راپۆرتی شیکاریی، بەشی میدیای دامەزراوەی ڤیژن فاوندەیشن
سەرەتای قەیران و گرژییە خوێناوییەکان لە میانمار دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی گشتیی نۆڤەمبەری 2020، کە تێیدا حزبی (لیگی نیشتمانی بۆ دیموکراسی) بە سەرۆکایەتیی ئۆنگ سان سۆچی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام سوپای میانمار ئەنجامەکەی رەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەیکرد تەزویر کراوە، لە 1ی شوباتی 2021، سوپا بە سەرکردایەتیی مین ئاونگ هلاینگ کودەتایەکی سەربازیی راگەیاند و حکومەتی هەڵبژێردراوی لابرد و باری نائاسایی سەپاند و سەرکردە مەدەنییەکانی دەستبەسەر کرد.
سەرەتای جەنگێکی خوێناوی
ئەم هەنگاوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ئاشتیيانەی جەماوەری و مانگرتنی سەرتاسەری لە سەرانسەری وڵاتدا لێکەوتەوە کە تێیدا ملیۆنان هاوڵاتی دژی دەسەڵاتی سەربازی وەستانەوە، بارودۆخەکە لە 9ی شوباتی 2021 گەیشتە خاڵی وەرچەرخانی خوێناوی، کاتێک لە خۆپیشاندانەکانی ناپیتاو-ی پایتەختدا کچێکی تەمەن 19 ساڵ (میا ثوە ثوە خاین) ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گولـله سەری پێکرا و دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی 10 رۆژ، لە 19ی شوبات گیانی لەدەستدا.
سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و کوژرانی کچە گەنجەکە، تووڕەییەکەی بردە قۆناغێکی دیکە و کۆتایی بە خۆپیشاندانی مەدەنی هێنا، دەرگای بۆ هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ کردەوە، سەرهەڵدانی هێزە چەکدار و پەرەسەندنی توندوتیژییە چەکدارییەکان لە سەرتاسەری میانماردا بڵاوبوەوە، میانمار بەهۆی ئاڵۆزيى و پێکدادانی ناوخۆیی بە یەکێکە لە خوێناویترین شەڕە ناوخۆییەکانی ئەم سەدەیە دادەنرێت، پێنج ساڵ دوای کودەتای 1ی شوبات 2021، ئێستا دەیان گرووپی چەکدار و هێزی دژە حکومەت لە وڵاتەکەدا درووستبوون.
هێزە جۆراوجۆرەکانی میانمار
لەدوای کودەتای سەربازی و پەرەسەندنی ململانێکان لە میانمار، ئێستا گۆڕەپانی سەربازیی ئەو وڵاتە بە بوونی چەندین هێز و پێکهاتەی جیاوازی چەکداری دەناسرێت، کە 25 گروپیان کاریگەرن، لە لایەکەوە سوپای فەرمی حکومەت ناسراو بە (تاتمادوا) و زۆرینەیان پەیڕەوی ئاینی بودایین، ژمارەی چەکدارەکانی بە 300 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، بەهۆی پێکدادانەکانەوە بۆ نزیکەی 150هەزار چەکدار کەمبوونەتەوە. لە بەرامبەردا، بەرەی دژە حکومەت لە چەندین پێکهاتەی جیاواز پێکدێت، لەوانە هێزەکانی بەرگری گەل (PDF) کە بە 60 بۆ 80 هەزار چەکداری خۆبەخش خەمڵێنراون و سوپای سەربەخۆی کاچین (KIA) کە نزیکەی 15 بۆ 20 هەزار چەکداری بە ئاین مەسیحی لەخۆدەگرێت.
جگە لەوانە، هاوپەیمانییەکی سەربازیی بەهێز بە ناوی "هاوپەیمانی سێ برا" رۆڵێکی سەرەکیی لە گۆڕینی هاوسەنگی هێزدا دەگێڕێت، کە لە سوپای ئاراکان، سوپای هاوپەیمانی دیموکراتی نیشتمانی میانمار ناسراو بە (سوپای کۆکانگ) (MNDAA)و سوپای رزگاریی نەتەوەیی تانگ (TNLA) پێکهاتووە و ژمارەی چەکدارەکانیان بە 100 هەزار خەمڵێنراوە، زۆرینەیان بە ئایین بودایین لەپاڵ ئەم هێزانەشدا، مسوڵمانەکان خاوەنی گروپی چەکداريى سەربەخۆی خۆیانن، دیارترینیان سوپای رزگاریی رۆهینگیا کورا (ARSA)یە، ژمارەی چەکدارەکانی سنووردارە و تەنیا لە چەند سەد بۆ هەزار چەکدارێک پێکدێت.
حکومەت و سنووری فەرمانڕەوایی
حکومەت ئێستا تەنها نزیکەی ٪21ی خاکی میانماری لە ژێر دەستدایە، لە کاتێکدا هێزە نەتەوەییە چەکدارەکان نزیکەی ٪42ـی خاکی وڵاتیيان کۆنترۆڵکردووە، ئەوەشی ماوەتەوە ناوچەی ململانێ و گۆڕەپانی شەڕە، هیچ لایەنێک کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکەی نەکردووە، ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن سوپای میانمار، سەرەڕای هەبوونی فرۆکەی جەنگی و چەکی قورس، بەردەوام خاک و ناوچە ستراتیژییەکان لە دەستدەدات.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاڵۆزییەکان و شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار کوژراو و 4 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026، زیاتر لە 12 کوشتنی بەکۆمەڵ ئەنجامدراوە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 450 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی ئەم قوربانییانە لە ناوچەی ئەنیار "ناوەڕاستی میانمار" بوون، شوێنێک کە بووەتە سەرەکیترین مەیدانی شەڕی سوپا و هێزەکانی دژ بە حکومەت.
لە ساڵی 2026 پلانی سوپا گۆڕا و هێرشە ئاسمانییەکان و هێرشی ورد بە فرۆکە جەنگییەکان بۆ سەر گوند و شارۆچکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوون، سوپا ئێستا بە شێوەی فراوانتر و زیاتر هێرش دەکاتە سەر هێزە چەکدارەکان، بەشێوەیەک 2 تا 5 فرۆکەی جەنگی بۆ هێرشی یەک ئامانج بەکاردەهێنێت، هاوکات بەهۆی لەدەستدانی زۆربەی ناوچەکان و پێشڕەوی هێزە جۆراوجۆرەکان، سوپا هێرشدەکاتە سەر خەڵکی سیڤیل و تاوەکو ئێستا 116 هەزار خانووی لە گوند و شارۆچکەکان سوتاندووە، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی قوربانییە مەدەنییەکان و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی میانماری هەم لە ناوخۆ، هەم بۆ وڵاتانی بەنگلادیش و هیندستان و دەوروبەری.
هێزە چکدارەکانی دژ بە سوپا، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، توانیویانە دەستبەسەر ناوچە سنوورییە گرنگەکان، رێگا بازرگانییەکان و هەندێک بنکەی سەربازی سوپادا بگرن، هەر بۆیە سەرەڕای هەوڵی سوپا بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات، ئابوری، گواستنەوە و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە زۆر ناوچەدا لەدەست دەوڵەتدا نەماون.
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە کە ملیۆنان میانماریی، پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیی هەیە، دەڵێت، زۆربەی ناوچەکان بەهۆی شەڕ یان داخستنی رێگاکان، دەستی یارمەتی ئێمەی پێناگات، نزیکەی 20 ملیۆن هاوڵاتی پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە هەروەها، شەڕ بووەتە هۆی داخستنی هەزاران قوتابخانە، وێرانبوونی نەخۆشخانەکان و داخستنی رێگاکانی گەیاندنی یارمەتی، هێرشە ئاسمانییەکان لە ساڵی 2026دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوون و ناوچە مەدەنییەکان، قوتابخانە و شوێنە ئاینییەکانیش هێرشیان کراوەتەسەر.
سوپای میانمار هێشتا هێزی ئاسمانی، تۆپخانەی قورس و چەکی پێشکەوتووی لەبەردەستە، بەڵام لەسەر زەوی دۆخەکە لە قازانجی ئەو نییە؛ بەوپێیەی لە 2 ساڵی رابردوودا دەیان بنکەی سەربازی، ناوچەی سنووری و رێگای بازرگانیی گرنگی لەدەستداوە، بەڵام لە مانگەکانی دواییدا بەهۆی سیستەمی سەپاندنی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ و هەروەها کەمبوونەوەی ههماهەنگی نێوان هێزە چەکدارەکان، سوپا توانیویەتی لە هەندێک ناوچە هێرش بکات و هەندێک شوێنی ستراتیژی بگەڕێنێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی.
میانمار و جیهان
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، دۆخی میانمار بووەتە مەیدانی پێکدادانی بەرژەوەندییەکان، چین دەیەوێت ئاسایش لە ناوچە سنوورییەکان بپارێزێت و لە هەندێک کاتدا ناوبژیوانیی بۆ ئاگربەست کردووە، هیندستان سەرنجی لەسەر ئاسایشی سنوور و رێگا بازرگانییەکانە، روسیا بەردەوامە لە دابینکردنی چەک و هاوکاریی سەربازی بۆ سوپا، ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا سزا و گەمارۆی زیاتر بەسەر سەرکردە سوپاییەکان و دامەزراوەکانیان دەسەپێنن، بەڵام فشارەکان تاوەکوئێستا نەیانتوانیوە سوپا ناچار بە گفتوگۆ بکەن.
لە دوای کودەتای سەربازیی ساڵی 2021ـەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان چەندین کۆبوونەوەی لەسەر قەیرانی میانمار ئەنجامداوە و لە 21ی کانوونی یەکەمی 2022ـدا بۆ یەکەمینجار لە مێژووی وڵاتەکەدا بڕیارێکی فەرمی بە ژمارە (2669) پەسەند کرد؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی قەیرانەکەدا هەریەک لە چین و روسیا وەک ئەندامی هەمیشەیی، بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ، رێگربوون لەبەردەم دەرکردنی بڕیاری توندتردا، لەم بڕیارە مێژووییەدا، ئەنجومەنی ئاسایش بە توندی داوای راگرتنی دەستبەجێی توندوتیژییەکانی کرد، جەختی لەسەر ئازادکردنی بێمەرجی زیندانییە سیاسییەکان کردەوە، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و هەوڵەکانی کۆمەڵەی ئەسیان (ASEAN) بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە راگەیاند، بەڵام جەنگ لە میانمار هێشتا هەر بەردەوامە.