ڤیژن پرێس
هەنگاوە کردەییەکانی ئامادەکردنی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 لە عێراق دەستیپێکردووە، هەرێمی کوردستان پشتبەستن بە دوایین سەرژمێری گشتی داوای پشکی 14.14%ـی بودجە دەکات.
دوای تێپەڕاندنی ساڵێکی بێ بودجەیی (2026) و تەواوکردنی بودجەی سێینە یان سێ ساڵیی (2023-2024-2025)، حکومەتی عێراق کار لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دەکات بۆ ساڵی 2027، هەرچەندە وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی قوڵبووەتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و کورتهێنانی داهات بەهۆی شەڕی ئێران و داخرانی گەرووی هورمزەوە.
بودجەی عێراق
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: تەرخانکراوەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027 دەگاتە نزیکەی 200 تریلیۆن دیناری عێراقی.
ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق بە نیازە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا رەوانەی پەرلەمان بکات، گەر حکومەتیش لەو کاتەدا پێشکەشی بکات، لە سەرەتای ساڵی نوێیدا دەبێتە خاوەنی بودجە.
بەپێی زانیارییەکان، بودجەی ساڵی 2027 نزیکەی 200 تریلیۆن دینار دەبێت، لەو بڕەش 150 تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوەکان و 50 تریلیۆن دیناریشی بۆ بودجەی بەرنامە و پڕۆژەکان دەبێت.
حکومەتی عێراق، چەند بژاردەیەکی داناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دابەزینێک لە داهاتە نەوتییەکاندا، لەوانە قەرزکردن، پەرەپێدانی هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق، لە رێگەی بەندەری بانیاسی سووری و عەقەبەی ئوردنییەوە، سەرەڕای جەیهانی تورکی، بۆ ئەوەی ببنە جێگرەوە لە ئەگەری پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
پشکی هەرێمی کوردستان
پشتبەستن بە دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق کە کۆتایی ساڵی 2024، ئەنجامدرا، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێپەڕاند، لە کۆی 46 ملیۆن دانیشتوانی عێراق، بەوەش رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەکاتە 14.14%ـی کۆی گشتی دانیشتوانی عێراق.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوە فەرمییەکان و لە رێگەی شاندەکانی بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی داوای پشکی راستەقینەی خۆی دەکات لە بودجە، کە بە 200 ترلیۆن دینار دەخەمەڵێنرێت، بەوەش پشکی هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 28 ترلیۆن و 200 ملیار دینار.
لەکاتێکدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵانی رابردوو 12.7% دانرابوو، جیاواز لە ساڵانی 2008 بۆ 2013، کە 17%ـی بودجەی گشتی عێراقی بۆ تەرخان دەکرا.
پشکی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان
بەپێی دوایین رێککەوتنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەرامبەر رادەستکردنی 50%ـی داهاتی ناوخۆ کە بڕەکەی بە 120 ملیار دینار خەمڵێنراوە، لەگەڵ رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بە کۆمپانیای سۆمۆ.
بەپێی ئەو خەمڵاندنەش هەرێمی کوردستان، سەرەڕای نزیکەی 12 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشنان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، زیاتر لە 16 ترلیۆن دیناری دیکەی بۆ خەرجی بەکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ دەنێردرێت، ئەگەر بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵی 2027.
بودجەی فیدراڵی 2027
وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە داڕشتنی ڕەشنووسی بودجەی 2027 کردووە و سەرجەم خشتە و پاشکۆ و خەرجییەکان ئامادەکردووە و لەو چوراچێوەیەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، کار بۆ ئامادەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بکەن، لە کۆی گشتی بودجە، بە مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و بودجەی پرۆژەکان و سەرجەم شایستە داراییەکانی لە حکومەتی فیدراڵی.
سەردانی شاندەکان
شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی پشکەکە و چارەسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەغدا.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق ستراتیجیەتی بودجەی بە بەشداری لیژنەی دارایی، ژمارەیەک وەزارەت و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە.
دوا وادەی پێشکەشکردن
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڤیژن پرێس، پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەم مانگەدا، خشتەكانی بودجە ئامادە بكات و دواتر رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بکات بۆ ئەوەی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا جێی بکاتەوە و لە دوو مانگی داهاتوودا ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بکات بۆ گفتووگۆکردن و پەسەندکردنی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، بۆ ئەمساڵ ژمارەیەک لە خشتەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبن و گۆڕانكاریی كراوە، وەكو ساڵانی رابردوو نییە، بودجەی عێراق بەپێی خەمڵاندن نابێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای واقیعی و خەرجییەکان و پێداویستییەکان بێت.
پڕۆژەیاسای بەخشین و قەرزکردن
ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پڕۆژەیاسای بەخشین و قەرزکردن لە دانیشتنەکانی هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی دەخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ئەنجام دەدرێت، تاوەکو رێگەی یاسایی بۆ حکومەت خۆش بکات بە مەبەستی دابینکردنی نەختینەی پێویست بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و شایستە داراییەکان.
رەشنووسی کۆتایی بودجە
چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی 10ـی ئەمساڵدا پرۆژەیاساکە بە تەواوی بخرێتەڕوو تێیدا وردەکاریی پشکی هەرێمی کوردستان روونتر بێتەوە و بەپێی زانیارییەکان، لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ 2027، ژمارە و رێژەی کۆتایی پەسەند نەکراوە، بەوپێیەی گفتوگۆکانی تایبەت بە داڕشتنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو لە قۆناغی دانوستان و ئامادەکردندان لە نێوان هەولێر و بەغدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2027 لەسەر بنەمای چەند هۆکار و پێوەرێکی سەرەکی دادەڕێژرێت ئەوانیش:
بنەمای ڕێژەی پێشوو
لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی پێشوودا، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.6٪ جێگیر کرابوو لە کۆی خەرجییە کردارییەکانی عێراق. ئەم رێژەیە وەک خاڵی دەستپێکی دانوستانەکان بۆ ساڵی 2027 دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا عێراق بۆ ساڵی 2026 بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆخی ناوچەکەوە هیچ بودجەیەکی فەرمی پەسەند نەکرد و بۆ خەرجییەکانی ئەمساڵى، پەنای برده بەر پەیڕەوکردنی سیستەمی خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدەی بودجەی ساڵی رابردوو بۆ مووچە.
دۆسیەی نەوت و تێچووی بەرهەمهێنان
یەکلاکردنەوەی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، رادەستکردنی دۆسیەکە بە کۆمپانیای سۆمۆ، مەرجێکی بنەڕەتی و سەرەکی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقە، بۆ جێگیرکردنی و پەسەندکردنی پشکی دارایی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027.
داهاتە نانەوتییەکان و خاڵە سنوورییەکان
پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی 50٪ـی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، باج، رسوماتە فیدراڵییەکان بە خەزێنەی گشتیی عێراق، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە قۆناغی ئێستادا و لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای دارایی بۆ ساڵی داهاتوو، دانوستان و کۆبوونەوەکان لە نێوان شاندەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامن. گفتوگۆکان لە قۆناغی لێکتێگەیشتنی گشتییەوە چوونەتە قۆناغی وردەکارییە تەکنیکی و یاساییەکان.
دوایین زانیارییەکان
هەمواری یاسای بودجە و چارەسەری تێچووی کۆمپانیاکانی نەوت، هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی فیدراڵی. گرنگترین دۆسیەیە کە دانوستانی لەسەر دەکرێت. کێشەی سەرەکی بریتییە لە جیاوازیی تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت، چونکە بەغدا پێشتر تێچووەکەی بەپێی تێکڕا خەمڵاندبوو بە نزیکەی 6 دۆلار، بەڵام بەهۆی سروشتی جوگرافی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و جۆری گرێبەستەکان کە گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەمهێنانن، تێچووەکە زۆر لەوە زیاترە.
لە دوایین دانوستانەکاندا، ئاراستەیەکی بەهێز هەیە کە تێچوویەکی مامناوەند و واقیعی بۆ قۆناغی گواستنەوە دیاری بکرێت بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان رازی بکرێن و رێگە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی جەیهان-تورکیاوە بە سەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆ بەڕێوەبچێت.