ڤیژن پرێس
سەرجەم ئەو پارە و موڵکانەی لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە، کۆی گشتیی،گەیشتووەتە نزیکەی 230 ملیار دینار، 400 کیلۆگرام زێڕ و 80 موڵک.
بەپێی دوایین زانیارییەکان کە لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لەبارەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرا کراوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 213 ملیار دیناری عێراقی، 12 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی کەبەکۆی گشتیی پارەی کاش نزیکەی 230 ملیار دینار، 400 کیلۆگرام زێڕ و زیاتر لە 80 موڵک، لە خانوو و ڤێلا و کارگە و زەوی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە.
لێکۆڵینەوەکان تێوەگلانی، چەندین بەرپرسی پێشووی عێراقی ئاشکرا کردووە کە لە دۆسیەکە تێوەگلاون، بەتایبەتی لە وەزارەتی نەوتی عێراق.
زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی تاوانەکان و ڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵی، لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە سەرجەم سەرەداوەکان و دۆزینەوەی تۆمەتبارەکان و ئەو کەسانەی لە دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی تێوەگلاون.
دەشڵێت ئامانجمان گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو پارە و موڵک و ماڵانەیە بۆ خەزێنەی گشتی کە بە هەدەر دراون.
رۆژی (30ـی ئایاری 2026) عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای پاڵێوگەکانی باکور لە کابینە وزارییەکی محەمەد شیاع سودانی، لە ناوچەی ئیسحاقی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکرا.
دۆسیەکەی جومەیلی، دوای دۆسیەی دزیی سەدە کە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022، بە یەکێک لە گەورەترین و ئابڕوبەرترین دۆسیەی گەندەڵی دادەنرێت لە عێراق، پەیوەست بە سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی و کۆکردنەوەی ماڵ و سامان بەشێوەیەکی نا شەرعی و نایاسایی.
عەدنان جومەیلی، پێشتر لەلایەن محەمەد شیاع سودانی و دەستەی دەستپاکی عێراقەوە، خەڵاتی دەستپاکی پێبەخشرا، بەڵام لە کابینەکەی عەلی زەیدی ئەو تۆمەتانەی لەسەرین زۆرن
- دۆسیەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی
- بەهەدەردانی سامانی گشتی
- وەرگرتنی بەرتیل و بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کەسی
- قاچاخچێتی نەوت
- سپیکردنەوەی پارە.