ڤیژن پرێس
یاسای چوارچێوە، وەک بەشێک لەو پرۆسەیەی ماوەی دوو ساڵە بەناوی ئاشتی و دیموکراتییەوە بۆ چارەسەرەی پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە، بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمان پەسەندکرا، کورد داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات وەک پێشمەرجی جێبەجێکردنی یاساکە، پێدەچێت نەرمی نواندنی ئاکپارتییش بۆ مسۆگەرکردنەوەی کورسیی سەرۆکایەتییەکەی ئەردۆغان بێت.
لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، یاسای چوارچێوە بەناونیشانی "پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" پەسەندکرا. لە کۆی 562 پەرلەمانتار. 467 پەرلەمانتار بە بەڵێ، 8 پەرلەمانتار بە نەخێر و 8 پەرلەمانتاریش بە "بێلایەن" دەنگیاندا.
یاساکە لە 12 خاڵ پێکهاتووە، دوای کۆبوونەوەیەکی نزیکەی 11 کاتژمێر و نیوی، پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئاکەپە، مەهەپە، یەنی یۆل، هوداپار، تیپ و ئەمەپە، بە "بەڵێ" دەنگیان دا؛ ئیی پارتی بە "نەخێر" دەنگی دا. پارتی سەرلەنوێ رەفا بە "بێلایەنی" دەنگیدا.
یاسای چوارچێوە
یاسای چوارچێوە بۆ "پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" لە 12 ماددە پێکهاتووە، بە ئیمزای 360 پەرلەمانتار لە کۆی 592 پەرلەمانتار، لەناویاندا هاوسەرۆکانی دەم پارتی، سەرۆکی مەهەپە و بەرپرسانی ئاک پارتیی رۆژی 5ـی ئابی 2026 پێشکەشی پەرلەمانیان کرد.
یاساکە کێ دەگرێتەوە؟
بەپێی پڕۆژە یاساکە، پەکەکە و کەجەکە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە تۆمەتی هاوکاریکردن، ستایشکردن و ئەندامبوون لە پەکەکە زیندانی کراون.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە و ئەوانەی بەر لە یەکی حوزەیرانی 2005 زیندانی کراون لێی سوودمەند نابن. ئەو کەسانەی بە 15 ساڵ یان کەمتر زیندانیکردن سزا دراون، بۆ ماوەی پێنج ساڵ سزاکانیان بەسەردا جێبەجێ ناکرێت، ئەوانەی بە 15 ساڵ زیاتر یان بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دراون، بۆ ماوەی 10 ساڵ سزاکانیان جێبەجێ ناکرێت. لەو ماوەیەشدا ڕێوشوێنەکانی ئاسایشی لەسەریان لادەبرێن و ئەگەر هیچ تاوانێک ئەنجام نەدەن، بۆ هەمیشە دۆسیەکانیان دادەخرێن.
بۆ بەدواداچوونی چەکدانان، دوو لیژنەی چاودێریی و چاکسازیی بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک کۆمار و ئەندامێتی وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، دەزگای هەواڵگریی و سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی پێکدەهێنرێت، راپۆرتەکانی بۆ کۆمیسیۆنێکی چاودێریی پەرلەمان دەنێرێت کە لە 17 ئەندام پێکدێت. وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی رێنمایی هاوبەش بۆ شێواز و چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە و تۆمارکردنی چەکەکانیان دادەنێن.
لە دەقی یاساکەدا هاتووە: بە مەبەستی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتن بە بوون و جموجووڵی پەکەکە/کەجەکە و تەواوی ئەو پێکهاتانەی پەیوەندییان پێیەوە هەیە، هەروەها رادەستکردنی هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنییەکی ژێر کۆنترۆڵی ئەوان، ئامادەکراوە.
کاردانەوەکانی پڕۆژە یاساکە
دوای بڵاوبوونەوەی پڕۆژە یاساکە، لە یەکەم کاردانەوە دەوڵەت باخچەی سەرۆکی سەرۆکی گشتیی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) کە بە ئەندازیاری سەرەکی ئەم پڕۆسە نوێیە دادەنرێت، جارێکی دیکە داوای مافی هیوای بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش کرد، داوایکرد ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانیی گەورەی مێردین.
دەمیرتاش و مزراکلی پشتیوانی یاساکەن
هەردوو سیاسەتمەداری زیندانیکراوی کورد، سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی لە پەیامێکی هاوبەشدا سەبارەت بە یاسای چوارچێوە، رایانگەیاندووە: پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن و هیواداران هەنگاوێکی دیکەی چارەنووسساز و گرنگ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوەوە، کە توانای هەیە چارەنووسی وڵات و ناوچەکە بگۆڕێت.
لەپەیامەکەیاندا جەختیان کردووەتەوە: بە هەموو دڵ و دڵسۆزی و جددییەتمانەوە لەم پرۆسەیەدا بەشدارین و بە هەموو هێزمانەوە پشتگریمان لێکردووە بۆ ئەوەی ئارامی و خوشک و برایەتیی 86 ملیۆن کەس بەهێز و گەورەتر بکەین.
مەرجی ئازادیی ئۆجەلان
بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی لە یەکەم کاردانەوەیدا و دوای بڵاوبوونەوەی دەقی پڕۆژە یاساکە بڵاویکردەوە؛ "لەناو ئەم یاسایەدا هەڵە و کەموکوڕیی ڕژد هەن. ئەو پێشنیازانەی لەناو راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا بۆ چارەسەریی پرسی کورد و دیموکراتک کران، بوونیان نییە. بۆیە وەڵامدەرەوەی تەواوی ئامانجەکە نییە. بەبێ بەکارهێنانی چەمکی کورد، ئاماژەدان بە چەکدانان نیشانی دەدات پرسەکە بەشێوەیەکی یەکانگیر هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە.
جەختی کردووەتەوە، بۆ هاویشتنی ئەو هەنگاوانەی یاساکە دیارییان دەکات، دەبێت ئۆجەلان ئازاد بێت و بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە کار بکات. "ئەگەر یاسایەک دەربکرێت و ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببرێت، ئەوە تەنها بە مەرجی کارکردن و ژیانی ئازادی ئاپۆ دەبێت. تەنیا هەلومەرجەکانی ئازادیی ژیان و کارکردنی دەشێت لەلایەن تەڤگەرمانەوە هەنگاو بنرێت و جێبەجێ بکرێت".
لەبارەی پرۆژە یاسای پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی، رەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل بە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەی ووتووە: لەم هەنگاوە یاساییەدا مەرجێک هەبوو کە پێویستە هەلومەرجی ژیان و کارکردنی ئازاد بۆ ئۆجەلان دەستەبەر بکرێت. ئاپۆش ووتی؛ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە پێویستە هەلومەرجەکانی کارکردن بۆ ئەو بڕەخسێنرێن، ئەو خۆی پێشەنگایەتیی پرۆسەکە بکات، هەماهەنگی بکات.
ئاماژەی بەوەکردووە: لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان دەوڵەت و ئۆجەلاندا، هێشتا رای گشتی بەتەواوی ئامادە نییە، بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا مسۆگەرکردنی هەلومەرجەکانی کارکردن و ژیانی ئازاد بۆ ئۆجەلان ناچارییە، ئەگەر نا، ئەم پرۆسەیە ناچێتە پێشەوە. پرۆسەیەک بەبێ ئەو، بەبێ بەردەنگی و بانگەوازی ئەو، نە بۆ گەریلا و نە بۆ ئەوانەش کە بۆ ئەوروپا کۆچیان کردووە، سوودی نابێت. دەوڵەتیش ئەمە دەزانێت.
مسۆگەرکردنی کورسییەکەی ئەردۆغان
ئاژانسی دوێچە ڤێلەی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای تێبینی و رەخنەکانی دەم پارتی کە نوێنەرایەتی کورد دەکات، لەسەر پڕۆژە یاساکە، بەڵام دەنگی پێداوە، ئەمەش دەکرێت هۆکارێک بێت لەپشت نزیکبوونەوەی حکومەتەکەی ئەردۆغان لەگەڵ کورد و دوورخستنەوەی دەم پارتی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن کە لە ساڵی 2018ـەوە لەو بەرەیەدایە.
ئاژانسە ئەڵمانییەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئەردۆغان پێویستی بە دەنگی کورد هەیە لە پەرلەمان و هەڵبژاردنەکاندا؛ چونکە دەیەوێت دوای کۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2028، وەک سەرۆکی تورکیا بمێنێتەوە. لە ئێستادا دەستوور تەنیا رێگە بە دوو خولی سەرۆکایەتی دەدات، تەنیا لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا نەبێت، پێدەچێت ئەردۆغان و پارتەکەی پەنا بۆ ئەو رێگەیە ببەن.
کڕۆنۆلۆژیای ئەو پڕۆسەیەی لە تورکیا دەستیپێکردووە
رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە)، لە بەردەم فراکسیۆنی پارتەکەی داوایکرد رێگەبدرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، بچێتە پەرلەمانی تورکیا و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بدات، ئەوەش بەدەستپێکی ئەو پڕۆسە نوێیە دادەنرێت کە لە تورکیا دەستیپێکردووە.
دوای ئەو پەیامە، لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 تا 27ـی شوباتی 2025، شاندی دەم پارتی ژمارەیەک دیداریان لە زیندانی ئیمڕاڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.
دواتر لە 27ـی شوباتی 2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، پەیامی فەرمیی ئۆجەلانیان خوێندەوە کە تێیدا داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت بۆ ڕاگەیاندنی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنە چەکدارییەکان.
دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی زنجیرەیەک سەردان و کۆبونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و وەزیری داد و بەرپرسی میت و سەرۆک و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا.
رۆژی 16ـی شوباتی 2025، شاندی دەم پارتی گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە، رۆژی دواتر شاندەکە چوونە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی گفتوگۆیان ئەنجامدا.
لە رۆژانی 5 بۆ7ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان کۆنگرەی 12ـی نائاسایی ئەنجامدا، بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە سەربازییەکانی بەفەرمی بڵاوکردەوە.
سوتاندنی چەکەکان لە جاسەنە
لە بەردەوامی پرۆسەکە و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رۆژی 11ـی تەمموزی 2025، گروپێکی 30 کەسی لە گەریلاکانی پەکەکە بە سەرۆکایەتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری قەزای دوکانی پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی شاندی دەم پارتی، چاودێران و میدیاکان چەکەکانیان سوتاند، وەک ئاماژەیەک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەی ئۆجەلان و هێمای چەکدانان.
پرۆسەکە سەردان و کۆبونەوە و بەدواداچوونی بەردەوامی هەبوو، تا ئەوەی لە مانگی ئابی 2026، رەشنووسی پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرا و بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی پەسەندکرا.
یاساکە تایبەتە بە تێکەڵکردنەوەی یاسایی و کۆمەڵایەتیی ئەندامانی پەکەکە و لێبووردنی گشتی یان چوارچێوەی یاسایی بۆ گەڕانەوەیان، دەستبەربوونی هەندێک مافی سیاسی و یاسایی.
یاساکانی تورکیا بۆ کورد
ئەمە یەکەمجار نییە تورکیا یاسا بۆ پرسی خەباتی کورد لە باکوری کوردستان و کورد دەربکات، لە سەردەمی عوسمانییەوە لە سیاسەتی تورکیادا نەریتێک هەیە کە یاسا لەبارەی پرسی کورد و خەباتی چەکداریی دەربکات بەمشێوەیە:
1923: یاسای لێبوردنی گشتی، کە بەشێک لە شۆڕشگێڕانی لەخۆگرتبوو.
1924: دووەم یاسای لێبوردنی گشتی، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی دوای لۆزان دەرچوو.
1933: لێبوردنی تایبەت بە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، لێبوردنێکی سنووردار بوو بۆ رێگەدان بە گەڕانەوەی بەشێک لە خەباتگێڕان و لابردن و سوککردنی سزاکانیان.
1947-1948: لێبوردنی تونجەلی، بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان دوای سەرهەڵدانی دێرسیم و هەڵگرتنی هەندێک سزا ئەنجامدرا، لێبوردنەکە گشتگیر نەبوو.
1985: یاسای ژمارە 3216 بەناوی "یاسای تەوبە" دەرچوو، دواتر لە 1988 دووبارە یاساکە دەرکرایەوە، لە ساڵانی 1992- 1993- 1995- 1999- 2003- 2005، "یاسای تەوبە" کە ئەندامانی پەکەکەی دەگرتەوە، دەرچوون.