لە 25/4/2016 ، عەرەبستانی سعودی بە فەرمی ڤیژن 2030ی ناساند؛ پرۆژەیەکی ستراتیجیی درێژخایەنە و لەلایەن شازادە محەمەد بن سەلمان، راگەیەنرا.
ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە ئەوەیە لەپاڵ نەوت، عەرەبستانی سعودیە، ئابوورییەکەی فرە سەرچاوەبێت، جیا لە کرانەوە بەڕووی جیهان و گۆڕانکارییەکەش لە سێکتەرەکانی گەشتیاری و تەکنەلۆجیا دەبێت.
ڤیژن 2030، وەک لە کارنامەکەیاندا هاتووە، تەنیا یەک پرۆژە نییە، بەڵکو وەک ستراتیجییەتیەکی نیشتمانی پێناسەی دەکەن، NEOM لە ناوچەی تەبووک، لەپرۆژەکەدا وەک شارێک پشکی گرنگیی هەیە لەم گۆڕانکارییەدا وەک ، ناوەندی پیشەسازی و گەشتیاریی دەبێت، شارەکە گرنگیی تەواو بەژینگەکەی دەدەن و تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێل و کارگانەی لەوێ کار دەکەن، دەبێ لەڕێگەی وزەی خاوێنەوەبێت نەک گازوایل و بەرهەمەکانی دیکەی نەوت.
لە NEOM تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد دەبێتە یەکێک لە ڕێرەوەکانی داهاتووی و دەبێتە یەکێک لە پێشکەوتووترین شارەکانی وڵاتەکە و هەڵکەوتەی ناوچەکە بەبوونی چیا و دورگە، دەبێتە ناوەندێکی گەشەسەندووی گەشتیاری.
(The Red Sea Project و AMAALA ) دوو گرنگترین ئەو جێگایانەی کە دەکەونە سەر دەریای سور، هۆتێلی پێنج ئەستێرە، ڤێللای پێشکەوتوو ، فڕۆکەخانەی تایبەت، ناوەندی مەلەوانی، چالاکی گەشتیاری، چالاکییە دەریاییەکان بۆ گەشتیاران تێیدا دروست دەکرێن.
لە نزیک ڕیاز-ی پایتەختی وڵاتەکە و لە، Qiddiya جێیەک دەبێت بۆ یاری و کاتبەسەربردن و ، وەرزش و خۆشگوزەرانی، King Salman Park لەپرۆژەکەدا ئاوها باسکراوە "گەورەترین پارکی شارستانی جیهان" هاوکات Diriyah بۆ پاراستنی شوێنەواری میژوویی و مۆزەخانە بنیات دەنرێت و پرۆژەیەک بەناویROSHN هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون لە چەند شارێکی وڵاتەکەدا دروست دەکات و ناوچەی عەسیر و پایتەختەکەی ئەبها بە ناوەندی گەشتیاریی سروشتی و کەلتووری گەشەی پێدەدرێن.
لە بواری ئابووری، پرۆژەکە هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی داهات فراوان بکات. حکومەتی سعودی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتەکانی گەشتیاری، کانزا، لۆجستیک، پیشەسازی، وزەی نوێ و ژیری دەستکرد (AI) ئەنجام دەدات.
Vision 2030، دەڵێت عەرەبستانی سعودیە هیوادارە تاوەکو ساڵی 2030 کەرتی گەشتیاری وڵاتەکە لەپاڵ کەرتەکانی دیکە، وەبەرهێنانەکەی بگەیەنێتە 130 بۆ 140 ملیار دۆلار.کەرتە نانەوتییەکانی دیکەش بگەیەننە 1.325 تریلیۆن دۆلار.
کەرتە نانەوتییەکانی عەرەبستانی سعودیە داهەتەکەیان ساڵانە 892 ملیار دۆلارە بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن ئەگەر ئامانجەکانی Vision 2030 بە تەواوی جێبەجێبن، ئەم بەهایە دەبێتە 1.325 تریلیۆن دۆلار.
واتە 433 ملیار دۆلار بەهای ئابووریی نوێ زیاد دەبێت، بە بەراورد بە ئاستی ئێستای 2025. ئەم زیادبوونە لە گەشتیاری، پیشەسازی، کانزا، لۆجستیک، تەکنەلۆژیا، خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ و کەرتە نانەوتییەکانی ترەوە دێت، نەک لە فرۆشی نەوت.
بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزەی پاک
Vision 2030 ، یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی، گۆڕینی عەرەبستانی سعودیەیە بۆ هێزێکی جیهانی لەهەمەجۆریی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن. لە ستراتیجی پرۆژەکەدا هاتووە کە تاوەکو ساڵی 2030 عەرەبستانی سعودیە دەیەوێت بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەنێتە 130 گیگاوات بە سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر، وزەی با، گازی سروشتی و سەرچاوەی دیکە. هەروەها لە شاری NEOM گەورەترین پرۆژەی بەرهەمهێنانی هایدرۆجینی سەوز لە جیهان دروست دەکرێت و ئامانجەکەشی بەرهەمهێنانی نزیکەی 600 تۆن هایدرۆجینی سەوز دەبێت لە ڕۆژێکدا.
یەکێک لە دیارترین ئەنجامەکانی vision2030 گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بووە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، عەرەبستانی سعودیە هەوڵیداوە گۆڕانکاریی لە یاسا کارپێکراوەکانی پێشوویدا بکات، بەنمونە دوای ٣٥ ساڵ داخستنیان، دووبارە دەرگای سینەماکانی کردووە و جگە لەوەش دەرگای بەڕووی کۆنسێرت و فێستیڤاڵ و شانۆ و چالاکییە وەرزشییە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە، هەر ئەوەش نا، دەرگا داخراوەکانی بەڕووی ژناندا کردەوە و یاساکان بۆ بەشداریی ژنان لە بازاڕی کار، وەرزش و چاڵاکییە گشتییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات و ژمارەی بەشداریی ژنان لە کەرتی کار بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لەم گۆڕانکاری و کرانەوەیەدا، وایکرد هەندێک گۆڕانکاریی دیکەش بەدوای خۆیدا بهێنێت، لە ناوچە گەشتیاری و هۆتێلە نێودەوڵەتییەکان، یاسا نوێیەکان ڕێگەیاندا بە فرۆشتنی خواردنەوە کحۆلییەکان بۆ دیپلۆماتە بیانییەکان لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی دیاریکراودا و هەروەها حکومەت بەرنامەی هەیە بۆ دابینکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە هەندێک ناوچەی گەشتیاری و تایبەت بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری بیانی و رێوڕەسمە نێودەوڵەتییەکان.
ئێستا ژمارەی هۆڵەکانی ژەنینی میوزیک، سەما، شانۆ، چالاکییە هونەرییەکان و ناوەندە خۆشگوزەرانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە هەموویان لەچوارچێوەی پرۆژەی vision2030خۆی دەبینێتەوە، ئەم گۆڕانکارییانە لە ناو وڵات و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بوونە جێی باس و بەهەنگاوێکی گرنگ باسکرا؛ لەهەمان کات هەندێک ڕەخنەگر پێیان وایە هێشتا لە بواری ماف و ئازادییە مەدەنییەکاندا گۆڕانکارییەکان بە تەواوی ئەنجامنەدراوە.
یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی جێبەجێکردنی vision2030 ، سندوقی وەبەرهێنانی گشتی ئەو وڵاتەیە. ئەم سندوقە یەکێکە لە گەورەترین سندوقەکانی وەبەرهێنان لە جیهان و بە ملیاران دۆلار لە پرۆژە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەبەرهێنان دەکات، بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی عەرەبستانی سعودی، vision2030تاوەکو تەواوبونی پشت بە نزیکەی 10 تریلیۆن ریالی سعودی کە دەکاتە نزیکەی 2.67 تریلیۆن دۆلاری ئەمەریکی دەبەستێت، کە لەلایەن حکومەت، سندووقی وەبەرهێنانی گشتی (PIF) و کەرتی تایبەت دابین دەکرێت. لە پشت دروستکردنی زۆرینەی پرۆژەکان وەستاوە، ئەو پرۆژانەی کە ئامانجیان گۆڕینی ڕووخساری ئابووری و گەشتیاریی عەرەبستانی سعودیەیە.