لە هەنگاوێکدا کە دەکرێت قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەستپێبکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، سەردانێکی فەرمی تورکیای کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کۆبووە بۆ گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ستراتیژی، لەوانە وزە، ئاسایش، بازرگانی، گواستنەوە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوييەکان. 

 

ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە هەردوو وڵات ئامادەن به‌ زووترین کات رێککەوتنێکی فراوانی هاوبەشیی وزە واژۆ بکەن و ئامانجی سەرەکی ئەو رێککەوتنە ئەوەیە کە تورکیا بتوانێت رۆژانە تا یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراق وەربگرێت، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە رێککەوتنی پێشووی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک–جەیهان کۆتاییهاتووە و پێویستە میکانیزمێکی نوێ جێگەی بگرێتەوە. 

 

لە بوارەی وزەدا، کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی تورکیا (TPAO) هەروەها 15٪ لە پشکی پرۆژەی گەشەپێدانی خانە نەوتی کەرکوک دەکڕێت، کە بەشێکە لە هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت و فراوانکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان. 

 

بابەتی ئاسایشیش یەکێک بوو لە گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆکان، ئەردۆغان دووبارە جەختی لە هاوکاری نێوان بەغدا و ئەنقەرە کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی  PKK، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی گرووپەکە راگەیاندووە دەست لە چالاکیی چەکداری هەڵدەگرێت، سەرۆکی تورکیا وتی: هەردوو وڵات بەردەوام دەبن لە هاوکارییە ئاسایشییەکان بۆ دڵنیابوون لە ئارامی سنوورە هاوبەشەکان. 

 

سەردانی زەیدی بەشێکە لە دیپلۆماسییەتی حکومەتەکەی زەیدی، دوای ئەوەی پێشتر سەردانی واشنتۆن و تارانی کرد، چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو، دوای گەڕانەوەی لە تورکیا بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێبکەوێت.

 

گرنگیی ئەم سەردانە چییە

* هەوڵێک بۆ نوێکردنەوەی هاوبەشیی وزەی نێوان عێراق و تورکیا

* رێگای هەناردەی نەوتی عێراق بەرەو دەریای ناوەڕاست دووبارە چالاکتر دەکرێت

* پەیوەندییە ئاسایشییەکان لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیا بەهێزتر دەکات

* پشتیوانی دەکات لە پرۆژەکانی گواستنەوە و بازرگانی و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری

* بەشێکە لە هەوڵی حکومەتی نوێی عێراق بۆ هاوسەنگکردنی پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان