ڤیژن پرێس
عێراق کار بۆ لابردنی سێ سفری سەر دراوەکەی دەکات، بڕیارەکە پشتیوان و دژی بۆ درووست بووە، پشتیوانەکان وەک بەهێزکردنی بەهای دراوی دادەنێن، ئەگەر لابردنی سفرەکانیش بەبێ پلان و لە چوارچێوەیەکی سیاسەتێکی ئابورییدا نەبێت، چاوەڕوانی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ڤەنزوێلا و زیمبابۆی لێدەکرێت و هەڵئاوسان و قەیرانەکە قوڵتر دەکاتەوە.
لە عێراق، ژمارەی سفرەکانی سەر دینار ماوەی زیاتر لە دە ساڵە بووەتە بابەتێکی جێی گفتووگۆ و مشتوومڕ؛ هەر جارێک باسی لابردنی سفرەکان دەکرێت، پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە چەند سفر لادەبرێت؟ بەڵکو دەپرسرێت ئایا عێراق دەتوانێت بە گۆڕینی شێوەی دراو، سیستەمی دارایی و بەهای دینار بگۆڕێت؟ لە ئێستادا، لەگەڵ زیادبوونی مشتومڕی سیاسی و ئابووری، جارێکی دیکە پرۆژەی سڕینەوەی سفرەکان گەڕاوەتەوە سەر مێزی گفتووگۆ.
هاوکات لەگەڵ درووستبوونی هەر قەیرانێکی دارایی و کێشەی نەختینە، لە ساڵی2011ـەوە ناوبەناو باس لە لابردنی سفرەکانی دیناری عێراقی دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لەو بوارەدا نەکراوە. لێدوانە جیاوازەکانی کاربەدەستان و پەرلەمانتاران، ناڕوونییەکەی زیاتر کردووە.
موستەفا جەبار سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، لەبارەی گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی زانیاری نوێی بڵاوکردەوە، لە هەمان کاتدا، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، وتوویەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لابردنی سفرەکانی دراوی نەداوە و بانکی ناوەندیی عێراقیش بڕیارێکی لەم جۆرەی نەداوە؛ بەڵکو ئەگەر پڕۆژەکە بگاتە قۆناغی جێبەجێکردن، پێویستی بە ڕێوشوێنی یاسایی و پەرلەمانی هەیە.
لە نێوان ئەم دوو لێدوانەدا، زانیارییەکانی جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جیاوازە. لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ڤیژن پرێس وتی: "بابەتەکە پەیوەندیدارە بە چاکسازیی دارایی و سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە لیژنەی دارایی کردووە تێپەڕێندرێت، بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی نەهاتووەتە پەرلەمان، بەڵام دەنێردرێت، چونکە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە رێکخستنی جوڵەی دارایی، شەڕی گەندەڵی و چاودێریکردنی پارەوە هەیە."
ئەو پەرلەمانتارە، بۆ لابردنی سفرەکانی سەر دینار سێ ئامانجی سەرەکی دەخاتەڕوو. یەکەم، گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارەیەکی گەورەی دەرەوەی دەستی حکومەت بۆ ناو سیستەمی فەرمی؛ کە نزیکەی 113 تریلیۆن دینارە و بەشێکی زۆری لە دەرەوەیە و لە دەستی حکومەتدا نییە. دووەم، گواستنەوەی مامەڵەکانی خەڵک بەرەو دراوی نوێ و بە تایبەتی مامەڵەی ئەلیکترۆنی، بۆ ئەوەی بەشێکی زۆر لە سیولە لە دەستی حکومەت و سیستەمی بانکی بێت. سێیەم، روونبووونەوەی جوڵەی پارە و دۆزینەوەی شێوازەکانی دزین و گەندەڵی؛ چونکە بە سیستمێکی نوێ، چاودێریکردنی جوڵەی دارایی و ناسینەوەی کەلێنەکانی گەندەڵی ئاسانتر دەبێت.
باسم ئەلغەڕابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی داوە، کە لابردنی سفرەکان بابەتێکی ئاسایی نییە و دەکرێت کاریگەریی لەسەر جێگیریی ئابووری، سەرمایە، جوڵەی پارە، بازاڕی دۆلار و زێڕ هەبێت. بۆ ئەوەش داوای روونکردنەوەیەکی فەرمی لە بانکی ناوەندی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بۆ ئەوەی بنەمای یاسایی، سوودە ئابوورییەکان و شێوازی جێبەجێکردنی روون بکرێتەوە.
شارەزایانی ئابووری پێیانوایە، تەنها لابردنی سفرەکان هیچ لە بەهای دراوی ناگۆڕێت، بەڵکو تەنها یەکەی پێوانەکەی دەگۆڕێت و لێکەوتەی ئابوری نابێت.
محەمەد کەریم، شارەزای ئابووری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڤیژن پرێس، سەبارەت بە پرسی لابردنی سێ سفر لەسەر دیناری عێراقی ووتی: "ئەم هەنگاوە بەهای راستەقینەی دراوەکە ناگۆڕێت و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵئاوسان و قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان نابێت، بەڵکو تەنها گۆڕینی یەکەی پێوانەکردنە، وەک ئەوەی 25 هەزار دینار ببێتە 25 دینار".
ئەو شارەزایەی ئابووری روونی کردەوە، کاریگەریی سەرەکیی ئەم پڕۆسەیە دەچێتە خانەی (ئابووریی رەفتاری) و لایەنی دەروونیی هاووڵاتییان، بە جۆرێک رەنگە ببێتە هۆی شۆک، یان دروستبوونی وەهمی هەرزانبوونی کاڵاکان و خاوبوونەوەی خێرایی سووڕانەوەی پارە لە بازاڕدا. هەروەها دەکرێت ترسی لەدەستدانی سەروەت و سامان لای خەڵک دروست بێت و پەنا بۆ بەدۆلارکردنی پارەکانیان ببەن.
محەمەد کەریم جەختی کردەوە، لە دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستاندا سەرکەوتنی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە بەهۆی نەبوونی متمانە بە دەسەڵاتی سیاسی و سیستمی دارایی لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا، ئەگەری زۆرە دەرئەنجامی پێچەوانە و نەرێنی هەبێت.
شارەزایانی دارایی و ئابووری پێیانوایە؛ لابردنی سێ سفری سەر دراو بەهای دینار بەرز ناکاتەوە. ئەگەر یەک هەزار دیناری کۆن ببێتە یەک دیناری نوێ، تەنها ژمارەکە گۆڕاوە؛ نرخی کاڵا، مووچە و دۆلار بە هەمان رێژە دەگۆڕدرێن. بەهای ڕاستەقینەی دراو بە کەمکردنەوەی هەڵئاوسان، دیسیپلینی بودجە، کۆنترۆڵی چاپکردنی پارە، زیادکردنی بەرهەمهێنان و داهاتی نانەوتی و متمانە بە بانکی ناوەندی دروست دەبێت.
ئەزموونە سەرکەوتووەکانی لابردنی سفر دراو
تورکیا لە 2005 شەش سفری لە دراوەکەی، کە لیرەیە سڕییەوە و یەک ملیۆن لیرەی کۆنی بە یەک لیرەی نوێ گۆڕی. بەڵام ئەو گۆڕانکارییە لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە هەڵئاوسان بە رێژەیەکی زۆر کەم کرابویەوە. سەرکەوتنەکە تەنیا بە سڕینەوەی سفرەکان نەبوو؛ بەڵکو بەرهەمی جێگیریی ئابووری، رێکخستنەوەی دارایی و چاکسازیی سیستەمی پارە بوو.
رۆمانیاش لە 2005، 10 هەزار (لیو)ی کۆنی بە یەک لیوی نوێ گۆڕی. ئامانجی سەرەکی سادەکردنەوەی مامەڵە، ژمێریاری و نووسینی نرخەکان بوو، پرۆسەکە لەگەڵ چاکسازیی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسان جێبەجێ کرا.
غانا لە 2007 چوار سفری لە دراوەکەی بە ناوی (سەیدی)ی سڕییەوە؛ 10 هەزار سەیدی کۆن بوو بە یەک سەیدی نوێ. ئەم هەنگاوە مامەڵە و سیستەمی بانکیی ئاسانتر کرد، بەڵام کێشەی نرخە کەمەکان و نەبونی دراوی وردە نیشانی دا پرۆسەکە پێویستی بە چاودێریی بازاڕ هەیە.
ئەزموونە شکستخواردووەکانی لابردنی سفری دراو
ڤەنزوێلا لە 2018دا 100 هەزار بولیڤاری کۆنی بە یەک بولیڤاری نوێ گۆڕی و دواتر لە 2021دا جارێکی تر سفرەکانی سڕییەوە؛ بەڵام هەڵئاوسان و لاوازیی دراو بەردەوام بوو. نیشانیدا گۆڕینی دراو بەبێ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی قەیران، تەنها ژمارەکانی سەر پارە کەم دەکاتەوە.
زیمبابۆی لە 2006 سفرەکانی سڕییەوە، بەڵام هەڵئاوسانی زۆر گەورەی دروستکرد، دواتر قەیرانی دراوی قووڵتر کردەوە. کاتێک متمانە بە دراوی ناوخۆیی لەدەستچوو، بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە دراوە بیانییەکان زۆر بوو. ئەزموونەکە نیشانی دەدات، لابردنی سفری سەر دراو ناتوانێت جێگرەوەی سیاسەتی دروستی دارایی بێت.
بەرازیل؛ لە نێوان شکست و سەرکەوتندا
بەرازیل نموونەیەکی جیاوازە، چونکە هەردوو ئەزموونەکەی تێدایە، لە ساڵانی 1980دا چەندین جار گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکان تاقیکرایەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی هەڵئاوسان سەرکەوتوو نەبوو؛ هەڵئاوسان لە 1989دا گەیشتە %1972، بەڵام لە 1994دا گۆڕینی دراو، سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسان و رێکخستنی دارایی جێبەجێ کرا و ئەنجامەکەی جیاواز بوو.
بۆ عێراق، وانەکە ڕوونە لابردنی سفری سەر دراوەکەی دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ سادەکردنەوەی مامەڵە و رێکخستنی سیستمی دارایی، بەڵام چارەسەری لاوازی بەهای دینار ناکات. ئەگەر حکومەت بتوانێت لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا هەڵئاوسان کۆنترۆڵ بکات، بودجە رێکبخات، داهاتی نانەوتی زیاد بکات، مامەڵەی ئەلیکترۆنی فراوان بکات و گەندەڵی و پارەسپیکردنەوە کۆنترۆڵ بکات، ئەوا گۆڕینی دراو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە چاکسازییەکی گەورەتر؛ بەڵام ئەگەر ئەمانە نەکرێن، دیناری نوێ تەنها هەمان دیناری کۆنە، بە سفرێکی کەمترەوە.