاگربەست لوبنانیش دەگرێتەوە و ئیسرائیلیش تەواوی هێرشەکانی سەر بەیرووت دەوەستێنێت.
کشانەوەی هێزەکان: ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی بێتە ئاراوە، ئەمریکا لەماوەی 30 رۆژدا تەواوی هێزەکانی لە ناوچەکە دەکشێنێتەوە، هەرچەندە تا ئێستاش بژاردەی سەربازی لە زاری ترامپەوە لەسەر مێزە بەڵام لاوازترە وەک لە پشوو.
٢. لەلایەکی ترەوە گەرووی هورمز و هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە هەڵگرتنی گەمارۆ سەربازییەکان، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و پابەندبوونی تاران بە دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا بۆ ماوەی 60 رۆژ. وەک رێککەوتنێکی دەریایی گشتگیر، بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان ئێران و عوممان بە بەشداری وڵاتانی کەنداو بۆ رێکخستنی خزمەتگوزارییە دەریاییەکان.
٣. یەکێکی تر لە پرسە سەرەکی و هەستییارەکانی رێککەوتنەکە کە بریتییە لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، لە رێککەوتنەکەدا جەخت لەسەر پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و پابەندبوونی خۆی بە بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی دووپات دەکاتەوە و دۆخی ئێستای بەرنامەکەی (Status Quo) دەبێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە.
واتە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، چونکە ئەمریکا داوای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دەکات بۆ ماوەی نزیکەی 15 بۆ 20 ساڵ، لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی گواستنەوەی یەدەگی یۆرانیۆمی رێژە زۆری پیتێنراو.
٤. رێککەوتنەکە لایەنی ئابووری و داراییش دەگرێتەوە بە قازانجی ئێران بە ئازادکردنی پارە بلۆکراوەکان، واتە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران بەو شێوەیەی (نیوەی ئەو بڕە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان دەدرێتە ئێران).
هەروەها ئەمریکا لەماوەی گفتوگۆکاندا سزای نوێ ناسەپێنێت و بەخشینی کاتی بە ئێران دەدات بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی. رێککەوتنی کۆتایی پڕۆژەی دامەزراندنی سندوقێک بە بەهای 300 ملیار دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئێران لەخۆدەگرێت.
ناکۆکییە ناوخۆییەکانی واشنتۆن: بەرەی دژ و بەرەی پشتگیری
سەرباری گرنگی رێککەوتنەکە، کەچی ناوخۆی ئیدارەی ئەمریکا بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا دابەش بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی ئاستەنگی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە:
- بەرەی نەرێنی و گومان و دژ بە رێککەوتن:- جۆن راتکلیف (سەرۆکی CIA) هۆشداری داوەتە سەرۆک ترەمپ کە زانیارییە هەواڵگرییەکان گومان دەخەنە سەر نیازەکانی ئێران و ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی سازش. هاوکات مارکۆ رۆبیۆ (وەزیری دەرەوە) و پێت هێگسێت (وەزیری بەرگری) نائومێدی و گومانی جددی خۆیان لە گفتوگۆ ناوخۆییەکاندا دەربڕیوە.
- بەرەی لایەنگیر و ئەرێنی بۆ رێککەوتن :- جەی دی ڤانس (جێگری سەرۆک) لەگەڵ نێردراوە تایبەتەکانی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆڤ و جارید کۆشنەر، بە توندی پشتگیری لەم دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە دەکەن و بە دەرفەتێکی مێژوویی و گرنگی دەزانن.
رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بازاڕی جیهانیی وزە و دۆخی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە رزگار دەکات، بەڵام ماوەی 60 رۆژی داهاتوو (قۆناغی دانوستانی چڕ) تاقیکردنەوەیەکی رژد دەبێت بۆ نیازپاکی تاران و توانای ئیدارەی ترەمپ لە تێپەڕاندنی گوشارە ناوخۆییەکانی ناو وەزارەتی بەرگری و دەزگای هەواڵگری، لە پێناو گۆڕینی ئەم ئاگربەستە کاتییە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.
بەرەو نەزمێکی نوێ؛ دەرفەت و ئاسۆکانی ئاشتی
راگەیاندنی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی نێوان واشنتۆن و تاران لە 15ی حوزەیرانی 2026، تەنها رێککەوتنێکی کاتی نییە بۆ وەستاندنی شەڕ، بەڵکو بەردی بناغەی وەرچەرخانێکی مێژوویی و ستراتیجییە کە دەکرێت نەخشەی سیاسی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چەندین دەیەی داهاتوو سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە. دوای تێپەڕبوونی ناوچەکە بە نێو قۆناغێکی پڕ لە مەترسیی و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ، ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە سەلماندی کە مێزی گفتوگۆ هەمیشە شوێنگرەوەی راستەقینەی جەنگە وێرانکەرەکانە. هەرچەندە گومان و بەربەستی ناوخۆیی لە واشنتۆن و تاراندا بوونیان هەیە، بەڵام ئاراستەی گشتی رووداوەکان بەرەو ئاشتییەکی سەقامگیر هەنگاو دەنێت.
هەروەها گرنگترین دەرەنجامی خێرای ئەم رێککەوتنە لەسەر کەرتی ئابووری دەبێت، چونکە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران و رێگەدان بە فرۆشتنی نەوتەکەی، نەک هەر ئابووری ناوخۆیی ئێران لە داڕمان رزگار دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی هاوسەنگبوونی نرخەکانی وزە و نەوت لە تەواوی بازاڕەکانی جیهاندا. ئازادی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا متمانە بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش راستەوخۆ هەڵاوسانی ئابووری لە ئەمریکا و ئەوروپا کەمدەکاتەوە و دۆخی بژێوی خەڵک باشتر دەکات. لەلایەکی ترەوە، مانەوەی دۆخی ئێستای بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە نێوان 15 بۆ 20 ساڵ، گەورەترین دەستکەوتی ئاسایشییە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کە دەیسەلمێنێت دیپلۆماسی و دانوستان، نەک هێرشی سەربازی، تاکە رێگەی کاریگەرن بۆ کۆنترۆڵکردنی پرسە هەستیارەکان، و ئەم پابەندبوونە ترسی دراوسێکانی ئێران دەڕەوێنێتەوە ورێگر دەبێت لە دروستبوونی پێشبڕکێی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا.
ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەوە دەردەخات کە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت پاکستان و عوممان، گەیشتوونەتە ئەو پەڕی پێگەیشتنی سیاسی کە بتوانن بەبێ پشت بەستنی رەها بە هێزە دەرەکییەکان، قەیرانە گەورەکان بەڕێوەبەرن، بەجۆرێک رۆڵی سەرەکی پاکستان وەک پردێکی متمانەپێکراو لە نێوان تاران و واشنتۆندا، پێگەی دیپلۆماسی ئاسیای باشوور و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەکات و مۆدێلێکی نوێ لە دیپلۆماسیی هاوسەنگی پێشکەش دەکات. لە هەمانکاتدا، فراوانبوونی ئاڕاستەی ئاگربەست بۆ سەر کێشەکانی لوبنان و ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ راگرتنی هێرشەکانی، ئاماژەیەکی روونە کە ئەم لێکتێگەیشتنە تەنها دوولایەنە نییە، بەڵکو گشتگیرە بۆ دامرکاندنەوەی سەرجەم لایەنەکانی خوێنڕشتن لە ناوچەکەدا، کە دەرفەتێک دەداتە گەلانی ناوچەکە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکەیان و گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ تەواوی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانییان..
ماوەی 60 رۆژی داهاتوو دەبێتە تاقیکردنەوەی مێژوویی، بەڵام واژۆکردنی فەرمی لە 19ی حوزەیرانی 2026 لە سویسرا، دەستپێشخەرییەکە دەگەیەنێتە قۆناغی سەرکەوتن و دەستپێکی سەردەمێکی نوێ دەبێت کە تێیدا لۆژیکی بەرژەوەندیی هاوبەش و گەشەپێدان جێگەی ستراتیجیی هێز و سڕینەوەی یەکتر دەگرێتەوە، بەمەش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم دەروازەی ئاشتییەکی گەورەدا خۆی دەبینێتەوە.