ڤیژن پرێس
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی نێوەندگیریی هەرێمی کوردستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، دوو درۆن لە سنووری ئێرانەوە ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆک وەزیران و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی هەولێر کران، کە شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردنی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمی کوردستانە.
دژەتیرۆری کوردستان (پارتی)، لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ـی ئابی 2026، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.
نوێترین هێرشی درۆنی لە ئێرانەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دوای رۆژێک دێت لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاژانسێکی ئەمەریکی، کە ئاشکرای کردبوو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەڵقەیەکی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن بووە بۆ رێککەوتن نێوانیان.
تۆڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە کاتی ئاڵۆزبوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و نەمانی هێڵی پەیوەندی گەرمی نێوان واشنتۆن و تاران، ئیداری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بیری لەوە کردوەتەوە پەنا بۆ هەرێمی کوردستان ببات بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیرێک کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات، بۆ ئەو رۆڵەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردراوە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە، کە پێشتر لەلایەن ئەو تۆڕە ئەمریکییەوە بڵاوکرابوونەوە، سەبارەت بە رۆڵی نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران. ئاماژە بەوەکردووە؛ پەیوەندیی باش و هاوسەنگەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی، هۆکاربووە ئەو داوایەی لێبکرێت.
ئەمریکا متمانەی بە ئێران نییە
ئاکسیۆس ئاشکرای کردووە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ لەو کاتەی دانوستانکارانی ئەمریکا هەوڵیان دەدا لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان، رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بوونەتەوە، ئەویش بێ متمانەیی و دڵنیانەبوون بووە، لەو بەرپرسانەی ئێران کە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەن.
نێوەندگیریی سەرۆکی هەرێم
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیاری پشتگوێخستنی تیمی دانوستانکاری ئێرانیان داوە و هەوڵیانداوە راستەوخۆ پەیوەندی بە سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانەوە بکەن و پێیانوابووە بڕیاردەری سەرەکیی ئێرانن، نەک شاندی دانووستان.
ئەو کەسەی کە بۆ ئەم کارە نهێنییە وەک کەناڵێکی متمانەپێکراوی پەیامگۆڕینەوە هەڵیانبژاردووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. چونکە پێیانوایە کەسی گونجاوە و متمانەی سەرکردایەتیی ئەمریکا و سوپای پاسدارانی هەیە.
پەیوەندی گابارد و بارزانی
وەک تۆڕە ئەمەریکییەکە بڵاوی کردووەتەوە، کۆشکی سپی پێی وابوو پێویستی بە کەناڵێک یان ڕێگەچارەیەکی نهێنییە بۆ گەیشتن بە سەرکردایەتیی سوپای پاسداران. هەر بەو مەبەستە لە 10ـی ئایاردا، توڵسی گابارد، کە ئەوکات بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا بوو، پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گابارد بە بارزانیی ڕاگەیاندوە: ئیدارەی ئەمریکا پێیوایە کەسێکی گونجاوە و دەتوانێت یارمەتییان بدات بۆ پەیوەندیکردن بە جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
بەپێی زانیاریی ئەو دوو سەرچاوەیە، گابارد بۆ نێچیرڤان بارزانی روونکردووەتەوە، بە رەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی کردووە؛ دەیانەوێت زانیارییان هەبێت، کە ئایا وەحیدی و سەرکردایەتیی سوپای پاسداران لەگەڵ بڕیارە و بۆچوونەکانی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێراندان، کە سەرۆکایەتی شاندی دانووستانی ئێران دەکەن هاوڕان، یاخود بیرۆکە و داواکاریی دیکەیان هەیە.
پەیامی ترەمپ بۆ پاسداران
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، نێچیرڤان بارزانی داواکارییەکەی گاباردی قبووڵ کردووە و پەیوەندیی بە سەرکردەکانی سوپای پاسدارانەوە کرد و پێیوتوون: پەیامێکی لە ئیدارەی ترەمپەوە پێیە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، دەیەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ قسە لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداراندا بکات. لەبەرامبەردا ئێرانییەکان داواکەی سەرۆکی هەرێمیان پەسەند کردووە.
سەردانی شاندێکی ئێران بۆ هەولێر
دوا بەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و لە 14ـی هەمان مانگ، بەرپرسێکی سوپای پاسداران، بە مۆبایلێکی کۆدکراوەوە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە هەولێر کردووە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پارێزراو و سەلامەت لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی ئەنجام بدرێت.
پەیوەندی تەلەفۆنی بارزانی و وەحیدی
ئاکسیۆس لە راپۆرتەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پەیامەکەی ترەمپی بە فەرماندەی سوپای پاسدارانی گەیاندووە کە ئایا هاوڕان لەگەڵ دانوستاندنکارانی ئێران، فەرماندەی سوپای پاسداران بە بەڵی وەڵامی داوەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، وەحیدی رایگەیاندووە: سوپای پاسداران بە تەواوی پاڵپشتی بڕیارەکانی قالبیاف و عەراقچیین.
راستەوخۆ دوای گفتوگۆکەی لەگەڵ وەحیدی، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیی بە گاباردەوە کردووە و زانیاریی لەسەر وەڵامەکەی ئێران پێگەیاندووە.
هەولێر، ئەمریکا و ئێران کۆدەکاتەوە
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەکەی بارزانی و وەحیدی، ئیدارەی ترەمپ، پێشنیازێکی دیکەی خستوەتەڕوو و داوایکردووە، هەولێر میوانداریی گفتوگۆیەکی نهێنی بکات لەنێوان گەورە دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران.
ترسی ئێران لە بوونی مۆساد لە هەولێر
نێچیرڤان بارزانی بۆ جاری دووەم لەگەڵ ئێرانییەکان قسەی کردووە و پەیامەکەی سەرۆکی ئەمریکای پێگەیاندوون، بەپێی زانیارییەکانی ئاکسیۆس؛ ئێرانییەکان پێشنیازەکەیان بەلاوە پەسەند بووە، بەڵام ترسیان لە پاراستن و ئاسایشی خۆیان هەبووە، چونکە پێیانوابووە هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە هەرێمی کوردستان هەیە و دەکرێت لە هەولێر، یان لە کاتی گەشتکردن و گەڕانەوەیان هەوڵی تیرۆرکردنیان بدرێت، بەو هۆیەوە کۆبوونەوەکەی هەولێر بەڕێوەنەچووە.
داواکارییەکی نوێی نێچیرڤان بارزانی بۆ واشنتۆن
سەرۆکی هەرێم بەم دواییانە پەیامێکی نوێی بۆ کۆشکی سپی ناردووە و دووبارە ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، بەڵام تائێستا نازانرێت وەڵامی ئیدارەی ترەمپ چییە؟ ئایا پەیوەندییەکە لەسەر داوای تاران بووە، یان هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە سوودوەگرتن لە ئەزموونی پێشووی، پێگەی خۆی بۆ رۆڵی نێوەندگیریی بەکاربهێنێت.
پێگەی هەرێمی کوردستان لای ئەمریکا
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە بایەخ و گرنگییەوە پۆستێکی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە پەڕەی خۆی دووبارە بڵاوکردەوە، کە تێدا ئاماژەی بە لێهاتووی دۆناڵد ترەمپ کردبوو لە واژۆکردنی رێککەوتنەکان و نوسیبووی: دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی نێوان واشنتۆن و تاران بهێنێت.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەو رێککەوتنە مێژووییە نەک تەنیا سەقامگیریی سیاسی، بەڵکو گەشەسەندنێکی ئابووریی گەورە لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە مەرجێک ڕێگە بە دەستوەردانی لایەنی سێیەم لە گفتوگۆکاندا نەدرێت، تاوەکو پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت.
دووبارە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، نیشانەی ئەوەیە کۆشکی سپی و ئیدارەی ئەمریکا بە بایەخەوە سەیری پێگەی هەرێمی کوردستان دەکەن لە ناوچەکەدا و گوێ لە بۆچوون و هەوڵەکانیان دەگرن.